بۆچی زمانی عەرەبیی قورئان قورسە؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-22-23:57:00 - کۆدی بابەت: 12658
بۆچی زمانی عەرەبیی قورئان قورسە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی زمانی عەرەبیی قورئان قورسە (بە عەرەبی: لماذا اللغة العربية في القران صعبة؟، بە ئینگلیزی: Why is Arabic in Qur'an difficult) قورئان کتێبی پیرۆزی موسڵمانانە و گوتە و فەرمایشتی خوایە کە بۆ پێغەمبەر لەلایەن فریشتە جوبرائیلەوە دابەزیوە، هاوکات بە پەرچوو و موعجیزەی پێغەمبەر دادەنرێت و کتێبێکە کە تا ڕۆژی دوایی لەناوناچێت. زمانی عەرەبی قورئان زمانێکی تایبەتمەند و پاراوە تاڕادەیەک جیاوازە لە شێوەزاری ئەو زمانە عەرەبیانەی کە قسەی پێدەکرێت، پێویستی بە ڕاڤە و وەرگێڕانی ورد هەیە تاکوو شی بکرێتەوە.

ئایا قورئان قورسە؟

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز لە سوورەتی (القمر) لە ئایەتی ٢٢ دەفەرموێت: (وَلَقَدْ يَسَّرْنَا ٱلْقُرْءَانَ لِلذِّكْرِ فَهَلْ مِن مُّدَّكِرٍ)، واتا: "بێگومان ئێمه‌ قورئانمان ئاسان کردووه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن و ئامۆژگاری وه‌رگرتن، جا ئایا که‌سێک هه‌یه‌ ده‌رکی حه‌قیقه‌ت و ڕاستی بکات و په‌ندی وه‌رگرتبێت." بۆیە لەم ئایەتەوە دەردەکەوێت ناوەڕۆکی قورئان و فەرمایشتی خودا ئاسانن و بە شێوەیەکن کە هەرکەسێک هەوڵێکی کەم بدات دەتوانێت بە ئاسانی لێیان تێبگات و جێبەجێیان بکات، زمانەکەی تایبەتمەندە و لەڕێی شیکەرەوان و ڕاڤەکاران دەکرێت واتای فەرمایشتەکانی خوا ڕوون بکرێتەوە.

حیکمەتی زمانی عەرەبی لە قورئاندا

قورئانی پیرۆز بە پەرچوو و موعجیزەی پێغەمبەر و ئیسلام دادەنرێت. خوای گەورە لە ئایەتی٥٠ـی سوورەتی (العنكبوت) سەلماندوویەتی کە قورئان موعجیزەیە و دەفەرموێت: (وَقَالُوا۟ لَوْلَآ أُنزِلَ عَلَيْهِ ءَايَـٰتٌ مِّن رَّبِّهِۦ ۖ قُلْ إِنَّمَا ٱلْـَٔايَـٰتُ عِندَ ٱللَّهِ وَإِنَّمَآ أَنَا۠ نَذِيرٌ مُّبِينٌ)، واتا: بێباوەڕان کە قورئان به‌ به‌ڵگه‌ دانانێن ده‌ڵێن: باشه‌ چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر نیشانه‌ و به‌ڵگه‌ی له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریه‌وه‌ بۆ ڕه‌وانه‌ بکرایه‌، تۆش ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ وه‌ڵامیاندا بڵێ: موعجیزە و نیشانه‌ و به‌ڵگه‌ ماددییه‌کان به‌ ده‌ست خوا خۆیه‌تی و من ته‌نها ئاگادارکه‌ره‌وه‌ و بێدارکه‌ره‌وه‌یه‌کی ئاشکرام بۆتان.

لە ئایەتی ٥١ـی هەمان سوورەت خوای گەورە دەفەرموێت: (أَوَلَمْ يَكْفِهِمْ أَنَّآ أَنزَلْنَا عَلَيْكَ ٱلْكِتَـٰبَ يُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ ۚ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَرَحْمَةً وَذِكْرَىٰ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ)، واتا: ئایا به‌س نییه‌ بۆیان که‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ قورئانمان بۆ تۆ دابه‌زاندووه‌ و به‌سه‌ریاندا ده‌خوێنرێته‌وه‌، بێگومان له‌و قورئانه‌دا سۆز و یادکردنەوەی ئاشکرا هه‌یه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئیمان ده‌هێنن.

ئایینی ئیسلام بۆ تێکڕای هەموو خەڵکی جیهانە و پێغەمبەری ئیسڵامیش لە سەرەتای بانگەوازیدا بۆ خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەبی و هۆزی قوڕەیش بە تایبەتی نێردرا و ڕەوانە کرا، بۆیە بانگەوازی سەرەتا لەنێو گەلێکی دیاریکراوەوە دەستی پێکرد و پێویست بوو کتێب و پەرچووەکانیش بە زمانێک بێت کە ئەو گەلە لێی تێبگەن، بۆیە خوای گەورە نەتەوەی عەرەب و زمانی عەرەبی هەڵبژارد چونکە پێغەمبەر ﷺ لەنێو ئەوان بوو و پێویست بوو موعجیزە و پەرچووی پێغەمبەر لەگەڵ گوزەرانی خەڵکی و هزر و تێگەیشتنی ئەو سەردەمەدا بگونجێت تاکوو بتوانێت بە ئاسانی ئایین و پەیامەکە لە دەوروبەری خۆی بڵاوبکاتەوە.

عەرەبەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و قوڕەیشییەکان هیچ شتێکی وایان نەبووە کە شانازی پێوە بکەن نموونەی شارستانی یان هونەر چەشنی شارستاییە کۆنەکانی وەک یۆنان و میسرییە کۆنەکان، ئەوان تاکە شانازییەک کە هەیانبوو زمانەکەیان بوو، داڕشتنەوەی وشە، وشەسازی، دەربڕینی جیاواز، شیعر، ڕەوانبێژی و ئەدەب تاکە شت بوون کە عەرەبەکان شانازیان پێوە دەکرد و لێی زیرەک و بەتوانا بوون.

کاتێک قورئان بەو زمانە پاراو و تایبەتمەندە دابەزی و لەڕووی زمانەوانییەوە بە کامڵترین کتێب دانرا و بە گەورەترین پەرچووی سەردەمی خۆی هەژمار کرا و لای عەرەبەکان زۆر مەزن بوو چونکە ئەوان بەو زیرەکی و زمانپراوییەی خۆیان نەیاندەتوانی هەڵەی ڕێزمانی و هەڵەی زمانەوانی لە قورئان بدۆزنەوە.

تایبەتمەندییەکانی زمانی عەرەبی لە قورئاندا

زمانی عەرەبی بە بەراورد بە زمانەکانی تر لە زۆر ڕووەوە دەوڵەمەندە، بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی نزیکەی ٦٠٠ هەزار وشەیە یان زمانی ڕووسی نزیکەی ١٣٠ هەزار وشەیە، بەڵام زمانی عەرەبی ١٢ ملیۆن وشەی لەخۆگرتووە، زمانەکە بە جۆرێکە کە بۆ هەر شتێک چەندان ناوی دیاریکراو هەیە و یەک ناوی نییە، هاوکات دەکرێت یەک ناوێک ئاماژە و واتا بێت بۆ چەند شتێک پێکەوە بۆیە بە زمانێکی دەوڵەمەند و تایبەت دادەنرێت.

تایبەتمەندییەکی تری قورئانی پیرۆز ئەوەیه کە دەماودەم وەرگیراوە، واتا فەرمایشتی خوایە لە فریشتە جوبرائیلەوە بۆ پێغەمبەر دابەزیوە پاشان لەلایەن پێغەمبەر بۆ هاوەڵان خوێندراوەتەوە و دواتر لە سەردەمە جیاوازەکان کۆکراوەتەوە و ڕێکخراوە.

خوای گەورە لە سوورەتی (الزمر) لە ئایەتی ٢٨ دەفەرموێت: (قُرْءَانًا عَرَبِيًّا غَيْرَ ذِى عِوَجٍ لَّعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ)، واتا: قورئانێکی عەرەبییە بە زمانێکی پاراو، هیچ که‌چی و لارییه‌کی تێدا به‌دی ناکرێت ئەمە بۆ ئه‌وه‌یە کە پارێزکار و خواناس بن. لە وشە و ڕستەکانی قورئاندا تەنانەت دەنگ و شێوازی دەربڕینی زۆر ڕێکن و هاوگونجاوی لە دەنگەکانی هەیە و بۆشایی نییە لە وشە و پیتەکانی قورئاندا. لە زورێک لە زمانەکان خوێندنەوە و نووسینی وشەکان وەکوو یەک نییە، نموونەی زمانی ئینگلیزی و زمانی فەڕەنسی و زمانی ئەڵمانی، بەڵام زمانی عەرەبی شێوازی خوێندنەوە هاوشێوەی شێوازی نووسینە ئەمەش ئەگەری ڕوودانی هەڵەی زمانەوانی کەمتر دەکاتەوە.

بەپێی سەرچاوەکان دەرکەوتووە کە زمانی عەرەبی زمانی بنەڕەتی پێغەمبەر ئادەم بووە و بە زمانی مرۆڤایەتی دادەنرێت. زمانیش لەناچوون و تێکدانی هەیە، زمانی عەرەبی بە زمانە نەمرەکان دادەنرێت چونکە ئەو هۆکارانەی کە بە هۆکاری لەناوچوونی یان مردنی زمان دادەنرێت لە عەرەبیدا نییە و قسەپێکەرانی ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە. خوای گەورە بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک پەیامی بە زمانی خۆیان ناردووە دوای لەناوچوونیان زمان و پەیامەکەش لەناوچوون، بەڵام بەهۆی ئەوی زمانی عەرەبی زمانی قورئانە و بۆ هەموو مرۆڤایەتییە بۆیە ئەو زمانە تا ڕۆژی دوایی بە نەمری دەمێنێتەوە و لەناوناچێت.


سەرچاوەکان



333 بینین