سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-03-16:45:00 - کۆدی بابەت: 7480
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

ناوه‌ڕۆك

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چییە؟

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (بە ئینگیزی: International Monetary Fund) دامەزراوەیەکی داراییە هەڵدەستێت بە پێشکەشکردنی قەرز بە وڵاتان کاتێک ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و دارایی دەبنەوە بە مەرجی ئاسان و پێدانی ئەو قەرزەش بە پێی ڕێژەی بەشداریکردنی وڵاتانی ئەندامە لە پارەدارکردنی، سندوقەکە و خزمەتگوزارییەکانی ئەم سندوقە خۆی دەبینێتەوە لە پێشکەش کردنی ڕاوێژ لە بواری  سیاسی و هاوکاری کردنی وڵاتان لە دانانی نەخشە ڕێگای سیاسی تایبەت و گونجاو، لە ساڵی ١٩٤٤ لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێک ئەنجامدرا بەناوی (بریتون وودز) لە ویلایەتی نیوهامشیر بە بەشداری ٤٤ دەوڵەت بڕیار لەسەر دامەزراندنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی درا، بارەگای سەرەکی ئەم سندوقە دەکەوێتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و لە ئێستادا نزیکەی ١٨٨ وڵات ئەندامن لەم سندوقە.

ئامانجی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە بریتییە لە دەستەبەرکردنی جێگیری دراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراندنی سیستمێک بۆ ڕێکخستنی نرخی دراوەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، لەم سندوقەدا هەموو دەوڵەتەکان و هاونیشتیمانیانیان دەتوانن بەیەکەوە مامەڵە بکەن، هەموو کەرتە ئابووری و داراییەکانی لەخۆگرتووە کە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری جیهان هەیە، هەوڵی دەستەبەرکردنی سەلامەتی ئابووری جیهانی دەدات.

ڕۆڵی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چییە؟

  1. پێشبینیکردن و کەم کردنەوەی قەیرانی دارایی.
  2. هاندانی وڵاتان بە گوێرەی سیاسەتە ئابورییە سەلامەتەکان.
  3. سوود وەرگرتنی ئەندامانی سندوق لە ڕێگای پێدانی بڕە پارەیەک بە ئەندامەکانی دیکە بە شێوەیەکی کاتی.
  4. دەستەبەرکردنی گەشەی هاوسەنگ لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا.
  5. پارێزگاریکردن لە نرخی دراوەکان و دەستەبەرکردنی جێگیری نرخی دراوەکان.
  6. پارێزگاریکرن لە دابەزینی نرخی دراوەکان و ڕێگریکردن لە پێشبڕکێی دراوەکان.
  7. بەخشینی قەرز بە وڵاتانی ئەندام بۆ تێپەڕاندنی قەیران و کێشەکانیان.
  8. بەخشینی شارەزایی و کاری ڕاوێژکاری بە وڵاتانی ئەندام بە جۆرێک لەگەڵ سیاسەتی ئەو وڵاتە بگونجێت.
  9. پێشکەشکردنی هاریکاری هونەری و مەشق و ڕاهێنان.

ئامانجی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چییە؟

- دروستکردنی دەستەیەک بە جۆرێک کارەکانیان بە شێوازێکی بەردەوام ئەنجام بدەن بە مەبەستی هاندانی هاریکاری نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی دراو، لە ڕێگای ڕاوێژ و گفتوگۆ کردنەوە.

- بەشداری کردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بەدیهێنانی ئاستێکی باڵا و کارا لە پاشەکەوتکردنی ڕاستەقینە، لە ڕێگای فراوانکردن و گەشەپێدانی ئابووری وڵاتان.

- ئاسانکاری بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی دەکات.

ئەنجومەنەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

1. ئەنجومەنی دادوەران: سەرۆکایەتی پارێزگارانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەکەن، پارێزگاران پێکدێن لە وەزیرانی دارایی یان پارێزگارانی بانکی ناوەندی وڵاتانی ئەندام، هەریەک لەم ئەندامانە نوێنەرایەتی وڵاتی خۆیان دەکەن و بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانە دەکەن.

٢. ئەنجومەنی جێبەجێکرن: دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە بریتین لە بەڕێکردنی کارە ڕۆژانەییەکانی سندوقەکە و ئەم ئەنجومەنە پێکدێت لە 24 بەڕێوبەری جێبەجێ کار لە هەفتەیەکدا بە لایەنی کەمەوە 3 جار کۆدەبنەوە، هەندێک لەم بەڕێوبەرانە نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی وڵاتانی خۆیان دەکەن لەم ئەنجومەنەدا ئەوانیش (چین، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، سعودیە، ڕووسیا، ئەمریکا) ئەوانی دیکەش نوێنەرایەتی وڵاتەکانی دیکە دەکەن.

3. ئەنجومەنی بەڕێوبردن: ئەم ئەنجومەنە 5 ساڵ جارێک گۆڕانکاری بەسەردادێت، سەرپەرشتی فەرمانبەرانی سندوقەکە دەکەن کە ژمارەیان 2700 فەرمانبەرە زیاتر لە 140 وڵات، وڵاتە یەکگرتووەکان زۆرترین ڕێژەی دراوی هەیە لەم سندوقەدا، لەبەر ئەوە خاوەنی زۆرترین ڕێژەی دەنگدانە لەسەر بڕیارەکان و پشکی شێری بەردەکەوێت، زۆرجار لە بەرژەوەندی خۆی بڕیارەکان یەکلایی دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



3031 بینین