گانگرین

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-01-23-01:43:00 - کۆدی بابەت: 11886
گانگرین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گانگرین (بە عەرەبی: الغرغرينا، بە ئینگلیزی: Gangrene)، گانگرین حاڵەتێکی مەترسیدارە بەهۆی نەگەشتنی خوێن بۆ شانەکانی لەش، شانەکان دەمرن. دەکرێت کاریگەری لەسەر هەر بەشێکی جەستە هەبێت بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی کار لە پەنجەکانی دەست، پەنجەکانی پێ، دەست و قاچ دەکات. گانگرین لە ئەنجامی برینداربوون، هەوکردن یان حاڵەتێکی درێژخایەنەوە ڕوودەدات کە کاریگەری دەکەنە سەر سووڕی خوێن.

نیشانەکان

نیشانەکانی گانگرین بەپێی هۆکارە بنەڕەتییەکە دەگۆڕێن و دەکرێت کاریگەری لەسەر هەر بەشێکی جەستە هەبێت، بەزۆری لە پەنجەکانی پێ، پەنجەکانی دەست، دەست یان قاچەوە دەست پێدەکات. نیشانەکان بریتین لە:

  • سوور، مۆر یان ڕەشبوونی پێستی ناوچەی تووشبوو، بەڵام لە کەسانەی کە پێستیان قاوەیی یان ڕەشە بینینی قورسترە
  • ئاوسانی پێستی ناوچەی  تووشبوو
  • لەدەستدانی هەست یان ئازارێکی زۆر لە ناوچەی تووشبوو
  • برین یان بلۆق لە شوێنی تووشبوو کە خوێنی لێ دێت یان چڵکێکی بۆن ناخۆش دروست دەکات
  • لە هەندێک حاڵەتدا هەست بەقورسایی دەکرێت لە ئەندامی تووشبوو و بە فشار خستنە سەر پێست ڕەنگە دەنگێکی وەکوو قرچەقرچ دروست بکات، ئەم نیشانانە بەهۆی کۆبوونەوەی گاز ژێر پێستەوە دروست دەبن.
  • ئەگەر ناوچەکە تووشی هەوکردن ببوو، ئەوە دەکرێت هەندێ نیشانەی تریش دەربکەوێت کە پەیوەندییان بە هەوکردنە بنەڕەتییەکەوە هەیە، وەک: (بەرزبوونی پلەی گەرمی ٣٨ سیلیلیزی یان زیاتر لەرز و تا).
  • بەبێ چارەسەرکردن شانە تووشبووەکان وردە وردە دەمرن. ناوچە تووشبووەکە لە ڕەنگی سوورەوە دەگۆڕێت بۆ قاوەیی بۆ مۆر یان ڕەش پێش ئەوەی بچێتەوە یەک و لە شانە تەندروستەکانی دەوروبەری جیاببێتەوە. ئەگەر گومانت لە تووشبوون بە گانگرین هەبوو پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەیت.

جۆرەکانی گانگرین

گانگرین چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە کە هەریەکەیان هۆکارێکی جیاوازی هەیە. جۆرە سەرەکییەکانی بریتین لە:

  • گانگرینی وشک: کە تێیدا ڕێگری لە ڕۆیشتنی خوێن دەکرێت بۆ بەشێک یان شوێنێکی دیاریکراوی جەستە.
  • گانگرینی تەڕ: بەهۆی یەکگرتنی برینداربوون و هەوکردنی بەکتریاییەوە ڕوودەدات.
  • گانگرینی گازی: هەوکردنێک لە قووڵایی جەستەدا گەشە دەکات و بەکتریاکان دەست دەکەن بە دەردانی گاز.
  • Necrotizing fasciitis: بەهۆی هەوکردنێکی بەکتریایی توندەوە دروست دەبێت کە بە خێرایی بەناو چینە قووڵەکانی پێست و شانەکاندا بڵاودەبێتەوە.
  • گانگرینی ناوەوە: ڕێگری لە ڕۆشتنی خوێن دەکات بۆ ئەندامێکی ناوەوە کە بەزۆری ڕیخۆڵەکان، میزڵدان یان ڕیخۆڵە کوێرە دەگرێتەوە.

هۆکارەکان

هۆکارەکانی تووشبوون بە گانگرین بریتین لە:

  • کەمی ڕۆشتننی خوێن: خوێن ئۆکسجین و ماددە خۆراکیەکان بۆ لەش دابین دەکات. هەروەها دژەتەن بۆ سیستەمی بەرگری لەش دابین دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنەکان. بەبێ دابینکردنی خوێنی پێویست، خانەکان ناتوانن بژین و شانەکان دەمرن.
  • هەوکردن: چارەسەرنەکردنی هەوکردنی بەکتریایی دەکرێت ببێتە هۆی گانگرین.
  • برینداربوون بەهۆی زەبر و زەنگ: برینداربوون بەهۆی ڕووداوی ئۆتۆمبێل یان گوللە دەبێتە هۆی برینی کراوە کە ڕێگە بە بەکتریا دەدات بچنە ناو جەستەوە. ئەگەر بەکتریاکان شانەکان تووش بکەن و چارەسەر نەکرێن، ئەوا دەبێتە هۆی گانگرین.

کێن ئەوانەی مەترسییان لەسەرە؟

دەکرێت هەر کەسێک تووشی گانگرین ببێت، بەتایبەتی دوای برینێکی سەخت، بەڵام کۆمەڵێک کەس هەن کە مەترسییەکی زیاتریان لەسەرە. لەوانە ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە کە دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر خوێنبەرەکانیان، وەک:

  • نەخۆشی شەکرە: حاڵەتێکە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن.
  • ڕەقبوونی خوێنبەرەکان: خوێنبەرەکان بە ماددەیەکی چەور دەگیرێن، کە دەبێتەهۆی تەسکبوونی خوێنبەرەکان و ڕۆیشتنی خوێن سنووردار دەکات.
  • نەخۆشی چێوە خوێنبەرەکان: چەوری لە خوێنبەرەکاندا کەڵەکە دەبێت کە دابینکردنی خوێن بۆ ماسولکەکانی قاچ سنووردار دەکات.
  • نەخۆشی ڕینۆد: خوێنبەرەکانی هەندێک بەشی جەستە، بە تایبەتی پەنجەکانی دەست و پەنجەکانی پێ کاردانەوەی نائاساییان دەبێت بەرامبەر بە پلەی گەرمی نزم.
  • قەڵەوی: کێشی زیادە پەستان دەخاتە سەر خوێنبەرەکان و ڕۆیشتنی خوێن خاو دەکاتەوە و ئەگەری هەوکردن و درەنگ چاکبوونەوەی برینەکان زیاد دەکات.
  • لاوازبوونی سیستمی بەرگری: چارەسەری کیمیایی، تیشک و هەندێک هەوکردن وەک (HIV) کاریگەری دەکاتە سەر توانای جەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنەکان.
  • دەرزی لێدان: هەندێ حاڵەتی دەگمەنی دەرزی لێدان دەبێتە هۆی هەوکردنی بەکتریایی و دواتر پەرەدەسێنێت بۆ گانگرین.

چارەسەرکردن

تا چارەسەری گانگرین زووتر دەست پێبکات، ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە. چارەسەرە سەرەکییەکان بریتین لە: 

  • نەشتەرگەری لابردنی شانە تێکچووەکان کە بە (debridement) ناسراوە هەروەها دژە زیندەیی بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنە سەرەکییەکە. 
  • لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە پێویست بە نەشتەرگەری بکات بۆ دووبارە ڕۆیشتنی خوێن بۆ ناوچەی تووشبوو.
  • لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا، ڕەنگە پێویست بێت تەواوی بەشێکی جەستە وەک پەنجەی پێ، پێ، یان بەشی خوارەوەی قاچ ببردڕێت. ئەمەش بە ‏(Amputation) بڕینی بەشەکانی جەستە ناسراوە.

ڕێگریکردن لە گانگرین

زۆرێک لە حاڵەتەکانی گانگرین دەتوانرێت ڕێگریان لێبکرێت. لە ڕێگەی: 

  • نەخۆشی شەکرە: گرنگە بەردەوام پشکنین بکەیت بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی پێیەکانت. لەکاتی هەبوونی هەر کێشەیەک بە زووترین کات پزیشکەکەت ئاگادار بکەرەوە.
  • دابەزاندنی کێش: کێشی زیادە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات. هەروەها فشار دەخاتە سەر خوێنبەرەکان و ڕۆیشتنی خوێن خاو دەکاتەوە، کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن مەترسی هەوکردن زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی درەنگ چاکبوونەوەی برینەکان.
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان: بەردەوامبوون لە جگەرەکێشان بۆ ماوەیەکی زۆر زیان بە موولوولەکانی خوێن دەگەیەنێت.
  • شۆردنی دەست: دەستەکانت بە پاکی بشۆ و برینەکان بە پاکی ڕابگرە، پێویستە برینەکە بە وشکی بمێنێتەوە هەتا چاک دەبێتەوە.
  • سەرمابردن: سەرمابردن ڕۆیشتنی خوێن بۆ ناوچەی تووشبوو لە کەشوهەوای سارددا کەمدەکاتەوە. ئەگەر پێستت کاڵ، سارد، ڕەق و سربوو ئاگاداری چاودێری تەندروستی بکە.


سەرچاوەکان



352 بینین