ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی زەردبوونی ددان

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-01-30-21:08:00 - کۆدی بابەت: 11902
ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی زەردبوونی ددان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی زەردبوونی ددان (بە عەرەبی: الأطعمة والمشروبات التي تسبب اصفرار الأسنان، بە ئینگلیزی: Foods and drinks that cause tooth yellowing)، ڕەنگە خواردنەوەی قاوەیەکی بەیانیان یان خواردنی سپاگێتیت بەلاوە پەسەند بێت وەک لە هەر خواردنێکی تر. بە تێپەڕبوونی کات ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە ڕەنگیان تۆخە و ڕێژەیەکی زۆر ترشیان تێدایە، دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵە لەسەر ددانەکانت.

ئەو خواردن و خواردنەوەی کە ڕەنگی ددانەکان دەگۆڕن

شەرابی سوور

خواردن و خواردنەوە ترشەکانی وەک شەرابی سوور دەبنە هۆی زبربوون و فراوانبوونی کونیلەکانی مینای ددان. زبربوون و زیادبوونی ڕووبەری ڕووی مینای ددانەکان، ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەو ڕەنگانەی کە لەناو ئەو خواردن و خواردنەوەکاندان بنوسێن بە ڕووی ددانەکانتەوە. ئەم دیاردەیە لە کاتی خواردنەوەی شەرابی سووردا ڕوودەدات. پێکهاتەی ترشی ئەم خواردنەوەیە دەتوانێت بە مینای ددانەوە بنوسێت هەروەها ڕێگە بە گەردیلە سوورە تۆخەکانی شەراب دەدات کە بلکێت بە ڕووی ددانەکەوە.

قاوە

ڕەنگە خواردنەوەی قاوەی بەیانیان یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەڵەی ددانەکان. قاوە ماددەی تانینی تێدایە کە جۆرێکە لە پێکهاتەی کیمیایی پێی دەوترێت پۆلیفینۆڵ، کە وا لە پێکهاتە ڕەنگدارەکان دەکات بنوسێت بە ددانەوە.

چا

هەر وەک قاوە، چا ماددەی تانینی تێدایە کە دەتوانێت ڕەنگی ددانەکانت بگۆرێت. بەڵام خۆشبەختانە ڕێگەیەکی سادە هەیە بۆ کەمکردنەوەی توانای چا بۆ ڕەنگکردنی ددان. یەکێک لە توێژینەوەکانی ساڵی ٢٠١٤ دەریخستووە کە زیادکردنی شیر ٢٪ بۆ ناو چا دەتوانێت توانای چا بۆ ڕەنگکردنی ددانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. هەوەها توێژەران بەتایبەت ئاماژەیان بە کازین کردووە کە پرۆتینێکە لە شیردا هەیە، بەرپرسە لە ڕێگریکردن لە درووستبوونی پەڵە بەهۆی چاوە.

شاتوو و شەربەتی میوە

تووتڕک، بلاکبێری، هەنار و هەندێ جۆری تووی تۆخ کە ڕەنگێکی تۆخیان تێدایە و دەبنە هۆی ڕەنگکردنی ددانەکان. گەردیلە ئۆرگانیکیە بچووکەکان دەتوانن بچنە ناو کونیلەکانی مینای ددان و بلکێن بە ددانەکەوە. ئەگەر ددان کونیلەی زۆری هەبێت، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی هەمیشەیی. هەر بۆیە دەکرێت دوای خواردنی تووتڕک ڕەنگیان بگۆڕێت بۆ وەنەوشەیی و لەوانەیە هەر بە وەنەوشەییش بمێننەوە. هەروەها هەندێ میوەی تۆخ، شەربەتی تۆخ - وەکو تووتڕک، ترێ، چەوەندەر، هەنار و بلوبێری - دەتوانن ڕەنگی ددانەکانت بگۆڕن.

کۆلای تۆخ

خواردنەوەی قوتویەک کۆلای شەکردار بە بەردەوامی دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگی ددانەکانت. چونکە خواردنەوە ترشەکانی وەک سۆدە دەبنە هۆی ڕووشانی مینای ددان. کاتێک مینای ددانەکە دادەخوڕێت، بە تەنها نابێتە هۆی زووتر گۆڕانی ڕەنگی ددانەکان. بەڵکوو دەبێتە دەرکەوتنی دێنتین (بەشە ئێسکەکەی ددان) کە بەشێوەیەکی سروشتی لە مینای ددانەکە تۆختر و زەردترە.

خواردنەوە وزە بەخشەکان

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٢، خواردنەوە وزەبەخشەکان پەیوەندیان بە تێکشکانی مینای ددانەوە هەیە، کە بەشدارە لە دروستبوونی پەڵە. هەروەها ئەم توێژینەوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە خواردنەوە وزەبەخشەکان ترشی و توانای تێکدانی مینایان زیاترە بە بەراورد بە خواردنەوە وەرزشییەکان.

ساسی دروستکراو لە تەماتە

ئەگەر دەتەوێت ددانەکانت بە باشترین شێوە دەربکەون، لەوانەیە بتەوێت ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگرێتەبەر لەکاتی خواردنی ساسی دروستکراو لە تەماتە وەک ئەو جۆرەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەر پیتزا یان سپاگێتی دەیخۆیت. ساسی دروستکراو لە تەماتە نەک هەر ڕەنگیان گەشاوەیە، بەڵکو ترشیشن. غەڕغەڕەکردن بە ئاو دوای خواردنی ئەم جۆرە ساسە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە پەڵەی ددان.

ساسی سۆیا و سرکەی بەلسامیک

ساسی ڕەنگ تۆخ وەک ساسی سۆیا و سرکەی بەلسامیک بەوە ناسراون کە ڕەنگی ددانەکان دەگۆڕن. بەپێی وتەی Rene Y. Dell’Acqua, DDS، ڕێژەی بەرزی ترش لە هەندێک جۆری خۆراک وەک سرکە دەبێتە هۆی داخورانی مینای ددان، ڕێگە بە نیشتنی ڕەنگ دەدات. لە بنەڕەتدا هەر شتێک کە دەیخۆتت ئەگەر لە توانایدا هەبوو پاڕچەیەکی کەتان ڕەنگ بکات، ئەوا توانای دروستکردنی پەڵەی دەبێت لەسەر ددانەکان.

شیرینی 

شیرینی بەتایبەت جۆرە تۆخەکانی وەک شوکولاتە دەبنە هۆی پەڵەی ئاسایی لەسەر ددانەکان. هەروەها زۆرێک لە شیرینی ڕەق و جەلییەکان بۆیەی ڕەنگاوڕەنگیان تێدایە کە دەتوانن لەسەر مینای ددان بنیشن.

ئایا جگە لە خۆراک چی شتێکی تر دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگی ددانەکان؟

ڕەنگە خواردن و خواردنەوە دڵخوازەکانت تاکە هۆکارێک نەبن بۆ ڕەنگکردنی ددانەکانت. ئەگەر تێبینی گۆڕینی ڕەنگی ددانەکانت کردووە، ئەوا دەکرێت ئەمانەی خوارەوە بەرپرسیار بن:

بەرهەمەکانی تووتن

پەڵەی تووتن بەهۆی کێشانی جگەرە، نێرگەلە و سیگار دروست دەبێت، بەرهەمەکانی تووتن کاریگەرییان لەسەر ڕەنگی ددانەکانت هەیە بەهۆی بوونی ئەم دوو پێکهاتەی کیمیاییەی خوارەوە:

  • نیکۆتین ماددەیەکی بێ ڕەنگە بەڵام لەکاتی هەبوونی ئۆکسجین ڕەنگێکی زەرد بە ددانەکان دەبەخشێت 
  • قەتران، لە بنەڕەتدا ماددەیەکی تۆخە

هەندێک دەرمان

هەندێک جۆری دژەزیندەیی دەتوانیت پەڵەی ناوەکی دروست بکات ئەگەر پێش تەمەنی حەوت ساڵی بخورێت وەک تێتراسایکلین. لەکاتی دروستبوونی دداندا تێتراسایکلین لەگەڵ کالیسیۆمەکە یەکدەگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هێڵ یان گۆڕینی ڕەنگی ددانەکان کە ڕزگاربوون لێی زۆر قورسە.

داخوران

لەگەڵ داخورانی ددانەکان و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگییان. دوای ساڵانێک لە شوشتنی ددانەکانت، وردە وردە مینای ددان تەنکتر دەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی دێنتن کە ڕەنگیان مەیلەو زەردە، وادەکات ددانەکانت تۆختر و زەردتر دەربکەون.

هەوکردن

هەوکردنی کرۆکی ددان (ناوەند یان شانەکانی ژێر چینەکانی مینا و دێنتن) دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگی ددان. پەرەسەندنی کلۆری ددانەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی کرۆکی ددانەکان لە بەرانبەردا زیانگەیاندن بە ڕەگی ددان هەروەها ڕواڵەتێکی ڕەشی خۆڵەمێشییان پێدەبەخشێت. لەوانەیە پێویست بە دەماربڕین بکات هەروەها پاککردنەوەی کلۆری و هەوکردنەکە.

بەرکەوتنی زەبر 

بەرکەوتنی زەبر بە ددانی منداڵ دەکرێت کاریگەری لەسەر گەشەندنی ددانی تازەپێگەیشتووان هەبێت، هەندێجار وا لە ددانی تازەپێگەیشتووان دەکات زەرد دەربکەوێت ئەگەر مینای ددانەکە بە باشی دروست نەبێت. ئەگەر بەهۆی زەبرەوە مینای ددانەکە تێکبچێت ئەوا ددانی تازەپێگەیشتووان تاریکتر دەردەخات، چونکە چینی خوارەوەی مینا بە شێوەیەکی سروشتی زەردترە.

چۆن ڕێگری دەکەیت لە دروستبوونی پەڵە لەسەر ددانەکانت؟

ددانی هەندێک کەس بە بەراورد بە هەندێکی تر ئاسانتر ڕەنگیان دەگۆڕێت. ئەمەش دەکرێت بەهۆی بڕی مینا (ئەو ڕوپۆشەی کە ددانەکانمان دەپارێزێت)، بۆماوەیی و تەنانەت بڕی ئەو لیکەی کە هەمانە. بەڵام گەورەترین هۆکار کە مەترسی پەڵەی ددانەکانت زیاتر دەکات پاک ڕانەگرتنی دەم و ددانەکانە. بەڵام خۆشبەختانە دەتوانیت ڕێگری لێبکەیت. حەوت هەنگاوی سادە کە دەتوانیت بیانگریتە بەر بۆ پاکڕاگرتنی دەم و ددان بۆ ئەوەی ددانەکانت سپی و بریقەدار بمێننەوە.

  • ئەگەر ڕەنگی ددانەکانت گۆڕاون بەهۆی زۆر خواردن یان خواردنەوەیەکی دیاریکراو، هەوڵبدە سنوورداری بکەیت یان بەدوای جێگرەوەکەیدا بگەڕێ. بۆ نموونە دەتوانیت کوپێک چای ئاسایی بگۆڕیت بۆ چایەکی گیایی ڕوون.
  • دوای هەر خواردن یان خواردنەوەیەکی ڕەنگدار، ناو دەمت بە ئاو بشۆ و غەڕغەڕەی پێبکە.
  • لە کاتی خواردنەوە ساردەکانی وەک کۆلا یان شەربەت کە دەبنە هۆی گۆڕینی ڕەنگی ددان دەتوانی قەسەب بەکاربهێنیت.
  • جوینی بنێشت کە زایلیتۆل (جێگرەوەی شەکر)ی تێدایە یارمەتیدەرە بۆ دەردانی لیکی زیاتر کە دەبێتە هۆی پاک کردنەوەی ناو دەم.
  • خواردنی بڕێکی زۆر لە سەوزە و میوەی ڕەق، وەک سێو و گێزەر هەروەها کەرەوز. چونکە لیک زیاد دەکەن و ددانەکانت دەشۆن، وەک لابەری سروشتی پەڵە کاردەکەن.
  • پێویستە ڕۆژانە دوو جار ددانەکانت بشۆیت، هەروەها بەپێی پێشنیاری پزیشکی ددانەکەت.
  • لە کاتی پێویست سەردانی پزیشکی ددان بکە، لەوانەیە پێشنیاری هەندێک بەرهەم بکەن کە ببنە هۆی کەمکردنەوەی پەڵەی ددان. هەروەها دەکرێت زانیاری زیاترتان پێ بڵێن دەربارەی هەر خزمەتگوزارییەک کە پێشکەشی بکەن، وەک پاککردنەوەی یان سپیکردنەوەی ددان.

ئایا پەڵەی ددان لادەبرێت؟

زۆر شت هەیە کە دەتوانیت بیکەیت بۆ یارمەتیدانی لابردنی یان کەمکردنەوەی پەڵەی ددان. بۆ نموونە، شوشتنی ددانەکانت دووجار لە ڕۆژێکدا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی پەڵە. دەتوانیت سەردانی پزیشکی ددان بکەیت بۆ پاککردنەوەی ددان هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بژاردەکانی سپیکردنەوە.


سەرچاوەکان



658 بینین