خۆشنووسی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-20:05:00 - کۆدی بابەت: 12269
خۆشنووسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆشنوسی، جواننووسی یان خەتاتی (بە ئینگلیزی: Calligraphy، بە عەرەبی: فن الخط یان خط اليد) هونەرێکی بینراوە کە پەیوەندی بە دەستنووسی جوانەوە هەیە و بریتییە لە دیزاین و جێبەجێکردنی نووسین بە پێنووس و فڵچەی نووسین، یان هەر ئامرازێکی تری نووسین.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، خۆشنووسی بە نەریتی بە هونەرێکی سەرەکی دادەنرێت، کە هاوشانی پەیکەرسازی یان نیگارکێشانە.

لە کولتووری ڕۆژاوادا ئەلفوبێی سادەتر کە لە یۆنانی و لاتینی وەرگیراون بڵاوبوونەتەوە، لەگەڵ زیادبوونی خوێندەواری مەیلیان هەبووە کە دەستنووس لە بنەڕەتدا بکەنە هونەرێک کە هەر کەسێک بتوانێت ڕاهێنانی بۆ بکات.

سەرەڕای ئەوەش، دوای هێنانەکایەی چاپکردن لە ئەورووپا لە ناوەڕاستی سەدەی پازدەهەمدا، جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان دەستنووس و فۆرمە وردەکان لە ڕێنووس و نووسیندا سەریهەڵدا. هەروەها وشەی نوێی "Calligraphy" نزیکەی کۆتایی سەدەی شازدەهەم هاتنە ناو زۆربەی زمانە ئەورووپییەکان، لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی “calligraphy” تا ساڵی ١٦١٣ دەرنەکەوت.

ئامرازەکانی خۆشنووسی

ئامرازە سەرەکییەکانی خۆشنووسی بریتین لە پێنووس و فڵچە. ئەو پێنووسانەی کە لە خۆشنووسیدا بەکاردەهێنرێن دەکرێت نووکەکانیان تەخت، گۆڕاو یان نووکدار بێت. بۆ هەندێک مەبەستی دیکۆرات دەتوانرێت پێنووسی فرەنووک بەکاربهێنرێت و لە قەڵەمی ئاسایی پانتر بێت، بە پێی شێوازی نووسین و هەندێک جار بە پێی زمانی نووسینیش نووکی قەڵەمەکان دیاری دەکرێن.

هەندێک لە شێوازە باوەکانی پێنووسی خۆشنووسی

  • پێنووسی پەڕ یان پێنووس لە پەڕ
  • پێنووسی مەرەکەب (خۆت مەرەکەبی بۆ بەکاردەهێنیت نەک ئامادەکراو بێت)
  • فڵچەی مەرەکەب
  • (قەڵەم) قەڵەمی لە دار دروستکراو و بە بەکارهێنانی مەرەکەب
  • ماجیک

پەرەسەندنی خۆشنووسی

دەستەواژەی جواننووسی، یان هونەری خۆشنووسی، ڕەگ و سەرچاوەی خۆی لە چەندین وڵاتی جیاواز لە جیهاندا هەیە. زۆرترین جار پەیوەندی بە چینەوە هەیە چونکە پێدەچێت لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵام فۆڕمی جیاواز لە وڵاتانی جیاواز لە جیهاندا دروستکراون لەوانە ژاپۆن، هیندستان، تبت و ئەورووپا.

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەکوو چین، ژاپۆن، ڤێتنام و کۆریا ئەم جۆرە هونەرە بە هێڵکاری و هێما و نیشانە دەستی پێکرد کە لەسەر ڕووی یەشم و چەند شتێکی تر دروستکرابوون.

هەرچەندە خۆشنووسی بە جۆرێک لە جۆرەکان نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵە بوونی هەیە، بەڵام وشەکە وەک جیاوازییەک بەکارنەهێنرا تا نزیکەی ناوەڕاستی سەدەی پازدەهەم دوای هێنانەکایەی چاپکردن لە ئەورووپا. ئەمەش کاتێک بوو کە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان دەستنووسی ئاسایی و فۆرمەکانی وردتر لە نووسین دروست بوو.

لە ئێستادا هەرچەندە شێواز و ستایلی جۆراوجۆر دەبینرێت، بەڵام دەتوانین خۆشنووسی وەکوو نەریتی یان مۆدێرن پۆلێن بکەین. شێوازی مۆدێرن بە هەر یەکێک لەو نووسینانە دەوترێت کە پابەندی هیچ یاسایەک نین بۆ نووسین و هیچ یاسایەک پەیڕەو ناکات. شێوازە نەریتییەکان بە تێپەڕبوونی کات پەرەیان پێدراوە و زانستێکی وردە، هەر پیتێک بەرزی، گۆشە، پێوانە و ئامرازی تایبەت بە خۆی هەیە.

لە لایەکی ترەوە ئەوەی ئێستا بە خۆشنووسی مۆدێرن دادەنرێت، فۆڕمێکی کەمێک ئازادترە. هاوتاکردنی ستایلێکی دیاریکراو نییە و ئازادی زیاتر دەدات بە هونەرمەند بۆ یاریکردن و دروستکردنی فۆڕمی ناوازەی خۆی، هەروەها جیاوازییەکی زیاتر لە شێوە و ئامرازەکانی بەکارهێنراو هەیە. بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی زیاتر کراوەیە بۆ لێکدانەوە بەو واتایە نییە کە دەتوانیت تەنها پیتەکان لە لاپەڕەیەکدا بنووسیت و ناوی بنێیت خۆشنووسی.

یەکێک لە نیشاندەرەکانی خۆشنووسی، زانینی چۆنیەتی هاوسەنگکردنی فڵچە و پێنووس خشاندنە تەنکەکان یان ئەستوورەکانە. وەک یاسایەکی گشتی، خشاندنەکان کە دەچنە سەرەوە لەسەر لاپەڕەکە دەبێت تەنک بن لە کاتێکدا خشاندنەکان کە دەچنە بەشی خوارەوە دەبێت ئەستوور بن. یەکێکی تر لە نیشاندەرە سەرەکییەکانی خۆشنووسی، یەکدەنگییە. پێویستە هەوڵبدەیت پیتەکانت لە قەبارە و شێوە لە لێدانی فڵچە و پێنووسدا یەکسان بن بۆ زیادکردنی هاوسەنگی بینراوی گشتی لاپەڕەکە.

هەروەها دووری گرنگە بۆ هاوسەنگی بینراوی لاپەڕەکەت چونکە گونجاوە پیتەکانت ئەوەندە لە یەکەوە نزیک نەبن کە نەتوانرێت بە ڕوونی بخوێنرێتەوە.

خۆشنووسی لە ئیسلامدا

خۆشنووسی یەکێکە لە دیارترین و گرنگترینی نێو هونەری ئیسلامی و عەرەبی، جێگای سەرنجە قورئان کە پەرتووکی خوایە بۆ پێغەمبەر محەمەد بە زمانی عەرەبی نووسراوە، لە ناو ڕێنووسی عەرەبیدا توانای پەرەپێدان و لەبەرگرتنەوەی بە چەندەها فۆڕمی ڕازاوە و جوان هەیە، هەروەها لە نەخشی مزگەوتەکانیشدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە کاتێکدا زۆربەی بەرهەمە خۆشنووسییەکان دەکرا بخوێنرێنەوە بەڵام هەموو کەسیش لێی تێنەدەگەیشت و لێی تێناگات بەو پێیەی بە کارێکی هونەری دادەنرێت دەکرێت نووسینێکی زۆر ئاڵۆز و چڕ و پڕ بێت. هەروەها نووسینی عەرەبی بە چەندین شێوازی ڕازاوە بۆ جوانکاری لەسەر شتومەک و دیکۆری باڵەخانە و دیوارەکان بەکاردەهێنرا و بەکاردەهێنرێت.

بوژانەوەی خۆشنووسی

پاش ئەوەی لە سەدەی پازدەهەم چاپکردن لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوویەوە، کتێبە دەستنووسە نەخشێنراوەکان ڕووی لە کەمی کرد، بەڵام سەرهەڵدانی چاپکردن واتای کۆتایی هاتنی خۆشنووسی نییە. بوژانەوەی مۆدێرنانەی خۆشنووسی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە لەژێر کاریگەری ئیستاتیکا و فەلسەفەی ویلیام مۆریس و بزووتنەوەی هونەر و پیشەسازی دەستی پێکرد.

خۆشنووسی مۆدێرن

خۆشنووسی مۆدێرن ئاماژەیە بۆ هەر خۆشنووسییەک کە بە شێوەیەکی نەریتی ئەنجام نەدرێت. ئەوەی کە خۆشنووسی مۆدێرن لە خۆشنووسی نەریتی جیاواز دەکات، نەرمی لە شێوازەکانیاندایە. پێویست ناکات ڕێنماییە تایبەتەکان پەیڕەو بکەیت بۆ دروستکردنی شێوازێکی تایبەتی خۆشنووسی، لە خۆشنووسی مۆدێرندا دەتوانیت خۆت شێوازێک دروست بکەیت. بیرۆکەی ڕاست و هەڵە نەماوە چونکە خۆشنووسی مۆدێرن ناتەواویەکانیش لە خۆ دەگرێت، ئەمەش وا دەکات تێگەیشتن و فێربوون زۆر ئاسانتر بێت.


سەرچاوەکان



56 بینین