هێلاری کلینتۆن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-00:14:00 - کۆدی بابەت: 12158
هێلاری کلینتۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هێلاری کلینتۆن (بە عەرەبی: هيلارى كلينتون، بە ئینگلیزی: Hillary Clinton) خانمە سیاسەتوان و دبلۆماتکاری ئەمریکییە، هاوسەری بێل کلیتۆنی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بوو و بە خانمی یەکەمی ئەمریکا ناوزەد دەکرا. چەندان پۆستی سیاسی بایەخدار و هەستیاری هەبووە گرنگترینیان پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆی کاندید کردووە و بەرانبەر دۆناڵد ترامپ شکستی هێناوە.

زانیاری گشتی

ناو هێلاری ڕۆدهام کلینتۆن
ڕێکەوتی لەدایکبوون  ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧
ڕەگەزنامە   ئەمریکی
هاوسەر  بێڵ کلینتۆن
پیشە  نووسەر، مامۆستای زانکۆ، سیاسەتوان، پارێزەر
بڕوانامە بەکالۆریۆس و دکتۆرا لە یاسادا
حیزب  حیزبی دیموکراتی ئەمریکا 

ژیاننامەی

هێلاری کلینتۆن لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧ لە ویلایەتی شیکاگۆی ئەمریکا لەدایکبووە، کچە گەورەی خێزانەکەی بووە دوو برای لەخۆی بچووکتری هەبووە. کاتێک تەمەنی گەیشتە سێ ساڵی خێزانەکەی ویلایەتی شیکاگۆیان بەجێهێشت و چوونەتە ویلایەتی ئیلینۆی نیشتەجێبوون. هێلاری هەر لە ئیلینۆی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٦٥ لە خوێندنگەی ئامادەیی (Maine South) بە پلەی نایاب دەرچووە.

دوای تەواوکردنی ئامادەیی چووەتە زانکۆ و لە زانکۆی (Wellesley College) بەشی زانستە سیاسییەکانی هەڵبژارد، هێلاری هەر لەوکاتەوەی کە خوێندکاری زانکۆ بوو لە نێو هاوڕێکانی زانکۆکەی بووە کچێکی چالاکوانی بواری سیاسی. لە ساڵی ١٩٦٩ بە پلەی نایاب بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان بەدەستهێناوە، پاشان لە زانکۆی (Yale) بەشی یاسا پلەی دکتۆرای لە ساڵی ١٩٧٣ بەدەستهێناوە. دواتر بۆ ماوەی ساڵێک توێژینەوەی زانستی لە بارەی منداڵ و پزیشکی لە بەشیYale Child Study Center زانکۆی (Yale) خوێندووە و لەو ڕێگەیەوە توانی ببێتە بە پارێزەی بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان. 

ژیانی تایبەتی

هێلاری لە ١١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٥ هاوسەرگیری لەگەڵ بێڵ کلینتۆن کردووە و خاوەن یەک کچن بە ناوی چێڵسی کلینتۆ. 

ئەزموونی سیاسی و کارکردنی

دوای تەواوکردنی زانکۆ و بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و پاشان بڕوانامەی دکتۆرا هێلاری کلینتۆن وەکوو پارێزەر کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٧٤ بووە ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەە دۆسیەی "ئابڕووچوونەکەی وەترگەیت" و کار و بڕیاری ئەو لیژنەیە بووە هۆی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا ڕیتشارد نیکسۆن.

لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکاوە (جێمی کارتەر) پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوبەری کۆمپانیای خزمەتگوزاری یاسایی پێدرا و تاکوو ساڵی ١٩٨٠ لەو پۆستە مایەوە، لە ماوەی کارکردنی لەو دامەزراوەیەدا قازانج و داهاتی دامەزراوەکە سێ هێندە زیاتر بوو و بە جۆرێک کە داهاتەکەی لە ٩٠ ملیۆن دۆلارەوە گەیشتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار و ئەو یەکەم ژن بوو لە ئەمریکا کە ئەو پۆستەی وەرگرت.

لە ساڵی ١٩٧٩ هاوسەرەکەی وەکوو دەسەڵاتدار و بەڕێوبەری ویلایەتی ئارکانساس دانرا و هێلاری بووە خانمی یەکەمی ویلایەتەکە و هاوسەرەکەی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لەو پۆستە مایەوە. لە ساڵی ١٩٨٣ هێلاری بووە سەرۆکی لیژنەی ستانداردی پەروەردەیی ویلایەتی ئارکنساس، لەو ماوەیەدا گرنگی دا بە ئاستی فێربوون و خوێندن لە ویلایەتەکە و تاقیکردنەوەی وەرگرتنی مامۆستایانی کردە کارێکی ناچاری و فەرمی، یاسا و ڕێسای ستانداردی تایبەت بە ویلایەتەکە دانا بۆ قەبارە و شێوەی سیستمی خوێندن لە ویلایەتەکە.

لە ساڵانی نێوان ١٩٨٧ بۆ ١٩٩١ بووە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری لیژنەی ژنانی کۆمەڵە و سەندیکای پارێزەرانی ئەمریکا و لەو ماوەیەدا چالاکی هەبوو دژی جیاکاری ڕەگەزی و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان. لە ساڵی ١٩٩٢ هێلاری لەگەڵ بێڵ کلینتۆنی هاوسەری هەوڵێکی زۆریان دا تاکوو بێڵ ببێت بە ئەندامی هەڵبژێردراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا.

لە ساڵی ١٩٩٣ کاتێک بێڵ کلینتۆنی هاوسەری بووە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هێلاری کلینتۆن وەکوو خانمی یەکەمی ئەمریکا هەڵبژێردرا، تاکە هاوسەری سەرۆکی ئەمریکی بوو کە تاکوو ئەو کاتە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێنابێت، هێڵاری کلینتۆن وەکوو نازناوێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ نازناوی خانمی یەکەمی ئەمریکا نەکرد، بەڵکوو خۆی بە هاوبەشی دەسەڵاتی هاوسەرەکەی دادەنا و لە ئەمریکا بە "هاوبەشی سەرۆک" ناوزەد دەکرا.

لە سێی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠١ بووە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکی لە نیویۆرک و بووە یەکەم ژنی سەرۆک کۆمار و یەکەم ژن لە ئەمریکا کە پلە و پۆستێکی نیشتمانی وەرگرێت، لە ساڵی ٢٠٠٦ دووبارە بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردرایەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەمریکا پارتی دیموکراتی ئەمریکی هێلاری کلینتۆن و باراک ئۆبامایان دیاری کرد کە یەکێکیان ببنە ڕکابەری پارتی کۆمارییەکانی بەرانبەریان، بەڵام باراک ئۆباما دیاری کرا و بووە ڕکابەری (جۆن مەکینی) حیزبی بەرانبەر و دواتریش بووە سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

لە ماوەی دەسەڵاتی سەرۆک باراک ئۆباما هێلاری کلینتۆن پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای وەرگرتووە و بە یەکێک لەو وەزیرانەی ئەمریکا دادەنرێت کە زۆرترین گەشتی دەرەوەی کردووە، لە ماوەی کارکردنی سەردانی ١١٢ وڵاتی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٣ دەستی لە کارەکەی کێشایەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ هێلاری ڕایگەیاند کە بە فەرمی خۆی بۆ هەڵبژردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکای ساڵی ٢٠١٦ کاندید دەکات و بووە ڕکابەری دۆناڵد ترامپ، بەڵام شکستی هێنا و نەیتوانی ڕێژەی دەنگی دیاریکراو بە دەست بهێنێت دۆناڵد ترامپ بووە براوەی هەڵبژاردنەکە. 

بۆچوونەکانی

هێلاری کلینتۆن پشتگیری لە کردەوەی سەربازی لە شەڕی ئەفغانستان کردووە و کاتی خۆی بڕیاری جەنگی و کردەوەی سەربازی لە عێراق پەسەند کرد و دەنگی بۆ دا، بەڵام دواتر ناڕەزایی دەربڕی لە شێوازی بەڕێوەبردنی (جۆرج دەبلیو بۆش) لە شەڕ و ڕووداوەکانی عێراق، هەروەها ڕەخنەی هەبوو لە زۆربەی سیاسەتە ناوخۆییەکانی بۆش. هاوکات هێلاری لەگەڵ دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا بوو لە وڵاتی لیبیا.

هێلاری لەگەڵ دابینکردنی مافی هاوڕەگەزخوازانە و مافی هاوسەرگیری هاوەڕگەزخوازانی پەسەند کردووە، گرنگی بە مافەکانی ژنان و منداڵان دەدات و هاوکات گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و فێربوون دەدات.

باوەڕی بە یەکسانی جێندەری و یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە.


سەرچاوەکان



89 بینین