ئەنگێلا مێرکڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-21-13:59:00 - کۆدی بابەت: 12187
ئەنگێلا مێرکڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنگێلا مێرکڵ (بە عەرەبی: أنغيلا ميركل، بە ئینگلیزی: Angela Merkel) خانمە سیاسەتوانی ئەڵمانی و ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا، پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیای هەبوو لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ساڵی ٢٠٢١ و یەکەم ژنە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، هەروەها بۆ ماوەی ١٨ ساڵ تاکوو ساڵی ٢٠١٨ سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی CDU ناسراو بە پارتی کریستیان دیموکرات بوو لە ئەڵمانیا.

زانیاری گشتی

ناو  ئەنگێلا دورۆثیا مێرکل 
بەرواری لەدایکبوون  ١٧ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٤
شوێنی لەدایکبوون  هامبۆرگ، ئەڵمانیا
ڕەگەزنامە  ئەڵمانی
پیشە سیاسەتوان، ڕاوێژکار، سەرۆک حیزب، زانا و توێژەری فیزیایی، کیمیاناس.
ئایین مەسیحی کاثۆلیکی کڵێسای ئنجیلی ئەڵمانیا
ڕەچەڵەک  ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی
نازناو  سەرکردەی چارەسەری قەیرانەکان، دایکی گەلی ئەڵمانیا
زمان ئەڵمانی، ئینگلیزی، ڕووسی

ژیاننامەی

ئەنگێلا دورۆثیا کاسنەر یان ئەنگێلا مێرکل لە ١٧ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٤ لە هامبۆرگ لە ڕۆژاوای ئەڵمانیا لەدایکبووە و باوکی قەشەی کڵێسا و زانای للاهووت بووە و دایکیشی مامۆستا بوو. ئەنگێلا تەمەنی منداڵی لە ناوچەیەکی گوندنشینی نزیک بەرلین بەسەربردووە، لە قوتابخانە لە بابەتی بیرکاری و زمانی ڕووسی زۆر زیرەک بووە، دوای تەواوکردنی قوتابخانە بۆ خوێندنی زانکۆ ڕووی کردووەتە زانکۆی (Leipzig) و بەشی فیزیای هەڵبژاردووە، دوای تەواوکردنی زانکۆ و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە ساڵی ١٩٧٨ بڕوانامەی دکتۆرای لە فیزیا بەدەست هێناوە، پاشان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٩٩ وەکوو زانا و توێژەری کیمیایی و فیزیاناس لە پەیمانگای ناوەندیی کیمیا ـ فیزیای ئەکادیمیای زانستی ئەڵمانی کاری کردووە.

ژیانی تایبەتی

ئەنگێلا مێرکل هاوسەرگیری یەکەمی لە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ زانا و توێژەری فیزیایی (ئۆلریش مێرکل) کردووە و کە هەر لە قۆناغی زانکۆ ناسی بووی و لەگەڵ خۆی خوێندکار بوو، بەڵام تاکوو ساڵی ١٩٨٢ هاوسەرگیرییەکەیان بەردەوامی هەبووە و جیابوونەتەوە، پاش جیابوونەوە مێرکل دووبارە لە ساڵی ١٩٩٨ هاوسەرگیری لەگەڵ زانای کیمیایی و زانای بواری کوانتەم (یواخیم زاوێر) کردووه و هاوسەرگیرییەکەیان بەردەوام بووە.

ئەنگێلا مێرکل نەبووە بە دایک و خاوەن هیچ منداڵێک نییە و لەگەڵ منداڵەکانی هاوسەری دووەمی ژیان بەسەردەبات، مێرکل هەمیشە ژیانی تایبەتی خۆی و خێزانەکەی دوور لە میدیاکان ڕاگرتووە. ئەنگێلا مێرکل نازناوی مێرکلی لە هاوسەری یەکەمی وەرگرتووە و دوای جیابوونەوەی نازناوەکەی نەگۆڕی و هەر بەو ناوە هێشتییەوە. کەسایەتی ئەنگێلا مێرکل سادەیە و خزمەتکار و شۆفێری تایبەتی نییە، هەروەها لە ستایلی پۆشینی جلوبەرگی تەنها ڕەنگەکان دەگۆڕێت و لە بۆنە و یادەکان جلی دووبارەی پۆشیوو بە کەسێکی سادەپۆش ناسراوە.

ئەزموونی سیاسی و کارکردنی

ئەنگێلا مێرکل لە ساڵی ١٩٨٩ ئەزموونی سیاسی دەستی پێکرد و بە دیاریکراوی دوای کەوتنی دیواری بەرلین، لە سەرەتادا بووە ئەندامی پارتیی ڕابوونی دیموکراتیک و لە کاتی داڕمانی دیواری بەرلیندا گوتەبێژی ئەو حیزبە بوو. دواتر بووە ئەندامی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا، دوای ماوەیەکی کورت لە حکوومەتی (هێلموت کۆڵ) کە ڕاوێژکاری ئەو کاتەی ئەڵمانیا بوو مێرکل بووە وەزیری ژنان و لاوان، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٤ لە هەمان حکوومەت وەکوو وەزیری ژینگە و ئاسایشی ئەتۆمی و پاراستنی سروشت لە ئەڵمانیا دیاری کرا.

دوای شکستهێنانی حکوومەتەکەی کۆڵ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٨، مێرکل کرا بە ئەمیندار و سکرتێری گشتی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا، لە ساڵی ٢٠٠٠ بووە سەرۆک و ڕێبەری حیزبەکە و بە یەکەم ژن دانرا کە سەرکردایەتی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا بکات. لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەم جار وەک کاندیدی هەردوو پارتیی هاوپەیمانیی کریستیان دیموکرات و سۆشیال کریستیان خۆی بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەربژێر کرد، پاش سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پێکهاتوو لە هەرسێ پارتیی کریستیان دیموکرات، سۆشیال کریستیانی بایرن و سۆشیال دیموکرات حکوومەتی پێکهێنا و بوو بە یەکەم ژن کە لە مێژووی ئەڵمانیادا ببێتە ڕاوێژکار. 

لە ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٣ حیزبەکەی مێرکل لە هەڵبژاردنەکان زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا بەڵام بە تەنها نەیتوانی حکوومەت پێکبهێنێت، بۆیە لەگەڵ سۆشیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا یەکیان گرت و بووەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا. له ساڵی ٢٠١٧  بۆ چوارەم خولی لەسەر یەک خۆی بەربژێر کردەوە و جارێکی تر سەرکەوتنی مسۆگەر کرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە جارێکی تر لە هەڵبژاردنی حیزبەکەیدا بەشدار نابێت و هەروەها بۆ پۆستی ڕاویژکاری ئەڵمانیایش چیتر خۆی کاندید ناکاتەوە. 

لە ڕۆژی ٢٤ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ کۆتا وتار و ڕاپۆرتی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا پێشکەش کرد و دوای ٢١ ساڵ مانەوە لە پۆستەکەی وەکوو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و مانەوەی بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لە پۆستی سەرکردایەتی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا بڕیاریدا واز لە سیاسەت بهێنێت و دەستی لەکار و پۆستە سیاسییەکانی کشایەوە.

شێوازی بەڕێوەبردن و سیاسەتکردنی مێرکل

ئەنگێلا مێرکل لە سیاسەت کردندا بە کەسێکی بوێر و زیرەک ناسراو بووە هەروەها کەسایەتییەکی نەرمونیان و کەم‌دووە بەڵام پێداگیر و سەرسەختە، هەنگاو و کارەکانی بچووک و کاریگەر بوونە، هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخەکان کردووە و هاوکاری و یارمەتی پەسەند کردووە و دژی تاکڕەوەی و نەتەوەپەرستی بووە.

ئەو توانی لە ئەڵمانیا ئاست و ڕێژەی بێکاری کەم بکاتەوە، هەروەها خزمەتکردنی سەربازی ناچاری نەهێشت، سەرباری قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی ئەورووپا و جیهان گەشەپێدانی ئابووری و پیشەسازی ئەڵمانیا لە ئەورووپا لە ئاستێکی بەرز مایەوە. بەڵام سەردەمی دەسەڵاتی بێ بەری نەبوو لە قەیران و کێشەی سیاسی نموونەی قەیران و داڕووخانی ئابووری ئەورووپای ساڵی ٢٠٠٨، قەیرانی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەورووپا لە ساڵی ٢٠١٥ و قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠، بەڵام ئەو توانی بە سیاسەتەکانی و بڕیاری دروست زۆرێک لە قەیرانەکان ببەزێنێت.

گۆڤاری فۆربز بۆ دە ساڵ لەسەر یەک ئەنگێلا مێرکلی بە بەهێزترین ژنی مێژوو هەڵبژاردووە، بەڵام مێرکل خۆی باوەڕی بە جیاکاری ڕەگەزی نییە و زۆر جار ڕایگەیاندووە کە خۆی بە ژنێکی فێمێنیزم نازانێت.


سەرچاوەکان



83 بینین