زیانی ڤیدیۆ کورتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-02-24-22:11:00 - کۆدی بابەت: 12019
زیانی ڤیدیۆ کورتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیانی ڤیدیۆ کورتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان زیانی ڤیدیۆکانی ڕیڵ یان زیانی گرتە ڤیدیۆ کورتەکان (بە عەرەبی: اضرار الفيديوهات القصيرة في المواقع تواصل اجتماعي، بە ئینگلیزی: The harms of short videos on social media) ڤیدیۆ کورتەکان لە زۆرێک لە پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا نموونەی تیکتۆک، یوتیوب، فەیسبووک، ئینستاگرام بەشێوەیەکی بەربڵاو بەردەست و زۆرن، بۆیە بینەرێکی زۆریان هەیە و مرۆڤی سەردەمیان ئالوودە و بێ‌ئارام کردووە. زۆرێک بەبێ ئەوەی هەست بکەن ئالوودەی سێرکردنی گرتە ڤیدیۆ کورتەکانی نێو سۆشیال میدیا بوون، کەسەکان لەو ڕێگەیەوە زیاتر ئالوودەی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت دەبن.

بۆچی بە تامەزرۆییەوە سێری ڤیدیۆ کورتەکان دەکەین؟

زۆر بەردەست و بەربڵاون و کۆتاییان نایەت

پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا هەوڵدەدەن ناوەڕۆکەکان تا دەتوانن ئاسان بکەن بۆ بەکارهێنان و بە هەموو جۆرێک بەردەستی دەخەن، بۆیە ئەو تایبەتمەندییە بەکاردەهێنن کە بە "سکڕۆڵکردنی بێکۆتایی" ناسراوە، ئەم تایبەتمەندییە ئەو شتەیە کە ڤیدیۆ و پۆستەکان کۆتاییان نایەت، واتا چەندە لە پلاتفۆرمەکە بمێنیتەوە و هەستی ئەوەت لەلا دروست دەبێت کە دەتەوێت سێری پۆستی دواتر و وێنەی دواتر و ڤیدیۆی دواتر بکەیت بە ئومێدی ئەوەی ئەوە دوا پۆست یان دوا ڤیدیۆ بێت که تەماشای دەکەیت، بەڵام ناگەیت بە کۆتایی و لە سکڕۆڵکردن بەردەوام دەبیت. ئەم تایبەتمەندییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦ دەرکەوت کاتێک لەلایەن دیزاینەری ماڵپەڕ و خاوەنکار (ئازا ڕاسکین) دیزاین کرا، پاشان لە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و بەکارهێنرا.

کاتەکەی کەمە 

ڤیدیۆکانی ڕیڵ بە گشتی کاتەکەیان زۆر کورت و کەمە، ئەمەش چێژ و هەستی خۆشی لای بینەر و بەکارهێنەر زیاد دەکات، چونکە هەستی ئەوەت بۆ دروست دەبێت کە کاتی ڤیدیۆکە کەمە و بە سێرکردنی زیانت بەرناکەوێ و کاتت کەم لێ دەبات بۆیە بەبێ‌ئەوەی هەست بکەیت سێری ژمارەیەکی زۆر ڤیدیۆی کورت دەکەیت.

هەڵهاتن لە واقع و ژیانی ڕۆژانە

بەکارهێنەری سەردەم گەیشتووەتە قۆناغێک کە مۆبایل و پلاتفۆرمەکان وەکوو ڕێگای هەڵهاتن بەکاردەهێنێت، بۆ کەمکردنەوەی کێشە و نەهامەتی و دڵتەنگییەکانی پەنا دەباتە بەر ئینتەرنێت و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بینینی بەردەوامی ڤیدیۆ کورتەکانەوە کێشە و بێزارییەکانی بۆ ماوەیەک لەبیر بکات و لە واقعی ڕۆژەکەی هەڵدێت و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی پشتگوێ دەکات و کات بەفیڕۆ دەدات.

ئالوودەبوون بە سێرکردنی گرتە ڤیدیۆ کورتەکان

ڤیدیۆ کورتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەڕۆکی ڤیدیۆکانی نێو تیک تۆک و پلاتفۆرمەکانی تر کە ڤیدیۆی کورت پێشکەش دەکەن پشت بە سکڕۆڵکردنی بێکۆتایی شاشەکە دەبەستن، کە لە بنەڕەتدا بە "کۆکایینی دیجیتاڵی" ناسراوە.

توێژینەوەیەک لە زانکۆی ماساشۆستسی لە کۆلێجی پزیشکی دەروونی ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە کە ڤیدیۆ کورتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوشێوەی شیرینییەکە کە مرۆڤ دەیخوات، ئاستی هۆڕمۆنی دۆپامین بەرز دەکاتەوە و هەستی چێژ دەبەخشێت ئەم هۆڕمۆنە لەلایەن ناوەندەکانی چێژەوە لە مێشکدا بڵاودەکرێتەوە و هەستی چێژ و ڕەزامەندی لە مرۆڤ بەرز دەکەنەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە کات لە دوای کات زیاتر دەبێت و مێشک پێی ڕادێت و چیتر بە ئاستی کەم ڕازی نابێت، بۆیە کەسەکە لە ڕۆژەکەیدا کاتێکی زیاتر دەمێنێتەوە و سێری دەیان و سەدان ڤیدیۆی کورت دەکات، بەڵام هێشتا ئەو حەزی سێرکردنی زیاتری هەیە و هەست دەکات تێر نەبووە.

کاریگەری ڤیدیۆ کورتەکان لەسەر مێشکی مرۆڤ

توێژەرانی زانکۆی تەکنیکی دانیمارک ئاماژەیان بەوە کردووە کە هاشتاگێکی دیاریکراو لە ساڵی ٢٠١٣ بە تێکڕا ١٧.٥ کاتژمێر لە سەرووی سەرنجی خەڵکەوە ماوەتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر گرنگ بووە بەلایانەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ هەر هاشتاگێک بە تێکڕا تەنها بۆ ماوەی ١١.٩ کاتژمێر لە سەرووی سەرنجی خەڵک ماوەتەوە. ئەم ماوەی سەرنجە ساڵ لە دوا ساڵ کەمتر دەبێتەوە، ئمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە توانا و ئاگایی و سەرنجی مێشک کەم دەبێتەوە.

زیانەکانی ڤیدیۆ کورتەکانی نێو توڕە کۆمەڵایەتییەکان

  • توانای ئاگایی و سەرنجت کەم دەبێتەوە و ناتوانیت بۆ ماوەیەکی زۆر سەرنجت لەسەر شتێک بێت.
  • توانای کارکردنت و گوێگردنت بۆ ماوەیەکی درێژ نامێنێت.
    توانای ئارامگریت نامێنێت و زوو تووڕە دەبیت و زوو هەڵدەچیت.
  • کاریگەری لەسەر تواناکانی خوێندنەوە دەبێت و ئەو شتانەی کە چێژوەرگرتن لێیان خاوە چیتر ناتەوێت و ئارەزوویان ناکەیت.

چارەسەرکردنی زۆر تەماشاکردنی ڤیدیۆ کورتەکان

  • سنووردارکردن و کەم کردنەوەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بەگشتی یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی زۆر سێرکردنی ڤیدیۆ کورتەکان.
  • ماوەی جارێک سڕینەوە یان لۆگ ئاوت کردن لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یارمەتیدەر و کاریگەرە لە کەمکردنەوە و جڵەوگیرکردنی سێرکردنی ڤیدیۆ کورتەکان.
  • دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لە ڕۆژەکەتدا ڕێگایەکی تری کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دۆخەیە.
  • سێرکردنی ڤیدیۆی ماوە درێژ لە ڕێگەی یوتیوب یان گوێگرتن لە پۆدکاستی ماوە درێژ ڕێگایەکی تری یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئالوودەبوون بە ڤیدیۆ کورتەکان.
  • فرەکاری کەم بکەرەوە، واتا لە یەک کاتدا چەند کارێک بەیەکەوە ئەنجام مەدە، چونکە لەکاتی ئەنجامدانی چەند کارێک بەیەکەوە مێشک پەرتەوازە دەبێت، ئەم زیانە لاوەکییەش یارمەتیدەرە بۆ زیاتر ئالوودەبوون بە سێرکردنی ڤیدیۆ کورتەکان.
  • هەرکاتێک کێشەیەکت هەبوو و ویستت لێی هەڵبێیت پەنا مەبە بەر مۆبایل و سێرکردنی گرتە ڤیدیۆ کورتەکان، چونکە زیاتر ئالوودە دەبیت، هەوڵبدە ڕووبەڕووی کێشەکانت بیتەوە نەوەکوو لێیان هەڵبێیت.


سەرچاوەکان



292 بینین