وائل دەحدوح

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-01-09-16:02:00 - کۆدی بابەت: 11835
وائل دەحدوح

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

وائل دەحدوح یان وائیل دەحدوح (بە عەرەبی: وائل الدحدوح، بە ئینگلیزی: Wael Al-Dahdouh)، پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسێکی فەڵەستینییە و لە کەناڵی جەزیرە کاری ڕۆژنامەوانی و پەیامنێری دەکات و جەنگ و ڕووداوەکانی غەززە بە ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە. لە ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسادا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە گواستنەوە و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ،  ناوبانگی ئەو کاتێک دەرکەوت کە هاوسەر و کوڕ و هاوڕێکانی و کەسە نزیکەکانی لە جەنگەکەدا یەک لەدوای یەک لەدەستدا، وائل دەحدوح لە هێرشی بۆردمانەکانی ئیسرائیل هاوسەرەکەی و کوڕ و کچێک و نەوەیەکی لەدەستدا، پاشان لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوی بۆردمانەکان کەوتە بەر هێرشی بۆردمان و بە سەختی بریندار کرا و وێنەگرەکەی شەهیدکرا.

چەند هەفتەیەک دوای برینداربوونی خۆی کوڕە گەورەکەی بە ناوی حەمزە کەوتە بەر هێرشی بۆردمانی ڕاستەوخۆی بەئەنقەست و شەهید کرا. چیرۆکی وائل و خێزانەکەی یەکێکە لە هەزاران چیرۆکی فەڵەستینییەکان کە بەهۆی جەنگ و داگیرکارییەوە تووشی بارودۆخێکی سەخت بوون و وائل بۆ زۆرێک لە دانیشتووانی غەززە بووە بە نموونەی خۆڕاگری و ئارامگری.

زانیاری گشتی

ناو وائل حەمدان ئیبراهیم دەحدوح
نازناو ئەبووحەمزە، کێو، ئارامگر، خۆڕاگر
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ٣٠ـی نیسانی ساڵی ١٩٧٠، غەززە، فەڵەستین
پیشە ڕۆژنامەنووس، پەیامنێر، نووسەر، بەڕێوبەری ئۆفیسی کەناڵی جەزیرە لە غەززە
ڕەچەڵەک عەرەبی فەڵەستینی
زمان عەرەبی

ژیاننامەی

وائل حەمدان ئیبراهیم دەحدوح لەدایکبووی ٣٠ـی نیسانی ساڵی ١٩٧٠ـی گەڕەکی زەیتوونەی شاری غەززەیە کە بە گەڕەکە گەورە و دێرینەکانی غەززە دادەنرێت، زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر بردووە و قۆناغەکانی خوێندنی هەر لە شاری غەززە تەواوکردووە. وەکوو زۆربەی فەڵەستینییەکان دەحدوح ئەزموونی زیندانی هەیە و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە تەمەنی لاوی لە زیندانەکانی داگیرکەری ئیسرائیل بووە.

ماوەی خوێندنی ئامادەیی لە زیندان بووە و لە ساڵی ١٩٨٨ بڕوانامەی ئامادەیی لە زیندان بە دەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن لە زانۆکی ئیسلامی لە غەززە بەدەستهێناوە. بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئیسرائل گەشتکردنی خوێندنیان بۆ دەرەوەی فەڵەستین لێ قەدەغە کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی ماستەری لە خوێندنی ناوچەیی لە زانکۆی ئەلقودس ئەبوودیس بەدەستهێناوە.

ئەزموونی پیشەیی

وائل لە ساڵی ١٩٩٨ وەک ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر لە ڕۆژنامەی ئەلقودسی فەڵەستینی دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە، پاشان کاری بۆ چەند گۆڤارێکی فەڵەستینی کردووە. دواتر دەستبەکار بووە وەک پەیامنێر بۆ ڕادیۆی "دەنگی فەڵەستین" لە تارانی پایتەختی ئێران، هەروەها لە "کەناڵی سەحەر" لە سەرەتای ڕاپەڕینی ئەقسا لە ساڵی ٢٠٠٠ کاری کاری پەیامنێری کردووە.

ئەزموونی ڕاگەیاندنی لە کەناڵی جەزیرە

لە ساڵی ٢٠٠٣ وائل دەحدوح گرنگی دا بە کەناڵە عەرەبییەکان و پەیوەندی کرد بە کەناڵی ئەلعەرەبییە و بووە پەیامنێری ئەو کەناڵە، پاشان ساڵێک دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٤ پەیوەندی بە کەناڵی جەزیرەوە کرد و بووە پەیامنێر، دواتر بە تێپەڕبوونی کات بووە بەڕێوبەری ئۆفیسی کەناڵەکە لە کەرتی غەززە. ناوی دەحدوح زیاتر لەڕێگەی ڕووماڵکردنی لەشکرکێشییە دووبارەبووەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەرکەوت، ئەو بەدواداچوونی دەکرد بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییە دیارەکانی فەڵەستین، ئەو کەسایەتیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر دەکران نموونەی شێخ ئەحمەد یاسین و سەرکردە سەربازییەکانی فەلەستین، کە لەنێویاندا براکەی خۆی و چەندان کەسی نزیکی هەبوون.

دەحدوح وەک یەکەم ئەزموونی میدیای سەربازی لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ لە کاتی ڕووماڵکردنی یەکەمین شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە سەرکەوتوو بوو لە سەرکردایەتیکردنی تیمی جەزیرە، هەروەها لە کاتی جەنگی دووەمدا لە ساڵی ٢٠١٢ سەرکردایەتی هەمان تیمی کرد بۆ گواستنەوە و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی جەنگ. بەڵام ئاڵۆزترین ڕووماڵکردن لە جەنگی سێیەمدا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویدا و ٥١ ڕۆژی خایاند، دوای ئەوە ئەڵقەکان بە ناوی "سەرکەوتنەکانی غەززە" ناونران و کران بە زنجیرە پڕۆگرام. جگە لە ڕووماڵکردنی جەنگیش خاوەن چەندان پرۆگرامی تەلەڤزیۆنییە لە کەناڵی جەزیرە و پرۆگرامەکانی زیاتر پەیوەستن بە ژیانی غەززە و ڕووداوەکانی کەرتی غەززەوە.

بەئامانجگرتنی خێزان و کەسە نزیکەکانی دەحدوح لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە

لە سەرەتای ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسا وائل دەحدوح وەکوو پەیامنێری جەنگی ڕووداوەکانی بە شێوەیەکیڕاستەوۆ لە کەرتی غەززە ڕووماڵ کردووە، لە ڕۆژی ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لەکاتی گواستنەوە و ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت و پێی وترا کە ئەو ماڵەی لە کەمپی نەسیرات خێزانەکەی تێیدا ئاوارەن کەوتووەتە بەرهێرشی بۆردمانی ئیسرائیل، وائل ڕاستەوخۆ بەرەو ماڵەکە چوو بە ئومێدی ئەوەی خێزانەکەی ڕزگاری بووبێت یان هەواڵەکە ناڕاست بێت، بەڵام ئامینەی هاوسەری و مەحموودی کوڕی کە تەمەنی ١٦ ساڵ بوو و شامی کچی کە تەمەنی شەش ساڵ بوو لەگەڵ ئادەم که نەوەیەکی بوو تەمەنی تەنها ٤٥ ڕۆژ بوو شەهیدکران.

لە ڤیدیۆکاندا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بڵاوکرایەوە وائل دەحدوح خۆڕاگرییەکی زۆری هەبووە و لەو کاتەی کە هەواڵی کۆچی خێزان و منداڵەکانی پێگەیشت وتوویەتی "ئەوان بە مندڵەکانمان تۆڵەمان لێدەسەننەوە؟ فرمێسکەکانی ئێمە فرمێسکی ترس و ڕووخان نییە بەڵکوو فرمێسکی مرۆڤایەتییە، بڕووخێت سوپای داگیرکار"!لە ١٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لەگەڵ سامر ئەبودەقەی هاوکار و وێنەگری لەکاتی ڕووماڵکردنی بۆردومانێکدا کە قوتابخانەی حێفای لە ناوچەی خان یونسی کردبووە ئامانج برینداربوو، بەهۆی ڕووداوەکەوە وائل و سامری هاوکاری بریندار بوون، وائل ڕزگارکرا بەڵام سامری هاوکاری بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر بە برینداری لە شوێنی ڕووداوەکە مایەوە و تووشی خوێنبەربوون بوو، هەر لەوێ گیانی لەدەستدا چونکە بەهۆی هێزەکانی ئیسرائیلەوە نەتوانرا ڕزگار بکرێت.

حەمزە وائل کوڕە گەورەکەی وائل کە ئەویش پەیامنێری جەنگی بوو، لە ڕۆژی ٧ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا کە ڕۆژنامەنووسانی لە ڕۆژاوای خان یونس کردە ئامانج لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی موستەفا سورەیا شەهید بوو. هاوکات پێش شەهیدبوونی بە ڕۆژێک کوڕەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەقی نووسینێکی کاریگەری نووسیبوو کە تێیدا دڵنەوایی باوکی دەکرد و داوای لێدەکرد کە ئارامبگرێت و خۆڕاگر بێت. حەمزە پێش شەهیدکردنیشی منداڵێکی خۆی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لەدەستدابوو.


سەرچاوەکان



395 بینین