بۆچی پێویستە لە قوتابخانەکان کتێبخانە هەبێت؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-21-21:56:00 - کۆدی بابەت: 12604
بۆچی پێویستە لە قوتابخانەکان کتێبخانە هەبێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی پێویستە لە قوتابخانەکان کتێبخانە هەبێت (بە عەرەبی: لماذا يجب أن تكون هناك مكتبات في المدارس، بە ئینگلیزی: Why should there be libraries in schoolsقوتابخانەکان ناوەندی فێربوونن، ناوەندی پەروەردە و گەشەپێدانی لایەنە ڕەوشتییەکانی تاکن لە کۆمەڵگە، گرنگە ناوەندەکانی فێربوون بکرێن بە سەنتەری پەروەردە و فێربوون، گرنگە لەم ناوەندانە لە پاڵ پڕۆگرامی خوێندن گرنگی بدرێت بە کولتوور کردنی کتێب خوێندنەوە ڕۆژانە کاتژمێرێک تەرخان بکێت خوێندکار سەردانی بەشی کتێبخانە بکات و کتێب بخوێنێتەوە یان ڕێگەی پێ درێت کتێب بباتەوە ماڵەوە و بیخوێنێتەوە. 

سوودی ئەمە لە چیدایە؟ 

بە بۆچوونی من کتێب خوێندنەوە وا دەکات مرۆڤ چەق بەستوو نەبێت. گەر تەنها پشت بە بابەتەکانی قوتابخانە ببەستین ئەوا نەک هەر خوێندکار تەنانەت مامۆستاش چەق بەستوو دەبێت و لە بابەتە نووسراوەکانی ناو کتێبەکە ناتوانێت شتێکی زیاتر بڵێت. لەبەر ئەوە پێویستە بۆ هەر وانەیەک ژمارەیەک ناونیشان و سەرچاوە دابین بکرێت تا تەواوکەری یەکتر بن. وەک دەزانین بابەتەکانی خوێندنگە بە زنجیرەییە یان پوختەی بابەتەکەیە گەر مەبەستمان فێربوون بێت و تەنها هێنانی نمرە نەبێت ئەوا پێویستە بخوێنینەوە.

ڕێگایەکی گرنگ تا وابکرێت خوێندکار حەزی کتێب خوێندنەوەی لا دروست ببێت

بۆ هەر وانەیەک (زمانەکان، پەروەردەی ئیسلامی، زانستییەکان، زانستە مرۆڤایەتییەکان و کۆمەڵایەتییەکان) مامۆستای وانە دەتوانێت لە درێژەی میتۆدی وانە وتنەوە هەفتانە کتێب بەسەر خوێندکاران دابەش بکات و پێیان بڵێت بخوێننەوە و دواتر داوا بکات سیمینارێک پێشکەش بکەن لە بارەی ئەوەی خوێندوویانەتەوە. یاخود دەکرێت پێشبڕکێیەک ڕێک بخرێت کێ زۆرترین کتێب دەخوێنێتەوە بە تێگەیشتنەوە یان ئەو کتێبەی لەم هەفتەیەدا خوێندوویەتیەوە بێت بۆ هاوڕێکانی باس بکات بەم چەشنە خوێندکار لە نێوان چوار دیواردا کە بە زیندانی دەزانی لێی دەبێت بە کەشێکی تایبەت و هەوڵی فێربوون دەدات. 

خاڵێکی تر کە بە گرنگی دەزانم باسی کەم ئەویش بۆ قۆناغی بازنەی یەکەم لە پەروەردە، وەک ئەزانین پەروەردەی ئیسلامی گۆڕدراوە و وەک جاران نەماوە زۆر بابەتی گرنگی لێ لابراوە. مامۆستای وانە ئەتوانێت داوا لە قوتابیان بکات یاخود لەسەر ئەرکی خۆی یان قوتابخانە یاخود لەسەر پەروەردەی شارەکان کتێبی تایبەت بە پەروەردەی ئیسلامی لە ژیانی سەروەرمان پێغەمبەر محەمەد (د.خ) و هاوەڵانی یاخود پێغەمبەرەکانی تر کە ناویان لە قورئاندا هاتووە یان ئەو کتێبانەی لە چوارچێوەی پەروەردەی ئیسلامین بەڵام بۆ منداڵ کراون دابین بکرێن تا شارەزایی پەیدا بکەن لە ئایینەکەمان چونکە جێی داخە زۆر خوێندکار هەیە بێ ئاگایە لەم بابەتانە. دەکرێت کتێبی پەند و ئامۆژگارییەکانی تایبەت بە منداڵیش سوودی لێ ببینرێت. 

بێگومان ئەم میتۆدە بە بۆچوونی خۆم زۆر گرنگترە لە تاقیکردنەوە و هێنانەوەی پرسیاری قورس کە خوێندکار ترسی لێ بنیشێت لە بەرانبەر فێربوون، زۆر خوێندکار کاتێک باسی کتێب خوێندنەوەی لەگەڵ ئەکەیت چونکە بێ ئاگایە لە سوودەکانی کتێب و لە قوتابخانەش گرنگی پێ نەدراوە دەڵێت "چۆن تاقەتی کتێب خوێندنەوەت هەیە؟" من ئەمە بە هەڵەی خوێندکارەکە نازانم بەڵکو سیستمی پەروەردە وای کردووە خوێندکار نەتوانێت جگە لە بابەتی قوتابخانە یان نەبوونی کتێبخانە لە نێو فێرگەکان ئەم کەشە مەترسیدارە بخولقێنێت.


سەرچاوەکان



50 بینین