کاڕڵ لاگەرفێڵد

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-03-15-17:25:00 - کۆدی بابەت: 12120
کاڕڵ لاگەرفێڵد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاڕڵ ئۆتۆ لاگەرفێڵد (بە ئینگلیزی: Karl Otto Lagerfeld، بە عەرەبی: كارل أوتو لاغرفيلد)، فۆتۆگرافەر و یەکێک لە بەناوبانگترین دیزاینەرەکانی جلوبەرگ لە جیهاندا، کارڵ لاگەرفێڵد لە هامبورگی ئەڵمانیا لەدایکبووە. لە کاتێکدا کە هەرگیز ڕۆژی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕاگەیەندراوە کە لە ١٠ی ئەیلوولی ١٩٣٣ لەدایکبووە. بە دیزاینە بوێرەکانی و داهێنانە بەردەوامەکانی ناسراوە، لە گۆڤاری ڤۆگدا وەک "کەسایەتییەکی بێهاوتای سەردەمی ئێستا" باس کراوە. لاگێرفێڵد بە ستایلی ئێخەی گەورە و قژی سپی و چاویلکەی ڕەشی خۆر و دەستکێشی بێ پەنجە ناسرابوو. لە ١٩ی شوباتی ساڵی ٢٠١٩، لە پاریس کۆچی دوایی کرد.

ژیانی تایبەتیی

کاڕل ئۆتۆ لاگەرفێڵدت لە ١٠ی ئەیلوولی ١٩٣٣ لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا دایکبووە، دایکی بەناوی ئێلیزابێس کەمان ژەنێکی سەرکەوتوو بووە و ئۆتۆ لاگەرفێڵدی باوکی لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە هاتووە کە بازرگانێکی دەوڵەمەندی شەراب بوون، بازرگانێکی بەناوبانگ و فرەزمان بووە، بە نۆ زمان قسەی دەکرد. باوکی خاوەنی کۆمپانیایەکی هاوردەکردن بوو (Lagerfeldt & Co). کاڕڵ لەسەرەتادا لە قوتابخانەی سەینت ئان خوێندوویەتی، دوای کۆچی خێزانەکەی بۆ فەڕەنسا، خوێندنی لە لیسی مۆنتاین تەواو دەکات، کە تیشک دەخاتە سەر وێنەکێشان و مێژوو. لە تەمەنێکی مناڵییەوە، لاگەرفێڵد گرنگی بە دیزاین و هونەر دەدات. زۆر جار وێنەکانی گۆڤاری فاشنی دەبڕی، هەروەها ڕەخنەی لە شێوازی جل لەبەرکردنی هاوپۆلەکانی گرتووە.  

ژیانی پیشەیی

لاگەرفێڵدی تەمەن ١٤ ساڵ بە یارمەتی دایک و باوکی بڕیاریدا کە بڕوات بۆ پاریس. ئەو تەنها دوو ساڵ لەوێ بوو کاتێک زنجیرەیەک وێنە و نموونەی قوماشی پێشکەش کرد بۆ پێشبڕکێیەکی دیزاین. ئەو لە یەکێک لە بەشەکاندا پلەی یەکەمی وەرگرت و چاوی بە براوەیەکی دیکە کەوت، ئیڤ سانت لۆرانت، کە دواتر بوو بە هاوڕێیەکی نزیکی. بەزوویی لەگەڵ دیزاینەری فەڕەنسی پیێر باڵماین دەستی بەکار کرد، ماوەی سێ ساڵ لەوێ مایەوە، یەکەم جار وەک یاریدەدەری و دواتر وەک خوێندکار و بەدەستێکی ئیشی دەکرد. هەروەها وەک بەڕێوەبەری داهێنەر کاری کرد لەگەڵ شوێنێکی دیکەی جلوبەرگ، تاکوو ئەوەی لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٦١، بە شێوەی سەربەخۆ دەرکەوت.

چەندین کاری باش بەزوویی بەدوای ئەوەدا هاتن، لاگەرفێڵد دیزاینی کرد بۆ کۆڵێکشنەکانی براندی کلۆی و فێندی چەندین براندی تر. لە پیشەسازی جلوبەرگدا بە شێوازی تازە و داهێنەرانەی تایبەت بە خۆی ناسرا. بەڵام هەمیشە پێزانینێکی هەبووە بۆ دیزاینەکانی ڕابردوو، زۆر جار جلی کۆن و لەبەرکراوی نوێ کردۆتەوە. لە ماوەی پیشەکەیدا، ئەو جۆرێک لە ناوبانگی وای پەیدا کردبوو کە لە چەندین براندی جیاواز کاری کردووە، هەمیشە لە کۆمپانیایەک بۆ کۆمپانیایەکی تر. هەروەها تۆمارێکی سەرکەوتنی کۆکردەوە کە کەم دیزاینەر دەتوانێت هاوتای بکات. زیاتر ئیلهامی کارەکانی لە ستایلەکانی سەدەی هەژدەوە وەرگرتووە.

هەروەها ئیلهامی لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە وەرگرتووە، لەوانە هونەر، تەلارسازی و کلتووری پۆپ، دیزاینەکانی زۆرجار پاڵنەری گرافیکیی بوێریان تێدابوو کە دەستبەجێ دەناسرانەوە. لە براندی فێندی بە تایبەتی بە بەکارهێنانی پێست و فەروی ئاژەڵ ناسراوە، کە لە زۆرێک لە دیزاینەکانیدا بەکاری هێناوە. لە سەرەتای هەشتاکاندا ئەوەی کرد کە کەم کەس بیری لێدەکردەوە: ئەویش بە گەڕاندەوەی براندێکی نزیک مردوو بۆ ژیان، کاتێک لە ساڵی ١٩٨٢، سەرۆکی کۆمپانیای شانێل، ئەلان وێرتهایمەر، داوای لە لاگەرفێڵد کرد کە دیزاین بۆ شانێڵ بکات، بە کۆڵێکشنێکی جلوبەرگی ئامادەکراو و ساڵانی دواتر توانی شانێڵ بگەیەنێتەوە ئاستێکی بەرز و لۆگۆی ئێستای شانێڵیش کە بە دوو پیتی c هێما دەکرێت لەلایەن ئەو کراوە و دیارترین دیزاینەری شانێڵە.

لە ساڵی ١٩٨٤ براندی خۆی بەناوی کارل لاگەرفێڵد دامەزراند، یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی مارکەی کارل لاگەرفێڵد تیشک خستنە سەر ستایلی شەقام و کلتووری لاوان بوو، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ بە گرووپی تۆمی هیلفیگەری فرۆشت. جگە لە بەهرەکانی دیزاینکردنی، لاگەرفەڵد فۆتۆگرافەر و دەرهێنەری فیلمیش بوو، بە بەردەوامی کەلەپووری شانێلی لە ڕێگەی فیلم و وێنەوە هێنایە ژیانەوە. هەروەها بە شێوەیەکی داهێنەرانە هەموو ڕیکلامەکانی شانێلی دەرهێنا.


سەرچاوەکان



66 بینین