درۆکردن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-03-05-23:27:00 - کۆدی بابەت: 12062
درۆکردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

درۆکردن (بە ئینگلیزی: Lying، بە عەرەبی: الکذب) درۆکردن یەکێکە لە سیفەتە نەخوازراوەکانی مرۆڤ، زۆرجار تەنانەت بە بێئاگاییش و بێ ویستی خۆمان دەبینین کەوتووینەتە ناو درۆکردنێکی نەخوازراوەوە. گرنگە هەوڵبدەین ئەو سیفەتە بە تەواوی بناسین و بزانین چییە، لە نەخوازراوییەکەی تێبگەین و بەمەش باشتر بتوانین خۆمانی لێ بەدووربخەین تا بەدەربین لەو کەسانەی نازناوی درۆزن هەڵدەگرن.

جۆرەکانی درۆ

درۆی جۆراوجۆر هەیە و بە هۆکاری جیاواز دەگێڕدرێنەوە. هەندێک جار درۆکان بچوکن، بۆ نموونە، لەوانەیە حەزت لە جلوبەرگی نوێی هاوڕێکەت نەبێت، بەڵام بە جوان باسی بکەیت بۆ ئەوەی دڵخۆشی بکەیت. ئەمانە بە درۆی ئاسایی یان درۆی سپی ناسراون. دەوترێت کە درۆی سپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەهێڵێتەوە، ڕێگری دەکات لە ئازاری کەسانی دیکە یان لە دەرەوەی خۆشەویستی، و بەشێکیان بۆ لێخۆشبوونن.

هەروەها درۆزنەکان لە کاتی تەنگانەدا ڕاستییەکان دەشارنەوە ئەم درۆیانە لە جیهانی بازرگانی و کاردا زۆر باون. بۆ نموونە، لەوانەیە نرخی ئەو بەرهەمە ڕابگەیەنیت کە زیاتر لە نرخی ڕاستەقینەی خۆی پارەت لەسەر داناوە، یان لەوانەیە ئەوە ڕابگەیەنیت کە ئەو بەرهەمەی کە هەتە لە کۆگاکەدا بوونی نییە. ئەم جۆرە درۆیانە بە تەواوی لەگەڵ ڕاستییەکاندا ناکۆکن.

شاردنەوە و نەووتنی ڕاستی جۆرێکی ترە لە درۆکردن.

بۆچی درۆ دەکەین؟

چەندین هۆکاری جیاواز هەیە بۆ درۆکردن، هەندێکیان بواری لێخۆشبوونیان و هەندێکیش لێخۆشبوونیان نییە. ئەوەی بۆچی درۆ دەکەین و چەند هۆکارێک بۆ درۆکردنمان بریتین لە:

  • پاراستنی هەستەکانی کەسێکی تر.
  • درۆکردن بەهۆی هەستەکانی وەک تووڕەیی، ئیرەیی، ناڕەحەتی، فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێوە دروست دەبێت.
  • بۆ مانەوە لە ناوچەی ئارام و خۆ بەدوورگرتن لە ئەگەری مەترسی. بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆی بەدەست بهێنێت تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی دۆڕانێکی تر بێت.
  • باشتر سەیری خۆکردن.
  • کۆنترۆڵکردنی ئەوانی تر.
  • شاردنەوەی هەڵەکان و ڕێگریکردن لە سزا.
  • شاردنەوەی هەستی ڕاستەقینە دەربارەی ڕووداوەکان.

ئەگەر درۆکردن بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، ئەوە دەبێتە شێوازێکی ڕەفتاری دووبارە و ئاسایی دەرکەوتوو. ئەم جۆرە درۆیە نەخۆشییە و پێویستی بە چارەسەرە.

ئایا کێ درۆزنە؟

درۆکردن کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکان و تەندروستی دەروونی هەیە و ژیانی ڕۆژانەی خوودی کەسەکە دەخاتە کێشەوە پێش ئەوەی زیان بە کەسانی تر بگەیەنێت. کاتێک زۆر درۆ دەکەین، لەوانەیە قورس بێت متمانە بە کەسانی تر بکەین. هەروەها کاتێک کەسێکی تر تێبینی درۆکان دەکات، پەیوەندییەکە ساردتر دەبێت و لە کۆتاییدا ئەو کەسانە لەدەست دەدەین کە خۆشت دەوێن.

ئەگەر ئەم نیشانانەی خوارەوەت هەیە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ڕاهاتوویت بە درۆکردن و پێویستە هەنگاوی جددی بنێت بۆ چارەسەرکردنی درۆکە.

  • درۆ دەکەیت بەبێ هیچ هۆکارێک و لە بارودۆخێکی ناپێویستدا.
  • هەمیشە پاساو بۆ درۆکانت دەهێنیتەوە و ڕەتی دەکەیتەوە دان بەوەدا بنێیت کە درۆکردن هەڵەیە. بۆ نموونە، تۆ باوەڕت بەوە هەیە کە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی خۆشت دەوێن، پێویستە ڕاستی لەوان بشاریتەوە.
  • چیرۆک دەربارەی خەڵک و ڕووداوەکان دروست دەکەیت بۆ شاردنەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە.
  • درۆکانت زۆر جار ئاشکرا بوون و هەندێکی دیکەیان نا.
  • خەڵکی دەوروبەرت چیتر باوەڕ بە قسەکانی تۆ ناکەن.
  • هەروەها هەست بەوە دەکەیت کە کەس خۆی بە ڕاستەقینە نازانێت.
  • دەرفەتی گرنگت لە دەست داوە وەک پەیوەندییەکانت یان کارەکەت بەهۆی درۆکردن.

بۆچی پێویستە درۆ نەکەین؟

بەپێی توێژینەوەیەک، درۆزنەکان کەمتر دڵخۆشن. هەروەها بە لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک لە خوێندکارەکان، دەرکەوت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان درۆی ڕۆژانە و خراپی ئەنجامدانی ئەکادیمی و نەبوونی ڕێز لە خۆ و نزمی جۆری ژیان. چەند هۆکارێک بۆ ئەوەی درۆ لەگەڵ خۆت و کەسانی دیکەدا نەکەیت.

  • وتنی ڕاستی ئاسانترە. کاتێک درۆ دەکەیت، پێویستە درۆکانت لەبیر بێت بۆ ئەوەی دواتر درۆکانت ئاشکرا نەبن، بەڵام ڕاستییەکە لە مێشکتدا دەمێنێتەوە بەبێ هیچ هەوڵێک.
  • کاتێک درۆ دەکەیت، پێویستە ڕێگاکەت بە درۆکانی داهاتوو داپۆشیت و شتەکان خراپتر بکەیت.
  • کاتێک درۆکانت ئاشکرا دەبن، هەموو شتێک وێران دەکەن. بڵاوکردنەوەی درۆ زیان بە خۆت و خۆشەویستەکانت و ئەو متمانەیە دەگەیەنێت کە لە پەیوەندییەکەدا هەیە. پێویستە زۆر کار بکەیت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم برینانە و هەندێک جار ئەم برینانە چاک نابنەوە.
  • لەوانەیە ڕاستییەکە ئەوەندە ترسناک نەبێت کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە. ئەگەر لە ترسی ڕاستی درۆ دەکەیت، جارێک ڕاستگۆبە. لەوانەیە گوێگران نەک تەنها کاردانەوەی نەرێنییان نەبێت، بەڵکو سوپاست بکەن بۆ ڕاستگۆییەکەت.


سەرچاوەکان



230 بینین