خەیرەدین بەربەرۆسا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-02-18-22:40:00 - کۆدی بابەت: 11984
خەیرەدین بەربەرۆسا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەیرەدین بەربەرۆسا (بە عەرەبی: خیرالدین بربروسا، بە ئینگلیزی: Hayreddin Barbarossa) چەتەیەکی دەریایی و ئەدمیراڵی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بووە. کەسایەتییەکی مێژوویی ناوبانگە کە سەرەتای ژیانی بە چەتەیی لە دەریادا بەڕێکردووە بەڵام دواتر لە مێژوودا بە پاڵەوان باسکرا. خەیرەدین بە کەسایەتیەکی موسڵمانی گرنگ دادەنرێت کە لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەکانەوە بایەخی پێدراوە و پلەی ئەدمیراڵی پێ بەخشراوە و لە هێزی دەریایی عوسمانییەکاندا دەستبەکار بووە.

زانیارییە گشتییەکان

ناو خیزر
نازناو بەربەرۆسا (ڕیش سوور)
لەدایکبوون ساڵی ١٤٧٨ 
شوێنی لەدایکبوون لیسبۆس - ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی.
مردن ٤ی تەمووزی ١٥٤٦
تەمەن ٦٧-٦٨ ساڵ
شوێنی مردن بویوکدێرێ - ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی.
خزمەتی سەربازی هێزی دەریایی عوسمانییەکان
ماوەی خزمەت ١٥٠٠-١٥٤٥ زایینی
پلەی سەربازی کاپودەن پاشا (ئەدمیڕاڵ)
خێزان یەعقوب ئاغا (باوک) و کاترینا (دایک) و ئیشاک و ئۆروچ ڕەیس و ئیلیاس(براکانی) حەسەن پاشا (کوڕیی)
ژمارەی ئەو جەنگانەی بەشداربووە ١٢ جەنگ

خیزر ئەعقوب پاشا لە دوورگەی لیسبۆس لەدایکبووە کە لەم سەردەمەی ئێستادا بەشێکە لە خاکی یۆنان. خیزر یان خەیرەدین سەردەمی لاویەتی بە چەتەی دەریا بەڕێ کردووە، کە وەک سەرکردەی تاقمێک لە دەریای ئیجەدا کاری کردووە. سەرەتای دەرکەوتنی وەکو چەتە لە ژێر سەرکردایەتی "ئۆروچ ڕەیس"ی برا گەورەیدا بوو. ئەم دوو برایە توانیان لە ساڵی ١٥١٦دا جەزائیر لە ئیسپانیا وەربگرنەوە، ئۆروچ خۆی بە سوڵتانی جەزائیر ناساند. پاش مردنی براکەی لە ١٥١٨، خیزر نازناوی خۆی گۆڕی بۆ خەیرەدین بەربەرۆسا، کە بە زمانی ئیتاڵی واتا ڕیش سوور و ناوی خەیرەدینیشی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگرت و کردی بەناوی یەکەمی خۆی.

خەیرەدین، لە ساڵی ١٥٣٣ لەلایەن سوڵتان سلێمانی قانوونی پلەی گراند جنڕاڵ یاخود کاپودان کە هاوتایە بە پلەی ئەدمیراڵ بۆ هێزی دەریایی پێدراوە. لە هەمان ساڵیشدا وەکو باڵیۆز نێردراوە بۆ فەڕەنسا. ساڵی ١٥٣٤ سەرکردایەتی هێزێکی کردووە بۆ ئازادکردنی تونس و تیایدا سەرکەوتوو بووە.

باکگراوندی مێژوویی

ئەوەی لە بارەی خیزر یان خەیرەدین دەزانرێت، لە نێوان ساڵانی ١٤٦٦-١٤٨٣ لە دوورگەی لیسبۆس لە دایکبووە. باوکی پیاوێکی بە ڕەگەز تورک-ئەلبانی بوو، دایکیشی کریستیانێکی ئەرسەدۆکسی و دانیشتووی ڕەسەنی لیسبۆس بوو. دایکی پێشتر هاوژینی قەشەیەکی ئەرسەدۆکسی بووە، کە پاش مردنیی، هاوسەرگیری لەگەڵ یەعقوب پاشادا کردووە و بوونەتە خاوەنی دوو کچ و چوار کوڕ.

یەعقوب پاشا فەرماندەیەکی عوسمانییەکان بووە لە ساڵی ١٤٦٢ بەشداری لە داگیرکردنی دوورگەی لیسبۆسدا کردووە و دەسەڵاتی "جینۆسێ گاتیلوسیۆ"ی ڕووخاند کە لە نێوان ١٣٥٥-١٤٦٢ حووکمی دوورگەکەیان کردبوو. 

سەرەتای ژیانی پیشەیی

هەر چوار کوڕەکەی یەعقوب پاشا، بوونەتە دەریاوان و لەگەڵ دامەزراوە دەریاییەکاندا کاریان کردووە بەتایبەتی بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای ئیجە. هەر چوار برایەکە لە ژێر دەسەڵاتی یەکتردا کاریان کردووە. 

ڕۆڵی ئۆروچ و خەیرەدین وەکو چەتە

ئۆروچ کاری بۆ شازادە کۆرکوت دەکرد، کە لە ئەنتاڵیا بوو. ئامانجی عوسمانییەکان ئەوە بوو کێشەیەکی گەورە بۆ دەریاوانەکانی دوژمن "ئیسپانیا و پۆرتوگال" لە باکووری ئەفریقادا دروست بکەن تاوەکو ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بهێڵنەوە. بۆ ئەمەش هاوکاری دەریاوانەکانی تریان دەکرد کە کەشتییەکانیان تاڵان دەکرد. بەواتایەکی تر یاخی بووە دەریاییەکان هەر چەندە کارەکەیان بریتیبوو لە چەتەیی و لە ڕێکخراوی چەتەی دەریادا بوون، بەڵام هەموو ئامانجیان ئازادکردنی ئەو ناوچانەی باکووری ئەفریقا بووە کە لەلایەن هێزە ئەورووپییەکان ئابڵوقە درابوون. ئەو هێزە ئەورووپیانە دەستەیەک بوون بەناوی "سوارچاکانی قەشە جۆن" کە هەمیشە زیانیان بە کەشتییەکانی عوسمانی دەگەیاند. بۆیە دروستکردنی هێزێکی دەریایی لە بەرامبەر ئەو دەستەیە کارێکی پێویست بوو بە گوێرەی عوسمانییەکان.

تا ساڵی ١٤٩٢ لە چەتەیی بەردەوام بوون پاش ئەوەی حووکمی موسڵمانان لە ئەندەلووس بەتایبەتی کۆتا شوێن "غەرناتە" بە کۆتا هات، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر موسڵمانەکان جێهێشت، چونکە هەموویان سوتێنران و بە خراپی کوژران. 

بۆچی باکووری ئەفریقا گرنگی هەبوو؟

کاتێک موسڵمانان لە ئەندەلووس دەکوژران، بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی دەریاوانەکان خۆیان گەیاندە ئەفریقا و لەوێ وەکو پەنابەر نیشتەجێ بوون. کاتێک دەسەڵاتی ئیسپانیا بەمەیان زانی بڕیاریان دا باکووری ئەفریقا و ئەو شوێنانە داگیربکەن کە موسڵمانانی ئەندەلووسی لێ نیشتەجێن تا  بەتەواوی لەناویان بەرن. بۆ ئەمەش لە ساڵی ١٥٠٥ هەڵمەتەکەیان دەست پێکرد.

لەو کاتەدا خەیرەدین و ئۆروچ کاریان بۆ شازادە کۆرکود کوڕی سوڵتان بایەزیدی دووەم دەکرد، بە فەرمانی سوڵتان دەبوو کێشە بۆ ئیسپانی و پۆرتوگالییەکان دروست بکەن. مردنی سوڵتان لە ١٥١٢ و شەڕی کوڕەکانی (سەلیم و ئەحمەد) و سەرکەوتنی سەلیم وەک جێنیشین پاشان کوشتنی کۆرکودی برای وایکرد چاو لەسەر بەربەرۆساییەکان لا بچێت، ئەوانیش بەتەنها ڕووبەڕووی ئیسپانییەکان بوونەوە و لە جەزائیر دەریان کردن. تا سێ ساڵ حووکمداری باکووری ئەفریقا بوون.

ئازادکردنی ئەلجەزائیر

لە ساڵی ١٥١٦ دوو برایەکە (ئۆروچ و خەیرەدین) توانیان ئەلجەزائیر ئازادبکەن. ئەم ئازادکردنە گرنگی خۆی هەبوو، چونکە ئەم دەریاوانانە هێزێکی کەمیان لەبەردەستدا بوو بەڵام توانیان دوو ئیمپڕاتۆریەت لە باکووری ئەفریقادا دەربکەن، کە ئەوانیش "ئیسپانیا و پۆرتوگال بوون".

خەیرەدین لە باکووری ئەفریقادا ١٢ جەنگی گەورە و بەهێزی ئەنجامداوە کە لە زۆربەیاندا سەرکەوتوو بووە. گرنگترین جەنگیش (ئازاد کردنی تونس و جەزائیر) بوون.

خانەنشین بوون و مردن

ساڵی ١٥٤٥ خانەنشین بووە، حەسەن پاشای کوڕیی لە جەزائیر جێهێشت و کردییە جێنشین، یادەوەرییەکانی لەلایەن مورادی سینان ڕێیس نووسراونەتەوە بەناوی "جەنگەکانی خەیرەدین پاشا". لە پێنج بەرگی دەستنووسدا نووسراونەتەوە. کە لەم سەردەمەدا لە کۆشکی تۆپقاپی نمایشکراون.

ساڵی ١٥٤٦ لە تەمەنی ٦٧-٦٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



89 بینین