پلاندانانی هەرێمی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-10-20-20:41:00 - کۆدی بابەت: 11495
پلاندانانی هەرێمی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پلاندانانی هەرێمی (بە عەرەبی: التخطیط الاقلیمي، بە ئینگلیزی: Regional Planning). پلاندانانی هەرێمی بریتییە لە کۆمەڵێک چالاکی تیۆری و پراکتیکی کە مەبەست لێی بەگەڕ خستن و وەبەرهێنانی دەرامەتە سروشتی و مرۆییەکانە، لە چوارچێوەی هەرێمێکی دیاریکراو، بە ئامانجی بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی لە دابەشکردنی داهاتی گەشەی ئابووری دەسکەوتوو لە نێوان دانیشتووان و هێنانەدی گەشەپێدانی بەردەوام.

بیرۆکەی پلاندانانی هەرێمی

پلاندانانی هەرێمی جۆرێکە لە جۆرەکانی پلاندانان کە هەڵگری هەموو تایبەتمەندییە سەرەکیەکانی پلاندانانە، لە پڕۆسەی چاودێریکردن لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشانەی کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن، وەکوو کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری. هەربۆیە زانایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەبارەی زاراوەی پلاندانانی هەرێمی نموونە وەکوو:

  • کۆنیرز: وای دەبینێت کە پلاندانانی هەرێمی جۆرێکە لە جۆرەکانی پلاندانانی گەشەپێدان (Development Planning) کە جەخت لەسەر هەرێمێکی تایبەت دەکاتەوە، گرنگی دەدات بە کەرتێکی ئابووری یان پڕۆژەیەکی دیاریکراو، ئامانجی سەرەکی باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و زاڵبوون بەسەر ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم پڕۆسەکە.
  • جۆن فریدمان: لە پەرتووکەکەی بە ناوی (پلاندانانی هەرێمی وەک گۆڕەپانێکی لێکۆڵینەوە) بەم جۆرە ناساندوویەتی کە بریتییە لە دیاریکردنی پڕۆسەی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان کە مەبەستە بە دەستبهێنرێن، لە ڕێگای ڕێکخستن و دووبارە داڕشتنەوەی چالاکییە جۆراوجۆرەکان لەو ناوچانەی کە دەکەونە دەرەوەی سنووری شارەکان. بە گوێرەی ئەم بۆچوونەش بێت پڕۆسەی پلاندانانی شارەکان دەکەونە چوارچێوەی پلاندانانی شارنشینی (Planning Urban).
  • لۆگان: پێی وایە کە پلاندانانی هەرێمی بریتییە لە بەدەستهێنان و دابەشکردنێکی دادپەروەرانە بۆ داهاتی گەشەی ئابووری و دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی دانیشتووان و بەشداری پێکردنیان لە پڕۆسەی پلاندانان و بایەخدان بە ژینگە.
  • کوزولا: پێی وایە کە پلاندانانی هەرێمی بریتییە لە پیشاندانی ڕووی سیاسی پلاندانان لە پێناو هێنانەدی پەرەپێدانی هەرێمی.

هەرێم و جۆرەکانی هەرێمی جوگرافی

هەرێم بریتییە لە ڕووبەرێکی زەوی کە لە بنچینەدا خاوەن سیفات و تایبەتمەندی تایبەت بە خۆیەتی کە لە هەرێمەکانی تری جیا دەکاتەوە.

جۆرەکانی هەرێمی جوگرافی

  • هەرێمی سروشتی: ئەو هەرێمەیە بۆ دیاریکردنی پشت دەبەستێت بە بنەما و دیاردە سروشتییەکان وەکوو بەرزی و نزمی (چیاکان، دۆڵەکان و بانەکان و دەشتەکان)، ڕووەکی سروشتی و ئاوهەوا و سامانی ئاو و شوێنی جوگرافی.
  • هەرێمی مرۆیی: ئەم هەرێمە لە دیاریکردنیدا پشت بە بنەما مرۆییەکان دەبەستێت لەسەر بنەمای، چڕی دانیشتووان و پیشەی دانیشتووان و پێکهاتەی دانیشتووان و ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتییان، نموونە وەکوو هەرێمی بنجاب و سەند و هەرێمەکانی عەرەبستان و کوردستان و بلوجستان.
  • هەرێمی کارگێڕی: بریتییە لەو هەرێمەی لە دیاریکردنیدا پشت بە بنەما کارگێڕییەکان دەبەستێت، لەسەر بنەمای دەسەڵاتی کارگێڕی و بەڕێوە بردن، نموونە وەکوو هەرێمی پارێزگاکان لە ڕووی کارگێڕییەوە خاوەن دەسەڵاتێکی کارگێڕین و دەتوانن خزمەت بە سنووری کارگێڕی ئەو پارێزگایە بکەن. وەکوو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە)، هەرێمەکانی تەڕابلس و برقە و فەزان لە وڵاتی لیبیا.
  • هەرێمی تایبەت: بریتییە لەو هەرێمەی لە دیاریکردنیدا پشت دەبەستێت بە بڕیارێکی سیاسی لە پێناو هێنانەدی ئامانجێکی دیاریکراو و سوود وەرگرتن لە بنەما سروشتی و مرۆییەکان ئەو هەرێمە بە شێوەیەکی تایبەت، نموونە وەکوو هەرێمی پیشەسازی و هەرێمی کشتوکاڵی و هەرێمی بازرگانی.

شێوەکانی پلاندانانی هەرێمی بە گوێرەی سیستمی جیهانی

پلاندانانی هەرێمی لە وڵاتانی سەرماییەدار

بریتییە لە ئازادی بەرهەمهێنان، کە کەرتی تایبەت ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دەرکردنی بڕیاری بەرهەمهێنانی پڕۆژە ئابوورییەکان. لە وڵاتانی سەرمایەدار پڕۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییە گەورەکان لەو ناوچانە چڕ دەکرێنەوە کە بنیادنانی ئابووری و بەکارهێنانیان ئاسانە، بە تایبەتی لە شارە گەورەکان بە هۆکاری دەستە بەرکردنی تۆڕەکانی هاتووچۆ و گواستنەوە و دابینکردنی ئاو و کارەبا و ڕەگەزەکانی ژێرخانی. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئایدۆلۆجیای  سەرمایەداری بریتین لە:

  • تاک مافی هەبوونی زەوی و سەرمایە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی هەیە.
  • تاک مافی ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی ئابووری هەیە بە مەبەستی زیادکردنی قازانج.
  • بوونی بازاڕێکی ئازاد هۆکارێکی گرنگە بۆ ئابووری سەرمایەداری کە پشت دەبەستێت بە هێزی خستنەڕووی داواکاری.
  • لە ئایدۆلۆجیای سەرمایەداریدا دەوڵەت تەنها کرداری ڕێنمایی کردنی لەسەرە، واتە کەرتی تایبەت بزوێنەری بەرهەمهێنانی ئابوورییە.

پلاندانانی هەرێمی لە وڵاتانی سۆشیالست

بریتییە لە تاک و دابەشبوونی بەرهەم و داهات بە شێوەیەکی یەکسان و نەبوونی جیاوازی لە نێوان هەرێمەکان بەو واتایەی پلانی هەرێمی ڕێککەوتووە لەگەڵ پلانی سەنتەری دەوڵەت. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی پلاندانانی هەرێمی لە وڵاتانی سۆشیالست:

  • ئامرازەکانی بەرهەمهێنان موڵکی دەوڵەتن و تاک مافی نیرە ببێتە خاوەنیان.
  • بەرهەمهێنان بە مەبەستی بە دەستهێنانی قازانجی تاکە کەس نییە، بەڵکو ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگایە.
  • بەرهەمهێنان پشت بە کۆی گشتی دانیشتووان دەبەستێت و مەبەستی خزمەتکردنی  هەموو چین و توێژەکانە وەک یەک.
  • پلاندانان لە لایەن دەسەڵات داران ئاڕاستە کراوە، واتە دەسەڵاتی گشتی پلانەکە دادەنێت و ئاڕاستەی دەکات.

پلاندانانی هەرێمی لە وڵاتانی دواکەوتوو

مەبەست لە وڵاتانی دواکەوتوو لە ڕووی پلاندانانەوە بریتییە لە بوونی جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ناوچە شارنشینیەکان و هەرێمەکان، ئەو جیاوازیانەش بەڕوونی هەستیان پێ دەکرێت لە ڕوانگەی پەرەپێدانی پڕۆژە ئابوورییەکان. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی پلاندانانی هەرێمی لە وڵاتانی دواکەوتوو: 

  • بەژداری پێکردنی دانیشتووان لە داڕشتنی ئامانج و دەرکردنی بڕیارەکان.
  • بە گەڕخستنی دەرامەتە سروشتی و مرۆییە شاراوەکان، بە مەبەستی پێشخستن و پەرەپێدانی هەرێمەکان.
  • ڕێکخستنی جووڵەی بازرگانی و گواستنەوە لە نێوان هەرێمەکان.


سەرچاوەکان



1117 بینین