نووری سەعید

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-07-02:31:00 - کۆدی بابەت: 7118
نووری سەعید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

نووری سەعید (بە عەرەبی: نوري سعید) سیاسەتمەدار و سەروەزیرانی سەردەمی پاشایەتی سەدەی ڕابردوو لە عێراق، ساڵی 1888 لە خێزانێک کە ڕەچەڵەکیان بۆ شاری مووسڵ دەگەڕێتەوە لە شاری بەغداد لەدایکبووە، ناوی تەواوی نووری پاشا سەعید تەهایە، ساڵی 1906 لە قوتابخانەی سەربازی لە ئیستەنبووڵ بە پلەی ئەفسەری سەربازی دووەم دەرچووە، لە ساڵی 1911 چووەتە  قوتابخانەی "ئەرکان حرب"، زمانەکانی توركی و ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەڵمانی بە باشی زانیووە، لەکاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی عەرەبی و وەکوو یاخیبووەكان دژی دەوڵەتی عوسمانی شەڕی کردووە، سەرەڕای ئەوەی پلەی سەربازیی هەبووە بەڵام لە ئیستەنبوڵ بەرە وڵاتی میسڕ هەڵهاتووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ پارێزگای بەسڕە لە عێراق، پەیوەندی بە شۆڕشی عەرەبییەوە كردووە كە شەریف حسێنی مەككە بە یارمەتی هێزەکانی بەریتانیا دژی دەوڵەت و دەسەڵاتی عوسمانی بەرپای كردبوو، لە جەنگی بیابانی ساڵانی 1916 بۆ 1918 ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و تێیدا هاوکاری و پاڵپشتی تەواوی لۆڕانسی عەرەبی بەریتانیا بووە. 

ژیانی سیاسی

ـ نووری سەعید کەسایەتییەکی دیبلۆماسی هەبووە و بە ئینگلیزییەکی ڕەوان قسەی کردووە، کەسێکی توڕە و توند و پێداگیر و سەرسەخت بووە، ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە لە ڕووداوە گرنگەکانی سەدەی نیوەی بیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بەتایبەتی.
ـ ڕۆڵی لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراقی هەبووە کاتێک تەنها بەغدادی پایتەختی تێدابووە، نووری ئینگلیزەکانی ڕازی کردووە و شاری بەسڕەی بۆ عێراق زیادکردووە، لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پەیوەستکردنی شاری مووسڵ بە عێراقەوە تا ساڵی 1924 موسڵ بووە پارێزگایەکی عێراقی.
ـ بەهۆی ڕۆڵی سیاسی و سەربازی پۆستی بەڕێوبەری ئاسایشی گشتی و پاشان فەرماندەی گشتی سووپای عێراقی وەرگرتووە.
ـ لەنێوان ساڵانی 1930 تاکوو 1958 چواردە جار وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە عێراق هەڵبژێردراوە.
ـ هەمیشە بەوە تۆمەتبار کراوە کە پیاوێکی ڕۆژئاواییە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چوونکە لایەنگیری و پشتگیری تەواوی ڕۆژئاوا و بەریتانیا بووە.
ـ کاری تەعریب و ڕاگواستنی ئەنجامداوە لە شاری کەرکووک دژی نەتەوەی کورد و تورکمان، کارمەند و فەرمانبەری کورد و تورکمان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا پێویست بوو چوار ساڵ لە شارەکانی تری عێراق خزمەتیان بکردایە، نەتەوەی عەرەبی هاوردەی کەرکووک کردووە و پۆست و پیشەی هەمیشەیی لە شارەکەدا پێداون.
ـ بەهۆی پاڵپشتیکردنی بۆ وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا، بە خیانەت تۆمەتبار کراوە و بە تایبەت لە دۆسیەی بابەتی فەڵەستیندا.

کۆچی دوایی

لە دوای کودەتای 14ی تەموزی ساڵی 1958 کۆتایی بە دەسەڵات و ڕژێمی پاشایەتی هێنرا لە عێراق، ڕادیۆی بەغداد بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا 10 هەزار دیناری ئەو کاتە کە بڕە پارەیەکی زۆر بووە لەو سەردەمە، وەکوو پاداشت دیاریکراوە بۆ ئەو کەسەی کە نووری سەعید ڕادەستی حکوومەتە نوێیەکەی عەبدولکەریم قاسم دەکاتەوە، چەند گێڕانەوەیەک هەیە دەربارەی کۆچی دوایی نووری سەعید، ڕاستترینیان ئەوەیە کە نووری لە دوای دوو ڕۆژ لە کودەتاکە لە ماڵی دۆست و هاوڕێیەکی نزیکی خۆی حەشار دابوو، له کاتی هەڵاتنیدا ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسی سەربازی وەسفی تاهیر (سەرباز و ئەفسەرێکی نزیک بووە لە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم) بینیوە و زانیوێتی بواری ڕاکردن و ڕزگار بوونی نەبووە بە دەمانچە تایبەتییەکەی خۆیکووشتووە بەڵام لەو کاتەدا وەسفی تاهیر تەقە لە تەرمەکەی دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو هۆکاری کووشتنی نووری سەعید بووە، بۆ بەدەستهێنانی پاداشتەکە، لە پاش کوژرانی نووری سەعید هیچ سەروەت و سامانێکی بۆ خێزانەکەی بەجنەهێشت و حکومەتی بەریتانی بڕە پارەیەکی کەمی بۆ خێزانی نووری سەعید تەرخان کرد. 


سەرچاوەکان



960 بینین