زیندانی ئەبووغرێب

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-22-00:28:00 - کۆدی بابەت: 12621
زیندانی ئەبووغرێب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرتووخانەی ئەبووغرێب یان زیندانی ئەبووغرێب (بە عەرەبی: سجن أبو غريب، بە ئینگلیزی: Abu Ghraib prison) گرتووخانەیەکی عێراقییە و دەکەوێتە نزیک ناوچەی ئەبووغرێب کە بە دووری ٣٢ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای شاری بەغدادەوە دوورە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ڕووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراق زیندانی ئەبووغرێب زیاتر ناسراو بوو، چونکە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە دیاریکراوی هێزەکانی ئەمریکا بۆ زیندانیکردنی عێراقییەکان بەکارهێنرا. ڕووبەری گرتووخانەکە ١٫١٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و توانای لەخۆگرتنی ١٥٠٠٠ زیندانی هەیە.

مێژووی زیندانی ئەبووغرێب

سەرەتای بنیاتنانی زیندانەکە

سەرەتای بنیاتنانی زیندانەکە دەگەڕتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٥٠ یان هەندێک سەرچاوە ئاماژە بۆ ساڵی ١٩٥٧ دەکەن، حکوومەتی پاشایەتی ئەو سەردەمەی عێراق بە هاوکاری هاوپەیمانی بەریتانیا بودجەیەکی تایبەتی بۆ دروستکردنی زیندانێکی چاکسازی لە نزیک شاری بەغداد دیاری کرد، بە تەرخانکردنی ڕووبەرێکی (٥٠٠ فەدان) کە دەکاتە نزیکەی (دوو کیلۆمەتر چوارگۆشە) پڕۆژەکە دەستی پێکرد و بڕیاردرا زیندانەکە نزیکەی چوار هەزار زیندانی لەخۆبگرێت، هەروەها وابڕیار بوو کە ببێتە ناوەندێکی چاکسازی و داواکرا کە کتێبخانە و ناوەندێکی فێربوونی کاری دەستی و ڕاهێنان و فێربوونی پیشەی نوێ بۆ زیندانیان و گۆڕەپانێکی گەورەی بۆ دروست بکرێت، نەخشەی ئەندازیاری پڕۆژەکە جێبەجێ کرا و بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرا.

زیندانی ئەبووغرێب لە سەردەمی سەدام حسێن

زیندانی ئەبووغرێب لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن و حیزبی بەعس بەکارهێنراوە، لەلایەن ئاسایشی گشتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ئەو سەردەمەوە بەڕێوەدەبرا و سەرپەرشتی دەکرا. لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس ئەم زیندانە بۆ ئەو زیندانیانە بەکاردەهێنرا کە حوکمیان لەسەر تاوانێک وەرگرتبوو و لەسەر ئەنجامدانی تاوان و تاوانکاری زیندانی کرابوون، ژمارەی زیندانانی سیاسی لە زیندانی ئەبووغرێب لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام کەم و دیاریکراو بوو، بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ دەسەڵاتدارانی سەدام ئەشکەنجەی زیندانیانی ئەبووغرێبیان داوە و مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ حکوومەتی سەدام زیندانەکەی گەورە کردەوە و شەش بەشی تری بۆ زیاد کرد.

بەکارهێنانی زیندانەکە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە

لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای ڕووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بەسەر گرتووخانەکەدا گرت و زیندانی ئەبووغرێب لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرا و بەڕێوەدەبرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٣ لە چەند سەرچاوەیەکەوە پێشێلکاری و وێنەی ئەشکەنجە و سزادانی زیندانییانی ئەبووغرێب بە خراپترین شێوە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بڵاوکرایەوە، سەربازانی ئەمریکی بە بەکارهێنانی ڕێگای قەدەغەکراو و بە خراپترین شێوە ئەشکەنجەی زیندانیانی گرتووخانەکەیان دابوو، لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەشکەنجەدانی کارەبایی، سزادان و ئەشکەنجەدانی دەروونی، دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی، برسی کردن، توینی کردن، دابین نەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و چەندان ڕێگای نایاسایی تر. تەنانەت بەشێک لە زیندانیانی نێو گرتووخانەکە بەبێ دادگایی کردن و بەبێ بوونی هیچ تۆمەتێکی فەرمی دەستگیرکرابوون و هەندێکیش لە زیندانیان نێوجەوان و منداڵ بوون و لەخوار تەمەنی یاسایی بوونە، بەشێکی زۆری زیندانیکراوان عەرەبی سوننە مەزهەبی خەڵکی عێراق بوونە.

جەنگی ئەبووغرێب

جەنگی ئەبووغرێب هێرشێکی چەکداری بوو کە لەلایەن چەکدارانی قاعیدەی عێراقی دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا لە زیندانی ئەبووغریب لە ڕۆژی دووی نیسانی ساڵی ٢٠٠٥ ڕوویدا. هێرشەکە دوو کاتژمێری خایاند، چەکدارانی قاعیدە لە سەرەتادا بە مووشەکی قورس هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکە، پاشان بە چەکی سووک و نارنجۆکی دەستی و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بەردەوامییان بە هێرشەکە دا، هێزەکانی ئەمەریکا دوای دوو کاتژمێر توانیان گەمارۆدانەکە بوەستێنن و بەرپەرچی چەکدارانی قاعیدەیان دایەوە، لە هێرشەکەدا زیاتر لە ٤٠ سەربازی ئەمەریکی بریندار کران و نزیکەی ٧٠ چەکداریش لە قاعیدە کوژران و لەنێوان زیندانییەکانیش کوژراو و بریندار هەبوون، هاوکات لە هێرشەکەدا ژمارەیەۆ زیندانیکراو لەلایەن چەکدارانی قاعیدەوە لە ئەبووغرێب ئازادکران.

ئاشکرابوونی تاوان و پێشێلکارییەکانی سەربازانی ئەمریکا لەنێو زیندانەکە

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ ئابڕووچوونێکی سەربازە ئەمریکییەکانی نێو زیندانەکە ئاشکرا بوو، کە ئابڕووچوونەکە دەستدرێژی سێکسی و ئازاردانی دەروونی و جەستەیی لەگەڵ ئەشکەنجەدان و ئازاردانی سەخت و تەنانەت کوشتنی زیندانییەکانی بە بەڵگەوە تێدا ئاشکرا بوون و وێنەی ئەشکەنجەدانەکان بڵاوکرانەوە، ئەو پێشێلکارییانە لەلایەن سەربازانی نێو سوپای ئەمریکا کە دەرهەق بە زیندانیکراوە عێراقییەکان ئەنجام درا بوون لەگەڵ وێنەکان بوونە هۆی ئابڕووچوونێکی گەورە بۆ سوپای ئەمریکا.

دوای ڕووداوەکە چوار لەو زیندانیانەی کە لەو زیندانە بوون و ئەشکەنجە درابوون بە هاوکاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (CACI) لە ئەمریکا سکاڵای یاساییان دژی سەربازە ئەمریکییەکان تۆمارکرد، بەڵام دادوەری دادگاییەکە بە بیانووی ئەوەی کە ڕووداوەکان لە دەرەوەی سنووری ئەمریکا ڕوویداوە سکاڵا و تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە. لە ساڵی ٢٠٠٧ فیلمێکی بەڵگەیی ئەمریکی بە ناوی (تارماییەکانی نێو ئەبووغرێب/Ghost of Abu Gharib) بابەتی پشێلکارییەکانی نێو زیندانییەکەی بە بەڵگەوە خستەڕوو و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە جیهاندا لەسەر ڕووداوەکە دروستکرد.

هاوکات بەپێی بڕیاری (ئالفین هیلێرستین) دادوەری نیویۆرک وەزارەتی بەرگری پابەند كراوە وێنەکانی گرتووخانەی ئەبووغرێب و مامەڵەی سەربازە ئەمریکییەکان لەو گرتووخانەیە بڵاوبكاتەوە. حکوومەتی ئەمریکا بۆ کپکردنی دەنگۆکان هەندێک لەو سەربازانەی کە پلەی نزمیان هەبوو و لە ڕووداوەکان تێوەگلابوون دادگایی کرد و سزای سوکی بە سەردا سەپاندن، لە ساڵی ٢٠٠٨ (شوان مارتن) کە سەربازێکی بەشداربووی تاوانباری ڕووداوەکان بوو تەنیا سزای ٤٥ ڕۆژ زیندانی و بڕی ١٢ هەزاری دۆلار قەرەبووی بەسەردا سەپێنرا.

داخستنی زیندانی ئەبووغرێب

لە ساڵی ٢٠٠٦ دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئابڕووبەرەکانی سەربازە ئەمریکییەکان و دەرکەوتنی پێشێلکارییەکانیان بەرانبەر زیندانییەکانی گرتووخانەکە زیندانی ئەبووغرێب داخرا. لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٠٩ حکوومەتی عێراقی دووبارە زیندانییەکەی کردەوە و وەکوو زیندانی ناوەندیی بەغداد بەکارهێنرا. بەڵام لە ڕۆژی ١٥ـی نیسانی ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی بارودۆخ و ئاسایشی ئەمنی بەغداد و عێراق دووبارە زیندانییەکە چۆڵکرا و داخرایەوە.


سەرچاوەکان



42 بینین