پڕۆژەی ویڵۆو

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-04-06-17:24:00 - کۆدی بابەت: 12446
پڕۆژەی ویڵۆو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پڕۆژەی ویڵۆو (بە ئینگلیزی: willow project، بە عەرەبی: مشروع ویلو) پڕۆژەیەکی گەورە و دەیان ساڵەی هەڵکەندنی نەوتە لەلایەن کۆنۆکۆفیلپسەوە (کۆمپانیایەکی فرەنەتەوەیی ئەمریکییە کە لە بواری گەڕان و بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆن واتا لە نەوت و گاز کار دەکات. بنکەکەی لە ناوچەی ڕێڕەوی وزەی هیوستن لە تێکساسە). ئەم پڕۆژەیە دەکەوێتە دەشتی لێواری باکووری ئالاسکا لە یەدەگی نەوتی نیشتمانی ئالاسکا و لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە خاوەندارێتی دەکرێت. پڕۆژەکە لە سەرەتادا بۆ دروستکردن و بەڕێوەبردنی پێنج تەختەی هەڵکەندن بوو بۆ کۆی گشتی ٢٥٠ بیری نەوت.

ژێرخانی پەیوەندیدار گەیشتن بە ڕێگاکانی ناو کێڵگە، هێڵی ئاسمانی، هێڵی بۆرییەکان، کانی قوڕ و دوورگەیەکی کاتی بۆ ئاسانکردنی گەیاندنی مۆدیول لە ڕێگەی بەلەمی بەرزکەرەوەی دەریایی لەسەر بەستەڵەکی هەمیشەیی و نێوان ئاوەکان دەگرێتەوە کە لەلایەن ویلایەتی ئەلاسکاوە بەڕێوە دەبرێت. ئەو ناوچەیەی کە پڕۆژەکەی تێدا پلانی بۆ دانراوە نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. ئەم نەوتە چەند ساڵێکی دەوێت تا دەگاتە بازاڕ، چونکە هێشتا پرۆژەکە دروست نەکراوە.

لایەنگرانی پڕۆژەکە دەڵێن نەوتی نوێی ئەلاسکا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەمەریکا وزەیەکی باوەڕپێکراوی ناوخۆیی هەیە. ئەمە گرنگە بۆ سنووردارکردنی پشتبەستنی وڵات و هاوپەیمانەکانی بە وڵاتانی دابینکەرانی نەوت کە زۆرجار لەژێر ڕژێمی دەسەڵاتداری و ڕێسای ژینگەیی لاوازدا بەڕێوەدەبرێن. هەروەها ویڵۆو بە ملیارەها دۆلار چالاکی ئابووری و داهاتی باج لە ئالاسکا بەرهەم دەهێنێت، کە سەرکردەکانی ویلایەتەکە و زۆرێک لە خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا دەڵێن پێویستیان بە بەهێزکردنی ئابووریی ویلایەتیی هەیە.

گەورەترین لایەنی ئەرێنی پڕۆژەی ویڵۆو هەلی کار بوو. ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە ٢٠٠٠ هەلی کار و ٣٠٠ هەلی کاری هەمیشەیی دروست دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی سوودێکی ئەرێنی ئابووری ناوخۆیی و دەوڵەتی، چونکە ئەم کارە ناوخۆییانە پێویستە بۆ بیناسازی و کارکردن. 

دامەزراندن

کۆنۆکۆفیلپس کۆمپانیایەکی وزەیە کە بنکەکەی لە هۆستنە و دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٧٥ و چەندین ساڵە بەدوای نەوتدا دەگەڕێت لە ئالاسکا. ئەم کۆمپانیایە تاکە کۆمپانیایە کە لە ئێستادا چالاکییەکانی هەڵکەندنی نەوتی هەیە لە یەدەگی نەوتی نیشتمانی ئالاسکا، هەرچەندە دوو پڕۆژە کارپێکراوەکەی تری بچووکترن لەوەی کە ویڵۆ دەبێت. نەوت لە ناوچەی پێشبینیکراوی ویڵۆو لە ڕۆژاوای ئەلپین لە ئالاسکا لە ساڵی ٢٠١٦ دۆزرایەوە.

لەساڵی ٢٠٢٠ ویڵۆو لەلایەن کۆنۆکۆفیلپس پێشنیارکرا و لە سەرەتادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ترامپەوە پەسەندکرا هەروەها لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، نووسینگەی بەڕێوەبردنی زەوییەکانش (BLM) پڕۆژەی گەشەپێدانی کۆنۆکۆفیلپس ویڵۆوی پەسەند کرد لە تۆماری بڕیارەکەیدا. دوای بەرەنگاربوونەوەیەکی دادگا لە ساڵی ٢٠٢١، لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٣، BLM کۆتا بەیاننامەی کاریگەری ژینگەیی تەواوکەری خۆی بڵاوکردەوە (SEIS). کۆنۆکۆفیلپس لە سەرەتادا پەسەندکرا بۆ دروستکردنی پێنج تەختەی هەڵکەندن، کە لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی بایدن کەمی کردەوە بۆ سێ دانە،  کە دەتوانن بەو سێ تەختەیە نزیکەی ٩٠٪ی ئەو نەوتە بەدەست بێنن کە بەدوایدا دەگەڕێن.

شوێنی جوگرافی پڕۆژەکە

ویڵۆو دەکەوێتە سەر لێواری باکووری ئالاسکا، کە کەمتر لە سی میل لە زەریای باکوورەوە دوورە. دەکەوێتە ناوچەی NPR-A کورتکراوەی یەدەگی نەوتی نەتەوەیی-ئالاسکا، کە گەورەترین پارچە زەوی گشتییە لە ویلایەتەکەدا. کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٣ لەلایەن سەرۆک وارن جی هاردین ناسێنرا و لە ساڵی ١٩٧٦ بە تایبەتی بە ناوچەی پەرەپێدانی نەوت و گاز لەلایەن یاسای بەرهەمهێنانی یەدەگی نەوتی دەریایی دیاریکرا. دادگا یاسای تایبەتی بۆ دەرهێنانی نەوت و گازەکەی دانا. ئەمڕۆ یەکێکە لە بەهێزترین ناوچەکانی ئەمریکا بۆ نەوتی نوێ، لەگەڵ ئەوەشدا ژینگەیەکی سەرەکییە بۆ ورچی جەمسەریی و هەروەها دەیان هەزار ئاژەڵی کۆچبەری کاریبو و باڵندەی ئاوی.

زیانەکانی و کاریگەری لەسەر ژینگە

ئەم پڕۆژەیە چەندین کێشەی ژینگەیی هەیە. گەورەترین کێشەی ئەم پرۆژەیە پیسبوونی ژینگەیە. بەڵگە هەیە کە دەریدەخات پڕۆژەی ویڵۆ لە ماوەی ٣٠ ساڵدا زیاتر لە ٢٧٨ ملیۆن تۆن گاڵۆن لە گازە زیانبەخشەکان بەرهەم دەهێنێت کە دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی. یەک تەن گاز یەکسانە بە ١٣٣٣ مەتر سێجا زەوی. ئەم ڕێژەیەش نزیکە لە دەردانی گاز لەلایەن دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەمان ماوەدا. پڕۆژەکە نەک تەنها کێشەی ژینگەیی هەیە، بەڵکو کێشە بۆ ژیانی کێویش دروست دەکات. هەڕەشە بۆ سەر ژیانی باڵندەکانی جۆری کاریبو دەکات کە ئێستا جۆرێکی کەمیان ماوە، هەروەها ورچی جەمسەریش کە لە ناوچەکەدا نیشتەجێن. ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە کە ژینگەی سارد و سەهۆڵاوییەکان کەم دەکاتەوە کە ئەم ئاژەڵانە تێیدا گەشە دەکەن. 

خەڵکی کە ناوچەی نیوکسوت دەژین، کە نزیکترین گوندەکە لە پرۆژەکە، دژایەتی ویڵۆ دەکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەوان پێشبینی خراپترین کاریگەرییە نەرێنییەکان دەکەن. لە کاریگەری لەسەر ژیانی کێوی ناوخۆیی و جۆری هەوا بۆ ئەگەری کارەساتی ژینگەیی وەک ڕژانی نەوت. نموونەیەکی سەرەکی بریتییە لە ڕژانی نەوتی ئێکسۆن ڤالدێز لە ئازاری ١٩٨٩. ئەمەش بووە هۆی مردنی بەربڵاوی ژیانی دەریایی لە کەناراوەکانی ئەلاسکا.

دوو سکاڵای یاسایی دژ بە پڕۆژەکە تۆمارکراوە. کۆمەڵەکانی ئالاسکا وێڵدەرنس، متمانەپێکراو بۆ یانەی ئەلاسکا، یانەی سیرا و لوپیات بۆ ژیانێکی باکوور ئەمانە لە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ئازار سکاڵایەکی یاساییان تۆمارکرد. ئەوان دەڵێن بە پەسەندکردنی پڕۆژەکە، وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا سیاسەتی گۆڕانی کەشوهەوای خۆی پێشێل کردووە. هاوپەیمانییەک لە گرووپە ژینگەییەکان لەوانە ئەنجومەنی بەرگری سەرچاوە سروشتییەکان و سەنتەری هەمەچەشنی بایۆلۆجی و ڕێکخراوی گرینپیس دەڵێن حکومەت مۆڵەتەکەی کۆتایی پێهاتووە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە داوایەکی یاسایی جیاوازدا لە ساڵی ٢٠٢١ دا تۆمارکراون.


سەرچاوەکان



72 بینین