ئەرسەلان باییز

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2024-03-24-14:38:00 - کۆدی بابەت: 12285
ئەرسەلان باییز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیانی

ئەرسەلان باییز (بە ئینگلیزی: Arsalan Baiz)، ناوی تەواوی ئەرسەلان باییز ئیسماعیلە، لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی کاریتانی سەر بە ناحیەی دیبەگە لە پارێزگای ھەولێر لەدایکبووە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە و لە پێشتردا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی کوردی لە ‌زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٧٠دا پەیوەندی کردووە بە ‌کۆمەڵەی مارکسیی لینینی کوردستانەوە، لە ساڵی ١٩٧٤ بۆ ساڵی ١٩٧٥ بووە بە پێشمەرگە و لە ‌شۆڕشی ئەیلوولدا بەشداری کردووە، لە ساڵی ١٩٧٥دا لەگەڵ خاڵە شەھاب و جەعفەر و چەند سەرکردەیەکی دیکەی کۆمەڵەدا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی کراوە و تا ساڵی ١٩٧٨ لەزینداندا بووە. ساڵی ١٩٧٩ پاش ئەوەی ئازاد دەکرێت، دەبێتەوە بە پێشمەرگە تا ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بووە کە ڕۆژنامەیەکی رۆژانەیە، لە یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا لە ساڵی ١٩٩٢ بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراوە.

لە ساڵی ١٩٩٣ تا ساڵی ١٩٩٦ لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی ھەولێر بووە، پاشان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن بووە. ھەر لە ساڵانی نەوەتەکاندا چەند ساڵێک وەزیری پەروەردە بوو، لە ساڵی ٢٠٠٠ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستھێناوە، ساڵی ٢٠٠٣ش لە ‌ئەدەبی کوردییدا بڕوانامەی دکتۆرای لە ھەمان زانکۆ بەدەستھێناوە.

توێژینەوە و بەرهەمەکانی

ئەرسەلان باییز خاوەنی چەندین بەرهەمە لەوانەش:

  • ڕاپەڕینی ئاگری - وەرگێڕان.
  • فاشیزم - ١٩٨٨.
  • ڕاگەیاندنی شۆڕش و بزووتنەوەی شیعری کوردی - ٢٠٠١.
  • ڕۆژانی سەخت.
  • سیمای شیعری کوردی دوای ڕاپەڕین - ٢٠٠٣.
  • پرۆسترۆیکا.
  • پێگەی سیاسیی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست - ٢٠٠٨.
  • سەمای دۆلفینەکان - ٢٠١١.
  • دەیان وتار و لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەکان


سەرچاوەکان



78 بینین