نەخۆشی ئەنسراکس

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-04-19-22:35:00 - کۆدی بابەت: 12575
نەخۆشی ئەنسراکس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی ئەنسراکس بە ئینگلیزی (Anthrax)، بە عەرەبی (انثراكس)، نەخۆشی ئەنسراکس نەخۆشییەکی بەکترییە کە لە هەموو ووڵاتانی جیهاندا بە شێوەیەکی گشتی هەیە و لە کوردستانیشدا بە تایبەتی، ئەم نەخۆشییە تووشی ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی دەبێت بە تایبەت ئاژەلە گیاخۆرەکان وەکو مانگا، مەڕ، ئەسپ، بزن، بەراز. هەروەها لە ئاژەڵی تووشبوو بە ڕێگەیەکی استەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ.

نەخۆشی ئەنسراکس لە کۆمەڵگەی کوردەواری پێی دەوترێت (نەخۆشی سپڵ)، لە هەندێک ناوچەی دیکە پێی دەوترێ (ئاگرەی زمان). هۆکاری نەخۆشی ئەنسراکس دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە بەکتریا کە پێی دەوترێت (Bacillus anthracis)، لە ساڵی ١٨٧٧ بۆ یەکەمجار ڕۆبەرت کوخ کاری لەسەر کردووە و گەشەی پێ کردووە، ئەم بەکتریایە چەند خەسڵەتێکی تایبەتی گرنگی هەیە لەوانەش:

  • لە کۆمەڵەی (G+) بەکتریایە.
  • بە قەبارە گەورەیە و درێژییەکەی (٣-٥)ملیم و پانییەکەی ( ١.٢-١)ملیم دەبێت.
  • توانای دروستکردنی سپۆری هەیە کە بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە ژینگەدا بە چالاکی دەمێنێتەوە کە بەرهەڵستی هەمو بارێکی نا هەموار دەکات و لە هەموو بسرودۆخێکدا توانای تووشکردنی هەیە.
  • توانای گەشەکردنی هەیە بە بوون و نەبوونی گازی ئۆکسجین.
  • بەکتریای ئەنسراکس توانای بەرهەم هێنانی ژەهری هەیە.

ئەو ژەهرەکی کە بەکتریای ئەنسراکس بەرهەمی دەهێنێت

بەکتریای ئەنسراکس توانای بەرهەم هێنانی ژەهری هەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سێ جۆر پێکلهاتووە:

فاکتەری یەکەم

کە پێی دەوترێت (Edema factor) پێکهاتووە لە (Inherent adenylste cyclase) ئەم ژەهرە دەبێتە هۆی دروست بوونی ناوبەند لە لەشدا.

فاکتەری دووەم

کە پێی دەوترێت (protective antigen) دەبێتە هۆی پاراستنی بەکتریاکە.

فاکتەری سێیەم

کە پێی دەوترێت (lethal factor) ئەمە ژەهرێکی ترسناکە و کاریگەرییەکی کوشندەی هەیە.

دوای دەرچوونی بەکتریاکە لەگەڵ خوێنی ئاژەڵی تووشبوو یان کردنەوەی لاشەی ئاژەڵی مرداربوو، بەکتریاکە یەکسەر سپۆر دروست دەکات بە مەبەستی بەرهەڵستیکردنی بارودۆخی نا هەمواری ژینگە.

چۆنیەتی گواستنەوەی نەخۆشی ئەنسراکس

١- لەوەڕگای توشبوو بە سپۆری بەکتریاکە بە خاک و خۆڵ و گژوگیا و ئاوی پیسبوو بە سپۆڕی بەکتریا نەخۆشییەکە دەگوێزرێتەوە بۆ ئاژەڵ و تووشی نەخۆشی دەکات.

٢- لە کۆئەندامی هەناسەدانەوە بەهۆی تۆز و خۆڵەوە سپۆرەکان هەڵدەمژرێن و لەم ڕێگەیەوە مرۆڤ و ئاژەڵ تووشی نەخۆشی ئەنسراکس دەبن.

٣- بەهۆی مێش و مەگەزەوە دەگوزارێتەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.

نیشانەکانی نەخۆشی ئەنسراکس

ماوەی تووشبوونی ئاژەڵ بە نەخۆشییەکە و هەتاکو دەرکەوتنی نیشانەکان نزیکەی (١-٢) هەفتە دەخایەنێت.

نەخۆشی ئەنسراکس لە مانگا و لە مەڕدا دووشێوەی هەیە

شێوەی سەروتیژ

  • ئەم شێوایەی نەخۆشییەکە زۆر توندوتیژە و زۆر بڵاوە بە تایبەتی لە سەرەتای تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە زۆربەی ئاژەڵەکان بە مردارەوەبوویی دەبینرێن بەبێ هیچ نیشانەیەک کە ماوەی (١-٢) کاتژمێر دەخایەنێت.
  • دوای ماوەیەک ئاژەڵە مردارەوەبووەکە خوێنێکی ڕەنگ ڕەشی نەمەییوو لە هەموو دەرچەکانی لەشەوە (دەم و لوت و گوێ) دێتە دەرەوە.

شێوەی تیژ

  • ئەم شێوەیەی نەخۆشییەکە نزیکەی (٤٨) کاتژمێر دەخایەنێت.
  • پلەی گەرمی لەشی بەرزدەبێتەوە کە دەگاتە (٤٢) پلەی سەدی، ئاژەڵەکە تووشی هەناسە بڕکێ و هەناوەکوتێ دەبێت و بێهێزو لاواز دەبێت و لە لەوەڕدەکەوێت.
  • بەرهەمی شیر کەم دەکات و هەندێک جار شیرەکە تێکەڵ بە خوێن دەبێت.
  • تووشی سکچوونی خوێناوی دەبێت.

نەخۆشی ئەنسراکس لە ئەسپدا

  • نەخۆشی ئەنسراکس لە ئەسپدا جیاوازە لە وەک لە نیشانەکان لە مانگا و مەڕدا، لە ئەسپدا زیاتر دەبێتە هۆی دروسیبوونی ئاوبەندی ژێر پێست.
  • لە ناوجەی قوڕگ و گەرووی ئاژەڵەکە و هەروەها لە ژێر چەناگە وکە بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاژەڵەکە نەتوانێت خواردن قوت بدات و لەڕولاواز دەبێت.
  • هەندێک ژێرسکی ئاژەڵەکە دەئاوەسێت و بە ئازاردەبێ پلەی گەرمی لەشی ئاژەڵەکەش بەرز دەبێتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم نەخۆشییە لە کوردستاندا تێبینی کراوە کە بڵاوبۆتەوە و تەشەنەی کردووە.

نیشانەکانی دوای مرداربوونەوەی ئاژەڵی تووشبوو

  • لە کاتی دیاریکردنی نەخۆشی ئەنسراکس لاشەی ئاژەڵی مردارەوەبوو، وا باشترە کە لاشەی ئاژەڵەکە دەستکاری نەکرێت و بە هیچ شێوەیەک نەکرێتەوە.
  • قەبارەی سپڵی ئاژەڵەکە زۆر گەورە دەبێت و دەئاوەسێت و نەرم دەبێت کە ئەمەش بە نیشانەیەکی دیاری دوای مرداربوونەوە دادەنرێت و هەر لەبەر ئەمەش لە هەندێک ناوچەی کوردستان بەم نەخؤشییە دەڵین، نەخۆشی (سپڵ).
  • زۆربەی ئەندامەکانی لەش لە دڵ و گورچیلە و جگەر  وسییەکان سوورهەڵدەگەڕین و دەئاوەسێن و نەرم دەبن.
  • لاشەکە بە شێوەیەکی گشتی دەئاوسێت.

 نەخۆشی ئەنسراکس لە مرۆڤدا

نەخۆشی ئەنسراکس نەخۆشییەکی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەدا واتە نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕستەوخۆ دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە.

نەخۆشی ئەنسراکس لە مرۆڤدا سێ شێوەی هەیە

یەکەم/ شێوەی پێست

بڵاوترین شێوەیانە کە زیاتر لە مرۆڤدا دەردەکەیت و لە ئەنجامی برینداربوون ڕووشانی پێستی مرۆڤ و تووشبونی بە سپۆری بەکتریای نەخۆشییەکە لە خاک و خۆڵ یان لاشەی ئاژەڵی تووشبوودەچێتە لەشی مرۆڤەوە لەسەر پێستی برینێک دروست دەبێت کە لە شێوەی بڵقدایە لە دوای (١٢-٣٦) کاتژمێر بەمەش دەوترێت (mal I gnant pust ul e)، واتە برینێکی پیس هەر لەبەر ئەمەشە بە نەخۆشییەکە دەڵێن (ئەسکەڵە پیسە). دوای چەند ڕۆژێک گرێ لیمفاوییەکانی لەش بە گشتی گەورەدەبن و لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بەکتریاکە لە ڕێگەی خوێنەوە بە هەموو لەشدا بڵاودەبێتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشەکە. بەم شێوەیە نەخۆشییەکە زیاتر تووشی پزیشکانی ڤێرتەرنەری و خاوەن ئاژەڵەکان دەبێت.

دووەم/ شێوەی هەناسە

زیاتر تووشی ئەو کەسانە دەبیت کە پێست خۆش دەکەن و خوری دەشۆنەوە کە بەهۆی سروشتی کارەکەیانەوە لە ڕێگەی هەڵمژینی سپۆری بەکتریاکەوە تووش دەبن و بەرە بەرە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئازارێکی توندیش لە سنگ دا پەیدا دەبێت وڕۆژ لە دوای ڕۆژیش نەخۆشییەکە زیاتر پەرەدەسێنێت و هەموو لەش دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشەکە.

سێیەم/ شێوەی گەدە و ڕیخۆڵە

ئەم شێوەیەی نەخۆشییەکە زیاتر تووشی ڕیخۆڵەی مرۆڤ دەبێت لە ئەنجامی خواردنی گۆشتی نەکوڵاوی ئاژەڵی تووشبوو پەیدا دەبێت و زیاتر لە وڵاتە هەژارەکاندا بڵاوە و لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بە دەگمەن هەیە.

دیاریکردنی نەخۆشی ئەنسراکس

لە کاتی دیاریکردنی تەواوی نەخۆشی ئەنسراکس بەهۆی مێژووی نەخۆشییەکە و نیشانە دیارەکانی لەسەر ئاژەڵی تووشبووی مردارەوەبوو واباشترە کە لاشەی ئاژەڵەکە نەکرێتەوە چوونکە لە کاتی کردنەوەی دا بەکتریای نەخۆشییەکە بە هەوادا بڵاودەبێتەوە و یەکسەر سپۆر دروست دەکەن و بەرهەڵستی ژینگە دەکەن و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی سەرچاوەی نەخۆشییەکە و ناوچەی بڵاوبونەوەی فراوانتر دەبێت.

چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەنسراکس

چارەسەرکردنی ئاژەڵی تووسبوو بە نەخۆشی ئەنسراکس کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە کاتێک پلەی گەرمی لەشی ئاژەڵەکە بەرز دەبێتەوە دەتوانرێت بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیانەکان وەکو کۆمەڵەی(پەنسلین و سترپتۆماسین و ئۆکس تتراسایکلین) زیانەکان کەمبکرێنەوە، بە هەمان شێوە لە مرۆڤی تووشبوودا دەتوانرێت بە بەکارهێنانی دژە زیانەکانی پەنسلین و تتراسایکلین و فلۆروکواینۆلین کە توندوتیژی نەخۆشییەکە کەم بکرێتەوە بە تایبەتی شێوەی پێستی نەخۆشییەکە لە مرۆڤدا بەلام لە شێوەی هەناسەی نەخۆشەکەدا ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت.

کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە

١- پیویستە ساڵانە بەپێی پڕۆگرامێکی داڕێژراو لەلایەن نەخۆشخانەی ڤێتێرنەرییەوە ئاژەڵەکانی ناوچەکە ڤاکسین بکرێن و بکوترێن، هەروەها کوتانی ئەو کەسانەی کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن.

٢- لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنسراکس پێویستە یەکسەر ئاژەڵە نەخۆش و تووشبووەکان جیابکرێنەوە و بخرێنە شوێنێکی تایبەتەوە و هەوڵ بدرێت بە دژە زیانەکان چارەسەر بکرێن.

٣- کەمکردنەوەی هاتوچۆی بازرگانی و قەدەغەکردنی گواستنەوەی ئاژەڵ لەسەر سنورەکان لە کاتی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە.

٤- قەڵاچۆکردنی مێش و مەگەز بە بەردەوامی.

٥- سووتان و لەناوبردنی لاشەی ئاژەڵی تووشبوو بە یەکجاری و خستنە ناو چاڵی قوڵەوە و داپۆشینی.

٦- پەیوەندیکردن بە وڵاتانی دراوسێ وە بە مەبەستی گۆڕینەوەی زانیاری پێویست لەسەر بلاوبونەوەی نەخۆشییەکە.


سەرچاوەکان



61 بینین