کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کەرتی گەشتیاری

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2024-03-19-23:32:00 - کۆدی بابەت: 12154
کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کەرتی گەشتیاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کەرتی گەشتیاری (بە ئینگلیزی: The Impact Of Social Media On The Tourism Industry بە عەرەبی: تأثير وسائل التواصل الاجتماعي على السياحة)، لەم سەردەمەی کە تەواوی جیهان بە دیجیتاڵ کراوە و تیایدا هاوڕێ، خێزان و تەنانەت خەڵکانێکی بیانیش تەنها کرتەیەک (کلیکێک) لێتەوە دوورن، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان. بەڵام ئایا کاریگەری ئەم تۆڕانە بە گشتی لەسەر گەشتیاری چییە؟ لە هاوبەشی پێکردنی وێنەی گەشتکردنەوە بۆ گەڕان بە دوای پێشنیار و پێداچوونەوەی جێگا گەشتیارییەکان، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی گۆرانکاری گەورەیان کردووە لە پلان و ئەزموونی بەسەربردنی پشووەکانمان. 

سەرەتای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گەشتیاریدا

لە ڕابردوویەکی نزیکدا کەرتی گەشتیاری بەزۆری پشتییان دەبەست بە ڕێگا بەبازاڕ کردنە باوەکانی وەک تەلەڤزیۆن و نوسینگە گەشتیارییەکان. بەڵام دەرکەوتنی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی گۆڕانێکی نمونەیی لە چۆنیەتی کارکردنی ئەم کەرتە دروست کرد. سەکۆکانی وەکو فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر و یوتیوب سەردەمێكی نوێیان لە پەیوەندی دیجیتاڵی هێنایە ئاراوە، چەندین دەرفەتیان لە مەڕ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری ڕەخساند.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەشەکردنێکی لەناکاو و گەورەیان بەخۆوە بینیوە، بە هەبوونی ملیاران بەکارهێنەر کە ڕۆژانە چالاکن. ڕووکاری سەکۆکانی وەک ئینستاگرام و توانای گفتوگۆی کاتی ڕاستەقینەی تویتەر سەرنجی گەشتیاریان ڕاکێشاوە بەوەی ئەم تۆڕانە بکەن بە بەشێک لە گەشتەکانیان.

ئامارەکان گرنگی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لە گەشتیارییدا دەردەخەن. ژمارەیکی بێشومار لە گەشتیاران ڕوو لەم تۆڕانە دەکەن بۆ گەڕانی شوێنەکان، خوێندنەوەی پێداچوونەوەکان و هاوبەشی پێکردنی ئەزموونەکانیان. کەرتەکە ئەم بیرکردنەوانە بەکاردەهێنێت بۆ گونجاندنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی ئارەزووی گەشتیاران.

مۆبایلە زیرەکەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ئاسانکردنی دەست گەیشتن بە تۆڕەکان لە کاتی گەشتکردندا. ئاسانی بەردەستبوونی ئینتەرنێت و هەبوونی ئەپەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی هاوکاری گەشتیار دەکەن کە ئەزموونی گەشتەکە تۆماربکات و ڕاستەوخۆ بڵاوی بکاتەوە. لە ئەنجامدا گەشتیاران دەبنە دروستکەری ناوەڕۆک و زیادکەری سەردانی گەشتیار بۆ ئەو شوێنە و لە هەمان کاتدا کاردەکەنە سەر هەڵبژاردەی گەشتیارانی دیکە.

کاریگەرییە ئەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کەرتی گەشتیاری

لە زیادبوونی نیشاندان، پێ گەیشتن و بەشداریکردنی گەشتیارانەوە تا هێزی ناوەڕۆکی دروستکراوی بەکارهێنەر، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی شێوازی بەبازاڕکردن و ئەزموونکردنی شوێنەکانی مەبەستیان گۆڕیوە.

  • زیادبوونی نیشاندان و گەیشتن

تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی سودێکی زۆریان بە کەرتی گەشتیاری گەیاندووە بە نیشاندان و گەیاندنی شوێنەکانی مەبەست بە زۆرترین بینەر و گەشتیار. سەکۆکانی وەکو ئینستاگرام، فەیسبووک و تویتەر ڕێگە بە جێگا گەشتیارییەکان دەدات کە کلتور و ئەزموونە سەرنج ڕاکێشەکانیان بخەنە بەر دیدی بینەرە جیهانیەکان. ئەمەش وادەکات گەشتیاری زیاتر بۆ خۆیان ڕابکێشن. بڵاو کردنەوە و هاوبەشی پێکردنی شوێنە گەشتیارییەکان لەڕێی بەکارهێنانی هاشتاگ، نیشاندانی شوێنەکان لەسەر نەخشە و پێکەوە کارکردن لەگەڵ گەشتیارە کاریگەر و بەناوبانگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بۆیەش ئەم تۆڕانە ئەو سنورانەی گەیشتن لە نێوان گەشتیار و شوێنەکانی مەبەست تێدەپەڕێنن کە ڕێگا باو و کۆنەکانی بازاڕگەری بە قورسی بەدەستیان دەهێنا.

  • بەشداری کردنی کارای گەشتیار

یەکێکی تر لە کاریگەریە ئەرێنیەکانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی ئاسانکردنی زیادبوونی بەشداریکردنی بەکاربەرە. جیاواز لە پێشتر ئەم تۆڕانە ڕێگە بە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان بازرگانییە گەشتیارییەکان و خوازیارانی گەشت کردن دەدات، ئەمەش ئەزموونێکی کەسی بۆ بەکاربەر دەگونجێنێت.

گەشتیاران دەتوانن لەڕێی نامە، بڵآوکراوە و نوسینی سەرنج پەیوەندی بکەن بە جێگای مەبەست، هۆتێل و هێڵە ئاسمانیەکانەوە. ئەم قۆناغە لە بەردەست بوونی خزمەتگوزاری جۆرێک لە متمانە و ڕوونی کارەکان دەردەخات. شوێنە گەشتیاری و بازرگانییەکان دەتوانن خزمەتگوزاری کڕیار پەرەپێبدەن لە وەڵامدانەوەی خێرا، پێکەشکردنی هاوکاری و بەدەمەوەچوونی نیگەرانییەکانی بەکاربەران، ئەمەش لە پێناو دروست کردنی پەیوەندیەکی پتەو کە یارمەتیدەر بێت بۆ دووبارە سەردانکردن. جگە لەمانە تۆڕی کۆمەڵایەتی وەکو سەکۆیەکە بۆ گەشتیاران تا بۆچوون و فیدباکی خۆیان لەسەر شوێنەکە بڵێن، هەروەها شوێنەکان بە پشت بەستن بەو بۆچوون و پێداچوونەوانەی گەشتیار گەشە بە خزمەتگوزارییەکانیان دەدەن.

  • ناوەڕۆکی دروستکراوی بەکارهێنەر

ئەو ناوەڕۆکانەی لەلایەن گەشتیارانەوە دروست دەکرێن بە بێلایەنانە و لە هەژمارەکانی خۆیان بڵاویان دەکەنەوە گۆڕانکاری لە شێوازی بازاڕگەری گەشتیاریدا هێناوەتە بەرهەم. ئەم ناوەڕۆکانە کە پێک دێن لە وێنە، ڤیدیۆ و پێداچوونەوەکان دیدگا و هەستی ڕاستیی بەکاربەر دەردەخەن کە هاندەرن بۆ گونجاندنی بڕیار و تێڕوانینی بینەرانیان سەبارەت بە گەشتکردن. ئەم ناوەڕۆکانە بەشێکی سەرەکین لە دەرخستنی ڕاستەقینەی جێگاکان و دڵنیایی دەدەنە ئەو کەسانەی هێشتا سەردانی شوێنەکانیان نەکردووە کە هەموو ئەو دیمەن و خزمەتگوزاریانەی نیشان دراون بەردەستن جیاواز لەو ڕیکلامانەی جێگاکان خۆیان ئەنجامی دەدەن. جگە لەوەش ناوەڕۆکەکانی سەردانیکەر بەرچاوڕوونی پێویست دەداتە بازرگانییە پەیوەندیدارەکان لە خواستی گەشتیاران لە هەر کات و ساتێکی دیاریکراودا.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کەرتی گەشتیاری

سەرەڕای کاریگەریە باشەکەی، بەڵآم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند کاریگەرییەکی نەرێنیشیان لەسەر کەرتەکە دروست کردووە، لەوانە:

  • هەبوونی ژمارەیەکی لە ڕادەبەدەری گەشتیار

ئەو جێگایانەی کە زۆر ناوازەن و کەمتر خەڵکی ڕوویان تێکردووە و شارەزای بوون لە ڕابردوودا، بەڵام ئێستا گەشتیار سەردانیان دەکات و دواتر بەهۆی بڵآوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماوەیەکی کورتدا دەبنە بابەتێکی باو و جێی سەرنجی زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕانە، دەکرێت هاندەر بێت بۆ سەردانیکردنی رێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە یەک کاتدا بۆ شوێنی مەبەست. لە ئەنجامدا فشارێکی زۆر لەسەر بازرگانییەکان دروست دەبێت و جێگاکان توانای ڕاگرتنیان نابێت. زیاد بوونی گەشتیار بەم ڕێژەیە کاردەکاتە سەر ئەزموونی گەشتیار لەو شوێنە و هەندێکجار گرانبوونی نرخی خزمەتگوزارییەکان.

  • زانیاری نادروست و پێداچوونەوەی نەرێنی

کاتێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات ناوەڕۆک دروست بکات، بێگومان ئەو دەرگایەش دەکاتەوە کە زانیاری نادروست و بۆچوونی نەرێنی دەربارەی شوێنەکان بنوسێت. نوسین و زانیارییە نەرێنییەکان کاریگەری لەسەر ئەو گەشتیارانە دروست دەکات کە دەرفەتی سەردانیکردنیان بۆ نەڕەخساوە، یەک بۆچوونی خراپ دەکرێت ئەو جێگایە لە لیستی گەشتیاران لاببات و کار بکاتە سەر ژمارەی گەشتیارانی شوێنەکەش بە گشتی.


سەرچاوەکان



118 بینین