فەرمانبەری گشتی

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-12-14:24:00 - کۆدی بابەت: 12485
فەرمانبەری گشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

فەرمانبەری گشتی (بە عەرەبی: الموظف العامة، بە ئینگلیزی: Public servant)، فەرمانبەری گشتی پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و ئەم جیاوازیەش لەو مەرجانەوە سەری گرتووە کە بۆ فەرمانبەرەکە دادەنرێت، چونکە ئەم مەرجانە لە هەموو وڵاتێکدا جیاوازە بە پێی ئادابی وڵاتەکە خۆی.

چەند پێناسەیەکمان هەیە بۆ فەرمانبەری گشتی

١- پێناسەیەکی فقهي بۆ فەرمانبەری گشتی: ئەو کەسەیە کە بە شێوەیەکی بەردەوام بەشدارە لە جێبەجێکردنی چالاکی دەزگایەکی گشتی کارگێڕی، یاخود هەرکەسێک کار بکات بۆ خزمەتی نیشتیمانی (وڵاتی خۆی) و بەشدار بێت بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەو وەزیفەیەی کە فەرمانبەر بەڕێوەی دەبات لە چوارچێوەی وەزیفەی حکومڕانی بێت.
٢- پێناسەیەکی قانونی بۆ فەرمانبەری گشتی: بەپێی دوو ماددە لێرە پێناسەی بۆ کراوە:

  • ماددەی یەک: ژمارە ١٤ ساڵی ١٩٩١، هەرکەسێک وەزیفەیەکی پێبسپێردرێت لە چوارچێوەی میلاکی وەزارەت یاخود فەرمانگەیەکی نەبەستراوە بە وەزارەت کە (دەزگا و دەستەکانە) پێی دەوترێت فەرمانبەر.
  • ماددەی دوو: ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠، هەرکەسێک وەزیفەیەکی بەردەوامی پێبسپێردرێت لە چوارچێوەی میلاکی فەرمانبەران پێی دەوترێت فەرمانبەر.

ئەو مەرجانەی کە پێویستە هەمان بێت بۆ ئەوەی کەسێک سیفەتی فەرمانبەری تێدا بێت

١- دامەزراندنی فەرمانبەر لە کارێکی بەردەوام: مەبەستمان دوو لایەنە؛ یەکەم،بەردەوامی ئەو کارەی کە فەرمانبەرەکە لەسەری دادەمەزرێت. دووەم، بەردەوامی فەرمانبەر خۆی لەسەر کارەکە. کەواتە ئەو فەرمانبەرەی کە دادەمەزرێت پێویستە بە تەواوی خۆی دەست بەتاڵ بکات بۆ ئەو کارەی کە لەسەری دادەمەزرێت.
٢- کارکردن لە دەزگایەکی گشتی: بە واتای ئەو فەرمانگەیەیی کە کاری لێ دەکات بە شێوەیەکی بەردەوام پێویستە لە ژێر ئیدارەی دەسەڵاتی گشتیدا بێت، جا ئەو بەڕێوەبردنە مەرکەزی بێت یان لامەرکەزی بێت.
٣- ئەو کەسە لەلایەنی دەسەڵاتی تایبەتمەندەوە دادەمەزرێت: واتە کەسێک ئەو فەرمانبەرەی دامەزراندبێت کە دەسەڵاتی دامەزراندنی هەبێت.

مەرجە پەیڕەوکراوەکان لە دامەزراندنی فەرمانبەر لە وەزیفەیەکی گشتیدا

ئەو مەرجانەی کە پەیوەستە بە فەرمانبەرەکە خۆی

١- پێویستە هەڵگری ڕەگازنامەی عێراقی بێت، و توانای بەکارهێنانی مافە مەدەنییەکانی هەبێت.
٢- جوانی ڕەوشت و هەڵسوکەوت و پێشینەی پاک بێت، بڕگەی ٤ لە ماددەی ٧ هاتووە و دەڵێت (ئەخلاقی جوان بێت و حوکم نەدرابێت بە تاوانێکی ناسیاسی، یان تاوانی ئابڕوو بەر وەک، دزی یان دزیکردن لە حکومەت بەو مافەی کە پێی داویت، تەزویرکردن و خۆناساندن بە سیفەتێک کە سیفەتی ئەو نییە).
٣- سزا نەدرابێت بە سزای دابڕان.
٤- ئەو کەسە ١٨ ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت، هەرکەسێک کە دادەمەزرێت دەبێت تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو کردبێت چوونکە لەگەڵ دامەزراندندا ئەرکی پێدەسپێردرێت و دەبێت توانای ئەوەی هەبێت ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانە هەڵبگرێت.
٥- لە ڕووی تەندروستییەوە گوونجاو بێت، مەرجە کەسێک کە دادەمەزرێندرێت شیاو بێت بۆ ئەو وەزیفەیەی کە بۆی دادەمەزرێت و لە وەزیفەیەکەوە بۆ وەزیفەیەکی تر دەگۆڕێت.
٦- بوونی شەهادە، بڕگەی ٥ لە ماددەی ٧ هاتووە؛ پێویستە بە پێی جۆری وەزیفەکە و ئاستی بەرپرسیارێتی بڕوانامەی لە پسپۆڕی دیاریکراوی خۆیدا هەبێت.

مەرجە بابەتییەکان

١- بوونی پلەی بەتاڵ لە میلاکی فەرمانگەکە:

  • زیادکردنی پلەی تازە بۆ میلاکی فەرمانگەکە.
  • چۆڵبوونی میلاکی فەرمانبەران لە ماووەی ئەو ساڵەدا بەهۆی (مردن، دەست لەکارکێشانەووە، خانەنیشین بوون، نقڵ بوونی فەرمانبەر بەبێ میلاک).

٢- دەرچوونی فەرمانی دامەزراندن لە لایەن ئەو کەسەی کە دەسەڵاتی دامەزراندنی هەیە.

شێوازەکانی هەڵبژاردنی فەرمانبەر

١- شێوازی هەڵبژاردنی سەربەخۆ (سەربەستانە): کارگێڕی لەم شێوازەدا سەربەخۆیە لە هەڵبژاردنی فەرمانبەران بەبێ هیچ کۆت و بەندێک، بە واتای ئەوەی کارگێڕی خۆی ئەو پێوەرانە دیاریدەکات کە بەکاریدەهێنێت بۆ هەڵبژاردنی فەرمانبەران بەبێ ئەوەی پێویست بکات ئەو پێوەرانە ئاشکرا بکات و پاساوییان بۆ بهێنێتەوە لە هەڵبژاردنی کەسێک و هەڵنەبژاردنی کەسێکدا، لە سەرەتادا ئەمە بۆ هەموو جۆرە پۆست و وەزیفەیەک دەبوو بەڵام لە سەردەمی ئێستادا زیاتر بۆ پۆستە بەرزەکان و پلە باڵاکانە یان بۆ ئەو پۆستانەی کە نهێنی خۆی تیایە.

٢- شێوازی ئامادەکردن و پێگەیاندن: لەم شێوازەدا دەوڵەت خۆی (کۆلێج، پەیمانگای پسپۆڕی، ناوەندی پێگەیاندنی پیشەیی، ئاکادیمی) دادەمەزرێنێ بۆ پێگەیاندنی فەرمانبەر.

٣- شێوازی هەڵبژاردنی دیموکراسی: لەم شێوازەدا ئیدارە پشت دەبەستێ بە ستافی فەرمانبەرانی خۆیی بۆ دۆزینەوەی کەسی شیاو بۆ ئەو وەزیفە گشتییەی کە هەیەتی و بەتاڵە.

٤- شێوازی پێشبڕکێ و تاقیکردنەووە: گونجاوترین شێوازە بۆ دامەزراندن بەو پێیەی یەکسانی دەستەبەر دەکات لە نێوان هاوڵاتیان، لە ئێستادا باوترین شێوازە چوونکە بابەتییانە کەسەکان هەڵدەبژێرێت بەدەر لە کاریگەری (سیاسی، خزمایەتی، بابەتە کەسییەکان) کاتێک ئەم ڕێگایە سەرکەوتووە کە گرنتی ئەوە بکرێت بە شێوازێکی دادپەروەرانە و بابەتییانە پەیڕەو بکرێت. پێشبڕکێ و تاقیکردنەووە بە یەک شێواز ئەنجام نادرێت بەڵکوو بەپێی وڵات و جۆری وەزیفە دەگۆڕێت.


سەرچاوەکان



125 بینین