تێراتۆما

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2023-10-15-14:06:00 - کۆدی بابەت: 11444
تێراتۆما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تێراتۆما (بە ئینگلیزی: Teratoma، بە عەرەبی: ورم مسخي أو تراتومة) بریتییە لە جۆرێکی لووی (وەرەمی) خانەی میکرۆبەکان کە ڕەنگە شانەیەکی پێنەگەیشتوو یان تەواو دروستبووی تێدا بێت لەوانە (ماسولکە، ئێسک، ددان و موو). ڕەنگە ئەمانە بێزیان بن (شێرپەنجەیی نەبن) یان بەزیان بن (شێرپەنجەیی بێت) کە لە هەندێ کەسدا لە بەشێکی جەستەیدا دروست دەبێت و پێویستە بە نەشتەگەری لاببرێت. بە شێوەیەکی گشتی لە هێلکەدان، گوونەکان و ئێسکی کلک ناسراو بە کلێنچکە (coccyx) دروست دەبن، بەڵام دەکرێت لە هەر شوێنێکی دیکەی لەش ڕوو بدەن.

تێراتۆما دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەموو تەمەنەکان هەبێت هەندێک لە تێراتۆمەکان لە کاتی گەشەکردن لە مناڵداندا دروست دەبێت.

نیشانەکان

نیشانەکانی تێراتۆما دەتوانێت جیاوازبێت بە پێی قەبارە و شوێنی وەرمەکە، لە هەندێک حاڵەتدا ئەو کەسانەی تێراتۆمایان هەیە رەنگە هیچ نیشانەیەکیان نەبێت بە هیچ شێوەیەک تەنها  کاتێک هەست بە بارستایەک دەکەن کە بارستایەکە ئەوەندە گەورە دەبێت کە هەست پێ بکرێت. نیشانە گشتییەکانی تێراتۆما بریتین لە:                                                            

  • سەرئێشە
  • سڕی
  • ئازار
  • خوێنبەربوون
  • ئاوسان
  • قەبزی
  • لاوازی لە قاچەکان
  • کەمێک بەرزبوونەوەی ئاستی هۆڕمۆنی BhCG
  • کەمێک بەرزبوونەوەی ئاستی نیشاندەری وەرەم AFP
  • ئاوسان یان گرێیەک کە مرۆڤ هەستی پێدەکات و دەیبینێت

جۆرەکانی تێراتۆما

  • تێراتۆمای کیسەیی پێگەیشتوو MCT: بەلایەنی کەمەوە لە دوو بۆ سێ چینە خانەی میکرۆبەکان پێکهاتووە. ئەم جۆرەیان بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر منداڵان و کەسانی تەمەن بچووک دەکات و بە هێواشی گەشە دەکات. ئەوان بێزیانن و پڕن لە ماددە کە شلەیە لە پلەی گەرمی لەش بەڵام نیمچە ڕەقە لە پلەی گەرمی ژووری ئاسایی.
  • تێراتۆمای کیسەیی پێنەگەیشتوو ICT: لە هەر سێ جۆری چینە میکرۆبەکان پێکهاتووە و بە شێوەیەکی ئاسایی گەورەترن. ئەم جۆرە تێراتۆمانە زۆرجار ڕەقن و پڕن لە شلەی ژەهراوی و ماددەی چەوری. زۆرجار خراپن یان شێرپەنجەیین.

هۆکارزانی

هۆکاری زۆربەی تێراتۆمەکان بە تەواوی نەزانراون، زۆر جار تێراتۆما پەیوەندی بە کۆمەڵێک کەموکوڕی بۆماوەییەوە هەیە کە کاریگەری لەسەر سیستەمی دەماری ناوەندی، کۆئەندامی زاوزێ و بەشی خوارەوەی بڕبڕە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە شێوەیەکی بنچینەیی بەهۆی هەندێک ئاڵۆزی لە شێوازی دابەشبوونی خانەکان لە کاتی گەشەی جەستەدا دروست دەبێت. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە، تێراتۆمەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە خانە میکرۆبییەکاندا سەرهەڵدەدەن، ئەو خانانەی کە بەرپرسن لە دروستکردنی خانەی زاوزێ یان هەر جۆرە خانەیەکی تایبەت لە لەشدا. ئەم خانانە زۆر زوو لە کۆرپەلەدا گەشە دەکەن. لەبەر ئەوە، ژمارەیەکی زۆر لە تێراتۆمەکان لە ماوەی دووگیانیدا دەدۆزرێنەوە، چونکە لەو ماوەیەدا خانە میکرۆبییەکانی کۆرپەلە زۆر بە خێرایی گەشە دەکەن و دابەش دەبن.

لە کاتی گەشەکردنی کۆرپەلەدا خانەکان دەست دەکەن بە جیابوونەوە و کۆچکردن بۆ ناوچە جیاوازەکانی جەستە، ئەم حاڵەتە بەهۆی کێشەیەکەوە لە پرۆسەی جیاکردنەوەی خانەکان دروست دەبێت کە بریتییە لە شێوازی جیاکردنەوەی خانەکان و تایبەتمەندبوون، هەر بۆیە تێراتۆما شانەکانی تێدایە کە سەر بە شانەکانی تری جەستەن. بۆچی ئەم کێشەیە سەر هەڵدەدات  بە تەواوی نازانرێت و هەندێک لەم خانە میکرۆبییە سەرەتاییانە دەبنە خانە بەرهەمهێنەرەکانی سپێرم و هێلکە. بەڵام دەتوانرێت خانە میکرۆبییەکان لە شوێنێکی دیکەی جەستەشدا بدۆزرێتەوە بە تایبەتی لە ناوچەی ئێسکی کلک و تیغە (Mediastinum).

ئاڵۆزییەکانی تێراتۆما چین؟

ئاڵۆزییە تایبەتەکان دەگۆڕێن لەسەر بنەمای شوێنی تێراتۆما. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئاڵۆزییەکانی تێراتۆما لەوانەیە بریتیبن لە:

  1. بادان: ئەندامێکی لەش دەسوڕێت و دەبێته هۆی ئازار.
  2. تەقین یان دڕان.
  3. هەوکردن.
  4. گۆڕانی شێرپەنجەیی.

دەستنیشانکردن

  • دەستنیشانکردنی تێراتۆما پێش لەدایکبوون بە وێنەگرتنی زرنگەی موگناتیسی(PMRI): بۆ دۆزینەوەی نائاسایی لە جەستەی کۆرپەلە، مێشک و دڕکەپەتک.
  • پشکنینی ئەلفا-فیتۆپڕۆتینی دایک: بۆ پشکنینی هەر کێشەیەک لە ماوەی گەشەکردنی کۆرپەلەدا وەک سپاینا بیفدا، نەخۆشی داون و گاستراسکسس (gastroschisis).
  • سۆنەر: بۆ دۆزینەوەی پێشکەوتنی تێراتۆما.
  • پشکنینی گاینەکۆلۆجیک: پشکنینێکە بە تایبەتی ئەنجام دەدرێت بۆ دۆزینەوەی سوڕانی هێلکەدان بەهۆی تێراتۆمای هێلکەدان.
  • پشکنینی خوێن: بۆ دۆزینەوەی ئاستی بەرزی هۆرمۆنەکانی وەک AFP و BhCG وەک نیشانەی لوو (توومۆر مارکەر).
  • بایۆپسی: بۆ زانینی ئەوەی تێراتۆماکە شێرپەنجەییە یان شێرپەنجەیی نییە.

چارەسەرکردن

تێراتۆماکان ئەو لووانەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کاتی گەشەکردنی کۆرپەلەدا گەشە دەکەن. کاتێک تێراتۆما لە قۆناغی کۆرپەلەدا دەدۆزرێتەوە، منداڵەکە بە شێوەیەکی گونجاو پشکنینی بۆ دەکرێت. ئەگەر تێراتۆما بچووک بێت، پزیشکەکە لەوانەیە پێشنیاری لەدایک بوونی ئاسایی (سروشتی) بکات. لە حاڵەتێکی گەورەدا، نەشتەرگەرییەکی قەیسەریی دەکرێت. ئەگەر لەکاتی دووگیانیدا تێراتۆما دەستنیشانکرا، هەندێک جار سۆنۆگرام دەگیرێت بۆ هەڵسانگاندنی گەشەکردن و قەبارەی تێراتۆما و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی کۆرپەکە. لە هەندێک حاڵەتدا رەنگە نەشتەرگەری کۆرپەلە بۆ دەرهێنانی شلە لە تێراتۆما ئەنجام بدرێت، بەڵام بەزۆری تێراتۆما بە نەشتەرگەری راستەوخۆ دوای لەدایکبوون لادەبرێت.

نەشتەرکاری: گەورەترین چارەسەر بۆ تووشبوون بە تێراتۆما بریتییە لە نەشتەرکاری. کاتێک تێراتۆمای ئێسکی کلک، هێلکەدان و گوونەکان زۆر گەورە دەبن و ئاڵۆز دەبن، زۆرجار لە ڕێگەی نەشتەرکاریەوە لادەبرێن. هەروەها کاتێک تێراتۆما باش دەبێت، بە نەشتەرکاری لادەبرێت بۆ ئەوەی ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە نەبێت.

چارەسەری کیمیایی: کاتێک لووەکە خراپ دەبێت، نەشتەرکاری لەگەڵ چارەسەری کیمیایی ئەنجام دەدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک لووەکە ئاڵۆزە و دەکەوێتە شوێنیک ناتوانرێت بە ئاسانی بەدەست بهێنرێت، هەنگاوی سەرەتا چارەسەری کیمیاییە.


سەرچاوەکان



537 بینین