نەخۆشی شێتبوونی مانگا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-04-20-14:25:00 - کۆدی بابەت: 12590
نەخۆشی شێتبوونی مانگا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی شێتبوونی مانگا بە ئینگلیزی (Mad cow diseas)، بە عەرەبی (مرض جنون البقر). ئایا مانگا شێت دەبێت؟ ئەم پرسیارە لای زۆربەی کەس دروست بووە بە تایبەتی دوای شێت بوونی مانگاکانی بەریتانیا، شێتبوونی مانگا یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا وەکو دیاردەیەکی ترسناک لە نێوان مانگاکانی وڵاتانی بەریتانیا سەری هەڵدا و لەلایەن زۆربەی کەناڵە جیاجیاکانی ڕاگەیاندنەکانی جیهانی گرنگ یەکی تایبەتی پێدراوە.

چیرۆکی سەرهەڵدانی نەخۆشی شێت بوون لە نێوان مانگاکانی بەریتانیادا

بۆ یەکەم جار ئەم نەخۆشییە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی ئەم سەدەیەدا لە وڵاتی بەریتانیا سەری هەڵدا و زیانێکی گەورەی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاند. شیت بوونی مانگا ناوێکی گشتییە لە نێوان خەڵکی بەریتانیادا بڵاوە، گەڵێک ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەم دەردە ترسناکە لە نێوان مانگای بەریتانیادا بەڵام نزیکترین بۆچوون لە ڕاستیەوە ئەوەیە کە سەرچاوەی شێت بوونی مانگاکانی بەریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشییەکی ناسراو لە بەریتانیا کە پێدەوترێت (سکرەیپی) کە بە شێوەیەکی سروشتی لە نێوان مەڕە بەتەمەنەکانی بەریتانیادا هەیە و لە لەوەڕگاکانی ئەو وڵاتەدا بڵاوە، بە پێی سەرچاوە پزیشکییەکان هۆکاری نەخۆشی سکرەیپی هەمان هۆکاری نەخۆشی شێتبوونی بەریتانیایە، چیرۆکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێت بوون لەو وڵاتەدا بەوە دەست پێدەکات کە لە بەریتانیادا ژمارەیەکی زۆر مەڕ و ماڵات هەیە و زۆربەی مەڕە بە تەمەنەکان هەڵگری هۆکاری نەخۆشی سکرەیپن. خەڵکی بەریتانیا گۆشتی مەڕیان زۆر لا پەسەند نییە و لە کارگەی تایبەتدا ئەو مەڕە پیر و لاواز و نەخۆشانە سەردەبڕێن و زانستیانە لە ژێر کاریگەری پلەی گەرمی بەرزدا پڕۆتینی ئاژەڵیان لێ دروست دەکرێت و لە ئەنجامدا هەروەک سەرچاوەیەکی پڕۆتینی بەشێکی زۆر لە مانگاکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت.

بەڵام لە حەفتاکان و هەشتاکانی ئەم سەدەیەدا چەند گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر چۆنیەتی دروستکردنی پڕۆتینی ئاژەڵی بەریتانیادا هات، ئەویش بە بەکارهێنانی پلەیەکی گەرمی نزمتر لەو پلە گەرمییەی کە پێویستە بۆ لەناوبردنی هۆکاری نەخۆشی سکرەیپی و هۆکارەکە بە زیندوێتی و چالاکی دەمێنێتەوە و لە ئەنجامیشدا بەم شێوەیە پێشکەش بە مانگاکانی ئەو وڵاتە دەکرێت لە ڕێگەی سەرچاوە پڕۆتینیکەوە کە لە گۆشتی مەڕەکان دروست دەکرێت. لە ساڵی ١٩٨٦ لە بەریتانیا نزیکەی(١٦٠،٠٠٠) سەرمانگا هەڵگری هۆکاری ئەم نەخۆشیەن و لە ساڵی ١٩٩٠ لە وڵاتی (میرنشینەکانی عوممان) نیشانەکانی شێت بوون لەسەر ئەو مانگایانە دەرکەوت کە لە ساڵی ١٩٨٥ لە بەریتانیاوە هێنرابوون.


سەرچاوەکان



58 بینین