کتێبی زانستی پزیشکی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-16-11:45:00 - کۆدی بابەت: 11743
کتێبی زانستی پزیشکی مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانستی پزیشکی مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Human Medical Science، بە عەرەبی: العلوم الطبية البشرية) کتێبێکە لە ئامادەکردن و وەرگێڕانی گرووپی زانستخوازان. کتێبەکە بە زمانێکی سادە و شێوازێکی ورد باس لە سەرجەم ئەندام و کۆئەندامەکانی جەستە دەکات و دەربارەی نەخۆشییەکان و تەنانەت چارەسەرییەکانیش ڕوونکردنەوەی تەواو دەدات.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب زانستی پزیشکی مرۆڤ
وەرگێڕان و ئامادەکردن زانستخوازانی تاقیگەی پزیشکی
جۆری کتێب زانستی، تێکست بووک
پێداچوونەوەی گشتی پ. ی. د. یونس سابر عبدللە
دیزاینی بەرگی دەرەوە هەوراز ئەحمەد کاکل
دیزاینی بەرگی ناوەوە جوان عەدنان ساڵح
چاپکردن بەڕێز حاجی عوسمان محەمەد ژاژڵەیی ئەرکی چاپکردنی لە ئەستۆ گرتووە
ناوەندی چاپکردن چاپخانەی نەجات - کتێبخانەی دڵشاد
نۆبەتی چاپ چاپی یەکەم لە ٢٠٢٢
ژمارەی بەرگ دوو بەرگ
ژمارەی لاپەڕە ٦٠٥ لاپەڕە

پێشەکی

لە پێشەکی کتێبەکە پاش سوپاس کردنی خوای گەورە سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێ و مامۆستا و دکتۆرە بەڕێزانە کراوە کە خەمخۆرانە لەگەڵ ئامادەکردنی کتێبەکەدا بوون.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئەم کتێبە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی چەند خوێندکارێکی هاوڕێتە، کە لە ئەنجانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە نەتەوەکەمان هەڵساون بە ئامادەکردنی کتێبێکی لەم جۆرە بە زمانی کوردی. مەبەست لەم کارە یەکەم لە پێناوی پەروەردگار پاشان بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی زانیاری خوێندکارانە بەگشتی و خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان بە تایبەتی لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، بەو هیوایەی ببێتە پڕکەرەوەی ئەو کەلێن و کەمی سەرچاوە زانستیانەی کە بوونیان هەیە. لە کاتی ئامادەکردنی ئەم پەرتووکەدا هەڵوێستەیەکمان کرد و بەڵگە گەلێکی زۆرمان بۆ دەرکەوت لەسەر گەورەیی و کاردروستی و کارسازی پەروەردگاری زانا دەربارەی چۆنیەتی شێوە کێشان و ڕێکخستنی لەشی مرۆڤ، هەروەک چۆن دەفەرمووێت: (و فی انفسکم افلا تبصرون) واتە: لە دروستکردن و بونیادنانی جەستەی خۆتاندا ئەی گرۆی مرۆڤ نموونە گەلێکی سەرسوڕهێن هەیە ئایا بۆچی نابینن و هەستی پێناکەن.

ناوەڕۆکی کتێب

کتێبەکە لە هەژدە زنجیرە پێکهاتووە و لە دوو بەرگدا ڕێکخراون. تیایدا سەرنج خراوەتە سەر بچووکترین وردەکاری و هەوڵدراوە بنچینەی هەموو کردارەکانی جەستە باسبکرێت. هەروەها گرنگیش بەوە دراوە زمانی نووسینی کتێبەکە بە جۆرێک سادەبێت کە هەر کەسێکی ئاسایش کە خوێنەر بێت و خواستی خوێندەوەی بابەتە زانستییەکانی هەبێت بتوانێت لە ناوەڕۆکی کتێبەکە بە باشی تێبگات.

لە کتێبەکەدا ئامادەکاران هەڵساون بە خستنەڕووی:

  • باسکردنی تەواوی کۆئەندامەکانی لەشی مرۆڤ.
  • باسکردن و نیشاندانی توێکاری کۆئەندامەکانی لەشی مرۆڤ بە شێوەی وێنەی ڕوونکردنەوەیی.
  • خستنەڕووی نەخۆشی و چارەسەرییەکانی کۆئەندامەکانی لەش، بە زمانی شیرینی کوردی.

زنجیرەکانی کتێبەکە بریتین لە:

  • کیمیای ژیان
  • پێکهاتە و فرمانی خانە
  • ڕێکخستنی سیستمی لەش
  • دڵە لوولە کۆئەندام - دڵ
  • دڵە لوولە کۆئەندام - خوێن
  • لیمفە کۆئەندام و بەرگرییە کۆئەندام
  • نەخۆشییە درمەکان
  • کۆئەندامی هەرس
  • کۆئەندامی هەناسە
  • کۆئەندامی میز
  • پەیکەرە کۆئەندام
  • ماسولکە کۆئەندام
  • دەمارە کۆئەندام
  • هەستەوەرەکان
  • کوێرە ڕژێنە کۆئەندام
  • کۆئەندامی زاوزێ
  • گەشەکردن و بەتەمەنداچوون
  • بۆماوەزانی مرۆڤ

ئامادەکردنی کتێب

بۆ ئامادەکردنی کتێبەکە سوود لە سێ کتێبی پزیشکی وەرگیراوە کە ئەوانیش (Human Biology, Atlas of Human Anatomy, Vander's Human Physiology). واتا کتێبەکە تەنها وەرگێڕانی سەرچاوەیەکی دیاریکراو نییە بەڵکو کۆکردنەوەی سێ کتێبی پرۆسەی خوێندنی ئینگلیزییەوە و لەلایەن ئەندامانی گروپی زانستخوازانەوە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ کتێبەکان کراوە و پاشان زانیاییەکان بە وردی و بە زمانی کوردی نووسراونەتەوە و بۆ ئەمەش خوێندکاران سوودیان لە ئەزموونی خۆیان وەرگرتووە کە خوێندکاری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بوون. ئامادەکارانی کتێبەکە:

  • ئەبوبەکر ئەمین عەلی: وەرگێڕ و ئامادەکار
  • ئەسرا فاتیح عەزیز: وەرگێڕ و ئامادەکار
  • ئایندە سدیق محەمەد: وەرگێڕ و ئامادەکار
  • چنار عبدالخالق محەمەد: وەرگێڕ و ئامادەکار
  • سەربەست عەدنان ساڵح: سەرپەرشتیار، وەرگێڕ و ئامادەکار
  • شارا نەوزاد ئەحمەد: وەرگێڕ و ئامادەکار
  • فیردەوس جەزا عەلی: وەرگێڕ و ئامادەکار
  • لەنیا بەختیار عبداللە: وەرگێڕ و ئامادەکار

پێداچوونەوەی کتێب

کتێبەکە لە دوو بەرگی تەواو و هەژدە بەش پێکهاتووە و پێداچوونەوەی گشتی کتێبەکە لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یونس سابر عبدللە وە کراوە کە ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانییە. پاشان بەشێک لە دکتۆرە بەڕێزەکانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی پیاچوونەوەیان بۆ بەش بەشی کتێبەکە کردووە لەوانە:

  • دکتۆر تەیب ئەحمەد حەمەسوور
  • دکتۆر کانیاو ڕەفعەت غەفار
  • دکتۆر نیاز عومەر ڕۆستەم
  • پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر سالار ئیبراهیم عەلی
  • پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر زانا نەسرەدین
  • پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر فەزلەدین نەسرەدین شکور

لەکۆتاییدا

ئامادەکارانی کتێبەکە دوای سێ ساڵ لە هەوڵدان توانییان بە یارمەتی چەند کەسایەتییەک و چەند دکتۆرێکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی کتێبەکە تەواو بکەن. هەروەها بەڕێز حاجی عوسمان محەمەد ژاژڵەیی ئەرکی بە چاپ گەیاندنی کتێبەکەی گرتۆتە ئەستۆ کە جێی سوپاس و دەستخۆشییە.


سەرچاوەکان



605 بینین