گۆڕەپانی تەحریری بەغداد

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-14-17:51:00 - کۆدی بابەت: 12513
گۆڕەپانی تەحریری بەغداد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆڕەپانی تەحریری بەغداد یان گۆڕەپانی ئازادی بەغداد کە لە ڕابردوودا بە گۆڕەپانی شاژنە عالییە ناسراو بوو (بە عەرەبی: ساحة التحرير، بە ئینگلیزی: Tahrir Square) یەکێکە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی بەغدادی پایتەخت و دەکەوێتە ناوچەی باب شەرجی، لە ڕابردوودا گۆڕەپانەکە بە گۆڕەپانی شاژنە عالییە ناسراو بوو، بەڵام دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی ناوەکەی کرا بە گۆڕەپانی ئازادی.

هەر کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک یان خۆپیشاندانێک لە بەغداد کرابێت سەرەتا لە گۆڕەپانی تەحریرەوە دەستی پێکردووە، بۆیە بە گۆڕەپانی ئازادی یان تەحریر ناسراوە چونکە شۆڕش و ڕاپەڕین و کودەتاکان کە لە بەغداد ڕوویانداوە لەۆ گۆڕەپانەوە دەستی پێکردووە. گۆڕەپانی تەحریر بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی بەغدادی پایتەخت دادەنرێت و زۆر کەس کە سەردانی بەغداد دەکات وێنەی یادگاری لە تەنیشت دەگرێت و گۆڕەپانەکە و مۆنۆمێنتەکەی بوونەتە بەشێک لە مێژووی بەغداد

مۆنۆمێنتی ئازادی گۆڕەپانی تەحریر

مۆنۆمێنتی ئازادی یان پەیکەری ئازادی بەغداد دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی گۆڕەپانی ئازادییەوە و لەلایەن پەیکەرتاشی ناوداری عێراقی (جواد سەلیم) دروستکراوە. مۆنۆمێنتەکە لە چواردە پەیکەر دروستکراوە کە ئاماژەیە بۆ ڕۆژی ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ کە واتای ڕزگاربوون دەبەخشێت لە ژێر داگیرکاری ئینگلیزی.

دوای شۆڕشی ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ بە چەند مانگێک ڕێکخەرانی شۆڕش داوایان لە هونەرمەندی شێوەکاری ناوداری عێراقی (جواد سەلیم) کە لەو گۆڕەپانەی سەرەتای خۆپیشاندانەکانی لێ دروستبوو مۆنۆمێنتێک دروست بکات ئاماژە و واتای شۆڕشەکە بدات، ئەندازیاری تەلارساز و پەیکەرساز (ڕفعەت چادرچی) ئەندازیاری سەرپەرشتیاری جێبەجێکاری پڕۆژەکە بوو و لەسەر داوای تایبەتی عەبدولکەریم قاسم سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە لە ڕووی ئەندازیارییەوە درا بە ڕفعەت چادرچی و بیرۆکەی مۆنۆمێنتەکەی جێبەجێ کرد، هاوکات دروستکردن و جێبەجێکردنی  بیرۆکەکە لە درێژی ٥٠ ئاڵا و دروشم وەرگرت کە ئەو کات خۆپیشاندەرەکنن لەسەر ئاڵا و پارچە پەڕۆی درێژ (لافیتە) دروشمەکانیان دەنووسییەوە و داواکارییەکانیان لەڕێگەی ئەو لافیتانەوە دەردەبڕی.

جواد سەلیم بەرپرسی ئامراز و پەیکەرەکانی سەر مۆنۆمێنتەکە بوو و ئەندازیار چادرچیش بەرپرسی جێبەجێکردنی بیرۆکەی گشتی و ئەندازیاری پڕۆژەکە بوو. جواد سەلیم وێنە سەرەتاییەکانی مۆنۆمێنتەکەی کێشا و وێنەکەی نارد بۆ عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق، عەبدولکەریم کە بە ناڕاستەوخۆ ویستی وێنەی خودی ئەویش لەسەر مۆنۆمێنتەکە دابنرێت و داوای لە جواد سەلیم کرد کە مۆنۆمێنتەکە مۆرکی عێراقی بوونی پێوە دیار بێت، جواد داواکارییەکەی سەرۆکی جێبەجێ کرد کە مۆنۆمێنتەکەی لەسەر دیزاینی کۆن دروست کرد، بەڵام سەلیم نەیویست کارەکەی مۆرکی سیاسی و کەسێتییەکی دیاریکراوی پێوە دیار بێت و پێی وابوو کە ئەم پڕۆژەیە تەنها موڵکی عێراقییەکانە و ئاماژەیە بۆ ئازادی و ڕزگاربوون بۆیە وێنەی عەبدولکەریم قاسمی لەسەر کارەکەی دانەنا، بۆ دروستکردنی پەیکەرەکان ڕوویکردە ئیتاڵیا و پەیکەرەکانی لەسەر مەڕمەڕ لە مسی پتەوی ڕەش و بڕۆنز دروست کرد.

لە ساڵی ١٩٦١ پەردە لەسەر پەیکەرەکە لادرا و کۆتایی بە دروستکردنی هێنرا، بەڵام جواد سەلیم لە ژیاندا نەمابووە کە کۆتایی کارەکەی ببینی و پێش چەند مانگێک بەر لە کۆتایی هێنان بە کارەکەی کۆچی دوایی کردبوو، بۆیە ژنە بەڕیتانییەکەی کە ناوی (لۆرنا) بوو کارەکانی کۆتایی پەیکەرەکەی تەواو کرد و جواد سەلیم خۆی پەیکەرەکەی بە تەواوکراوی نەبینی. 

واتا و ئاماژەکانی مۆنۆمێنتەکە

مۆنۆمێنتەکە هاوشێوەی دیوارێکی درێژ دیزاین کراوە و هەڵواسراوە و نزیکەی هەشت مەتر لە سەر زەوییەوە بەرزە، وێنا و ئاماژەکانی سەر پەیکەرەکە بیرۆکەی وێنەکێشان و پەیکەرتاشی تێدا تێکەڵ کراوە لەهەمان کاتدا بە کارێکی پەیکەرسازی وتەلارسازی تێکەڵ دادەنرێت. 

لە ڕێگەی ١٤ پەیکەر لەسەر دیوارێک کێشراوە کە قۆناغەکانی مێژووی عێراق دەخوێنێتەوە و ئاماژەیە بۆ ڕووداوەکانی پێش و پاش ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨، وێنەکان لە ئاڕاستەی ڕاستەوە بۆ چەپ دەخوێندرێتەوە.

١٤ پەیکەرەکە دابەش کراوەتە سەر چوار کۆمەڵە، کۆمەڵەی یەکەم لە ئەسپێکی ڕەشەوە دەست پێدەکات و بە دەستێک کۆتایی دێت کە ئاماژەیە بۆ دەستی کەسی خۆپیشاندەر کە نیشانەیە بۆ ڕەتکردنەوەی زۆرداری، ئەسپەکانیش بە سێ پیاو دەوردراون و دروشم و ئاڵایان بە دەستەوەیە، کۆمەڵەی دووەم لە پەیکەری ژنێکەوە دەست پێدەکات کە خۆی لە منداڵەکەی ئاڵاندووە و گریان و هاواری پێوە دیارە و ئاماژەیە بۆ ڕۆڵی قوربانییەکانی ژنی عێراقی لە شۆڕشەکانی عێراق، کۆمەڵەی سێیەم وێنای ئازادبوونی چەند زیندانییەکی سیاسییە لە زیندانەکانیان و مەشخەڵێکی ئاگرینیان پێیە کە نیشانەی ئازادبوون و ڕزگاربوون دێت لە ستەم و زۆرداری، هاوکات کۆمەڵەی چوارەم وێنای چەند جوتیارێکن کە چەکوش و بەرهەمەکانیان بە دەستەوەیە کە بەرهەمی دەستی جوتیارەکان چڵێک داری خورمایە کە ئاماژەن بە ئەنجامی شۆڕش و داهاتوو، لە کۆمەڵەی چوارەم هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات ئاماژەی پێکراوە. 

مشتومڕی سەر مۆنۆمێنتەکە

دوای دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق وێنای عێراقییەکان بۆ مۆنۆمێنتەکە ڕاجیایی لەسەر دروست بوو، هەندێک کە بە لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ناسراو بوون و ڕووداوەکانی ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ـیان بە کودەتا دادەنا دەیانویست مۆنۆمێنتەکە بڕووخێنرێت و لەناوبدرێت، بەڵام دژایەتیکەرانی دەسەڵاتی پاشایەتی ڕووداوەکانی ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ بە شۆڕش دادەنێن و پێیان وایە مۆنۆمێنتەکە بووەتە بەشێک لە مێژووی عێراق، بۆیە مۆنۆمێنتەکە وەکوو نیشانەیەک وایە بۆ ئازادی و خۆپیشاندان و ڕزگاربوون لە ستەم، بۆیە پارێزگاری لێدەکرێت چونکە بە بەشێک لە مێژوو هەژمار دەکرێت.


سەرچاوەکان



93 بینین