پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-06-13:02:00 - کۆدی بابەت: 11822
پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن یاخود MCV (بە ئینگلیزی: Mean corpuscular volume test، بە عەرەبی: تحليل متوسط حجم كريات الدم الحمراء) پێوانەی قەبارەی هەر خڕۆکەیەکی سووری خوێن دەکات پاشان وەک تێکڕایەک ئەنجامەکە نیشاندەدات. گرنگە بزانرێت ئەو ئەنجامەی لە پشکنینی MCV وەردەگیرێت پێوانەی قەبارەی خڕۆکە سوورەکان نییە بە گوێرەی پلازما.

خڕۆکە سوورەکانی خوێن ئۆکسجین لە سییەکانەوە بۆ هەموو خانەکانی لەش دەگوازنەوە. خانەکان پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە بۆ گەشەکردن و زۆربوون و مانەوە بە تەندروستی. ئەگەر خڕۆکە سوورەکان زۆر بچووک بن یان زۆر گەورە بن، لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی خوێن بێت وەک کەمخوێنی، کەمی ڤیتامین، یان نەخۆشییەکی تری پزیشکی.

بۆچی بەکاردێت؟

پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان یان MCV زۆرجار بەشێکە لە پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن (CBC). CBC پشکنینێکی باوی خوێنە کە زۆربەی بەشەکانی خوێن پێوانە دەکات، لەوانە خڕۆکە سوورەکانی خوێن. پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن بەکاردێت بۆ پشکنینی تەندروستی گشتی.

هەروەها پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان دەکرێت بەکاربهێنرێت لەگەڵ پشکنینەکانی تر بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردن یان چاودێریکردنی هەندێک نەخۆشی خوێن، لەوانە کەمخوێنی، کە چەندین جۆری کەمخوێنی هەیە. پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان یاخود MCV دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی جۆری کەم خوێنییەکە. هەر جۆرێکی کەمخوێنی کۆمەڵێک نیشانەی خۆی هەیە لەسەر خڕۆکە سوورەکان بەتایبەتی لەسەر قەبارەی خڕۆکە سوورەکان بۆیەش بۆ دیاریکردنی جۆری کەمخوێنییەکە پشتێکی زۆر بە پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان دەبەسترێت.

چی کاتێک پێویست بەم پشکنینە دەکات؟

دابینکەری چاودێری تەندروستی لەوانەیە داوای پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن بکات، کە پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان لەخۆ دەگرێت، وەک بەشێک لە پشکنینە ئاساییەکان. هەروەها لەوانەیە پشکنینەکە ئەنجام بدرێت کاتێک نەخۆشییەکی درێژخایەن هەبێت کە گومان بکرێت ببێتە هۆی کەم خوێنی یان ئەگەر کەسەکە نیشانەکانی کەمخوێنیی هەبێت، لەوانە:

چی ڕوودەدات لە کاتی پشکنینی خوێنی MCV ؟

لە ماوەی پشکنینەکەدا، پسپۆڕێکی چاودێری تەندروستی نموونەی خوێن لە خوێنهێنەرەکانی قۆڵ وەردەگرێت، بە بەکارهێنانی دەرزییەکی بچووک. دوای ئەوەی دەرزییەکە دەخرێتە ناوەوە، بڕێکی کەم لە خوێن کۆدەکرێتەوە بۆ ناو بۆری تاقیکردنەوە یان تیوب. لەوانەیە هەست بە کەمێک ئازار بکەیت کاتێک دەرزیەکە دەچێتە ژوورەوە یان دەچێتە دەرەوە. بەگشتی ئەم کرداری خوێن وەرگرتنە کەمتر لە پێنج خولەک دەخایەنێت.

ئایا پێویستە چۆن خۆم ئامادە بکەم بۆ پشکنینەکە؟

پێویستت بە هیچ ئامادەکارییەکی تایبەت نییە بۆ پشکنینی خوێنی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان. ئەگەر دابینکەرەکەت داوای پشکنینی زیاتری کردووە لەسەر نموونەی خوێن، لەوانەیە پێویست بە ڕۆژووبوون بێت (نەخواردن و نەخواردنەوە) بۆ چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە. دابینکارەکەت ئاگادارت دەکاتەوە ئەگەر هەر ڕێنماییەکی تایبەت هەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاخود ئەوەی پێویست بە هیچ ناکات.

ئایا هیچ مەترسییەک هەیە لەسەر پشکنینەکە؟

مەترسییەکی زۆر کەم هەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خوێن. لەوانەیە ئازارێکی کەمت هەبێت یان برینت هەبێت لەو شوێنەی کە دەرزییەکە تێیدا دانراوە بەمەبەستی کۆکردنەوە و وەرگرتنی خوێن، بەڵام زۆربەی نیشانەکان بە خێرایی لەناودەچن.

ئەنجامەکان مانایان چییە؟

پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان بە تەنها ناتوانێت هیچ نەخۆشییەک دەستنیشان بکات. دابینکەرەکەت ئەنجامەکانی پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان بەکاردەهێنێت، لەگەڵ ئەنجامەکانی تری پشکنینەکانی تر، هەروەها مێژووی پزیشکیت بۆ دەستنیشانکردن.

ئەگەر ئەنجامەکانت دەریبخەن کە خڕۆکە سوورەکان بچووکترن لە ئاسایی، لەوانەیە نیشانەیەک بێت:

ئەگەر ئەنجامەکان دەریبخەن کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن گەورەترن لە ئاسایی، لەوانەیە نیشانەیەک بێت:

  • کەمخوێنی کوشندە، کە لەوانەیە ئەویش بەهۆی:
  • کەمی ڤیتامین B12
  • نەخۆشییەک کە کاریگەری لەسەر توانای جەستە هەیە بۆ بەکارهێنانی ڤیتامین B12، وەک هەندێک نەخۆشی بەرگری خۆیی، نەخۆشی سیلیاک، یان نەخۆشی کرۆن.
  • کەم خوێنی بەهۆی نەبوونی ترشی فۆلیک
  • نەخۆشی جگەر

هەروەها دەکرێت کەم خوێنی هەبێت لەگەڵ MCV ئاسایی. ئەمە لەوانەیە ڕووبدات ئەگەر کەمخوێنی بەهۆی ئەم حاڵەتانەوە بێت:

  • لەدەستدانی کتوپڕی خوێن
  • شکستی گورچیلە
  • کەم خوێنی ئەپلاستیک

ئەگەر ئاستی MCV لە مەودای ئاساییدا نەبێت، ئەوە هەمیشە مانای ئەوە نییە کە کێشەیەکی پزیشکی هەیە کە پێویستی بە چارەسەر بێت. خۆراک، ئاستی چالاکی، دەرمان، سوڕی مانگانە و نەخۆشییەکانی تر دەتوانن کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی پشکنینەکە هەبێت. قسە لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی خۆت بکە بۆ ئەوەی بزانیت ئەنجامەکانت مانایان چییە.

ئایا هیچ شتێکی دیکە هەیە کە پێویستە بیزانم دەربارەی پشکنینی خوێنی MCV ؟

ئەگەر دابینکەرەکەت پێی وایە کە لەوانەیە کەم خوێنیت هەبێت یان نەخۆشییەکی تری خوێنت هەبێت، لەوانەیە پشکنینی تری خڕۆکە سوورەکانی خوێنت بۆ بنووسێت بەدەر لە پشکنینی تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان. ئەم پشکنینانە دەکرێت ژماردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و پێوانی هیمۆگلۆبین لەخۆ بگرێت. هەموو ئەمانە بەیەکەوە زانیاری تەواو دەدەن لەسەر دۆخی تەندروستیت.


سەرچاوەکان



178 بینین