کەسانی نابینا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-21:17:00 - کۆدی بابەت: 12178
کەسانی نابینا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەسانی نابینا یان نابینایی (بە عەرەبی: المكفوفون یان عمی، بە ئینگلیزی: blindness) بەو کەسانە دەوترێت نابینا کە یان لە زکماکییەوە هەستی بینینیان لەدەستداوە یان بەهۆی ڕووداوێکەوە بینایی چاویان لەدەست داوە. وێناکردنی دەوروبەر و کەسەکان جیاوازی هەیە لەو کەسەی کە نابینایی زکماکی هەیە لەگەل ئەو کەسەی کە نابیناییەکەی بەهۆی ڕووداوێک دروست بووە. کەسی نابینا بەهۆی لەدەستدانی هەستی بینینەوە، چوار هەستەکەی تری بەهێزن و بۆیە سەرەنجی بۆ شتەکانی دەوروبەری زۆر بەهێز دەبێت، زۆرجار بەهۆی دەنگدانەوە سەرنجی شتەکانی دەوروبەر دەدات، زۆرێک لە نابینایان ئاستی زیرەکیان بەرزە و بە زوویی شتەکان لەبەر دەکەن و یادەوەرییان بەهێزە.

کەسانی نابینا دەتوانن چی ببینن؟

بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان دەرکەوتووە کە بەشێک لە کەسانی نابینا دەتوانن ڕووناکی و تاریکی لەیەک جیابکەنەوە، واتا ئەگەر ڕووناکییەکی زۆر هەبێت هەستی پێدەکەن و بەشێکیان هەست بە تاریکیش دەکەن، بۆ نموونە هەندێک لە نابینایان هەست بە تین و ڕووناکی تیشکی خۆر ئەکەن، هەندێکی تریان هەست بە بڕانی کارەبا و هاتنەوە و هەڵکردنی ڕووناکی دەکەن، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تۆڕێک لە هەستە دەمارە خانەی هەستیار بۆ ڕووناکی لە چاوی کەسی نابینا، بەڵام ئەم تۆڕە بەهۆی کێشەیەک یان هۆکارێکی نادیار یان بەهۆی نەخۆشییەک زانیارییەکە ناگوازێتەوە بۆ ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە دروستکردنی وێنە بۆیە بینین دروست نابێت و تەنها هەستەکە دروست دەبێت.

ئەو نابینایەی کە لە زکماکییەوە توانای بینینی نییە ئەگەری بینینی خەون و مۆتەکەیان زیاترە بەراورد بە کەسی ئاسایی، خەونی کەسانی نابینای زکماک لەگەڵ وێناکردنەکانیان  پەیوەستە بە هەستەکانی وەک دەنگ، چێژ، بۆن و دەستلێدان و بەرکەوتن و ئەوان لە خەوندا توانای بینینیان نییە، بەڵام ئەو کەسانەی بە ڕووداو بیناییان لەدەستداوە لە خەونی بەشێکیان خەیاڵی بینین دەکەن یان وێنای ژیانی ڕابردوویان دەکەن، یان بریسکانەوەی ڕووناکی دەبینن یاخود هەست دەکەن لەنێو تاریکییەکی قووڵدان. بۆیە بەشێوەیەکی گشتی نابینایی کەسێک لە کەسێکی تر جیاوازە و هەروەها هە نابینایەک خەون بینینی جیاوازە لە نابینایەکی تر.

نابینایان چۆن پێداویستییەکانیان هەڵدەبژێرن؟

زۆر جار کەسی نابینا لەگەڵ کەسێکی نزیکی یان لەگەڵ تاکێکی خێزانەکەی و بە یارمەتی کەسێکی زۆر نزیکی هاوڕێی پێداویستییەکانی هەڵدەبژێرێت، بۆیە پێویستە کەسی نزیک بە تەواوی وێنای شێوەی ئەو شتە بکات کە بۆ کەسە نابیناکەی هەڵدەبژێرێت. هەمیشە کەسی نابینا لە هەڵبژاردنی پێداویستییەکانی نموونەی پۆشاک و پێڵاو و شتە گرنگەکانی تر گرنگی بە ئاسوودەیی و ڕێکپۆشی دەدات، هەستەکانی تری نموونەی دەست لێدان و دەست لێخشاندن بەکاردەهێنن، بۆ نموونە زۆرجار جلەکانیان لە ڕێگەی دوگمە یان زنجیر دیاری دەکەن و بە نیشانەیەک دەیانناسنەوە.

نابینایان چۆن ئامێرە ئەلیکترۆنی و مۆبایلە زیرەکەکان بەکاردەهێنن؟

زۆرێک لە ئامێرە ئەلیکترۆنییە زیرەکەکان تایبەتمەندی دەنگ و خوێنەرەوەی شاشەیان تێدایە کە لەگەڵ سیستمی کارپێکردنی ئامێرەکەدا سیستمێکی سەرکییە، لە سیستمی Apple تایبەتمەندییەکە بە Voice Over ناسراوە و لە سیستمی ئاندرۆید بە TalkBack ناسراوە. هاوکات چەندان ئەپڵیکەیشن و پڕۆگرام هەن کە تایبەتن بە کەسانی نابینا و یارمەتیدەریانن لە ئاسانکردنی ژیانیان.

ئەتەکێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی نابینا

کەسی نزیک و خێزانی کەسی نابینا پێویستە لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر ئاگادار و هەستیار بن، داواکارییەکانی بۆ دەستەبەر و جێبەجێ بکەن و گرنگی بە وردەکارییەکان بدەن لەوەی کە شوێن و جێگەی کەسەکە لە ماڵەکەی گونجاو و ئاسوودە بێت، پێویستە گرنگی بە لایەنی سۆزداری کەسەکە بدرێت و هیچ کات کەسی نابینا هەستی کەمی یان هەستی بێ بەهایی لەلا دروست نەبێت و بە جۆرێک تەماشا نەکرێت کە بارە لەسەر دەوروبەر. یارمەتی بدەن لەوەی کە خۆی کارەکانی جێبەجێ بکات و پێویستە هەر لە منداڵییەوە گرنگی بە دابینکردنی پێداوێستییەکانی بدەن و هەوڵ بدرێت تێکەڵی کۆمەڵگای بکرێت و هاوڕێی هەبێت. چەند خاڵێکی گرنگ لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی نابینا:

  • کاتێک کە کەسێک یان هاوڕێیەک یان ناسیاوێکی نابینات هەیە، لەکاتی بینینی پێی مەڵی "ئایا دەمناسیتەوە؟" چونکە پرسیارێکی نەشیاوە زۆرجار لە نابینایان دەکرێت و دەیانکاتە بارودۆخێکی نەخوازراوەوە.
  • دەستەواژەی کوێر یان نوقسان یان کەم‌ئەندام بۆ کەسی نابینا بەکارمەهێنن.
  • لەکاتی قسەکردن لەگەڵی ئەگەر کەسەکە کەسێکی پێگەیشتوو بوو و منداڵ نەبوو ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکە و لەگەڵ خۆی گفتوگۆ بکە نەوەک لەڕێگەی کەسێکی ترەوە.
  • نەکردنی پرسیاری سەیر و ئازاردەر، وەک "ئایا تۆ من دەبینیت؟"، "ئایا لای تۆ هەموو شتێک ڕەنگی ڕەشە؟"، "چۆن کارەکانت ڕادەپەڕێنیت و تۆ نابینای؟"، "ژیانی تۆ سەخت نییە کە هیچ نابینیت"، "بینین هیچ واتایەکی هەیە لای تۆ؟" ئەمانەو چەندان پرسیاری ڕاستەوخۆی تر کە کەسی نابینا دەکاتە بارودۆخێکی نەخوازراوەوە.
  • لەکاتی قسەکردن و گفتوگۆ هەوڵبدە وێنا و واتای وشەکانت لەڕێگەی قسەکانتەوە ڕوون بێت، هەوڵ بدە وێنای شوێنەکە یان کەسەکان بۆ کەسی نابیناکە ڕوون بکەرەوە.
  • ئەگەر لەگەڵ کەسێکی نابینا دەژیت بەبێ پرسی ئەو شوێنی شتەکانی ماڵەکەت مەگۆڕە چونکە ئەو بە شوێنی شتەکان ڕاهاتووە لەکاتی دروستبوونی گۆڕانکاری ئاگاداری بکەنەوە.
  • بەبێ ویست و داوای خۆی دەستی مەگرن، لەکاتی ویستی یارمەتیدانی پێویستە پرسی پێبکرێت و ئەگەر ویستی یارمەتی دانی نەبوو دەسپێشخەری مەکە لە یارمەتیدانی.
  • لەکاتی پێشکەش کردنی خواردن و خواردنەوە، قاپی خواردن و گڵاسی ئاوەکەی زۆر بۆ پڕ مەکەن کە لێی بڕژێت و پێویستە لە ئاستێکی مامناوەند بێت.
  • لەکاتی بینین و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسێکی نابینا ئەگەر خۆی دەستی درێژ کرد بۆ تەوقەکردن تۆش ڕاستەوخۆ تەوقەی لەگەڵدا بکە، بەڵام تۆ دەسپێشخەری تەوقەکردن مەکە لەگەڵ کەسی نابینا.


سەرچاوەکان



69 بینین