کتێبی ژنی سەرکردە لەنێوان تیۆر و پراکتیکدا

له‌لایه‌ن: - شنۆ نەوزاد شنۆ نەوزاد - به‌روار: 2024-02-18-22:32:00 - کۆدی بابەت: 11983
کتێبی ژنی سەرکردە لەنێوان تیۆر و پراکتیکدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کتێبی ژنی سەرکردە لەنێوان تیۆر و پراکتیکدا (بە ئینگلیزی: woman leader btween threory and practice، بە عەرەبی: المرأة القائدة بین نظرية  والممارسة) کتێبێکە بریتییە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک وتار کە لەلایەن ژنانی پێشڕەو و لێهاتووی عێراق نووسراوە بە مەبەستی خزمەتکردن بە کۆمەڵێک خوێندکاری کۆلێژی یاسا لە زانکۆکانی سلێمانی و بەغداد و بابل. شانبەشانی ئەم نووسەرە ژنانە چەند نووسەرێکی ناوداری تری کوردستان و عێراق بەشدارییان لەم کتێبەدا کردووە.

ناسنامە

ناوی کتێب ژنی سەرکردە لەنێوان تیۆر و پراکتیکدا
نووسینی ژمارەیەک نووسەر
ناوەندی بڵاوکردنەوە لە بڵاوکراوەکانی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ یاسای مافەکانی مرۆڤ سەر بە زانکۆی دیپۆل لە شیکاگۆ
سەپەرشتیار کنێر عەبدوڵڵا
تیراژ ٨٠٠ دانە
ژمارەی سپاردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی ١٨٠٤ـی ساڵی ٢٠١٠ـی پێدراوە 
ژمارەی لاپەڕە ٢٤٢ لاپەڕە

پێشەکی

پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ یاسای مافەکانی مرۆڤ سەر بە زانکۆی دیپۆل لە شیکاگۆ لە ویلایەتی ئەلینۆی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە لە عێراق کار دەکات، پەیمانگاکە لەسەر بنەمای زانکۆیی و ئەکادیمی بێ بەرامبەر بایەخ دەدات بە چالاکییەکانی فێرکردن و ڕاهێنان خوێندن و دانان و ڕێکخستنی پرۆگرامەکانی مافی مرۆڤ بەرزڕاگرتنی یاسا لە سەرتاسەری جیهاندا. ژنانی پێشڕەو لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات کە ژنانی سەرکەوتوو دەتوانن یارمەتی ژنانی گەنج بدەن بە خستنەڕووی بەهرەکانیان و پیشاندانی ئەو سەرکەوتنانەی کە بەدەستیان هێناوە.

ناوەڕۆک

  • توانای سیستمی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ بۆ یارمەتی برەودان بە ژنانی عێراق/ ئیلیزابیت وارد (بەڕێوەبەری پرۆگرام لە کۆلێژی یاسا زانکۆی دیپۆل)
  • چۆن لە پرسی ژن و سەرکردایەتی تێبگەین/ ئەبوبەکر عەلی (ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی)
  • ڕۆڵی ژنان لە حکومەت و پڕۆسەی سیاسیدا/ ئەمیرە عوبێد ئەلبەکری (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بابل)
  • چۆن دەبیتە ژنێکی پێشڕەو/ ئەمیرە محەمەد ئەمین (چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان)
  • چیرۆکی ژنانێک/ ئەمیرە حەسەن (چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان)
    عێراق و ژنان و سەرکردایەتی/ (د. ئامال کاشیف ئەلغیتا ڕۆماننووس)
  • ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار و وەرگرتنی بەرپرسیارێتیدا/ (د. بوشرا عوبێدی مامۆستا لە کۆلێژی یاسا- زانکۆی بەغدا)
  • ژنان و لەمپەرە سەرەکیەکانی بە سەرکردەبوونیان/ (نووسەر تامان شاکر)
  • دیموکراسی و ڕۆڵی ژن لە ژیانی سیاسی و بڕیارسازیدا/(ڕازاو ئەحمەد شریف پارێزەر و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان)
  • مافی میراتی ژن لە یاسای باری کەسێتی بەرکاردا و پیادەکارییەکانی دادگای عێراقدا/ (دادوەر سالم رەزوان موسەوی)
  • کاریگەری خێزان لە دروستکردنی ژنی سەرکردەدا/ شەونم محەمەد غریب (ئەندامی پەرلەمانی کورستان)
  • ستراتیژی ڕابوونی ژنانی عێراقی/ د. سەبا نوعمان ڕەشید وەیسی (مامۆستای یاریدەدەری یاسای کار و زامنی کۆمەڵایەتی/ کۆلێجی یاسا/ زانکۆی بەغدا)
  • ژنی پێشڕەو لە عێراقی نوێدا/ عەلی کەریم (سەرۆکی ئەنیتیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ)
  • لەمپەرە بنەڕەتیەکانی بنیاکردنی ژنی سەرکردە و کارەکانی پەرلەمانی کوردستان لە گۆڕینی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی هەموارکراو/ د.فائیزە باباخان (پسپۆڕی یاسایی لە وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق)
  • ژن و چەمکی سەرکردەبوون/ ڤینۆس فایەق (شاعیر و نووسەر)
    ژنان و سەرکردایەتیکردن/ کنێر عەبدوڵڵا (نووسەر و سەرنووسەری گۆڤاری تەوار)
  • قەیرانی سەرکردەی ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عێراق وەک نموونە)/ مەهاباد قەرەداغی (شاعیر و نووسەر و توێژەر)
  • پێوەری بەشداری چەندێتییانەی ژنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا/ د. نەهلە نەداوی (توێژەر و ئەکادیمیکار)
  • چەمکی جێندەر و تواناسازی ژنان لە ناوەندی بڕیاری سیاسیدا/ د. هادی محمود (وەزیری ڕۆشنبیری)

بەشێک لە نووسیە گرنگەکانی ئەم کتێبە

ژنان لە سەرتاسەری دونیادا خەبات دەکەن لە پێناو یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە هەوڵی ئەوەدان کە بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێت لە دانانی دەستور و پۆستە گرنگەکانی وڵاتدا.

ژنی سەرکردە پێش هەموو شتێک دەبێت کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات، لەوانە شکاندنی کۆت و بەندەکانی ئەقڵ کە لە دوای لە ناوچوونی سستمی دایکسالاری لە گەردەنی ئاڵاوە و زیاتر کار بە جەستەی کراوە نەک بە ئەقڵی.

پێش هاتنی ئیسلام سیستمی میراتی ناهەقی بەرامبەر بە ژنان دەکرد، مەسەلەکە تەنها هەر عەرەبەکانی نەدەگرتەوە بەڵکو گەلانی خاوەن ئایینی جیاوازیشی لەخۆدەگرت.

ژن وەکو بەشێک سامانی بە میرات بە جێماو وابوو، وەک کاڵا دەفرۆشرا بە میراتی وەردەگیرا.

دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە ئایینی ئیسلام ڕێگەی کارکردنی لە ژن نەگرتووە، چ لە بواری سیاسی یان لە بواری پیشەییدا بوو بێت، لە مێژووی ئاییبی ئیسلامدا ژمارەیەک سەرگوزەشتەمان لە بەردەمدایە سەبارەت بە ئەوەی ژنان چەندین پۆستی گرنگیان لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا وەرگرتووە.

ژنی سەرکردە ئەو کەسەیە لەسەر دوو ئاست جیاوازە:
یەکەم/ لەسەر ئاستی پێکهاتەی سەرکردانەوە:

  • لە ڕووی کەسایەتییەوە: کەسایەتییەکی محوەری و موگناتیسی و بەهێزە بەوە دەناسرێتەوە کە پڕە لە لێبوردەیی، گەشبینی، جۆش و خرۆش، خاکی بوون، ئازایەتی و زیرەکی، بەخشندەیی، بەڵکو هەڵگری هەموو بنەما ئەخلاقییە بەرزەکانە.
  • لە ڕووی ئاستی فکری و تیۆرەوە: وردبینە، ڕووە جیاجیاکانی شتەکان دەبینێت، هەرگیز ئایدۆلۆجی نییە و کۆمەڵێ حوکمی پێشوەختەی نییە بۆ هەموو شتێک، بە یاسای گرنگ و گرنگترین کار دەکات واتە دەزانێ چۆن پلەبەندی ئامانج و خواستەکانی بکات.
  • لە ڕووی دەربڕینەوە: ژنانی سەرکردە لەڕووی دەربڕینەوە بەوە دەناسرێنەوە کە خاوەن دەربڕینێکی بەهێز و کاریگەرە، ڕاشکاوانە بۆچوون و ڕاکانی خۆی ڕادەگەیەنێت، بە ڕۆشنی و دیاریکراوی پەیامەکەی بۆ بەرامبەر دەگەیەنێت.

دووەم/ لەسەر ئاستی ڕۆڵ و پێگە:

  • ژنی پێشڕەو ئەوانەن کە جگە لە پێوەری یەکەم ڕەگەزەکانی سەرکردە بوونیان تێدایە بە هەمان شێوە پیادەی جۆرێک لە سەرکردایەتی دەکەن لە ژیانی گشتیدا لە هەر دەزگایەک بن ئەوانە دەبنە هۆکاری گۆڕان و تازەبوونەوە، دەبنە پاڵنەری تازەگەری و دروستکردنی واقعێکی تازە. لە ڕووی پێگەشەوە ئەوانەن کە لە ناوەند و یەکەکانی بڕیاردان لە هەر بوارێکی ژیاندا بێت.


سەرچاوەکان



200 بینین