تووتی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-24-13:48:00 - کۆدی بابەت: 6695
تووتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تووتی (بە عەرەبی: ببغاء، بە ئینگلیزی: parrot)، باڵندەیەکی ماڵی و خۆشەویستە لەلایەن زۆرینەی خەڵکییەوە، لە هەموو کیشوەرەکاندا هەیە بەڵام ژمارەیان لە ناوچە گەرمەکاندا زۆرترە، واتە لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی، چەند دانەیەکی کەمیشی حەز بە ناوچە ساردەکان دەکەن، جۆری زۆری هەیە کە دەگاتە نزیکەی ٣٥٠ دانە، و باوترین جۆرەکانیشی وەک تووتی خۆڵەمێشی ئەفریقی و تووتی ئەمازۆن و تووتی کوکاتو، هەندێک جۆری هەیە هیچ ناسراو نین، نزیکەی ١٠٠ جۆریان هەڕەشی لەناوچونیان هەیە بە هۆی ڕاوکردنی بێمۆڵەتی زۆرینەیانەوە بە مەبەستی بازرگانی، و لە ئێستادا دوو جۆری بەتەواوەتی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە کە بریتین لە تووتی کاکپو و تووتی بچووک، لە دوای سەگ و پشیلە و ماسییەوە تووتییەکان پلەی چوارەمی باوترین ئاژەڵە کە ماڵیکراوە لە هەموو جیهاندا، بە ژیرترین باڵندەی سەر ڕووی زەوی دادەنێرێت بە هۆی توانای بۆ لاساییکردنەوەی قسە و پێکەنینی مرۆڤەکان و ژماردنی ژمارەکانیش هەتا نزیکەی ٨، هەروەها ئەم باڵندانە کۆچەری نین و لەگەڵ گۆرانی وەرزەکاندا جێگەکانیان جێناهێڵن و کۆچ ناکەن، لە سروشتدا تەمەنی دەگاتە ٨ ساڵ.

شێوەی دەرەوەی

ئەم باڵندە ناسراوە بە ڕەنگە کراوە و جۆراوجۆرەکانی، درێژییەکەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت لە ١٠ سم ەوە دەستپێدەکات و هەندێکیان تەنانەت درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی مەترێک، و کێشی لە نێوان ٥٠ گم بۆ ١.٥ کگم دەبێت، هەندێک جۆری دەکرێت لەوە زیاتر بێت، جەستەی تووتییەکان زۆر بەهێز و ڕەقە، ناوچەی سەر و ملی فراوانن، دەنوکیشی زۆر ڕەق و توندە و کۆتاییەکەی تیژە، پێیەکانی ٤ پەنجەی هەیە، دوو دانەیان بۆ پێشەوە ئاڕاستە کراون و دووانەکەی دیکەش بۆ دواوە، بەم شێوەیە توانای هەڵگرتنی شمەک و جێگیربوونی هەیە بە تەواوی، هەروەها لە کاتژمێرێکدا تووتی دەتوانێت ٢٤ کم ببڕێت.

خۆراک

جۆری خۆراکی تووتییەکان هەمەڕەنگە، بەڵام بە زۆری چەرەسات و گۆشتیان بەلاوە پەسەندە، تۆو و گوێز دەخۆن، بە تایبەتی حەزی زۆریان لە گوڵەبەڕۆژەیە، بەڵام دەکرێت هەندێک جۆری مێرووەکان وکرم و میوەکانیش بخۆن، لە کاتێکدا خۆیان دەبنە خۆراکی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵە دڕندەکان وەک باڵندە گەورەکان و مار و مەیموونەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

تووتییەکان لە ماوەی نێوان وەرزەکانی بەهار بۆ پاییزدا یەکدەگرن، ئەم باڵندە لە هەموو ژیانیدا تەنها یەکگرتن لەگەڵ یەک تووتیدا دەکات واتە لە کۆمەڵەی تووتیەکاندا فرەژنی نییە، و ئەم باڵندەیە زۆر بەوەفایە و هیچ کاتێک نێرینە و مێینەکان لە یەکدی جیانابنەوە، لەهەر جارێکی یەکگرتندا مێینەکە ٢-٨ هێلکە دادەنێت، مێینەکە هێلکەکان دەخاتە هێلانە یاخود کونی دارەکان یان درزی زەوییەوە، و ماوەی مانەوەی بەسەر هێلکەکانەوە لە نێوان ٢ هەفتە بۆ مانگێکە، و بێچووەکانیش دوای هەڵهاتنیان لە هێلکەکە نابینان و تەنها چینێک پەڕی نەرم و تەنک جەستەی داپۆشیون، بەم شێوەیە دەمێنێتەوە هەتا تەمەنی دەگات بە ٢ هەفتە، هەردوو نێرینە و مێنەکە ئەرکی پاراستن و هێنانی خۆراکیان بۆ بێچووەکانیان هەیە.

تایبەتمەندییەکانی

تووتییەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین و ژیانکردنیان بە کۆمەڵە بە لاوە پەسەندە، ژمارەی ئەندامەکانی کۆمەڵەیەک دەکرێت بگاتە ٢٠-٣٠ تووتی، و لەبەر ئەوەی توانای بەرگە گرتنی پلەی گەرمی جیاوازی هەیە بە ئاسانی ماڵی دەکرێت، و خێرا لەگەڵ کۆمەڵگە تێکەڵ دەبێت و دەبێتە بەشێکی، و گرنگی زۆریش بە پاکوخاوێنی دەدات و خۆی دەشوات، بەڵام پێویستە جێگەی پاککردنەوە و شۆردنەکەی تەڕ و شێدار بکرێت، هەروەها ئاژەڵێکی ژیر و بەتوانایە حەزی زۆری لە خۆشی و یاریکردنە و دەتوانێت گۆرانیش بڵێت، بە بەردەوامی پێویستی بە گرنگیپێدان و خزمەتکردنە، هەندێک جۆر چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات و ئەوانی دیکە بەڕۆژدا، و هەروەها بۆ پەیوەندی کردن بە یەکترییەوە کۆمەڵیک دەنگی تایبەت و زمانی جەستەش بەکاردەهێنن.

باشترین جۆرەکانی تووتی

  • تووتی بادجی: لە بەناوبانگترین جۆرەکانی تووتیە کە قەبارەی بچووکە و ڕەنگی جیاوازی هەیە، وەک شین و سەوز و زەرد و سپی و وەنەوشەیی، لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا دەژی بەتایبەتی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەروەها دەکرێت لە قەفەسیشدا بەخێوبکرێت.
  • تووتی کۆکتێل: نێرینە و مێینەکانی ئەم جۆرە ڕەنگێکی ڕەساسییان هەیە، جیاوازیان بریتییە لە هەبوونی گورزەیەک پەڕ لە کلکیدا کە سپییە و کۆتاییەکەی زەردە، جۆرێکی زۆر زیرەکە و بە ئاسانی ڕاهێنانی پێدەکرێت و فێردەکرێت، بۆیە بە ئاسانی دەبێت بە هاوڕێی مرۆڤ.
  • تووتی باروتلیت: یەکێکە لە بچووکترین جۆرەکان، زیرەکە و بە خێرایی توانای لاسایی کردنەوە و فێربوونی هەیە و هەموو هەڵسوکەوتەکانی خۆش و بەکەیفە و وزەیەکی زۆری هەیە.
  • تووتی کۆنیور: نشینگە بنەڕەتییەکەی بریتییە لە زۆرینەی ناوچەکانی ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست، ئەم باڵندەیە قەبارەیەکی بچووک و ناوەندی هەیە و ژمارەیەک دەنگی جیاوازیش دەردەکات، هەروەها ئەم جۆرە خۆشەویستی زۆر دەبەخشێت، بەڵام ئەوانەی کە قەبارەیان گەورەیە بۆ پەروەردەکردن و گرنگی پێدان پێویستییان بە کەسی شارەزا و لێهاتوو هەیە.
  • تووتی باڵندەی خۆشەویستی: نشینگەی بنەڕەتی بریتییە لە ئەفریقا و ئەم ناوەی لێنراوە چونکە جووتی نێرینە و مێینەکانی پێکەوە دەمێننەوە بە بەردەوامی لە کاتی خواردن و پشوودان و خەوتنیش، هەروەها ئەم جۆرانە باڵندەی قەبارە بچووک و هێمن و کۆمەڵایەتین، بێچووەکانیان لە سەرەتادا دەنووکیان ڕەشە هەتا گەورەتر دەبن بەڵام دواتر ڕەنگەکەی دەگۆڕێت.
  • تووتی ماکاو: ئەم جۆرە لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی هەردوو ئەمریکا دەژی، قەبارەی بچووکە و ڕەنگی جوانی جیاوازی هەیە لەگەڵ دەنوکێکی گەورە و کلکێکی درێژ، جۆرێکی زۆر ژیرە و دەتوانێت بە ئاسانی فێری قسەکردن و فێڵکردن و سەماکردن ببێت، چونکە ئەم جۆرە حەزی زۆری لە یاریکردنە.
  • تووتی ئەمازۆن: جۆرێکی بەناوبانگە و توانا و لێهاتوویی زۆر بەرزی هەیە، بەڵام ئەم جۆرەیان ڕاڕایە و دەکرێت هێمن بێت و لەناکاو دڕندە ببێت و دەنگ بەرزبکاتەوە، لەبەر ئەمەش پێویستە کەسانی شارەزا و لێهاتوو گرنگی پێبدەن.
  • تووتی کوکاتو: نشینگەی ئەم جۆرەیان ئوستوڕالیا و باکووری ڕۆژئاوای ئاسیایە، ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێت ئەوا زۆر توند و دڕندە دەبێت و دەنگی بەرز دەکاتەوە و پەرەکانی بڵاودەکاتەوە، بۆیە پێویستە بە درێژایی ڕۆژەکە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەروەها بۆ دیل کردن پێویستی بە قەفەسێکی قەبارە گەورەیە چونکە حەزی لە قەفەسی بچووک و جێگەی تەسک نییە.
  • تووتی کایک: ئەم جۆرە بەم نزیکانە دۆزراوەتەوە بەڵام بە ماوەیەکی کەم ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە، جەستەیەکی بەهێز و چالاکی هەیە و ڕەنگی جیاوازیشی هەیە، جۆرێکی ماڵییە و بەکەیفە و حەزی لە قەفەس نییە و ئارەزووی جووڵەکردن دەکات، هەروەها نابێتە هۆی بێزارکردن.
  • تووتی سنگالی: نشینگە بنەڕەتییەکەی بریتییە لە ئەفریقا، شێوەیەکی نامۆی هەیە بۆیە پێویستی بە ماوەیەکی زۆر هەوڵدان هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی دەوروبەری ڕابکێشێت.


سەرچاوەکان



1063 بینین