هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ لە لەشدا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-18-12:38:00 - کۆدی بابەت: 12146
هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ لە لەشدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ (بە ئینگلیزی: cortisol hormone، بە عەرەبی: هرمون الكورتيزول) هۆڕمۆنێکە لە لایەن هەردوو ڕژێنی ئەدریناڵ کە دەکەونە سەر هەردوو گورچیلەکان دروست دەکرێت. کاتێک کەسێک تووشی فشار دەبێت ڕێژەی کۆرتیزۆڵ لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، هەبوونی ڕێژەی ئاسایی ئەم هۆڕمۆنە بۆ جەستە زۆر پێویستە، کەم یان زۆر بەرهەمهێنانی ڕێژەکەی دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی. کۆمەڵێک فرمانی گرنگی هەیە و کاریگەری لەسەر چەند بەشێکی جەستە هەیە.

  • توانای هەرسکردنی شەکر زیاد دەکات
  • کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێن دەکات
  • دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردن
  • ڕێکخستنی چۆنییەتی بەکارهێنانی کاربۆهیدرات، چەوری و پڕۆتینەکان لەلایەن جەستەوە
  • کۆنتڕۆڵی خەو/ لە خەو هەستان دەکات
  • دەبێتە هۆی زیادبوونی وزە بەهۆی ئەمەش دەتوانرێت فشار و دڵەڕاوکێ کەم بکرێتەوە و کەسەکە بۆ بارودۆخی ئاسایی بگەڕێتەوە

بڕی ئەو کۆرتیزۆڵەی بەرهەم دێت، لەلایەن جەستەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت تاکوو لە دروستی ڕێژەکەی دڵنیا ببن.

چی هانی ڕژێنی ئەدریناڵ دەدات تاکوو هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرهەم بهێنێت؟

بەرهەم هێنانی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ لەلایەن ڕژێنی ئەدریناڵەوە، لە ڕێگەی ژێر مێشکەڕژێن (Pituitary gland) ەوە ڕێک دەخرێت، ئەم ڕژێنە ڕژێنێکی قەبارە هەرمێییە دەکەوێتە بنکی مێشکەوە زۆرجار بە (master gland) ناودەبرێت، چونکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جەستە هەیە. کاتێک لەخەو هەڵدەستیت، ڕاهێنان دەکەیت یان ڕووبەڕووی فشار دەبیتەوە  ژێرمێشکە ڕژێن  نیشانە دەنێرێت بۆ ڕژێنەکانی ئەدریناڵ تاکوو بڕی پێویست لە هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرهەم بهێنێت.

چی ڕوودەدات کاتێک بڕێکی زۆر هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرهەم دەهێنرێت:

بەشێوەیەکی ئاسایی لەش بڕی ئاسایی لە هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشییەکی وەک کۆنیشانەی کوشین (cushing syndrome)  دەبێت بڕێکی زۆر کۆرتیزۆڵ بەرهەم دەهێنێت. بەڵام لە کاتی هەبوونی نەخۆشیی ئەدیسۆن (Addison disease) لەش بڕێکی کەم کۆرتیزۆڵ بەرهەم دەهێنێت.

نیشانەکانی زۆری ڕێژەی کۆرتیزۆڵ

  • زیادبوونی کێش بەزۆری لە دەموچاو و دەوروبەری سک
  • تەنکبوونی پێست کە دەبێتە هۆی ئەوەی پێستەکە بەخاوی چاک ببێتەوە
  • زیپکە
  • زیادبوونی مووی دەموچاو لە ئافرەتاندا و ناڕێکی سوڕی مانگانە

نیشانەکانی کەمی ڕێژەی بەرهەم هێنانی کۆرتیزۆڵ

  • بەردەوام هەستکردن بە هیلاکی
  • دڵتێکەڵهاتن و سەرگێژخواردن
  • لاوازبوونی کێش
  • لاوازی ماسولکەکان
  • ئازاری سک

ئەگەر هەریەک لەم نیشانانەت تێدا دەربکەوێت، پزیشک داوای ئەنجامدانی پشکنینی خوێن دەکات.

دەرمانی کۆرتیکۆستیرۆیدەکان چین؟

کۆرتیکۆستیرۆیدەکان دەرمانی دروستکراوی کۆرتیزۆڵە، ئەگەر جەستە بڕی پێویست لەم هۆڕمۆنە بەرهەم نەهێنێت بەهۆی کێشەی تەندروستی ئەو کات پزیشک پێشنیاری ئەم جۆرە چارەسەرە دەکات. هەرچەندە ئەم دەرمانانە بۆ چارەسەرکردنی زۆر بارودۆخی تر بەکار دێن، دژە هەوکردنن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەوکردن بەکاردێن.

کاریگەریە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانە

لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە دەرمانانە دەرمانی بەهێزن بەهۆی ئەوە کاریگەری لاوەکییەکانیان تا ڕادەیەک باوە. بەتایبەت کاتێک ئەم دەرمانانە بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربێنن، چونکە بەکارهێنانیان بۆ ماوەیەکی کەم دروستبوونی کاریگەری لاوەکیان زۆر باو نییە.

  • تەنکبوونی پێست
  • فشەڵبوونی ئێسک
  • زۆربوونی ئارەزووی خواردن و زۆربوونی کێش بەتایبەتی لە دەموچاودا
  • بەرزی شەکری خوێن یان نەخۆشی شەکرە
  • گۆڕانی باری دەروونی لە ناکاو، وەک تووڕەبوون، نیگەران بوون و خەمۆکی
  • زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن
  • زیادبوونی پەستانی خوێن

لە کاتی وەرگرتنی ئەم دەرمانە، پێویستە پرسیار لە پزیشک بکرێت کە بۆ ماوەی چەند دەرمانەکە بەکاربێت و لەکاتی دەرکەوتنی ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە پێویستە چی بکرێت.


سەرچاوەکان



207 بینین