محەمەد غەزالی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-21-15:14:00 - کۆدی بابەت: 12598
محەمەد غەزالی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد غەزالی یان شێخ محەمەد غەزالی (بە عەرەبی: محمد الغزالي، بە ئینگلیزی: Mohammed al-Ghazali) بانگخواز و بیرمەندی ئیسلامی هاوچەرخ بە ڕەچەڵەک میسری، بەوە ناسراوە کە بانگخوازێکی میانڕەو و ئاسانکار بووە و دژی توندڕەوی و قورسکردنەوەی ئایین بووە، چەندان بەرهەمی تۆمارکراو و کتێب و نووسراوی هەیە و بە نووسەرێکی ناوداری جیهانی ئیسلامی ناسراوە. نازناوی (أديب الدعوة)ـی بەهۆی ڕەوانبێژی و شێواز و بەهێزی نووسینی وەرگرتووە، هەروەها نازناوی پیاوی ئوممەتی وەرگرتووە. 

زانیاری گشتی

ناو  محەمەد غەزالی سەقا جبیلی
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ٢٢ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩١٧، میسر
ئایین  ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی سوننه
ناسنامە میسڕی
پیشە بانگخواز، زانای ئایینی، نووسەر
کۆچی دوایی نۆی مارسی ساڵی ١٩٩٦، ڕیاز
شوێنی ناشتنی تەرمەکەی گۆڕستانی بەقیع لە شاری مەدینە 

ژیاننامەی

ناوی تەواوی محەمەد غەزالی سەقا جبیلییە و لە ساڵی ١٩١٧ لە گوندی نەکلا لە پارێزگای بوحەیرە لە میسر لەدایکبووە، باوکی ناوی محمەد غەزالی لە کوڕە گەورەکەی ناوە چونکە سەرسامی ئیمامی غەزالی بووە و خەونی پێوە بینیوە، ناوی کوڕەکەی لە خوشەویستی بۆ ئیمامی غەزالی ناوناوە محمەد غەزالی و بە غەزالی بچووک ناسراوە.

محەمەد غەزالی پێنج برای هەبووە و خێزانەکەی زۆر پەیوەست بوونە بە ئایین، لە تەمەنێکی کەمدا هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، پاشان لەسەر داوای باوکی خوێندنی ئایینی و شەرعی و ئیسلامی خوێندووە لە پەیمانگای ئایینی لە ئەسکەندەرییە وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٣٧ چووەتە قاهیرە و چووەتە زانکۆی ئەزهەر و بڕوانامەی باڵای لە بنەماکانی ئایین لە ساڵی ١٩٤١ وەرگرتووە، هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە بانگەواز و ڕێنمایی ئایینی لە ساڵی ١٩٤١ لە تەمەنی ٢٤ ساڵی بەدەست هێناوە. 

ئەزموونی پیشەیی

  • دوای دەرچوون و بەدەسهێنانی بڕوانامە چەند پلە و پۆستێکی ئایینی گرنگی لە میسر وەرگرت لەوانە بەڕێوبەرایەتی بەشی مزگەوتەکانی میسر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانگەوازی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧١، پۆستی جێگری وەزیری ئەوقاف بۆ کاروباری ئەوقاف لە ساڵی ١٩٨٠ و هەروەها کاری وانەوتنەوەی کردووە لە زانکۆی ئەزهەر.
  • وەکوو پێشنوێژ و وتارخوێن لە چەندان مزەگەوتی میسر کاری کردووە.
  • لە ساڵی ١٩٧١ لە سعوودیە لە زانکۆی ئۆم لقوڕا لە مەککه وەکوو مامۆستا و وانەبێژ کاری کردووە.
  • لە ساڵی ١٩٨١ وەکوو جێگری وەزارەتی ئەوقافی وڵاتی میسر دیاریکراوە.
  • له ساڵی ١٩٨٤ لە زانکۆی ئەمیر عەبدولقادر بۆ زانستە ئیسلامییەکان لە جەزائیر بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری وانەبێژی کردووە و لەگەڵ چەند زانایەک پێکەوە لەو زانکۆیە مامۆستا بوون نموونەی یووسف قەرزاوی و محەمەد سەعیدی بووتی. 

ئەزموونی سیاسی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین

هەر لە تەمەنی لاوییەوە و لەو کاتەی کە لە زانکۆی ئەزهەر خوێندکار بووە محەمەد غەزالی بە کەسایەتی حەسەن بەننای دامەزرێنەری حیزبی ئیخوان موسلیمین کاریگەر بووە و بەیعەتی پێداوە و بووە بە ئەندامی حیزبەکە و هاوڕێی نزیکی بووە تەنانەت نامەگۆڕینەوەش هەبووە لەنێوانیان دەشوترێت کە حەسەن بەننا نازناوی (ئەدیبی ئوممەتی) پێبەخشیووە، محەمەد غەزالی لە گۆڤاری حیزبەکە بابەتی نووسیوە و دژایەتی جەمال عەبدولناسڕی کردووە.

لە ساڵی ١٩٤٨ دوای بڕیاری کۆتایی هێنان بە حیزبی ئیخوان موسلیمین لەگەڵ چەندان ئەندامی تری کۆمەڵەکە دەستگیر کرا و لە زیندانی تووڕ بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرا. لە ساڵی ١٩٥٢ بەهۆی ناکۆکی و ڕاجیایی لەگەڵ حەسەن هزێبی پێشەوای دووەمی ئەو کاتەی ئیخوان محەمەد غەزالی جیابوونەوە و بێبەری خۆی لە ئیخوان موسلیمین ڕاگەیاند. سەرباری ئەوەی لە ئیخوان موسلیمین جیاببووەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی جەمال عەبدولناسڕ داوای لێکرا لەڕێگەی نووسینەکانییەوە هێرش بکاتە سەر ئیخوانییەکان، بەڵام داواکەی ڕەتکردەوە و چەندجارێک بەوهۆیەوە بە تۆمەتی جیاجیا ڕاپێچی زیندان کرا. 

ڕەخنەگرتن و ئەزموونی لەگەڵ لە دەسەڵات

محەمەد غەزالی لە ماوە و سەردەمی ژیانیدا دژی ستەم و زۆرداری دەسەڵاتداران و حکوومەتە جیاوازەکانی میسر بووە، لە سەردەمی پاشایەتی و لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیک فارووق لە ساڵانی کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو دوای بڵاوکردنەوەی کتێبێکی بە ناوی (الإسلام والاستبداد السياسي) کتێبەکە قەدەغە کرا و محەمەد غەزالی درایە دادگا و دەستبەسەرکرا، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی لەسەر هەبێت ناچار ئازاد کرا. کاتێک لەگەڵ ئیخوان موسلیمین بوو دژایەتی جەمال عەبدولناسڕی کردووە و بەوهۆیەوە ڕاپێچی زیندان کراوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆک ئەنوەر سادات، بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە یاسایەکی باری شارستانی کە بە یاسای جیهان (هاوسەری ئەنوەر سادات) ناسرابوو هەموو کتێب و نووسراوەکانی لە میسر قەدەغە کران و بۆ ماوەیەک لە وتاردان و هەموو کارەکانی دوورخرایەوە، بۆیە کۆچی وڵاتی سعوودیە و جەزائیری کردووە و لەو دوو وڵاتە کاری مامۆستایی و وانەبێژی لە زانکۆ ئیسلامییەکان کردووە. لە سەردەمی حوسنی موبارەکیش لەگەڵ زۆرێک لە بڕیارەکانی نەبووە و بە ئاشکرا ڕەخنەی لێگرتووە. 

ئەزموون و شێوازی نووسین و بەرهەمەکانی 

بەرهەمەکانی محەمەد غەزالی پەیوەستن بە ئایینەوە، لە نووسین و کتێبەکانی دەردەکەوێت کە بانگخوازێکی میانڕەو و سەردەمیانە بووە و لەگەڵ قورسکردنەوەی بنەماکانی ئایین نەبووە و هەمیشە ئاسانکاری کردووە. دژی توندڕەوی و ستەم بووە و دادپەروەر بووە، بەبێ ترس لە ڕێگەی نووسینەوە ڕەخنەی ئاشکرای لە دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی خۆی گرتووە و بە ئاشکرا ڕاجیاییەکانی خۆی لەڕێی نووسینەکانییەوە دەربڕیوە، دژی ئەوە بووە ئیسلام لە دەقی قورس و ڕووکەشدا کۆبکرێتەوە.

بۆیە بەشێک لە کتێبەکانی کە بڵاودەبوونەوە دەنگۆ و بۆچوونی جیاوازی دروست دەکرد و تەنانەت دژیەتیش دەکرا، چ لەنێو ناوەندی ئیسلامی کە ئیسلامییە توندڕەو و لایەنگرانی سەلەف ڕەخنەی توندیان لێدەگرت و بە زانای موعتەزیلەی هاوچەرخ ناوەزەدیان دەکرد، چ لەنێو دەسەڵاتدارانی میسر کە ڕێگریان لە بڵاوبوونەوەی بەشێک لەو کتێبانە دەکرد کە لەبارەی ئایین و سیاسەتەوە دەینووسین و ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت.

محەمەد غەزالی خاوەن شەست کتێبە کە بە زمانێکی عەرەبی پاراو و ڕەوانبێژییەکی تەواو ناسراون، شێوازی نووسینی قووڵ بووە و بە وردی نووسییەتی، دیوانێکی شیعری هەیە بە ناوی (الحياة الأولى)، هەروها ژیاننامەی خۆی نووسییەتەوە بە ناوی (قصة حياة). 

گرنگترین بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبی

• السنة النبوية بين أهل الفقه وأهل الحديث
• عقيدة المسلم
• فقه السيرة
• كيف تفهم الإسلام
• هموم داعية
• سر تأخر العرب والمسلمين
• دستور الوحدة الثقافية بين المسلمين
• خلق المسلم
• معركة المصحف
• مشكلات في طريق الحياة الإسلامية
• الإسلام المفترى عليه
• الإسلام والمناهج الإشتراكية
• تأملات في الدين والحياة
• تراثنا الفكري في ميزان الشرع والعقل
• حصاد الغرور
• فن الذكر والدعاء عند خاتم الأنبياء
• كيف نتعامل مع القرآن
• الأسرة المسلمة وتحديات العصر
• قضايا المرأة 

کۆچی دوایی

محەمەد غەزالی لە ڕۆژی نۆی مارسی ساڵی ١٩٩٦ لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێک لەسەر ئیسلام و ئاستەنگییەکانی سەردەمی هاوچەرخ بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەی لە گۆڕستانی بەقیع لە شاری مەدینە نێژرا، چونکە خۆی وەسێتی کردبوو کە دەیەوێت لە گوڕستانی بەقیع لە مەدینە بنێژرێت.


سەرچاوەکان



79 بینین