کاریگەری نەخۆشیی شەکرە لەسەر خەو

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-10-19-21:09:00 - کۆدی بابەت: 11472
کاریگەری نەخۆشیی شەکرە لەسەر خەو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری نەخۆشیی شەکرە لەسەر خەو (بە ئینگیلزی: Affect of diabetic on the sleep، بە عەرەبی: تأثر السكري على النوم) نەخۆشیی شەکرە نەخۆشییەکی باوە و کاریگەری لەسەر ٣٤٧ ملیۆن خەڵک لە جیهاندا هەیە. جگە لە چەندین کاریگەری تەندروستی نەخۆشیی شەکرە کاریگەری لەسەر توانای خەوتن دروست دەکات. خەوێکی ڕێکخراو بۆ تەندروستی مێشک و جەستە بنچینەیە، کەموکوڕیش لە توانای خەوتندا کاریگەری لەسەر ڕێکخستنی شەکری خوێن دەکات کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرە زۆر گرنگە. یەک لەسەر سێی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەکرە ڕووبەڕووی کێشەی خەوتن دەبنەوە. یەکێک لە هۆکارەکانیش بریتییە لە (nocturia) واتە زۆر میزکردن لە شەواندا کاتێک ڕێژەی شەکری خوێن زیاد دەبێت دەبێتە هۆی ئەوەی گورچیلەکان زیاتر میز بپاڵێون. هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی هەناسەدان، هەستکردن بە تینوێتی، سەرئێشە و هەستکردن بە ماندوویەتی. دابەزینی شەکری خوێنیش بەهەمان شێوەی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن کێشە بۆ ماوەی خەوتن دروست دەکات، دەبێتە هۆی ئارەقکردنەوەیەکی زۆر و هەستکردن بە ماندوویەتی و هیلاکی لە ماوەی خەوتندا.

نەخۆشیی شەکرە دەتوانێت بەم جۆرانە کاریگەری لەسەر خەو هەبێت

تێکچوونی خەو

گۆڕانکاری لە ئاستی شەکری خوێن دەتوانێت ببێتە هۆی بەئاگابوونی بەردەوام لە کاتی شەودا، بەهۆی ئەمەش قورس دەبێت بۆ کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەکرە خەوێکی ئارامیان هەبێت.

زۆر میزکردن لە شەواندا

بەرزی ڕێژەی شەکری خوێن دەبێتە هۆی زیاد دروستبوونی میز و تێکچوونی خەو.

دروستبوونی ئازاری قاچەکان

ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە ئەزموونی ئازاری قاچەکانیان دەکەن. کە ڕێگری لە خەوێکی ئاسوودە دەکات.

دەرمان

بەکارهێنانی هەندێک دەرمان کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن بەکاردێت، کاریگەری لەسەر توانای خەوتن دروست دەکات و دەبێتە هۆی بێ خەوی.

چەند ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نووستن بەهۆی نەخۆشیی شەکرە

ڕێکخستنی ڕێژەی شەکری لەش 

کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی شەکری لەش بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە بەهۆی دەرمان، خۆپارێزی و وەرزشکردن بەتەواوی لە چارەسەرکردنی کێشەی خەودا سوودی دەبێت.

خواردن پێش خەوتن

ئەگەر دەرمانێک بەکاردەهێنیت کە دەبێتە هۆی دابەزینی شەکری خوێن، هەوڵبدە پێش خەوتن خواردنێکی بچووک و هاوسەنگ بخۆیت تاکوو بەهۆی دەرمانەکەوە تووشیی دابەزینی شەکری خوێن نەبیت.

دیاریکردنی کاتی دیاریکراوی خەوتن

کاتێکی دیاریکراوی خەوتن و هەستان دیاری بکە، بە کاتەکەتەوە پابەند بە تەنانەت لە کاتی ڕۆژانی پشووشدا.

وەرگرتنی کاربۆهیدرات

لە کاتی وەرگرتنی کاربۆهیدرات لە ژەمە خواردنەکاندا هۆشیار بە، بەتایبەتی لە کاتی ژەمی ئێوارەدا خواردنی ژەمێکی قورس لە کاتی نزیکی خەودا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی نووستن.

گرنگە لە نزیکەوە پزیشک ئاگادار بکەیتەوە و سەردانی بکەیت، نەخۆشیی شەکرە بە شێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر توانای نووستن دەکات. لەبەر ئەمەش هەر کەسێک پێویستی بە ڕێنمایی تایبەت بە خۆی دەبێت.


سەرچاوەکان



473 بینین