گرنگترین پشکنینەکانی گورچیلە کە پێویستن بۆ نەخۆشانی شەکرە

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-01-16-22:25:00 - کۆدی بابەت: 11860
گرنگترین پشکنینەکانی گورچیلە کە پێویستن بۆ نەخۆشانی شەکرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرنگترین پشکنینەکانی گورچیلە کە پێویستن بۆ نەخۆشانی شەکرە (بە عەرەبی: أهم فحوصات الكلى المطلوبة لمرضى السكر، بە ئینگلیزی: The most important kidney tests required for diabetic patients)، تووشبووانی نەخۆشی شەکرە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD) زیاترە. هەر بۆیە زۆرجار پزیشک پێشنیاری چەند پشکنینێکی گورچیلە دەکات بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی گورچیلە. تا زووتر تەندروستی گورچیلەکانت بزانیت، زووتر دەتوانیت هەنگاو بنێیت بۆ پاراستنیان.

مەترسیەکانی نەخۆشی شەکرە لەسەر گورچیلە

نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD) حاڵەتێکە کە گورچیلەکان بە تێپەڕبوونی کات زیانیان پێدەگات و ناتوانن وەک پێویست خوێن بپاڵێون. نەخۆشی شەکرە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە CKD، زۆرجار هیچ نیشانەیەکی لێناکەوێتەوە تاوەکوو گورچیلەکانت بە خراپی زیانیان پێدەگات. بەڵام ئەگەر زوو نەخۆشی گورچیلە دەستنیشان بکەیت و چارەسەری بکەیت، ئەوا دەتوانیت CKD لە خراپتربوون بپارێزیت و ڕێگری لە کێشە تەندروستییەکانی تر وەک نەخۆشییەکانی دڵ بکەیت. بەڵام تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی بزانیت گورچیلەکانت چەندە باش کاردەکەن، پشکنینە. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، زۆر گرنگە ڕێگری لە ئاڵۆزییەکان بکەیت وەک CKD. پزیشکەکەت بەزۆری لە ڕێگەی پشکنینی خوێن و میز تەندروستی گورچیلەکانت دیاریدەکات.

نەخۆشی شەکرە چۆن کار لە  گورچیلە دەکات؟

هەر گورچیلەیەک لە ملیۆنان فلتەری بچووک پێکدێت کە پێیان دەوترێت نیفرۆن. بە تێپەڕبوونی کات، بەرزبوونەوەی شەکری خوێن لە تووشبووانی شەکرەدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە موولولەکانی خوێن و نیفرۆنەکانی گورچیلە و ناتوانن بە پێی پێویست کاربکەن. هەروەها زۆرێک لە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە تووشی بەرزە پەستانی خوێن دەبن، ئەمەش زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنێت. نەخۆشی CKD کاتێکی زۆری دەوێت تا پەرەدەسێنێت و بەزۆری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە، زۆربەی ئەوانەی تووشی نەخۆشی CKD بوون هەستی پێناکەن هەتا پزیشک پشکنینیان بۆ دەکات.

گرنگترین پشکنینەکان 

پشکنینی میز

یەکێک لە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی گورچیلە دزەکردنی پڕۆتینە بۆ ناو میز (پێی دەوترێت پرۆتینیوریا). لە ڕێگەی پشکنینی میزەوە دیاریدەکرێت. دوو جۆر پشکنینی میز هەیە کە لە ڕێگەیەوە ڕێژەی پرۆتین دیاریدەکرێت.

١- ستریپی پشکنینی میز (Dipstick): ئەم پشکنینە وەک بەشێک لە پشکنینی گشتی میز (GUE) ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەتوانرێت وەک پشکنینێکی خێرا بۆ گەڕان بەدوای ئەلبومین (پڕۆتینێکە جگەر بەرهەمی دەهێنێت) لە میزدا ئەنجام بدرێت. هەرچەندە پێوانەیەکی وردی ئەلبومین دەستەبەر ناکات بەڵام پزیشکەکەت ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر ئاستەکەی ئاسایی بێت یاخود نا. ستریپ (dipstick) کاغەزێکی کیمیاییە، کە چەند پادێکی لەسەرە و پێکهاتوون لە ماددەی کیمیایی کاتێک ستریپەکە دەخرێتە میزەکەوە ڕەنگی پادەکان دەگۆڕێن، ئەگەر ئاستەکەی لە سەروو ئاساییەوە بوو، ئەوا ڕەنگی ستریپەکە دەگۆڕێت. لەوانەیە پزیشکەکەت داوای پشکنینی زیاتر بکات.

٢- Urine Albumin-to-Creatinine Ratio: ئەم پشکنینە بڕی ئەلبومین دەپێوێت و بەراوردی دەکات بە بڕی کریاتینین (پاشماوەی داخورانی ئاسایی ماسولکەکان) لە میزدا. پشکنینی UACR ڕێگە بە پزیشک دەدات بزانێت کە چەند ئەلبومین دەچێتە ناو میزەوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا. ئەگەر ئەنجامی پشکنینی ئەلبومین لە میزدا ٣٠ یان زیاتر بوو ئەوا ئاماژەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گورچیلە. بەڵام گرنگە بزانیت کە:

  • دەکرێت پشکنینەکە جارێک یان دووجار دووبارە بکرێتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان.
  • ئەگەر نەخۆشی گورچیلەت هەیە، ئەوا بڕی ئەلبومین لە میزەکەتدا یارمەتی پزیشکەکەت دەدات بزانێت کام چارەسەر باشترینە بۆت.
  • ئەگەر ئاستی ئەلبومین لە میزدا وەک خۆی مایەوە یان ڕێژەکەی دابەزی واتای ئەوەیە کە جەستەت وەڵامدانەوەی هەیە بۆ چارەسەرەکە.

پشکنینی خوێن

لەبەر ئەوەی گورچیلەکان پاشماوە، ژەهر و شلەی زیادە لە خوێندا لادەبەن، پزیشک سوود لە پشکنینی خوێنیش وەردەگرێت بۆ دیاریکردنی توانای کارکردنی گورچیلە. پشکنینی خوێن دەریدەخات کە گورچیلەکانت چەندە بە باشی کارەکان ئەنجام دەدەن و چەندە خێرا پاشماوەکان لادەبەن. چەند پشکنینێکی خوێن کە پێویستە ئەنجامبدرێن:

١- کریاتینین: بڕی کریاتینین لە خوێندا دەپێوێت، ئەگەر گورچیلەکانت وەک پێویست کار نەکەن، ئەوا ئاستی کریاتینین لە سیرەمدا بەرز دەبێتەوە. ڕێژەی ئاسایی بەندە بە ڕەگەز، تەمەن و ماسولکەکانی جەستەوە. بەزۆری بەرزبوونی ئاستی کریاتینین بۆ سەروو (١.٢)ـە لە ئافرەتان و سەروو (١.٤)ـە لە پیاواندا ئاماژەیە بۆ کارنەکردنی گورچیلەکان وەکوو پێویست. ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە لە ڕێژەی ئاسایی زیاتر بوو، لەوانەیە پزیشکەکەت داوای پشکنینی تر بکات.

٢- (glomerular filtration rate (GFR: پێوەرێکە توانای گورچیلەکان دەردەخات بۆ کردنە دەرەوەی پاشماوەکان، ژەهر و شلەی زیادە لە خوێندا. ئاستی کریاتینین لەگەڵ تەمەن و ڕەگەز بەکاردەهێنرێت بۆ هەژمارکردنی GFRـی نەخۆشەکە. هەر وەک پشکنینەکانی تری گورچیلە، ڕێژەی ئاسایی بەندە بە تەمەن و ڕەگەزەوە. ئەگەر GFR نزم بێت، ئەوا پێدەچێت گورچیلەکانت وەک پێویست کار نەکەن. لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشی گورچیلەدا GFR دادەبەزێت. دەکرێت ئەنجامی پشکنینەکەت بە واتای یەکێک لەمانە بێت:

  • ئەگەر GFR (٦٠)ـیان زیاتر بێت و ڕێژەی ئەلبومین لە میزدا ئاسایی بێت، ئەوا لە مەودای ئاساییدایت. بەڵام سەرەرای ئەوە پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت بۆ دیاریکردنی کاتی پشکنینی داهاتوو.
  • ئەگەر ژمارەی GFR کەمتربوو لە (٦٠) ئەوا ئەگەری هەیە نەخۆشی گورچیلەت هەبێت. پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
  • ئەگەر ژمارەی GFR کەمتربوو لە (١٥) لەوانەیە بە واتای سستبوونی گورچیلەکان بێت. ئەگەر ئەنجامەکانت ئاماژەیەک بن بۆ لەکارکەوتنی گورچیلە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویستت بە شۆردنی گورچیلە یان چاندنی گورچیلە دەبێت. پێویستە بزانیت ئەگەر ئاستی GFR بە بەردەوامی کەمتر بێت لە ٢٠ لە ماوەی شەش بۆ ١٢ مانگدا، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، لەوانەیە پزیشکەکەت پێشنیاری بۆ چاندنی گورچیلەت بۆ بکات.

٣- Blood Urea Nitrogen: ئەم پشکنینە بڕی Urea nitrogen لە خوێندا دەپێوێت، کە پاشماوەیەکە لە ئەنجامی تێکشکانی پرۆتین لەلایەن جگەرەوە دروست دەبێت. گورچیلەی تەندروست یوریا لە خوێنتدا دەپاڵێوێت و لەڕێگەی میزەوە دەیکاتە دەرەوەی لەش. ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەرە لە مانەوەی BUN لە مەودای ئاسایی کە ڕێژەکەی بەندە بە تەمەن و حاڵەتە تەندروستییەکانی ترەوە، بەڵام بەزۆری لە نێوان حەوت بۆ ٢٠ دایە، ئەگەر ڕێژەکەی لە ئاستی ئاسایی زیاتر بێت، ئەوا ئاماژەیەکە بۆ کارنەکردنی گورچیلەکان بەباشی. لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشی گورچیلە، ئاستی BUN بەرز دەبێتەوە. ئەگەر ئاستی BUN ئاماژەیەک بوو بۆ نەخۆشی گورچیلە، پزیشکەکەت ئەنجامی پشکنینی BUN بەکاردەهێنێت، لەگەڵ پشکنینەکانی تر، بۆ بڕیاردان لەسەر دانانی پلانی چارەسەرکردن کە بە باشترین شێوە.

پشکنینەکانی  تر

هەروەها لەوانەیە پزیشکەکەت چاودێری پەستانی خوێنت بکات یان پێشنیاری پشکنینی دیکەی وەک وێنەگرتن یان بایۆپسی بکات بۆ پشکنینی هەر کێشەیەکی گورچیلە.

  • پەستانی خوێن: لەبەر ئەوەی بەرزی پەستانی خوێن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەخۆشیەکانی گورچیلە و لەکارکەوتنی گورچیلە، پزیشکەکەت چاودێری پەستانی خوێنت دەکات. بەڕێوبردنی بەرزە پەستانی خوێن، شەکری خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ و هەموو ئەو هۆکارانەی کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکەن زۆر گرنگە لەو نەخۆشانەی تووشی CKD بوون.
  • تیشک: بەکاردەهێنرێت بۆ وێنەگرتنی گورچیلە و گەڕان بەدوای هەر کێشەیەک یان زیانێکدا. هەروەها ڕێگە بە پزیشکەکەت دەدات بزانێت تا چەند خوێن بە باشی دەڕوات بۆ گورچیلەکانت یان ئەگەر هەر گیرانێک یان تەسکبوونەوەیەک لە لە موولوولەکانی خوێندا هەبێت.
  • بایۆپسی گورچیلە: لە بایۆپسی گورچیلەدا پارچەیەکی بچووک لە شانەکانی گورچیلە دەردەهێنرێت و لە ژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەر تێکچوون یان نەخۆشییەک. ئەمەش بە دانانی دەرزییەکی تەنک لە ناو پێستدا ئەنجام دەدرێت.

هێشتنەوەی گورچیلەکان بە تەندروستی

دەتوانیت هاوکار بیت لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی CKD یان ڕێگری بکەیت لە خراپتربوونی بە خواردنی تەندروست، چالاکبوون و هێشتنەوەی ئاستی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ لە ڕێژەی ئاساییدا، دڵنیابە لە گرنگیدان بە گورچیلەکانت ئەگەر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی CKDت لەسەرە. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە ساڵی جارێک پشکنین بکە بۆ نەخۆشییەکانی گورچیلە. پشکنینی گورچیلەکانت بە بەردەوامی باشترین هەلت پێدەبەخشێت بۆ دۆزینەوە و زوو چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی گورچیلە.


سەرچاوەکان



193 بینین