جێفری ئێپستاین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-01-12-19:42:00 - کۆدی بابەت: 11846
جێفری ئێپستاین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیاننامەی

جێفری ئێپستاین یان ئێپستەین (بە عەرەبی: جيفري إبستين، بە ئینگلیزی: Jeffrey Epstein) کەسایەتی بازرگانی ملیاردێری ئەمریکی بوو، کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی و بازرگانی کردن بە منداڵانەوە لەگەڵ تێوەگلانی چەندان کەسایەتی ناوداری نموونەی ئەکتەرانی هۆڵیود و سیاسەتمەدارانی جیهان لەم بوارە. جێفری لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣ـی بڕۆکلینی ئەمریکا بووە و خێزانەکەی دەوڵەمەند بووە. 

لە تەمەنی گەنجییەوە دەستی کردووە بە کاری وەبەرهێنانی دارایی لە بانکەکان، نموونەی بانکی وەبەرهێنانی بێر ستیرنز، پاشان کۆمپانیایەکی تایبەتی خۆی بە ناوی ج.  ئێپستاین دامەزراند.  ئێپستاین ملیۆنێرێکی دەوڵەمەندی ناوداری ئەمریکا بوو، بۆیە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەندێک لە کەسانی سیاسەتمەدار و بازرگان و وەبەرهێنەرانی دەوڵەمەندی جیهان هەبوو.

زانیاری گشتی

ناو جێفری ئێدوارد ئێپستاین
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ٢٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣، بڕۆکلین
پیشە بازرگان، کارساز، مامۆستا
ڕەچەڵەک ئەمریکی ئینگلیزی
کۆچی دوایی ١٠ـی ئابی ساڵی ٢٠١٩، نیویۆرک

دۆسیەی تاوان و ئابڕووچوونەکەی ئێپستاین

لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٤ پۆلیسی فلۆریدا لەلایەن دایک و باوکی کچێکی ١٤ ساڵەوە هەواڵێکیان پێگەیشت لەسەر ئەوەی کە کچەکەیان لەلایەن جێفری ئێپستاینەوە گێچەڵی سێکسی پێکراوە، بۆیە پۆلیس بە فەرمی دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە و ماوەی لێکۆڵینەوەکە زۆری خایاند.

دوای لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و دانپێدانانەکانی ئێپستاین، لەلایەن دادگای ویلایەتی فلۆریدا بە تۆمەتی داواکردنی سێکس لە کچێکی خوار تەمەنی یاسایی لە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٠٨ سزا درا و بۆ ماوەی ١٣ مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، هەر لەسەر ئەو تۆمەتە ٣٦ کچی تر هاتنە دەنگ و تەنانەت هەندێکیان تەمەنی ١٤ ساڵییان تێنەپەڕاندبوو.

ئێپستاین جارێکی تر لە شەشی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩ بە تۆمەتی فیدڕاڵی بە بازرگانیکردن بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ مەبەستی سێکسی لە ویلایەتی فلۆریدا و نیویۆرک دەستگیرکرایەوە و هەر بەوهۆیەوە دوای دەزگیرکردنی لە زیندانییەکەی خۆی لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا خۆی کوشت و کۆتایی بە ژیانی هێنا. ئێپستاین تۆمەتبار کرابوو بەوەی کە تۆڕێکی فراوانی کچانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ سێکس بەڕێوەبردووە و بۆ ئەو مەبەستە بازرگانی بە منداڵان کردووە، بەڵام هەرگیز دانی بە تاوانەکەیدا نەنا. 

لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ دووبارە ئەم دۆسیە بڵاوبووەوە و بووە هۆی ئابڕووچوون و شڵەژانییەکی زۆر بۆ ناوداران، چونکە زۆرێک لە ناوداران و سیاسەتمەداران لە کارەکانی جێفری تێوەگلابوون، لە چوارچێوەی سکاڵایەکی یاسایی کە دژی ئێپستاین تۆمار کرابوو دادگا لە کۆمەڵێک بەڵگەنامەدا لیستێکی ئاشکرا کرد کە نزیکەی ١٨٠ ناوی ئەو کەسایەتیانەی تێدابوو کە پەیوەندییان بە ئێپستاینەوە هەبووە و لە کاری بازرگانیکردن بە منداڵانەوە بۆ مەبەستی سێکسی تێوەگلابوون، لەنێویاندا سەرۆکەکانی بێل کلینتۆن و دۆناڵد ترامپ ئەمریکا و ئەندرۆی شازادەی بەریتانیا لەگەڵ چەندان هونەرمەندی ناوداری هۆڵیود هەبوون.

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی دەی ئابی ساڵی ٢٠١٩ لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە کە جێفری ئێپستاینی  ملیاردێری ئەمریکی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. جێفری کاتێک لە زیندانێکی ئەمریکیدا بووە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و خۆی خنکاندووە، سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە جیفری ئێپستاین ملیاردێری ئەمریکی لە ژووری زیندانەکەیدا خۆی کوشتووە و خۆی خنکاندووە.


سەرچاوەکان



291 بینین