جیاوازی چییە لە نێوان سەردانکەری ڕۆژ، سەردانکەر، گەشتیار؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-22-14:08:00 - کۆدی بابەت: 12626
جیاوازی چییە لە نێوان سەردانکەری ڕۆژ، سەردانکەر، گەشتیار؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی چییە لە نێوان سەردانکەری ڕۆژ، سەردانکەر، گەشتیار؟ (بە عەرەبی: ما فرق بین مسافر الیومي، زائر، سائح، بە ئینگلیزی: What are the difference between Day tripper, visitor and touristزاراوەی گەشتیاری لە زانستی بازاڕگەری گوزارشت لە سێ بابەت دەکات کە ئەوانیش سەردانکەری ڕۆژ، سەردانکەر و گەشتیارە. بە گوێرەی ڕێسا و ڕێنماییەکانی گەشتیاری لە زانستی بازاڕگەریدا ئەم سێ بابەتە لە ناوەرۆکدا جیاوازن و ناکرێت بە هەموو کەسێک بڵێین گەشتیار

گرنگترین جیاوازییەکان

یەکەم لە ڕووی کاتی مانەوە: سەردانکەری ڕۆژ دەبێت لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بگەڕێتەوە ماڵەوە. سەردانکەر بۆ چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، بەڵام گەشتیار ماوەی مانەوەی لە نێوان هەفتەیەک بۆ مانگێکە. کەسی سەردانکەری ڕۆژ وەک وتمان نامێنێتەوە هەر لەبەر ئەمەش لە هۆتێلدا نامێنێتەوە و هەمان ڕۆژ دەگەڕێتەوە. لەلایەکی تر، کەسی سەردانکەر لە هۆتێل دەمێنێتەوە یاخود مۆتێل بۆ شەوێک یان چەند شەوێک بە مەرجێک لە هەفتەیەک تێپەڕنەکات. بەڵام گەشتیار هەفتەیەک بۆ مانگێک دەمێنێتەوە. 

دووەم مەبەستی گەشتکردن: سەردانکەری ڕۆژ تەنها بۆ دەربازبوون لە ڕۆتینی ڕۆژانە گەشت دەکات بێ ئەوەی لەو ناوچەیە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکات، دەچێتە پارکێک یان مۆڵێک یان سەردانی کەسە نزیکەکانی دەکات. لەلایەکی ترەوە سەردانکەر بۆ مەبەستی چێژوەرگرتن و بۆ بەسەربردنی کاتەکانی گەشت دەکات. بەڵام کەسی گەشتیار بە مەبەستی ئەزموون کردن گەشت دەکات وەک تاقیکردنەوەی خواردن، چالاکی و سەرکێشی لە شوێنی گەشتیاری.

سێیەم جۆری هۆتێل: سەردانکەر لە هۆتێلی سێ ئەستێرە دەمێنێتەوە. بەڵام گەشتیار لە هۆتێلی چوار ئەستێرە یاخود پێنج ئەستێرەدا دەمێنێتەوە. 

چوارەم لە ڕووی جۆر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی هۆتێل: لەو هۆتێلەی کەسی سەردانکەر دەمێنێتەوە تەنها ژەمی بەیانیان و چای و قاوە پێشکەش دەکرێت، بەڵام لەو هۆتێلەی گەشتیار دەمێنێتەوە ژەمی بەیانی و ئێوارە، چای و قاوە پێشکەشدەکرێت. هەندێک هۆتێلیش هەن هۆڵی لەشجوانی و مەلەوانگە و ساونایان هەیە.

تێبینی/ هەندێک جار ڕەنگە لە هۆتێلی چوار ئەستێرە یاخود پێنج ئەستێرە مابیتەوە بەڵام هەر بە گەشتیار هەژمار ناکرێیت، چونکە دەبێت زیاتر لە ڕۆژێک بمێنیتەوە، چێژ لە کاتەکان ببینیت بە گەڕان و پیاسە نەوەک هەر لە نێو هۆتێلدا بیت.

پێنجەم لە ڕووی هۆیەکانی گواستنەوە: سەردانکەری ڕۆژ بە گشتی ئۆتۆمبیلی خۆی بەکاردێنێت یان تەکسی و پاسی نێوان شارەکان کە بەنرخێکی کەم کاری گواستنەوە دەکەن و هەمان ڕۆژیش دەگەڕێتەوە. بەڵام سەردانکەر لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار بە پاس سەردانی ئەو شارە و ناوچەکانی دەکەن. گەشتیاریش بەهەمان شێوە بەهۆی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار گەشت دەکەن بەڵام ئەم کۆمپانیایانە پێیان دەوترێ Corporation و فرە لقن، و ئەو هۆکاری گواستنەوەیەی گەشتیار گەشتی پێدەکات پاس یاخود هێڵی ئاسنی یاخود کەشتی یاخود فڕۆکەیە، بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراق بۆ گەشتیار تەنها پاس و فڕۆکە هەیە. 

شەشەم لە ڕووی خەرجی: سەردانکەری ڕۆژ گەر لە وڵاتێکی وەک عێراق و هەرێمی کوردستان وەربگرین دەکرێت هیچ خەرج نەکات، بەبۆنەی کارێک یان شتێک سەردانی ئەو شار و شارۆچکەیە دەکات ئەو پەڕی خەرجییەکەی نان خواردنە لە خواردنگەکانی سەر ڕێگای نێوان شار و شارۆچکەکان. بە گشتی سەردانکەری ڕۆژ نابێتە مایەی  سوود بۆ حکوومەت و دەزگای گەشتوگوزاری ئەو وڵاتە. پسپۆڕانی بازاڕگەری دەڵێن زۆرترین خەرجی کە دەکرێت سەردانکەری ڕۆژ خەرجی بکات ١٠٠ دۆلارە بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراق و هەرێم خەرجییەکان زۆر کەمترە بۆ سەردانکەری ڕۆژ. کەسی سەردانکەر خەرجییەکانیان کە تێچووی گواستنەوەیان و هۆتێل لە خۆدەگرێت ٤٥-٨٠ هەزار دینار بەڵام لەناوچە گەشتوگوزارییەکاندا خەرجی لەسەر خۆیانە وەک نان خواردن و کڕینی پێداویستی تر. بەڵام گەشتیار ڕێژەی تێچووەکەی زۆر زیاترە کە خۆی لە ٥٠٠-١٠٠٠ دۆلار دەبینێتەوە (وڵات بۆ وڵات دەگۆڕێت). 

حەوتەم داهات: وەک وتمان کەسی سەردانکەری ڕۆژ دەکرێت لە بۆنەکاندا وەک نەورۆز کە دەچێتە شوێنێکی گەشتوگوزار هەموو شتێکی پێیە وەک خواردن و میوە و سەوزە و نەوت و خەڵووز بۆ ئاگرکردنەوە، بۆیە داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ حکوومەت بەڵکو بۆ فرۆشیارەکانە. بەڵام سەردانکەر ناچارە لە ناوچە گەشتوگوزارییەکان خۆی خواردن بکڕێت. بە هەمان شێوە گەشتیاریش. سەبارەت بە  داهات کۆمپانیا گەشتیارییەکان چ بۆ سەردانکەر و چ بۆ گەشتیار وەک تۆڕێکن لەگەڵ ئەو ناوچانەی گەشتیار و سەردانکەرانی بۆ دەبەن هەمووان لە داهاتدا هاوبەشن. گەر کەرتی گەشتیاری وەربگرین بە نموونە داهاتی ملیاران دۆلارە کە لایەنی سوودمەند حکوومەت، کۆمپانیا گەشتیارییەکە، خواردنگەکان، ناوچە گەشتیارییەکە، هۆتێل، مۆڵەکان و چەندان شوێنی تر سوودمەند دەبن.

هەشتەم لە ڕووی چەشنایەتی: سەردانکەر و سەردانکەری ڕۆژ بە ناوخۆیی هەژماردەکرێن، بەڵام گەشتیار بە بیانی هەژماردەکرێت، دەکرێت لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک جیاوازی هەبێت بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەورووپی گەشتیاری ناوخۆیی هەیە کە لە وەرزی پشوودا سەردانی بەشەکانی تری وڵاتەکەیان دەکەن نزیکەی مانگێک گەڕان دەکەن بە وڵاتەکەیاندا. 

ئایا هەرێمی کوردستان وڵاتێکی گەشتیارییە؟ 

بە پێی ئەم شیکارییەی کردمان کوردستان ناوچەی گەشتوگوزاری زۆرە، سروشتی دڵڕفێن، دەریاچە، ناوچەی شاخاوی، تاڤگەی هەیە. کە هەر وەک وڵاتانی دەوروبەر وایە لە سروشتدا. بەڵام زانستی بازاڕگەری و کەرتی گەشتیاری پێمان دەڵێت کە کوردستان وڵاتێکە خەڵک سەردانی دەکات و لە جۆری Visitedــە یان ئەو کەسەی سەردان دەکات پێی دەوترێت Visitor لە هەمان کاتدا Day tripper یشمان هەیە بەڵام هەرێمەکەمان گەشتیاری نییە. کاتێک دەوترێت گەشتیاری زیاتر لایەنی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە کە لە وڵاتانی تر بە درێژایی ساڵ گەشتیار سەردان دەکات نەوەک تەنها لە جەژن و بۆنەکان و پشووەکان. و چالاکییەکانی ئەنجام دەدرێت دەبێ ئەو وڵاتەی پێ بناسرێتەوە بۆ نموونە شارۆچکەی ئاکرێ لە بۆنەی نەورۆزدا سیمایەکی جوان دەبەخشێت لە ساتی ئاگرکردنەوەی نەورۆز بەڵام سەرنجی کەسانی بیانی ڕاناکێشێت کە وا بکات ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار لەبەر ئەم هۆکارە سەردانی کوردستان و بەتایبەتیش ئاکرێ بکەن. 

داهاتی کەرتی گەشتیاری ملیاران دۆلارە کە حکوومەتی ئەو وڵاتە دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و باشترکردنی ژیانی هاونیشتمانیانی. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی نەبوونی Attraction سەرنجڕاکێشانی نایاب ئەو کەسانەی سەردان دەکەن تەنها بۆ چێژبینین و کات بەسەربردن دێن نەوەک تاقیکردنەوەی چالاکییەکان و ئەزموون کردن و ئەنجامدانی سەرکێشی جۆر بە جۆر. خەرجی حکوومەت بۆ کەرتی گەشتیاری دەکرێت ملیۆنان دۆلار بێت تاوەکو سەرنجی بیانییەکان ڕاکێشێت بە لای خۆیدا و لە بەرانبەردا ملیاران دۆلاری وەک داهات بۆ بگەڕێتەوە.


سەرچاوەکان



35 بینین