گەشتی کات

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-03-26-22:57:00 - کۆدی بابەت: 12320
گەشتی کات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

گەشتی کات (بە ئینگلیزی: Time Travel، بە عەرەبی: السفر عبر الزمن) چالاکییەکی گریمانەییە بۆ گەشتکردن بۆ ڕابردوو یان داهاتوو. گەشتی کات لە بابەتە فەلسەفی و خەیاڵییەکاندا زیاتر چەمکێکی ناسراوە، بەتایبەتی خەیاڵیی زانستی. لە خەیاڵدا، گەشتی کات بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێرێکی گریمانەییەوە بەدەست دەهێنرێت کە بە ئامێری کات ناسراوە. بیرۆکەی ئامێری کات لە ساڵی ١٨٩٥، لەلایەن ئێچ. جی. وێڵز لە ڕۆمانێکەوە بەناوی ئامێری کاتەکە (The Time Machine) بەناوبانگ بووە.

گەشتی کات

گەشتی کات بە شێوەیەکی گشتی بە پێناسەی دەیڤد لویس پێناسە دەکرێت، کە دەڵێت: تەن کاتێک گەشت دەکات، ئەگەر جیاوازی نێوان کاتی ڕۆیشتن و کاتی گەیشتنەوە بەو شێوەیەی کە لە جیهانی دەوروبەردا پێوانە کراوە یەکسان نەبێت بە ماوەی ئەو گەشتەی کە تەنەکە بەڕێی دەکات. بۆ نموونە کەسێک گەشتیارێکی کاتە و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بە کاتژمێری ئاسایی گەشت دەکات بۆ ئەو کات و شوێنەی کە دەیەوێت و لە گەشتەکە دوو کاتژمێری پێ چووبێت (کە زۆرترە لە ماوە ڕاستییە خایەنراوەکە)، یان نیو کاتژمێری پێ چووبێت (کە کەمترە لە ماوە ڕاستییە خایەنراوەکە) هەردووکیان گەشتی کاتن بۆ داهاتوو یان بۆ ڕابردوو. 

لە سەدەی بیستەمدا، زاناکان و فەیلەسوفەکان بە دەگمەن لێکۆڵینەوەیان لە گەشتی کات دەکرد، بەڵام ئێستا بابەتێکی سەرنجڕاکێشە و لێکۆڵینەوەی قووڵی لەسەر کراوە. لێکۆڵینەوە هەیە لەسەر گەشتکردن بۆ داهاتوو و گەشتکردن بۆ ڕابردوو، هەرچەندە گەشتکردن بۆ ڕابردوو کێشەی زیاترە و سەرنجی زیاتری لەسەرە. هەروەها لێکۆڵینەوە هەیە لەسەر ئەگەری لۆجیکیی گەشتی کات، ئەگەری فیزیکیی گەشتی کات و کرداری تەکنەلۆجیی گەشتی کات. زۆرترین سەرنج دەخرێتە سەر ئەو بیردۆزانەی گەشتی کات کە هاوتان لەگەڵ بیردۆزە فیزیاییەکانی ئێستا، وەک بیردۆزی ڕێژەییی ئاینشتاین کە دەربارەی گەردوونە. لە زانستدا مۆدێلە جیاوازەکانی گەردوون و یاساکانی سروشت کە گەردوون بەڕێوە دەبەن واتای ئەگەری جیاواز بۆ گەشتی کات دەدەن.

بۆیە بیردۆزەکان دەربارەی گەشتی کات بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕاون کاتێک بیردۆزە گەردوونناسییە زاڵەکان لە چەمکە کلاسیکییەکانی نیوتنییەوە پەرەیان سەندووە بۆ چەمکە مۆدێرنەکانی ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەم. ئەم بابەتە بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ لە نێوان زانایان و فەیلەسوفەکان لە کاتێکدا بیردۆزناسان لە هەردوو بوارەکەدا هەوڵ دەدەن پارادۆکسە ئاڵۆزەکان چارەسەر بکەن کە دەردەکەون.

مێژووی چەمکەکە

گەشتی کات مێژوویەکی کۆنی هەیە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە هەندێک لە ئەفسانە و داستانە کۆنەکان باسکراوە، کە تێیاندا کەسایەتیی جیاواز کە پێش کات دەکەون. لە ئەفسانەی هیندۆسیدا، ڤیشنو پورانا باس لە چیرۆکی پاشا ڕایڤاتا کاکودمی دەکات، کە گەشت دەکات بۆ ئاسمان بۆ بینینی خواوەند براھما و سەرسام دەبێت کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ زەوی کە چەندین تەمەن تێپەڕیوە. هەروەها کەسایەتییەکی ئاینی بوودی ئاماژەی بە ڕێژەیبوونی کات داوە. داستانێکی ژاپۆنیی بەناوی "یوراشیما تارۆ"، کە یەکەم جار لە مانیۆسو باسکراوە، دەربارەی ماسیگرێکی گەنجە بە ناوی یوراشیما-نۆ-کۆ  کە سەردانی کۆشکێکی ژێردەریا دەکات، دوای سێ ڕۆژ دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی و خۆی بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵ لە داهاتوودا دەبینێتەوە، لەوێ لەبیرکراوە، ماڵەکەی وێرانە و خێزانەکەی مردوون. لە نەریتی جولەکەدا، زانایەکی سەدەی یەکەمی پێش زایین، هۆنی ها-م'ئەگڵ، دەوترێت کە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ خەوتووە و کاتێک لە خەو هەستا گەڕایەوە ماڵەوە بەڵام کەسی نەدۆزییەوە کە بیناسێت و کاتێک باسی حاڵەتەکەی دەکات کەس باوەڕی پێ ناکات. 

یەکەم کاری ڕاستەقینە بۆ پێشبینیکردنی گەشتی کات، لە  ڕۆمانی ئامێری کات بوو لەلایەن ئێچ جی وێڵز، کە لە ساڵی ١٨٩٥ بڵاوکرایەوە. کتێبەکە باس لە چیرۆکی زانایەک دەکات کە ئامێرێک دروست دەکات کە دەیبات بۆ ساڵانی ٧٠١ بۆ ٨٠٢، جیهانێک کە تێیدا مەیموونەکانی وەک مۆرلۆک نەوەی پەرەسەندنی مرۆڤایەتین و گەڕاونەتەوە بۆ شێوازی ژیانی سەرەتایی. کتێبەکە بەرهەمی سەردەمی خۆی بوو، هەم لە ڕووی زانستییەوە: چارلز داروین تەنها ٣٥ ساڵ پێش ئەو بەرهەمە سەرچاوەی ڕەگەز و جۆرەکانی بڵاوکردبووەوە، هەروەها لە ڕووی هەڵوێستی ڕەگەزپەرستی: وا گریمانە دەکرێت کە مۆرلۆکەکان ئیلھامی لە مۆرلاکەکانەوە وەرگرتووە، کە گرووپێکی ڕەگەزی ڕاستەقینە بوون لە باڵکان کە زۆرجار بە "بنچینە" ناسراون.

گەشتی کات بە تیۆریی ئەنیشتاین 

ئەنیشتاین بیردۆزی ڕێژەیی تایبەتی خۆی لە ساڵی ١٩٠٥ دا پەرەپێدا. لەگەڵ فراوانبوونی دواتری، بیردۆزی ڕێژەیی گشتی، بووە بە یەکێک لە بنەماکانی فیزیای مۆدێرن. ڕێژەیی تایبەت باس لە پەیوەندی نێوان بۆشایی و کات دەکات بۆ ئەو شتانەی کە بە خێرایی نەگۆڕ دەجوڵێن لە هێڵێکی ڕاستدا. کورتەی تیۆرییەکە بە شێوەیەکی سادە، یەکەم: هەموو شتێک لە پەیوەندی بە شتێکی دیکەوە پێوانە دەکرێت، واتە چوارچێوەیەکی "ڕەها" نییە. دووەم: خێرایی ڕووناکی نەگۆڕە. ئەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە گرنگ نییە چی بێت و گرنگ نییە لە کوێوە پێوانە دەکرێت. سێیەم: هیچ شتێک ناتوانێت خێراتر لە خێرایی ڕووناکی بڕوات.

لەو بنەمایەوە گەشتی کاتی ژیانی ڕاستەقینە ئاشکرا دەکات، چاودێرێک کە بە خێراییەکی زۆر گەشت دەکات، کات بە ڕێژەیەکی خاوتر ئەزموون دەکات لە چاودێرێک کە خێرایی لە بۆشاییدا نییە. ئەم تیۆرییە ئەوە دەخاتە ڕوو دەبێ بە خێرایی ١٧٥٠٠ میل بە دەوری هەسارەکەماندا بسوڕێیتەوە بۆ ئەوەی گەشتی کات بکەیت، بۆ نموونە دوو کەشتیوان لە هەمان کات و ساتدا لەدایک بووبن بەڵام یەکیانبە بەراورد لەوەی تریان زیاتر لە خولگەی ئاسماندا کات بەسەر ببات ئەو کاتە جیاوازی دەکەوێتە نێوان تەمەنیان و گۆڕانی کات دروستدەکات.

بیردۆزی لوولەکی بێکۆتا

ئەستێرەناس فرانک تیپلەر سەبارەت بە گەشتی کات پێشنیاری میکانیزمێکی کرد (هەندێک جار بە لوولەکی تیپلەر ناسراوە) کە تێیدا کەسێک دەتوانێت ماددەیەک وەربگرێت کە ١٠ ئەوەندەی بارستایی خۆرە، پاشان بیخولێنێتەوە بۆ لوولەکی زۆر درێژ بەڵام زۆر چڕ. پەیمانگای ئەندێرسۆن، ڕێکخراوێکی توێژینەوەی گەشتی کات، لوولەکەکەی بە "کونێکی ڕەش وەسف کرد کە بە شێوەیەکی سپاگێتیدا تێپەڕیوە."

دوای خولانەوەی سپاگێتی ئەم کونە ڕەشە چەند ملیارێک خولانەوە لە خولەکێکدا، کەشتییەکی بۆشایی ئاسمان دوای خولانەوەیەکی زۆر ورد بە دەوری لوولەکەکەدا - دەتوانێت بە کاتدا بەرەو دواوە بڕوات، واتە بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو. بەڵام دەبێت لوولەکەکە درێژییەکی بێکۆتای هەبێت هەروەکوو چۆن کات بێ کۆتایە، یاخود ماددەیەکی جیاواز بێت کە ئەم لوولەکەش تا ئێستا بەدەستهێنانی هەستەمە.

گەشتی کات لە فەلسەفەدا

فەیلەسوفەکان باسی فەلسەفەی بۆشایی و کاتیان کردووە لانیکەم لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە. بۆ نموونە، پارمێنیدس ئەو بۆچوونەی پێشکەش کرد کە کات خەیاڵێکە. چەند سەدەیەک دواتر، ئیسحاق نیوتن پشتگیری بیرۆکەی کاتی ڕەهای کرد، لە کاتێکدا گۆتفرید ڤیلهێلم لایبنیز لە سەردەمی خۆیدا پێی وابوو کە کات تەنها پەیوەندی نێوان ڕووداوەکانە و ناتوانرێت بە سەربەخۆیی دەرببڕدرێت. لە کۆتاییدا ئەم ڕێگایە بووە هۆی دروستبوونی کاتەبۆشایی ڕێژەیی (سیستەمێکی چوار ڕەهەندییە، کە سێ ڕەهەندی بۆشاییە و ڕەهەندێکی کاتە). 

هەروەها فەیلەسوفەکان لە بیرۆکەی خولەکانی کاتیان لێکۆڵیوەتەوە، کە تێیدا ڕووداوەکان لە سووڕێکی دووبارەبوونەوەدان، هەروەها بیرۆکەی بیردۆزی فرە گەردوونیش، کە تێیدا گەشتی کات دەبێتە هۆی دروستبوونی گەردوونی هاوتەریب. بیردۆزە فەلسەفییە جۆراوجۆرەکانی کات کاریگەرییان هەیە لەسەر چەمکی گەشتی کات، لەوانە تێڕوانینی هەمیشەیی کە پێشبینی ئەوە دەکات کە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو هەموویان لە یەک کاتدا بوونیان هەیە، هەروەها تێڕوانینی ئێستا، کە پێی وایە تەنها ساتی ئێستا ڕاستەقینەیە.

چەند کتێبێک دەربارەی گەشتی کات 

  • کارۆڵی کریسمس (چاپمان و هۆڵ ١٨٤٣) لەلایەن چارلس دیکنز
  • ئامێری کات  (١٨٩۵)
  • یانکی کۆنێکتیکەت لە دادگای پاشا ئارسەر (١٨٨٩) لەلایەن مارک توەین
  • چێشتخانەکە لە کۆتایی گەردووندا (١٩٨٠) دۆگلاس ئەدامس
  • چیرۆکی شاری کات (١٩٨٧) لەلایەن دیانا جۆنز
  • هاری پۆتەر و زیندانی ئەزکابان (١٩٩٩)
  • دزێکی کات (٢٠٠١) لەلایەن تێری پراچێت 

چەند فیلمێک دەربارەی گەشتی کات

  • هەسارەی مەیمونەکان (١٩٦٨)
  • سوپەرمان (١٩٧٨)
  • چەتەکانی کات (١٩٨١)
  • تۆڵەسێنەرەکان: یاری کۆتایی (٢٠١٩)
  • تێنێت (٢٠٢٠)
  • کۆمەڵەی دادپەروەری زاک سنەیدەر (٢٠٢١)
  • جەنگی سبەینێ (٢٠٢١)
  • ئەستێرە (٢٠١٤)
  • پیاوانی ئێکس: ڕۆژەکانی ڕابردوو (٢٠١٤)
  • دکتۆر نامۆ (٢٠١٦)


سەرچاوەکان



110 بینین