هاوسەرگیری لەگەڵ خزم و لێکەوتە تەندروستییەکانی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-28-20:43:00 - کۆدی بابەت: 12362
هاوسەرگیری لەگەڵ خزم و لێکەوتە تەندروستییەکانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاوسەرگیری لەگەڵ خزم و لێکەوتە تەندروستییەکانی (بە ئینگلیزی: Disease associates with consanguineous marriage) هاوسەرگیری لەنێوان خزماندا دیاردەیەکی بڵاوە و نزیکەی لە یەک لە پێنجی دانیشتوانی  جیهاندا هەیە، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژاوای ئاسیا، باکووری ئەفریقا و چەندین وڵاتانی تردا هەیە. ئەم هاوسەرگیرییە بریتییە لە هاوسەرگیری نێوان دوو کەس کە پەیوەندی خێزانی لەنێوانیاندا هەیە. هاوسەرگیری لەنێوان دوو کەسدا کە پەیوەندی خێزانی لەنێوانیاندا هەیە، مەترسیی تووشبوونی منداڵەکانیان بە نەخۆشیی زگماکی، کەموکوڕی دڵ، ناتەواوی لە بیستندا و هەروەها کۆمەڵێک کەموکوڕی جینی تر هەیە. هەندێک لە نەخۆشییەکان هۆکارەکانیان جینەکانن، ئەم جینانە لە دەرکەوتنی نەخۆشیی لە تاکەکاندا بەرپرسن. دەکرێت لەنێوان خزمەکاندا ئەم جینە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی هەبێت.

خانەکانی لەشی مرۆڤ لە ناوک پێکهاتووە لەناو ئەم ناوکانەدا کرۆمۆسۆمەکان هەن، ئەم کڕۆمۆسۆمانە لە لەشی منداڵی تازە لەدایکبوودا لە ٢٣ جووت پێکهاتووە، نیوەی لەدایک و نیوەی لە باوکەوە وەردەگرێت. لەم  کرۆمۆسۆمانەدا جینیەکان کە هۆکاری دەرکەوتنی سیفەتەکانن لە منداڵەکەدا هەن. جا ئەم سیفەتانە سیفەتی وەک ڕوخسار بێت یان هەندێک نەخۆشیی بێت. کاتێک لە ئەندامێکی خێزانێکدا جینێکی هۆکاری نەخۆشیی هەیە کە هۆکاری نەخۆشییەکە بۆماوەیی بێت، ئەوا لە ئەندامانی خێزانە نزیکەکانی تریشیاندا هەمان جینی هۆکاری نەخۆشیی هەیە. تاکوو خزمایەتی نێوانیشیان زیاتر و نزیکتر بێت لێکچوونە بۆماوەیییەکان زیاتر دەبێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی جینەکە لاواز بووە نەیتوانیوە نەخۆشییەکە لە تاکەکەدا دەربخات و ئەندامەکانی خێزانەکان هەست بە هەبوونی ئەم جینانە و نەخۆشییەکان ناکەن. بەڵام کاتێک هاوسەرگیری لەنێوان ئەم کەسە نزیکانەدا ڕوودات و لەدایک و باوکەکەدا جینی هۆکاری نەخۆشیی هەیە ئەو کاتە منداڵەکانیان بە دڵنیای تووشبووی نەخۆشییەکە دەبن و نەخۆشییەکە تێیاندا دەردەکەوێت. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هەم لە دایک هەم لە باوک جینی هۆکاری نەخۆشییەکە بۆ منداڵەکە ماوەتەوە و بەم جۆرەش بە هەبوونی دوو جینی هۆکاری نەخۆشیی، نەخۆشی یان حاڵەتەکە لە منداڵەکاندا دەردەکەوێت. زۆر گرنگە ئەگەر ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە ڕووبدات هەردوو هاوسەر پێش ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەکە تەواوی پشکنینەکان ئەنجام بدەن، تاکوو لە تەندروستی منداڵەکانیان دڵنیا ببنەوە.

ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئەم جۆرە پەیوەندییەوە دەردەکەون

بریتین لە:

نەخۆشییەکی وەک نەخۆشیی تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیییە واتا لە دایک و باوک بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەتووە %٤٠.٦ نەخۆشیی تالاسیمیا لەو منداڵانەدا کە دایک و باوکیان ئامۆزای یەکترن دەرکەوتووە. پێویستە بەر لە هاوسەرگیری ئەم پشکنینانە بۆ نەخۆشیی تالاسیمیا ئەنجام بدرێت.

پشکنینەکان

  • پێوانی تێکڕای خانەکانی خوێ CBC تاکوو وردبوونە لە خانەکانی خوێن بکرێت.
  • پشکنینی گرووپی خوێن
  • پشکنین بۆ نەخۆشییەکانی وەک سیفلیس، ئایدز، هەوکردنی جگەری جۆری B و C.
  • پشکنینی جینەکان

لەم پشکنینەدا گرنگی بە مێژووی خێزانی دەدرێت. پشکنینەکە لە ڕێگەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن یان شانەکانی لەشەوە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر هاوسەرگیریش لەنێوان خزمەکاندا ڕووبدات ئەنجامدانی ئەم پشکنینانە بەر لە هاوسەرگیری ڕۆڵی گرنگ لە تەندروستی منداڵەکاندا دەبینێت.


سەرچاوەکان



116 بینین