ڕۆڵی هەنگوینی سروشتی وەک دژە میکرۆبێک

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-04-20:28:00 - کۆدی بابەت: 11804
ڕۆڵی هەنگوینی سروشتی وەک دژە میکرۆبێک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆڵی هەنگوینی سروشتی وەک دژە میکرۆبێک (بە ئینگلیزی: The role of natural honey as an antimicrobial، بە عەرەبی: دور العسل الطبيعي كمضاد للميكروبات) لەگەڵ ئەوەی هەنگوینی سروشتی لە سەدەکانی ڕابردووش گرنگیی لە بوار و بەکارهێنانی تەندروستیدا هەبوو، بەڵام لە دەیەکانی ڕابردوو هەنگوین بووە بە بابەتێکی دیاری لێکۆڵینەوەی تاقیگەیی و کلینیکی.

کاریگەری دژە میکرۆبی هەنگوین

چالاکی دژە بەکتریایی هەنگوینی سروشتی یەکێکە لە گرنگترین دۆزینەوەکان کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٩٢ ناسێنرا. هەروەها هەنگوین کاریگەری لەسەر هەوکردنە کەڕوویی و هەوکردنە ڤایرۆسییەکانیش نیشانداوە و ئەمانەش هەموو وایانکردووە گرنگی زیاتر بە ڕۆڵی هەنگوین بدرێت وەک دژەمیکرۆبێک بەرامبەر میکرۆبەکانی (بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕووەکان).

کاریگەری دژە بەکتریایی هەنگوین

هەنگوین کاریگەری ڕێگریکردنی هەیە لەسەر نزیکەی شەست جۆری بەکتریا لەوانە بەکتریای هەوایی و بەکتریایی و ناهەوایی و گرام ئەرێنی و گرام نەرێنی. ئەو هۆکارە نەخۆشییانەی کە هەستیارن بۆ تایبەتمەندییە دژە هەوکردنەکانی هەنگوین زۆر و هەمەجۆرن. ئەنجامە جۆراوجۆرەکان دەرخەری کاریگەرییەکانی هەنگوین لە دژی بەکتریاکانی:

  • Bacillus anthracis
  • Corynebacterium diptheriae
  • Haemophilus influenzae
  • Klebsiella pneumoniae
  • Listeria monocytogenes
  • Mycobacterium tuberculosis
  • Pasteurella Multicoda
  • Yersinia enterocolitica
  • Proteus species
  •  Pseudomonas aeruginosa
  •  Acinetobacter spp
  •  Salmonella diarrhoea
  •  Sal. typhi
  • Serratia marcescens
  • Shigella dysentery
  • Staphylococcus aureus
  • Streptococcus faecalis
  • Strep. mutans
  • Strep. pneumoniae
  • Strep. pyogenes and
  • Vibrio cholerae

پێشتر، ژمارەیەکی کەم لە توێژینەوەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر چالاکی دژە میکرۆبی هەنگوین کردووە بەرامبەر بە (methicillin-resistant Staph) ئەو ستافانای بەرگریان بۆ مەسیسیلین هەیە. بەڵام توێژینەوەکانی ئەم دوواییانە ئەوەیان سەلماندووە کە هەنگوینی سروشتی چالاکییەکی دژە میکرۆبی هەیە دژی زیندەوەرەکانی MRSA کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگاوە هەیە. MIC (کەمترین چڕی بۆ ڕێگریکردن) لە هەنگوین دۆزرایەوە کە مەودایەکە لە نێوان ١.٨٪ بۆ ١٠.٨٪، واتە هەنگوین توانای دژە بەکتریای پێویستی هەبوو بەرامبەر Staphylococcus aureus بۆ ئەوەی هێشتا بتوانێت گەشەی بەکتریا بوەستێنێت ئەگەر تەنانەت بۆ نۆ هێندەش ڕوونبکرێتەوە، بەکتریای ستاف ئەورییەس باوترین هۆکاری نەخۆشییە بۆ برینەکان.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەنگوینی ڕوونکراو چارەسەری هەوکردنی ڕێڕەوی میز دەکات چونکە هەندێک بەکتریا دەبنە هۆی هەوکردنی ڕێڕەوی میز، بۆ نموونە جۆرەکانی E. coli، Proteus و Strep. کە ئەو نموونانەی لە پیساییەوە وەرگیراون ئەوەیان تیا دەرکەوتووە هەستیارییان بۆ کاریگەری دژە بەکتریایی هەنگوین هەیە.

لێکۆڵینەوەکانی لەسەر جیاکەرەوەکانی بەکتریای ئێچ پایلۆری کە دەبنە هۆی هەوکردنی گەدە نیشاندراوە کە بە چارەسەری هەنگوینی ڕێژەی ٢٠٪ ڕێگرییان لێکراوە. تەنانەت ئەو بەکتریا جیاکراوانەی کە بەرگرییان نیشانداوە بەرامبەر بە دژە میکرۆبەکانی تر هەستیار بوون بە هەنگوین. بە پێچەوانەی زۆربەی دژە بەکتریا ئاساییەکان، ڕاپۆرت کراوە کە ژەمی هەنگوین نابێتە هۆی گەشەکردنی بەرگری بەکتریاکان و هەربۆیە دەکرێت بە بەردەوامی بەکاربهێنرێت.

هەنگوین دەتوانێت وەک هەردوو بەکتریا لاوازکەر bacteriostatic و بەکتریا لەناوبەر bactericidal کار بکات بەپێی چڕی بەکارهێنراو. هەنگوینی پوختکراو (٤ - ٨٪) و ٥ - ١١٪ هەنگوینی مانوکا بە بەکتریا لاوازکردن و بە بەکتریا لەناوبردنیان بە ڕێژەی ۵-١٠٪ و ٨-١٥٪ (v/v) چڕی بەدەست هێناوە.

بە پێچەوانەوە، هەنگوینی دەستکرد (چارەسەری شەکر کە هاوشێوەی پێکهاتەی هەنگوینە) تەنها بەکتریا لاوازکردنی  هەبوو ئەویش بە ڕێژەی ٢٠-٣٠٪ و چارەسەرکردنی بەکتریا لەناوبردنی نەبوو.

میکانیزمەکانی چالاکی دژە بەکتریایی هەنگوین

میکانیزمەکانی چالاکی دژە بەکتریایی هەنگوین جیاوازن لە دژە بەکتریاکان، کە دیواری خانەی بەکتریاکە لەناودەبات یان ڕێگری لە ڕێگاکانی زیندەچالاکی ناو خانەیی دەکات یاخود کار لە پەردەی خانەی بەکتریا دەکات. چالاکی دژە بەکتریای هەبگوین پەیوەندی بە چوار تایبەتمەندی هەنگوینەکەوە هەیە.

  • هەنگوین شێ لە ژینگە دەکێشێت و بەم شێوەیە بەکتریا وشک دەکات.
  • هەروەها ڕێژەی شەکری هەنگوین ئەوەندە بەرزە کە ڕێگری لە گەشەی میکرۆبەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەش بێگومان شەکر تەنها هۆکار نییە بۆ تایبەتمەندییەکانی دژە بەکتریای هەنگوین.
  • ڕەنووسی هایدرۆجینی هەنگوین لە نێوان ٣.٢ بۆ ٤.٥ دایە و ئەم ترشێتییە بە پێی پێویست کەمە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی زۆربەی میکرۆبەکان.
  • پێرۆکسیدی هایدرۆجین کە لەلایەن ئۆکسیدی گلوکۆزەوە بەرهەم دەهێنرێت چوارەم و لەوانەیە گرنگترین پێکهاتەی دژە بەکتریایی هەنگوین بێت، هەرچەندە هەندێک لە نووسەران پێیان وایە چالاکی ناپێرۆکسید گرنگترە. لە کۆتاییدا چەند هۆکارێکی فیتۆ کیمیایی بۆ چالاکی دژە بەکتریا دیاریکران.

پێرۆکسیدی هایدرۆجین، گلوکۆز ئۆکسیدایز، کاتالاس، هۆکارە فیتۆکیمیاییەکان وەسفکراون وەک هۆکاری دژە بەکتریایی ناپێرۆکساید. لەگەڵ ئەوەشدا، ترشە ئەندامییەکان، لایسۆزایم، شیلەی گوڵ، مۆم و پرۆپۆلیس هۆکاری کیمیایی گرنگن کە تایبەتمەندی دژە بەکتریا بۆ هەنگوین دابین دەکەن. هەروەها هەنگوین بە ڕێژەیەکی کەم ئۆلیگۆساکارایدی تێدایە.

هەردوو زانا شین و ئوستونۆل (٢٠٠٥) پێکهاتەی شەکری هەنگوینیان لە سەرچاوە جیاوازەکانی گوڵەوە پەیوەست کرد بە ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بەکتریا جۆراوجۆرەکانی ڕیخۆڵە. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە چالاکی دژە بەکتریا بە پێکهاتەکانی سەرچاوەی ڕووەکەوە دەبەسترێتەوە. هەموو ئەم هۆکارە فیزیکی و کیمیاییانە تایبەتمەندی تایبەت بە هەنگوین دەبەخشن وەک داپۆشەری برین. پاککردنەوەی خێرای هەوکردن، داپۆشینی خێرایی خانە تێکشکانەوەکانی برینەکان، کەمکردنەوەی خێرای هەوکردن، کەمکردنەوەی برینەکان و هاندانی بۆری خوێن و هەروەها گەشەی شانەکان و گەشەی ڕووپۆشە شانە بە تایبەتی.

کاریگەری دژە کەڕوویی هەنگوین

هەنگوین کاریگەری لەسەر کەڕوو هەیە. هەنگوینی پاک ڕێگری لە گەشەی کەڕوو دەکات و هەنگوینی ڕوونکراو دەردەکەوێت کە دەتوانێت ڕێگری لە بەرهەمهێنانی ژەهر بکات. هەروەها کرداری دژە کەڕووی هەنگوین بۆ هەندێک هەویرترش و جۆرەکانی ئەسپەرجیلوس و پێنیسیلیۆم و هەموو دێرماتۆفایتە باوەکان تێبینی کراوە. کاندیدیاسس کە بەهۆی کاندیداوە ڕوودەدات دەکرێت وەڵامی هەنگوین بداتەوە. هەوکردنی کەڕوویی ڕووکەشی و ژێرپێست وەک کرمی گۆیی و پێی وەرزشوانان وەڵامی هەنگوین دەدەنەوە. ئەم وەڵامدانەوەیە بەشێکە بەهۆی ڕێگریکردن لە گەشەی کەڕوو و بەشێکیش بەهۆی ڕێگریکردن لە هەوکردنی بەکتریاوە دەبێت. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتیان داوە کە بەکارهێنانی هەنگوین کاریگەر بوو بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی ئارەقە ڕژێنەکانی سەر پێست و کڕێشی سەر.

کاریگەری دژە ڤایرۆسی هەنگوین

جگە لە کاریگەرییەکانی دژە بەکتریا و دژە کەڕوو، هەنگوینی سروشتی کاریگەری دژە ڤایرۆسی نیشان داوە. زانا ئەلوەیلی (٢٠٠٤) لێکۆڵینەوەی لە کاریگەری بەکارهێنانی هەنگوین کرد لەسەر هێرشی دووبارەبوونەوەی هێرپس و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بەکارهێنانی هەنگوین سەلامەت و کاریگەرتر بوو لە بەڕێوەبردنی نیشانەکانی دووبارەبوونەوەی زیانەکان لە هێرپس بە بەراورد لەگەڵ کرێمی ئەسکیلۆڤیر. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە هەنگوین کاریگەری ڕێگریکردنی هەیە لەسەر چالاکی ڤایرۆسی سورێژە.


سەرچاوەکان



386 بینین