چۆن بزانم لاوازم؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-23-00:41:00 - کۆدی بابەت: 12660
چۆن بزانم لاوازم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بزانم لاوازم؟ (بە عەرەبی: كيف اعرف انني نحيف، بە ئینگلیزی: How do I know I'm skinny) کەمی کێشی لەش و نەبوون و لاوازی ماسولکەکانی لەش دوو بەڵگەن کە دەریدەخەن مرۆڤ لاوازە و کێشی کەمە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێوەری بارستایی جەستە یان پێوەری کێشی جەستە ناسراو بە BMI کەمی و زۆری کێشی جەستەی مرۆڤ دیاری دەکرێت، لەڕێگەی بەراوردکردنی بەرزی باڵا و کێشی مرۆڤ لاوازی دیاری دەکرێت.

دەستنیشانکردنی لاوازی لەڕێگەی پێوەری BMI

پێوەری کێشی لەشی مرۆڤ BMI پێوەرێکه کە لە ڕێگەی چوار ئاستەوە کێشی مرۆڤ دەپێوێت و لە ڕێگەی پێوانەی درێژی باڵا بە سانتیمەتر و کێشی جەستە بە کیلۆگرام دیاری دەکات کە کەسەکە کێشی بەرز بێت یان کەم بێت یاخود کێشی تەندروست بێت،

پێوەری کێشی لەش دەکاتە کێشی لەش بە کیلۆگرام دابەشی دووجای بەرزی باڵا بە سانتیمەتر. BMI= weight (kg) / [height (m)]2. ئەنجامەکەی بە چوار ئاست دیاریکراون کە بریتین لە:

  • کەمی کێش یان لاوازی لەڕادەبەدەر بە دەستەواژەی (Underweight) لە پێوەرەکە دەردەکەوێت ڕێژەی پێوانەکەی کەمتر لە ١٨٫٥، واتا کێشی کەسەکە سروشتی نییە و زۆر لاوازە.
  • بوونی کێشێکی تەندروست کە نە لاواز بێت نە زیاد بە دەستەواژەی (Healthy) لە پێوەرەکە دەردەکەوێت و ڕێژەکەی لەنێوان ١٨٫٥ بۆ ٢٥ـە واتا کێشی کەسەکە زۆر تەندروسته کەسەکە لاواز نییە و کێشی زیادەشی نییە.
  • بوونی کێشێکی زیادە و مامناوەند بە دەستەواژەی (Overweight) لە پێوەرەکە دەردەکەوێت و ڕێژەکەی لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ـە دەریدەخات کە کەسەکە چەند کیلۆگرامێک لە کێشی زیادەی هەیە.
  • بوونی کێشی ناتەندروست و زۆر بە دەستەواژەی (Obese) لە پێوەرەکە دەردەکەوێت و ڕێژەکەی لە ٣٠ بەسەرەوەیە واتا کەسەکە تووشی قەڵەوی بووە و کێشی ناتەندروستە.

نیشانەکانی لاوازی

  • کەمی کێشی لەش و کەمی و لاوازی ماسوولکەکان. 
  • نەمانی ئارەزووی خواردن و هەستنەکردن بە برسێتی.
  • سەرئێشەی بەردەوامی بێ هۆکار.
  • ماندووبوون و بێهێزی بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکەیت.
  • ڕەنگ زەردی و کاڵبوونەوەی ڕەنگی ڕووخسار و نێولەپی دەستەکان، قووڵبوونەوەی ژێر چاو و دروستبوونی ڕەشی ژێر چاو.
  • نەمان و لاوازی بەرگری لەش و زوو تووشبوون بە نەخۆشی و درەنگ چاکبوونەوە.
  • زوو تووڕەبوون و هەڵچوون و تێکچوونی میزاج.
  • کێشەکانی پێست و هەڵوەرین و وشکی و لاوازی پرچ.
  • ناڕێکی سوڕی مانگانە لە ژناندا.
  • کێشەکانی ئێسک و ددان و پووک.
  • ڕەتکردنەوی کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان و نەمانی حەزی تێکەڵی و دوورەپەرێزی، بەهۆی ئەوەی کەسی لاواز پێی خۆش نییە لەگەڵ کەسانی تردا خواردن بخوات یان لە پێش کەسی تر خواردن بخوات.

هۆکارەکانی لاوازی

مێژووی خێزانی

هەندێک کەس خودی خۆیان شێوەیان لاوازە و کێشیان کەمە بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەندروستیان هەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە بۆماوەییەکان و تایبەتمەندییە فیزیاییەکان کە لە بۆماوەی خێزانەکانیان بۆیان ماوەتەوە.

کێشە لە مێتاپۆلیزم

ئەو کەسەی کە ڕێژەی مێتاپۆلیزم لە لەشیدا بەرزە و واتا کێشە لە ڕێژەی شەکری خوێنی هەیە سەرباری ئەوەی خواردنی پڕ وزە دەخوات بەڵام کێشی لاوازە و کێشی زیاد ناکات و تووشی لاوازی دەبێت، ئەم حاڵەتە پێویستی بەوەیە کە لەلایەن پزیشک چەند پشکنینێکی بۆ بکرێت و چارەسەر بکرێت.

چالاکی لەڕادەبەدەری بەردەوام

ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە زیاد لەپێویست ڕێژەی کالۆری دەسووتێنن و ئەنجامدانی چالاکی و وەرزشیان بەرزە تووشی لاوازی و کەمی کێش دەبن.

بەکارهێنانی چەند جۆرێک دەرمان

چەندان جۆری دەرمان هەیە کە دەبنە هۆی دابەزینی کێش و نەمانی ئارەزووی خواردن نموونەی دەرمانەکانی شێرپەنجە یان ئەو دەرمانانەی کە بۆ ڕێگری لە قەڵەوی بەکاردەهێنرێن.

نەخۆشی یان کێشەیەکی تەندروستی

چەندان نەخۆشی هەیە کە دەبنە هۆی لاوازی، بە تایبەتی ئەو نەخۆشییانەی کە نیشانەکانی ڕشانەوە و سکچوون لە کەسەکە دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی کێش، لەم حاڵەتەدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت و لەڕێگەی ئەنجامدانی پشکنینەوە نەخۆشییەکە دیاری بکرێت و پاشان چارەسەر بکرێت، نموونەی ئەو نەخۆشییە تەندروستیانەی کە هۆکاری لاوازین:
شەکرە بەتایبەت نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک
• شێرپەنجە
• کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕژێنەکان
• کێشە تەندروستییەکانی هەرس نموونەی نەخۆشی کڕون، نەخۆشییەکانی قۆڵۆن، کێشەکانی ڕیخۆڵە، نەخۆشییەکانی گەدە، بەرگەنەگرتنی خۆراک و هەستیاری بە خۆراک نموونەی بەرگەنەگرتنی گلۆتین و چەندان کێشەی تر.

نەخۆشییەکانی مێشک و باری دەروونی

لاوازی و کێشە لە تەندروستی مێشک و ئاڵۆزی دەروونی هۆکارن بۆ لاوازی و کەمی کێش، چونکە خراپی باری تەندروستی دەروونی هزری کاریگەرن لەسەر توانای کەسەکە بۆ خواردن، نموونەی ئەو نەخۆشییە دەروونیانەی کە هۆکاری لاوازین:

خەمۆکی
• ڕاڕایی و دڵەڕاوکێی بەردەوام
• تێکچوونەکانی خواردن نموونەی دەمارگیری تێرنەخۆری و خۆبەدوورگرتن و سنووردارکردنی خۆراک

ئاڵوودەبوون

ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و جگەرەکێشان هۆکارێکی تری لاوازین و هۆکاری نەمانی ئارەزووی خواردنن و کێشەی تەندروستی زۆر دروست دەکەن.

زیانە لاوەکییەکانی لاوازی

  • لاوازی جەستە کاریگەری دەکاتە سەر گەشەکردن و پێگەیشتن بەتایبەت لە منداڵان و هەرزەکاران.
  • لاوازی و کەمی کێش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماددە گرنگەکانی لەش نموونەی ڤیتامین d و کالسیۆم، هەروەها ڕێژەی ماسولکە لە لەش کەم دەبێتەوە، بۆیە ئەگەری تووشبوون به ئێسکە نەرمە و لاوازی ئێسک و شکانی ئێسک لە کەسانی لاواز بە بەراورد بە کەسانی تر زۆر زیاترە.
  • لاوازی کۆئەندامی بەرگری یەکێکی ترە لە کێشەکانی کەمی کێش، کاتێک خۆراکی پێویست بەدەست ناهێنرێت جەستە ناتوانێت وزە هەڵبگرێت و کۆگای بکات، بۆیە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان زۆر قورس دەکات و تووشبوون بە نەخۆشی لە کەسانی لاواز زۆرە چونکە کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە.
  • نەخۆشییەکانی کەمخوێنی دەرەنجامێکی ترن لە کاریگەرییەکانی لاوازی، لاوازی دەبێتە هۆی بەدخۆراکی و کەمبوونەوەی ماددە خۆراکییەکان و ماددە گرنگەکانی لەش و کانزا و ڤیتامینەکان نموونەی ئاسن و فۆلک ئەسید، بۆیە کەسەکە تووشی کەمخوێنی و نیشانەکانی کەمخوێنی دەبێت.
  • کێشەی هەڵوەرین و لاوازی و وشکی پرچ یەکێکی ترە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی لاوازی.
  • کێشەکانی نەزۆکی و تێکچوونی هۆڕمۆنەکان و تێکچوونەکانی سوڕی مانگانەی ژنان بە لێکەوتەکانی لاوازی و کەمی کێش دادەنرێن.
  • لاوازی بە هۆکاری لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختەی کۆرپەلە دادەنرێت و لاوازی و کێشی کەمی دایک لەو بارودۆخانەدا ڕۆڵی هەیە.

چارەسەری لاوازی

بە دۆزینەوەی هۆکاری لاوازییەکە چارەسەر دەستەبەر دەبێت، ئەگەر کێشەی تەندروستی و نەخۆشی هۆکار بوون پێویستە چارەسەری پزیشکی وەربگیرێت، هەروەها لە ڕێگەی دانانی سیستمێکی خۆراکی تەندروست کە بە ڕێژەیەکی بەرزی کالۆری دەوڵەمەند بێت دەکرێت لاوازی چارەسەر بکرێت.

دابەشکردنی ژەمەکان بۆ چەند ژەمێکی بچووک، ڕۆژانە خواردنی پێنج بۆ شەش ژەمی بچووک زۆر باشترە لە خواردنی دوو ژەمی زۆر و هاوکارە لە بەرزکردنەوەی کێش. جۆری خواردن و هەڵبژاردنی ئەو خواردنانەی کە بە ماددەی خۆراکی نموونەی کانزا و پڕۆتین و چەوری تێر دەوڵەمەندن. بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی ڕێگایەکی ترە لە چارەسەرییەکانی لاوازی و لە ڕێگەی پزیشکەوە تەواوکەری خۆراکی و دەرمان بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە بەهۆی لاوازییەوە تووشی بەدخۆراکی و نەخۆشییەکانی خوێن و کەمی ماددە خۆراکییەکانی وەک ڤیتامین و کانزاکان بوون. شێوازای ژیانی تەندروست، وەرزش کردن، بوونی خەوێکی تەندروست، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و مەی و ماددەی هۆشبەر هەموو ئەمانە هۆکاری نەمان و چارەسەری لاوازیین.


سەرچاوەکان



367 بینین