ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ئەڵقە

له‌لایه‌ن: - دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-08-05-14:32:00 - کۆدی بابەت: 6183
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ئەڵقە

ناوه‌ڕۆك

ئەڵقەی ڕێگریکردن لە دووگیانی

ئەڵقەیەکی پلاستیکی نەرمە و ناسک و چەماوەیە کە تیرەکەی ٥.٥ سانتیمەترە، ئەم ئەڵقەیە هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن بەرەڵا دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێگری بکات لە بەرەڵابوونی هێلکە هێلکەدانەکانەوە و هەروەها ئەکەر پیتێن ڕووبدات ڕێگری دەکات لەوەی ببێتە منداڵ، هەروەها ئەم هۆڕمۆنانە دەردراوەکانی ملی منداڵدان خەستر دەکەنەوە ڕێگری دەکەن سپێرمەکان بگەن بە هێلکە.

ئەڵقەی زێ تە چەند کاریگەرە؟

ئەگەر بە وردی و ورییایەوە بەکاری بهێنیت ڕێژەی سەرکەوتنی ٩٩٪ دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەبوو ڕێژەکەی کەم دەکات بۆ ٩١٪ زۆر جار بە هۆی بەرواری بەسەرچوونەکەیەتی دەبێت ئاگاداربیت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەڵقەی زێ

- پێش هەموو شتێک سەیری بەرواری بەسەرچوونی بکە.

- دەستەکانت بە جوانی بشۆ

- بە هەردوو پەنجە گەورەت و پەنجەی دۆشاو مژەت فشاری بخە سەر ئەڵقەکە، لەبەرئەوەی ئەڵقەیەکی چەماوە و کێش هاتووە بۆیە دەتوانیت بە ئاسانی بیکەیتە ناوەوەی زێ.

- کاتەکەی بزانە و دیاریبکە کە چ کاتێک دەبێت ئەڵقەکە دەربهێنیت، دەبێت دوای سێ هەفتە ئەڵقەکە دەربهێنیت، بۆ نموونە ئەگەر لە ڕۆژی یەک شەمەدا ئەڵقەکەت داناوە دەبێت، سێ هەفتەی دیکە لە یەک شەمەدا دەریبهێنیتەوە.

- پێویست ناکات کە لەم ٢١ ڕۆژەدا ئەڵقەکە دەربهێنیت و یاخود دەستکاری بکەیت، پێش دەرهێنانی دەستت جوان بشۆ و دواتر بە هێواشی دەریبهێنە.

- دوای چەند ڕۆژێک لە دەرهێنانی دەکەویتە سەر خوێن و دوای ئەوەی کە خوێنت تەواو بوو دایبنێرەوە و سێ هەفتەکە دەست پێکەرەوە.

- کاتی گونجاو بۆ دانانی ئەڵقەی زێ، واباشترە ئەڵقەکە لە پێنج ڕۆژی سەرەتای سوڕی مانگانەکەتدا دابنێیت، بەم شێوەیە پێویست ناکات نیگەران بیت بۆ سێ هەفتەی داهاتووت.

- ئەگەر سوڕی مانگانەکەت کۆتایی پێ هاتووە دەتوانیت ئەڵقەکە دابنێیت، بەڵام ماوەی حەوت ڕۆژی دەوێت تاکوو کاریگەری خۆی دەربخات، دەبێت لە ماوەی حەم حەوت ڕۆژەدا ڕێگایەکی دیکەش بەکاربهێنیت بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی وەک کۆندۆم.

چ خانمێک ناتوانێت ئەڵقەی زێ بەکاربهێنێت؟

  • ئەو خانمانەی تەمەنیان زیاترە لە ٣٥ ساڵ
  • ئەگەر جگەرەکێشیت، یاخود ساڵێک پێش ئێستا جگەرەت کێشاوە
  • قەڵەوی، شەکرە، بەرزی فشاری خوێن
  • شەقیقە یاخود کڵۆبوونی خوێنت هەیە، یاخود پێشتر دووچاری جەڵتەی دڵ بوویت
  • کاتێک ناتوانیت ئەڵقەکە بکەیتە زێ و دانانرێت بۆت
  • ئەوانەی کۆمەڵێک دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنن نابێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن
  • ئەو خانمانەی توشبووی شێرپەنجەی مەمکن یان پێشتر هەیانبووە

ئەگەر هیچ کام لەم حاڵەتانەت نییە ئەوا دەتوانیت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنیت

سوودەکانی ئەڵقەی زێ

  • ڕێگایەکی کاریگەره و ڕێژەی سەرکەوتنی زۆرە
  • دەتوانیت سوڕێکی مانگانەی کورت و ئاسانترت هەبێت
  • کەمکردنەوەی زیپکە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا
  • ئەگەری تووشبوون بە کیسی هێلکەدان کەم دەکاتەوە
  • ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی هێلکەدان و منداڵدان کەم دەکاتەوە
  • مەترسی توشبوون بە سکپڕی لە دەرەوەی منداڵدان کەم دەکاتەوە
  • ئەگەری هەوکردنی منداڵدان و هێلکەدان جۆگەی فالوپ کەم دەکاتەوە
  • هەر کاتێک وازت لێ هێنا بە ئاسانی دەتوانیت دووگیان ببیتەوە

زیانەکانی بەکارهێنانی ئەڵقەی زێ

  • سەرئێشە و شەقیقە
  • دڵتێکچوون، هەستیاری لە مەمکدا، گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا
  • دەردراوەکانی زێ زیاد دەکات 
  • گۆڕانکاری لە پێست و کێشی جەستەدا
  • لە کاتێکدا ئەم نیشانانەت زیادی کرد سەردانی پزیشک بکە

ئەگەر ئەم نیشانانەت هەبوو پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت

  • ئازاری زۆری سەر سنگ و ئازاری سک
  • ئاوسان و ئازاری پێیەکان
  • کۆکەی زۆر
  • خوێنبەربوون

ئەگەر ئەڵقەکە بێتە دەرەوە یاخود خۆت دەریبهێنیت چی ڕوودەدات؟

- ئەگەر ئەڵقەکە بە جوانی نەکەیتە ناو زێ، دێتە دەرەوە پێویست بە نیگەرانی ناکات تەنها بیشۆ و دووبارە داینێرەوە لە زێدا، بەڵام ئەگەر زیاتر لە سێ کاتژمێری پێ بچێت کە دەرهاتبێت و داتنەنابێتەوە، ئەوا پێویستە چەند ڕۆژێک بە کۆندۆم ڕێگری بکەیت لە دووگیانی.

- ئەگەر بیرت چووبوو دوای سێ هەفتەکە ئەڵقەکە دەربهێنیت، پێویست دەکات هەر کە بیرت کەوتەوە دەریبهێنیت.

ئەڵقەی زێ و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکان

ئەم ڕێگایە بە هیچ شێوەیەک ڕێگری ناکات لە گواستنەوەی نەخۆشییە سێکسییە ڤایرۆسییەکان، بۆیە ئەگەر نەخۆشییەکی گوازراوەت هەیە پێویست دەکات کۆندۆمیش بەکاربهێنیت.


سەرچاوەکان



1055 بینین