ڕێبازەکانی توێژینەوەی زانستی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-16-19:46:00 - کۆدی بابەت: 11858
ڕێبازەکانی توێژینەوەی زانستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێبازەکانی توێژینەوەی زانستی (بە عەرەبی: طرق البحث العلمي، بە ئینگلیزی: Methods of scientific researchڕێبازەکانی توێژینەوەی زانستی یان ڕێگاکانی توێژینەوەی زانستی، میتۆدەکانی توێژینەوەی زانستی بریتییە لەو ڕێگایەی کە توێژەر پشتی پێ دەبەستێت بۆ گەیشتن بە ئامانج یان بریتییە لە ڕێکخستنێکی گونجاو بۆ زنجیرەیەک لە بیرکردنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان. میتۆدی زانستی بریتییە لە کۆمەڵە ڕێگا و تەکنیکێک بۆ دەرخستنی دیاردەکان و پێوانەکردنیان و گەیشتن بە دەرئەنجام و پێشنیار.

جۆرەکانی ڕێبازی توێژینەوەی جوگرافی

١- ڕێبازی وەسفی
ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ باسکردنی دیاردەیەکی دیاریکراو و ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێبازە دەستنیشانکردنی ئەوکێشانەیە کە پەیوەندی بە دیاردەکانی ترەوە ھەیە. ئەم ڕێبازە وەسفی دیاردەیەک دەکات لەکاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی، بە پشت بەستن بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و شیکردنەوەیان و وەسفکردنیان بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی پەسندکراو. نموونە وەکوو دەستنیشانکردنی تایبەتمەندییەکانی خانووی لادێی لە ڕێگای وەسفکردنەوە.

٢- ڕێبازی مێژوویی 
ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەھەندە مێژووییەکان بە تایبەتی لایەنی کاریگەری ڕووداوە مێژووییەکان لەسەر دیاردە جوگرافییەکان، ئەم ڕێبازە پشت دەبەستێت بە بەڵگە مێژووییەکان بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان، نموونە وەکوو کاریگەری ھۆکارە مێژووییەکان لەسەر بەرەوپێشچوونی پیشەسازی گەشت و گوزار یان ڕێگاوبان.

٣- ڕێبازی شیکاری 
ڕێبازی شیکاری بە ھەموو بەش و جۆرەکانییەوە (شیکاری جیاوازی، لێک چوون و ھۆکاری و گشتگیر). ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ ئاشنابوون بەو ھۆکارانەی کە کاریگەریان ھەبووە لەسەر دیاردە جوگرافییەکان کە مەودا و کاریگەری ئەو ھۆکارانە شیدەکاتەوە. بۆ نموونە ڕێبازی شیکاری جیاواز بەکاردەھێنرێت بۆ دەرخستنی سیمای دیاردەیەکی جوگرافی دیارکراو و دەرخستنی ڕووە لێکچوو و لێک نەچووەکانی دیاردەکە.

٤- ڕێبازی ڕەفتاری
ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەفتارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دانیشتوان لە ڕێگای دابەشکردنی فۆڕمی ڕاپرسی یان بەکارھێنانی چاوپێکەوتن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسانی تر بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاری.

٥- ڕێبازی بابەتی 
ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتێکی جوگرافی دیاریکراو بە وەرگرتنی سەرجەم لاییەنەکانی بابەتەکە لە لێکۆڵینەوەی زانستی.

٦- ڕێبازی ھەرێمی 
ئەم ڕێبازە لە ھەرێمێکی جوگرافی دیاریکراو دەکۆڵێتەوە، وەکوو لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی نیشتەجێبوون یان چاڵاکی لە چوارچێوەی ھەرێمێکی دیاریکراو. لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم ڕێبازە بریتییە لە دیاریکردنی سنوور.

٧- ڕێبازی بەرووبوومی 
ئەم ڕێبازە لە بەرووبوومێکی دیاریکراو دەکۆڵێتەوە، زیاتر لە بواری جوگرافیای ئابووری بەکاردێت. 

٨- ڕێبازی فرمانی
ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ دەرخستنی ئاستی کارایی چالاکییەکی دیاریکراو، لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ھۆکارە کاریگەرەکان لەسەر چالاکییەکان دەخاتەڕوو.

٩- ڕێبازی أستقرائي
ئەم ڕێبازە بەکاردێت لە لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بەجۆرێک کە لە بابەت تایبەتییەکان ھەنگاو دەنێت بەرەو بابەتە گشتییەکان، بۆنموونە ئەگەر باس لە دیاردەیەکی جوگرافی بکرێت وەکوو پیشەسازی، سەرەتا باس لە جۆرەکانی پیشەسازی دەکرێت دواتر لەسەر ئاستی پارێزگای ھەولێر دواتر لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دواتر لەسەرە ئاستی عێراق

١٠- ڕێبازی أستنباطي
ئەم ڕێبازە لە زانستە تیۆرییەکان و بیرکارییەکان بەکاردێت بەپشت بەستن بە  کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای دیاریکراو. ئەم ڕێبازە لە بابەتە گشتییەکانەوە ھەنگاو دەنێت بەرەو بابەتە تایبەتییەکان. بۆ نموونە دابەشبوونی پیشەسازییەکان لەسەر ئاستی عێراق دواتر لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دواتر لەسەر ئاستی پارێزگای ھەولێر و دواتر لەسەر ئاستی ئیدارەی سۆران.

شێوازە زانستییەکانی توێژینەوە

شێوازی چۆنییەتی یان جۆری (Qualitative)

بریتییە لەو شێوازەی پشت بە وشە و بڕگەکان دەبەستێت بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەرجەم پڕۆسەکانی توێژینەوەدا، وەکوو (کۆکردنەوەی بابەتە زانستییەکان و  شیکردنەوەیان و پیشاندانی دەرئەنجامەکان). ئەم شێوازە دەشێت لە سەرجەم بابەتە زانستییەکان بەکاربێت، بەڵام لە بەھا و دەرئەنجامی ھەندێک بابەتی زانستی کەم دەکاتەوە و وا لە توێژینەوەکان دەکات کە بێ بەھا بن وەکوو توێژینەوە کیمیایی و فیزیاییەکان.

شێوازی بڕی یان ژمارەیی (چەندییەتی Quantitative)

ئەم شێوازە پشت بە ژمارە دەبەستێت لە کاتی شیکردنەوە بۆ بابەتە زانستییەکان، ئەم شێوازە وا دەکات کە داتاکان بە شێوەیەکی وا کۆبکرێنەوە شیاوبن بۆ شیکردنەوەی ئاماری. ئەم شێوازە زیاتر بێ لایەنی و بابەتییە لە شیکردنەوەکاندا، بە پلەیەکی زۆر وردی و ڕاستگۆیی دەپێکێت کە پێویستن لە توێژینەوە زانستییە سروشتییەکان، بەڵام ئەو شێوازە شیاو نییە لە توێژینەوە مێژووییەکاندا.

ئامانجەکانی توێژینەوەی زانستی 

ئامانجی توێژینەوەی زانستی بە یەکێک لە ھەنگاوە گرنگەکان دادەنرێت لە کاتی ئامادەکردنی توێژینەوەی زانستی کە مەبەستی توێژینەوەکە دەنوێنێت کە توێژەرە لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەکەی ئامانجییەتی بیخاتەڕوو، ھەموو توێژەرێک بەپێی پسپۆڕی و ناونیشانی توێژینەوەکەی ئامانجی توێژینەوەکەی دیاری دەکات. ھەموو توێژەرێک ئامانج و پاڵنەر و مەبەستی خۆی ھەیە لە پێناو بەدیھێنانی، توێژەرە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە مەبەستی لە ئەنجامدانی توێژینەوەکە چییە. ئامانجی توێژینەوەی زانستی ڕوونکردنەوەی پێشکەوتنێکە یان شیکردنەوەی ڕووداوێکە لە بارەی ناوچەییەکەوە، کە مەبەستی داڕشتنەوەی کۆمەڵە بڕیار و ڕێککەوتن و ئامۆژگارییەکە.

پۆلێنکردنی ئامانجەکانی توێژینەوەی زانستی

ئامانجی زانستی

واتە بەھایەکی زانستی ھەیە، ئەم بەھایەش لە توێژینەوەدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە (بەراوردکردن و سەلماندن و ژماردن).

ئامانجی پراکتیکی (کرداری)

بە شێویەکی کرداری لە کۆمەڵگادا توێژینەوە دەکات، لە ڕێگای وەرگرتنی سامپڵ (نموونە) و شیکردنەوەی نموونەکان لە ڕێگای تاقیگە.

کارامەیی داڕشتنی ئامانجی توێژینەوەی زانستی

١- ئامانجی توێژینەوەکە پەیوەست بێت بە ناونیشانی توێژینەوەکە.
٢- پێویستە ئامانجی توێژینەوە بە زمانێکی پاراو بنووسرێت.
٣- پێویستە توێژەر ھەڵبستێت بە ئەنجامدانی ڕووپێویەکی گشتگیر لە کتێبخانە و سەرچاوەکانی تر.
٤- پێویستە ئامانجی توێژینەوە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو نواندنێکی ڕێک و پێک بکات.
٥- کارامەیی لە داڕشتنی ئامانجی توێژینەوە دەبێتە ھۆکاری ئاشنابوون بە ھەموو گۆشەکانی گرفتی توێژینەوەکە بە تایبەتی لە ناوچەی لێکۆڵینەوە و ناوچە ھاوشێوەکانی.

گریمانەی توێژینەوەی زانستی

گریمانە بریتییە لە وەڵامدانەوەیەکی پێشوەختە بۆ ئەو پرسیارانەی کە لەلایەن توێژەرەوە دروست دەبن یان ڕوونکردنەوەیەکی کاتییە بۆ کێشەیەک.

پۆلێنکردنی گریمانەی توێژینەوەی زانستی

١- گریمانە بە شێوەی مەرجی: بە واتای ئەوەی گریمانەکە لەسەر شێوەی (ئەگەری) دادەڕێژرێت، بۆ نموونە ئەگەر بە گووڕ باران ببارێت ئەوە دەبێتە ھۆی لافاو یان ئەگەر شار فراوان بێت ئەوە کێشەکانی پیسبوونی ژینگە فراوانتر دەبن.

٢- گریمانە بە شێوەی ڕاپۆرتی: ئەم جۆرەیان پۆلێندەکرێت بۆ دووجۆر کە بریتین لە:

  • گریمانەی بە ئاڕاستە: بریتییە لەو گریمانەی بڕیار لەبارەی پەیوەندی دەدات لە نێوان توخمەکانی توێژینەوە یان بڕیار لەبارەی ئەو جیاوازیانە دەدات کە توێژەر پێشبینی دەکات سەرھەڵبدات لە نێوان فاکتەرەکانی توێژینەوە، بۆ نموونە ئەو ناوچانەی شێدارن بەھای باران تیایدا بەرزترە لەو ناوچانەی کە وشکن یان ئەو شارانەی ژمارەی دانیشتوانیان بەرزە خزمەتگوزارییەکانیان جۆراوجۆرترن لەو شارانەی کە ژمارەی دانیشتوانیان کەمە. پەیوەندیەکی ئەرێنی ھەیە لە نێوان جۆراوجۆری خزمەتگوزارییەکان لە شارەکاندا لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی.
  • گریمانەی سفڕی: بریتییە لەو گریمانەی کە بڕیار لە نەبوونی پەیوەندی دەدات لە نێوان دوو گۆڕاوی دیاردەیەک کە لێیان دەکۆڵێتەوە، بۆ نموونە ژمارەی دانیشتوان ھیچ کاریگەری نییە لەسەر جۆراوجۆری خزمەتگوزارییەکان لە شارەکاندا.

پێوەرەکانی داڕشتنی گریمانە

  • دەبێت گریمانە جێی تاقیکردنەوە بێت.
  • دەبێت توێژەر زانیاری تەواوی ھەبێت لەسەر بابەتەکە بۆ دانانی گریمانەکانی. 
  • پێویستە گریمانە بڕیاربدات لە بارەی پەیوەندی لە نێوان دوو گۆڕاوی توێژینەوە یان زیاتر.
  • پێویستە گریمانە بڕیاری پەوەندی بدات بدات لە نێوان گۆڕاوەکانی توێژینەوە بە شێوەیەکی ڕوون و کورت.

سەرچاوەکانی گریمانە

  • ڕەنگە گریمانە ھەستێک بێت یان پێشبینیکردنێکی پێشوەختە بێت.
  • ڕەنگە ھەڵقوڵاوی گریمانە زانستییەکانی تر بێت.
  • لەوانەیە گریمانە بنیات نرابێت لەسەر بنەمای لۆژیک لە بەدوواداچوونی کێشەیەک.
  • بواری پسپۆڕی توێژەر و تاقیکردنەوە کەسییەکانی.
  • ڕەنگە توێژەر ئەنجامی توێژینەوەکانی ڕابردوو بەکاربھێنێت بۆ داڕشتنی گریمانە.

سوودەکانی گریمانە

١- توێژینەوە ئاڕاستە دەکات بەرەو ڕێگاییەکی ڕاست.
٢- سەرچاوەییەکی ڕاست و دروست بۆ داتا و زانیارییەکان دیاری دەکات.
٣- یارمەتی دەستنیشانکردنی ئامرازی گونجاو دەدات بۆ تاقیکردنەوە.
٤- ڕێبازێکی گونجاو دیاریدەکات بۆ ئەوەی توێژەر بیگرێتەبەر بۆ شیکردنەوەی کێشەی لێکۆڵینەوە.
٥- پەیوەندییە پێشبینی کراوەکانی نێوان گۆڕاوەکانی توێژینەوە بە دیاردەخات.


سەرچاوەکان



1226 بینین