سوودەکانی ئەنیمەیشن بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-10-28-20:28:00 - کۆدی بابەت: 11547
سوودەکانی ئەنیمەیشن بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنیمەیشن (بە ئینگلیزی: Animation، بە عەرەبی: الرسوم المتحركة)، سەرچاوەیەکی باشن بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش بۆ منداڵ، هەروەها منداڵەکان بە زۆر هۆکار حەزیان لە ئەنیمەیشنە، منداڵان زانخوازن، بەردەوام لە گەشەکردندان و توانای فێربوونیان زۆرە لەڕێگای بینینەوە، لەبەرئەوە حەزیان لە سەیکردنی ئەنیمەیشنە و ئەنیمەیشنەکانیش دەتوانن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری بخەنە سەر بیرکردنەوەیان. باشترە منداڵ هان بدرێت بۆ سەیرکردنی ئەو ئەنیمەیشنانەی کە کاریگەری ئەرێنی زیاترە. دەنگ، جلوبەره و چالاکی کەسایەتییەکانی ناو ئەنیمەیشنەکان ئەو شتانەن کە دەبنە هۆی ئەوەی منداڵان حەزیان لێی بێت، لە دیدی منداڵەکانەوە ئەوە هەمان ئەو جیهانە خەیاڵییە پڕ ڕەنگەیە کە وێنای دەکەن. پیزشکان و دەروونناسان هەمیشە دایک و باوک ئاگاداردەکەنەوە لەوەی ڕێگا بدەن منداڵ سەیری ئەنیمەیشن بکات. 

کاریگەرییەکانی ئەنیمەیشن لەسەر منداڵ

١- توانای سەیرکردن و گەڕان و زانخوازی لە منداڵدا زیاد دەکات
ڕاستە کە کەسایەتییەکانی ناو ئەنیمەیشنەکان خەیاڵین و بوونیان نییە، بەڵام ئەو پەیام و ئامانجەی لەپشت هەر کەسایەتییەک هەیە لە ڕاستی ژیانەوە وەرگیراوە و منداڵان شتی زۆری لێوە فێر دەبن. ئەو هەستی زانخوازییەی لەلای منداڵ دروستی دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکان سەرنجی شتی نوێ بدەن لە دەوروبەریان و بەم شێوەیە باشتر دەتوانن لە جیهانی دەوروبەریان تێبگەن لەڕێی ئەنیمەیشنەکانەوە، هەروەها ئەنیمەیشنەکان دەتوانن ببنە پاڵنەر لە منداڵدا بۆ دۆزینەوەی لایەنە جیاوازەکان لە ژیانئ ڕاستیدا.

٢- بەسوودە بۆ پاراستنی سەلامەتی منداڵان
یەکێکی تر لەو هۆکارانەی وادەکات منداڵان حەز لە سەیکردنی ئەنیمەیشن بکەن ئەوەیە کە بە ڕووداوی سەیر و سەمەرە دەبنە هۆی پێکەنین، لێکۆڵینەوەکانیش ئەوە دەڵێن کە پێکەنین مرۆڤ بەسەلامەتی دەهێڵێتەوە، هەروەها پێکەنین جۆرێک وەرزشە کە سووڕی خوێن ڕيکدەخات، یەمە یەکێک لە کاریگەرترین و ئەرێنیترین لایەنەکانی ئەنیمەیشنە کە دەبێتە هۆی سەلامەتی مرۆڤ و بەتایبەتی منداڵ. یەکێکی تر لە سوودە تەندروستییەکان ئەوەیە کە لە ئەنیمەیشنەکاندا، کەسایەتییەکان بەزۆری تەندروست دەژین و خواردن و سەوزەی تەندروست دەخۆن، ئەمەش وا لە منداڵ دەکات ئارەزووی بۆ ئەو جۆرە خواردنانە بچێت.

٣- یارمەتی فێربوون لەڕێی بینین و فێربوونی ڕەنگەکان دەدات
لەڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە کە فێربوون لەڕێگای بینینەوە کاریگەرترە لە ڕێگاکانی تر، لەبەرئەوەش لە زۆربەی ڕێکخراو و سیمینارەکان بۆ فێربوون ڤیدیۆی وەک ئامڕاز بەکار دەهێنن. لە تەمەنی منداڵیدا مێشک فراوانە و پێشوازی لە هەر شتێک دەکات کە دەیبینێت، بەم پێیە منداڵان بە سەیرکردنی ئەنیمەیشنی ڕەنگاوڕەنگ شتی زۆر فێر دەبێت، هەروەها بینینی ئەو ڕەنگانە دەبێتە هۆی ناسینەوەی ڕەنگەکان.

٤- یارمەتی فێربوونی شتی نوێ دەدات
بەگشتی منداڵ حەز بە خوێندنەوەی کتێن ناکات بەتایبەت ئەو کتێبانەی بابەتی پێکەنیناوی و سەرنجڕاکێشیان تیا نییە، لەبری ئەوە لەڕێگای بینینەوە بەخێرایی فێر دەبن.

٥- بەهێزکردنی وەفاداری لای منداڵ
لە ئەنیمەیشنەکاندا، کەسایەتییەکان بەتەنیا نین و خێزان و هاوڕێیان هەیە، وەفادارن بۆ خێزان و هاوڕێکانی خۆیان و ڕاستگۆیانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، بینینی ئەم ڕەفتارانە بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر بیری منداڵ دادەنێت.

٦- بەهێزکردنی کارامەیی و لێهاتووییەکانی منداڵ 
بەگشتی لە ئەنیمەیشنەکاندا مۆسیقا، گۆرانی و سەما زۆر هەیە، ئەمەش شتێکە کە زۆر سەرنجی منداڵ ڕادەکێشێت، گوێگرتن و بینینی ئەمانە و دووبارەکردنەوەیان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یان دۆزینەوەی لێهاتووییە شاراوەکان لە منداڵاندا.

٧- فێری ڕێزگرتنیان دەکات
منداڵان بە بینینی ئەنیمەیشنەکان و پاڵەوانەکانیان کە خێزانەکانیان خۆش دەوێت و ڕێزیان دەگرن، فێری ڕێزگرتن لە گەورەکان دەبن.

٨- فێری زمانێکی دیکەیان دەکات
یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی سەیرکردنی ئەنیمەیشن ئەوەیە کە لەڕێگایەوە دەتوانن فێری زمانی بیانی ببن.

٩- دروستکردنی منداڵێکی چالاک و زیرەک
زۆربەی کەسایەتی ناو ئەنەمەیشنەکان خوێندکار و زانا و کەسانی زیرەکن کە دەبنە نموونەی باش بۆ منداڵەکان و کاریگەرییان لەسەریان هەیە.

١٠- فێربوونی شێوازی قسەکردن 
یەکێک لە کارامەییە گرنگەکان کە دەبێت منداڵان فێری ببن قسەکردن و شێوازی قسەکردنە، لە سوودەکانی ئەنیمەیشنیش فراوانکردنی بازنەی وشە و زمانەوانییە لای منداڵ، هەروەها منداڵ فێر دەبێت کە چ وشەیەک لەکوێدا بەکاربهێنێت.

دایکان و باوکان دەبێت ئەنیمەیشنی گونجاو بۆ منداڵ هەڵبژێرن

هەڵبژاردنی ئەنیمەیشنی گونجاو بۆ منداڵ لەڕووی تەمەن و گەشەی ژیری و سۆزداری منداڵ، ئەرکی دایک و باوکە. دەبێت دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان دابنیشن و سەیری ئەنیمەیشنەکان بکەن و ئاگاداری ئەوەبن کە منداڵەکانیان سەیری چی دەکەن.


سەرچاوەکان



259 بینین