پارێزگای موسەننا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-23-03:48:00 - کۆدی بابەت: 7355
پارێزگای موسەننا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارێزگای موسەننا (بە عەرەبی: المثنی، بە ئینگلیزی: Muthanna) دەکەوێتە بەشی باشوورری عێراق، شاری سەماوە ناوەندی پارێزگاکەیە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 51,740 کیلۆمەتر دووجایە و ڕێژی 11.6%ی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، و لە ڕووی ڕووبەرەوە دووەم گەورەترین پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، تەنانەت بە زستانیش کەشێکی گەرم و بیابانی وشکی هەیە و ڕێژەی باران بارینی زۆر کەمە، بەهۆی وشکە ساڵی بەرهەمی کشتوکاڵ کەمبووەتەوە و ئاستی ڕووباری فوڕات لەو ناوچەیە دابەزیوە، لەڕووی کارگێڕییەوە موسەننا بەسەر پێنج شارۆچکەدا دابەشکراوە.

شوێنی جوگرافی 

پارێزگای موسەننا دەکەوێتە باشووری عێراقەوە و سەر بە پارێزگاکانی فووڕاتی ناوەندە، لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی قادسییە و زەی قاڕ، لە باشوورەوە سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و کوەیت هەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای بەسڕە، لە ڕۆژئاواوە پارێزگای نەجەف دەوری داوە، نزیکەی 90%ی خاکەکەی بیایانە.

مێژووی پارێزگای موسەننا

ـ ئەم پارێزگایە بە ناوی سەرکردە "موسەننای کوڕی حاریسەی شەیبانییەوە" ناونراوە، کە سەرکردەیەکی ئیسلامی بووە و لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق جەنگی دژی فارس کردووە و ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام لە ناوچەکە.
ـ لە ساڵی 1662 ژێردەستەی دەسەڵاتی سەفەوییەکان بووە.
ـ لە سەردەمی عوسمانییەکان ناوچەکە گەشەیسەندووە مزگەوتی "سەماوەی گەورەی" تێدا بنیاتنراوە، کە ئێستا لە شوێنەوارە دێرینەکانی عێراقە.
ـ تاکوو ساڵی 1969 ئەم پارێزگایە سەر بە پارێزگای دیوانییە بوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس بووە پارێزگایەکی سەربەخۆ، ناوی موسەننای لێنرا.
ـ ساڵی 2003 ئەم پارێزگایە لەگەڵ هەموو وڵاتەکەدا لەلایەن ئەمریکاوە داگیرکرا و لە سەردەمی مانەوەی ئەمریکا شارەکە بارودۆخی ئەمنی ناجێگیر بوو و چەندان کردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دراوە.
ـ لە ساڵی 2006 یەکەم شاری عێراقی بوو کە هێزەکانی هاوپەیمانان تێیدا کشانەوە. 

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن، لەو شارە زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2018ـی عێراق ژمارەی دانیشتوانکەی نزیکەی 650 هەزار کەسن، بچووکترین شاری عێراقە لەڕووی ڕێژەی دانشتوانەوە، هەروەها ئاستی هەژاریی و بێکاریی لە بەرزترین پلەدایە.

گرنگترین سەرچاوە سروشتییەکانی موسەننا

خاکی موسەننا بەهۆی ئەوەی بیابانییە و 90%ی خاکەکەی بیابانه و "بادیەی سەماوەی" تێدا هەڵکەوتووە بۆیە ناوچەیەکی دەوڵەمەند و تایبەتە، بە سەرچاوەیەکی ئابووری و کانزایی گرنگی عێراق دادەنرێت، بەڵام بەهۆی جەنگ و کێشە سیاسییەکانی عێراق ئەم شارە پشتگوێخراوە و لە زۆر ڕووەوە بایەخی پێنادرێت، دانیشتوانی ناوچەکە لەژێر هێڵی هەژای دەژێن و ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە ئاستێکی باڵادایە بەجۆرێک کە بە هەژارترین پارێزگای عێراق پێناسە کراوە، سەرەڕای بوونی چەندین سەرچاوە و سامانی سروشتی لە پارێزگاکە، گرنگترینیان ئەمانەن:
ـ خاکی موسەننا دەوڵەمەندە بە چەندان سەرچاوەی سروشتی نموونەی سامانی نەوت و کانزای سروشتی وەکوو بەردی کلس کە لە بەرهەمهێنانی چیمەنتۆدا بەکاردەهێنرێت، هەروەها کانزای سیرامیک و سلیکا لە دروستکردنی کاشی و شووشەدا بەکاردەهێنرێت.
ـ خاکەکەی قوڕی کاولین لەخۆدەگرێت، کە لە باشترین جۆری قوڕە و چەند کانزایەکی تێدایە لە زۆر بواری گرنگ بەکاردەهێنرێت.
ـ خاکەکەی زۆر بەپیتە لە بەرهەمهێنانی خوێی خواردن (کلۆریدی سۆدیۆم) و ماددەی کلۆرین.
ـ ساڵانە خاکەکەی بە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر لە دوومەڵان ناسراوە، دوومەڵانی ئەو ناوچەیە تامدار و ناودارە.
ـ هەروەها چەند جۆرە ڕووەکێکی سروشتی لە خاکەکەی دەڕوێت زۆر گرنگن بۆ چارەسەری شێرپەنجە و سووتاویی پێست و کێشەکانی پێست.

شوێنەوارە گرنگەکانی پارێزگای موسەننا

ـ دەریاچەی ساوە: بریتییە لە دەریاچەیەکی داخراوی شۆر نزیک ڕووباری فوڕات، تایبەتمەندیی ئەم دەریاچەیە ئەوەیە کە هیچ سەرچاوەیەکی ڕووباری نییە کە بڕژێتە ناوی، بەڵکوو سەرچاوەی ئاوەکەی ئاوی ژێر زەوییە کە لەڕێگەی درزەکانی زەوییەوە هەڵدەڕژێنە نێۆ دەریاچەکە، بە دووریی 25 کیلۆمەتر لە شاری سەماوەوە دوورە، لە ڕابردوودا ئەم ناوچەیە لە پێشەنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی عێراق بوو، بەڵام لە ئێستادا پشتگوێخراوە.
ـ شوێنەواری وەرکائی مێژوویی: یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی عێراق، دێرینترین شارستانییەتە لە جیهاندا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا و لە سەردەمی سۆمەریی و بابلییەکان هەبووە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری سەماوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان بۆ یەکەم جار نووسینی مسماری لەم ناوچەیە دەرکەوتووە کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3300 ساڵ پێش زایین، و هەر لەم ناوچەیە "داستانی گلگامش" دروستبووە.


سەرچاوەکان



609 بینین