جگەرەی ئەلکترۆنی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-20:55:00 - کۆدی بابەت: 12176
جگەرەی ئەلکترۆنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جگەرەی ئەلیکترۆنی یان جێگرەوەی جگەرەی ئاسایی یان جگەرەی تەندروست (بە عەرەبی: سيجارة الإلكترونية، بە ئینگلیزی: Electronic cigarette)، ئامراز و ئامێرێکی هاوشێوەی جگەرەی ئاساییە زۆر کات ئەو کەسەی کە دەیەوێت واز لە جگەرە یان نێرگەلە بهێنێت یان واز لە ئالوودەبوون بە ماددەی تووتن بهێنێت پەنادەباتە بەر بەکاهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی. لە ئێستادا ڕێژەی بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترونی زۆر بەرزە و ڕوو لەزیادبوونە، لە ئەمریکا زیاتر لە نۆ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و لە بریتانیا نزیکەی سێ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە. ڕێژەی بەکارهێنەران لەنێوان لاوان و گەنجانی تازەپێگەیشتوودا بەرزە، بەپێی توێژینەوەیەکی کۆلێجی لەندەن نزیکەی ٧٤ هەزار بەکارهێنەری جگەرەی ئەلیکترۆنی لە ئینکلتەرا تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ١٧ ساڵیدایە.

مێژووی بەکارهێنان و دەرکەوتنی

جگەرەی ئەلیکترۆنی یەکەمین بیرۆکەی جێگرەوەی تووتن لە جگەرەدا لە ساڵی ١٩٦٣ وروژێنرا و خرایە بەر باس، بیرۆکەکە ئەوە بوو کە لە جێی تووتنی نێو جگەرەکان هەوایەکی گەرمی تامدار دابنرێت و چەند پڕۆژەیەک پێشکەش کران، بەڵام تاکوو سەرەتای ساڵی دووهەزار جگەرەی ئەلیکترۆنی دروست نەکرا. لە ساڵی ٢٠٠٣ دەرمانسازێکی چینی بە ناوی (هۆن لیک) ئامێرێکی داهێنا کە بە بەکارهێنانی شەپۆلی سەروو دەنگ و تێکەڵ کردنی چەند ماددەیەکی کیمیایی و بەکارهێنانی هەوای تامدار بیرۆکەکەی جێبەجێ کرد، ئامێرێکی هەڵمژینی هاوشێوەی جگەرە دروست کرد کە لە تووتن خاڵی بوو، بەڵام چەند ماددەیەکی کیمیایی و هەوای گەرمی تامداری لە پێکهاتەکەیدا بەکارهێنا بوو و لەکاتی هەڵمژینی هەوای تامداری ئامێرەکە هەڵم و دووکەڵ دەردەدرا، ئەم ئامێرە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە بازاڕەکانی چین وەکوو جێگرەوەی جگەرەی ئاسایی یان وەکوو یارمەتیدەر لە وازهێنان لە جگەرە ناسێنرا و لەناو خەڵکیدا بڵاوبووەوە، هۆن لیک لە سەرەتادا کە بەرهەمەکەی دروست کرد ناوی (Golden Dragon Holdings) بۆ بەرهەمەکەی بەکارهێنا، بەڵام ئەو کۆمپانیایەی کە دروستکردنی بەرهەمەکەی لە ئەستۆ گرت ناوی بەرهەمەکەی گۆڕی بۆ (Ruyan) و لە ساڵی ٢٠٠٦ بەرهەمەکە لە چینەوە هەناردەی هەموو جیهان کرا، لە ساڵی ٢٠٠٧ هۆن لیک خاوەنداریی داهێنانەکەی وەرگرت.

لە ساڵی ٢٠٠٦ بیرۆکەی جگەرەی ئەلیکترۆنی جۆری کارتۆمایزەر داهێنرا (cartomizer) کە ئامێرێکە لە تام و شێواز و تەکنیکی بەکارهێنانی هاوشێوەی نێرگەلەیە بەڵام بچووکترە و هەندێکیان تەنها بۆ جارێک بەکاردەهێنرێت، بەوە ناسراوە کە ههڵم و دووکەڵەکەی زۆرە و بە پڕژێنەر ناسراوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بەریتانیا کۆمپانیایەک بە ناوی cartomizer پەرەی بە بیرۆکەکە دا و بە دەیان جۆری لێ بەرهەمهێنا. دوای بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی بەرچاو لەنێو خەڵکیدا، بۆیە  کۆمپانیاکانی جگەرەی ئاسایی خۆیان دەستیان کرد بە بەرهمهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی.

زیانەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی

  • هەڵمو دووکەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سییەکان و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن و شێرپەنجەی سییەکان لە داهاتوودا زیاد دەکات.
  • بەهۆی بوونی نیکۆتین لە پێکهاتەکەی چەند جۆرێکی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا بەهەمان شێوە تووشی ئالوودەبوونت دەکات.
  • زۆر بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانی بۆ دەم و ددان و لێۆ و زمان هەیە، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی برینی دەم و لێوەکان.
  • زۆربەکارهێنانی دەبێتەهۆی هەوکردنی قوڕگ و بۆری هەوا و دروستبوونی نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت، لەگەڵ دانووسانی دەنگ.
  • وشکبوونی دەم و کەمبوونەوەی لیک لە دەمدا.
  • دەبێتە هۆی زیان گەیاندن و بە ددان و کلۆربوونی ددان.

جیاوازی نێوان جگەرەی ئاسایی و جگەرەی ئەلیکترۆنی

زۆر کەس بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی جگەرەی ئاسایی یان بۆ وازهێنان لە ئالوودەبوون بە جگەرە و تووتن جگەرەی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنێت و بە جێگرەوەی جگەرەی ئاسایی دادەنرێت. مشتومڕەکانی تایبەت بە زیانبەخشی یان بێزیانی لە سەرەتای پەیدابوونی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامن، بەڵام بەهۆی ئەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەرهەمێکی داهێنراوی نوێیە، کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هێشتا بە تەواوی نەزانراوە و توێژینەوەی زیاتر پێویستن بۆ گەیشتنە ئەو بڕیارەی جگەرەی ئەلیکترۆنی تاکوو چی ڕاددەیەک بێزیانە بەراورد بە جگەرەی ئاسایی.

هەندێک توێژینەوە زیانە لاوەکییەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە بەراورد بە جگەرەی ئاسایی بە کەمتر مەزەندە کردوە، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی بەهەمان شێوە زیانی بۆ سەر تەندروشتی مرۆڤ هەیە چونکە هەندێک ماددەی زیانبەخش کە لە جگەرەدا هەیە بەهەمان شێوە لە جگەرەی ئەلیکترۆنیشدا بوونی هەیە. لە ساڵی ٢٠١٨ لە بەریتانیا داوا کرا کە جگەرەی ئەلیکترۆنی وەکوو دەرمانی جێگرەوەی جگەرە یان وەکوو چارەسەری ئالوودەبوون بە جگەرە بەکاربهێنرێت. سان فرانسیسکۆ وەکوو یەکەمین ویلایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ بڕیاری یاسایی دەرکرد کە دژی هاوردەکردن و بازرگانی کردن بوو بە جگەرەوە.


سەرچاوەکان



93 بینین