نیو ئۆرلینز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-20-16:28:00 - کۆدی بابەت: 12591
نیو ئۆرلینز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیو ئۆرلینز (بە ئینگلیزی: New Orleans، بە عەرەبی: نیو أورلينز، بە فەڕەنسی: La Nouvelle-Orléans، ئیسپانی: Nueva Orleans)، قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی لویزیانا، سێیەم قەرەباڵغترین شاری باشووری قووڵ، و دوانزەیەم قەرەباڵغترین شاری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکایە، ئەم شارە دەکەوێتە سەر ڕووباری میسیسیپی لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی لویزیانا. ژمارەی دانیشووانی نیو ئۆرلینز لە سەرژمێریی ساڵی 2020ـی ئەمریکادا 383,997 کەس بوو. نیو ئۆرلینز کە وەک بەندەرێکی سەرەکی خزمەت دەکات، بە ناوەندێکی ئابووری و بازرگانی دادەنرێت بۆ ناوچەی فراونتری کەناری کەنداو لە ئەمریکا.

نیو ئۆرلینز بە مۆسیقای جیاواز، دەستاوی کریۆل، زاراوە ناوازەکان و ئاهەنگ و فیستیڤاڵە ساڵانەییەکانییەوە لە جیهاندا بەناوبانگە. ناوەندی مێژوویی شارەکە ئەو گەڕەکە فەڕەنسییەیە کە بە تەلارسازی کریۆلی فەڕەنسی و ئیسپانی ناسراوە. سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی ڕۆڵی دیاری لە پیشەسازی فیلم و کولتووری پۆپدا، نیو ئۆرلینز زیاتر بە "هۆڵیوود ساوز" ناسراوە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری نیو ئۆرلینز 906.10 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 438.80 کیلۆمەتری وشکانی و 467.30 کیلۆمەتر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 875 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژووی شارەکە

نیو ئۆرلینز لە ساڵی 1718 لەلایەن کۆلۆنیالیستە فەڕەنسییەکانەوە دامەزراوە و پێش ئەوەی ببێتە بەشێک لە ئەمریکا لە ساڵی 1803 پایتەختی هەرێمی لویزیانای فەڕەنسی بوو. ئەم شارە، لە سەردەمی پێش جەنگەوە تا دوای جەنگی جیهانیی دووەم، گەورەترین شاری باشووری ئەمریکا بوو. لەڕووی مێژووییەوە، زۆرجار شارەکە بەهۆی بەرزی ڕێژەی بارانبارین، نزمی شارەکە بە بەراورد بە ناوچەکانی دەوروبەری، خراپی ئاوەڕۆی سروشتی و نزیکیی لە چەندین تەنی ئاوییەوە ڕووبەڕووی لافاو بوەتەوە. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ویلایەت و فیدراڵی بە مەبەستی پاراستنی شارەکە سیستەمێکی ئاڵۆزی لافاوبەند و ترومپای ئاوەڕۆیان داناوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2020ـی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی شاری نیو ئۆرلینز 383,997 کەسە، کە لە 151,753 خێزان و 69,370 خانەوادە پێک دێت. لە ئێستادا (2023)، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 364,659 کەسە و ساڵانە دانیشتووانەکەی بە ڕێژەی 1.65-% گەشە دەکات. هەروەها تێکڕای داهاتی ناوەندی لە نیو ئۆرلینزدا 71,938 دۆلارە و ڕێژەی هەژاری دانیشتووانەکەی 26.74%ـە. سەرەڕای ئەوەش، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی شارەکە 37.2 ساڵییە، مێیەکان 38 ساڵ و نێرەکان 36.4 ساڵ.

ناوی نیو ئۆرلینز لە ناوی (Orléans) شارێکی فەڕەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە زۆرجار بە بێوێنەترین شاری ئەمریکا ناودەبرێت. هەروەها، ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی نیو ئۆرلینز 1.167 ملیۆن کەسە، بەمەش دەبێتە 46ـەم گەورەناوچەی وڵات.

شوێنی لەدایکبوون

96.52%ـی دانیشتووانی شاری نیو ئۆرلینز لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو ڕێژەیەش 71.96%ـیان لە ویلایەتی لویزیانا لەدایکبوون. هەروەها 2.93%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، ڕێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

زمان

تا ساڵی 2010، 90.3%ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری نیو ئۆرلینز لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا 4.8%ـی دانیشتووان بە زمانی ئیسپانی، 1.9%ـی دانیشتووان بە ڤێتنامی و 1.1%ـی دانیشتووان بە زمانی فەڕەنسی قسەیان کرد. بە شێوەیەکی گشتی، 9.7%ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری شارەکە بە زمانێکی دایکی نائینگلیزی قسەیان کرد.

ڕەگەز و نەتەوە

لە ساڵی 2010ـدا پێکهاتە ڕەگەزی و نەتەوەییەکانی شاری نیو ئۆرلینز ـەم شێوەیە بوو:

  • ڕەش پێست و ئەمریکی ئەفریقی: 60.2%
  • سپی پێست: 33.0%
  • ئاسیایی: 2.9% (1.7% ڤێتنامیی، 0.3% هیندی، 0.3% چینی، 0.1% فلیپینی، 0.1% کۆریا)
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.1%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: 1.7%
  • خەڵکی بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی ئەمریکی: 5.3%

لە ساڵی 2020ـدا پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بەم شێوەیەی لێهات:

  • ڕەش پێست و ئەمریکی ئەفریقی: 53.61%
  • سپی پێستی ناهیسپانی: 31.61%
  • هیندی ئەمریکی و خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا: 0.2%
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.03%
  • فرەڕەگەز یان ڕەگەزی تر: 3.71%
  • خەڵکی بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی ئەمریکی لە هەر ڕەگەزێکدا: 8.08%

خواستی ڕەگەزی

لەڕووی مێژووییەوە و هەتا ئێستاش نیو ئۆرلینز و گەورەناوچەکەی شوێنی کۆمەڵگەیەکی هاوڕەگەزخواز و دووڕەگەز و ڕەگەزگۆڕاو (LGBT)ـی باوە. لە پرسنامەیەکی ساڵی 2015ـی گالۆپدا دەرکەوتووە کە نیو ئۆرلینز یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی باشووری ئەمریکا کە دانیشتووانێکی زۆری ئێڵ جی بی تی تێدا نیشتەجێیە.

ئایین

64.9%ـی دانیشتووانی شاری نیو ئۆرلینز ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: 12.2%
  • ئەسقەف: 1.8%
  • کاسۆلیک: 36.3%
  • لۆسەری: 0.8%
  • میتۆدیست: 3.1%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 0.6%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 0.9%
  • ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: 0.8%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: 5.1%
  • ئایینی جوولەکه: 1.2%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 1.4%
  • ئایینی ئیسلام: 0.6%

کاریگەری زریانی کاترینا

زریانی کاترینا لە مانگی ئابی 2005ـدا دای لە نیو ئۆرلینز و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شارەکە هەبوو، 80%ـی نیو ئۆرلینز نقومی ئاو بوو، زۆرێک لە دانیشتووانەکەی لە ناوچەکە دوورخرانەوە و زیاتر لە 1,500 کەس گیانیان لەدەستدا.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری نیو ئۆرلینز نیمچە خولگەیی شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا، زستانی کورت و بەگشتی مامناوەندە و هاوینیشی گەرم و شێدارە. تێکڕای پلەی گەرمی مانگانە لە نێوان 12.4 پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم تا 28.9 پلەی سەدی لە مانگی ئابدایە، نزمترین پلەی گەرمیی تۆمارکراو لە نێوان 12- پلەی سەدیە کە لە 23ـی کانوونی یەکەمی 1989ـدا تۆمارکرا و بەرزترین پلەی گەرمی 39 پلەی سەدیە کە لە 22ـی ئابی 1980ـدا تۆمارکرا. هەروەها پلەی گەرمیی خاڵی شەونم لە مانگەکانی وەرزی هاویندا (حوزەیران تا ئاب) تاڕادەیەک بەرزە و لە نێوان 21.7 بۆ 23.0 پلەی سەدی دەگۆڕێت. جگە لەوانەش، ساڵانە بە تێکڕایی 1,590 مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت و مانگەکانی وەرزی هاوین باراناویترین مانگی ساڵن، لە کاتێکدا مانگی تشرینی یەکەم وشکترین مانگی ساڵە.


سەرچاوەکان



41 بینین