جاکسەن‌

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-30-20:48:00 - کۆدی بابەت: 12394
جاکسەن‌

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جاکسەن یان جاکسۆن (بە ئینگلیزی: Jackson، بە عەرەبی: جاكسون)، بە فەرمی شاری جاکسەن، پایتەخت و قەرەباڵغترین‌ شاری ویلایەتی میسیسیپی ئەمریکایە. هەروەها شارەکە لەگەڵ شاری ڕیمۆنددا ناوەندی بەڕێوبەرایەتی هیندس کاونتین. ژمارەی دانیشتووانی ‌ئەم شارە لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 153,701 کەس بوو، لە کاتێکدا لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا 173,514 کەس بوو. ژمارەی دانیشتووانی جاکسۆن لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2020ـدا بەڕێژەی 11.42% کەمیکردووە ئەم ڕێژەیەش بەرزترە لە هەر شارێکی سەرەکی ئەمریکا. جاکسۆن شوێنێکی سەرەکی گەشتیاریی ناوچەی ئاماری گەورەشاری جاکسۆنە، کە گەورەترین گەورەناوچەی ویلایەتەکە و دەیەم گەورەناوچەی باشووری قووڵە. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا بە نزیکەی 600 هەزار کەس مەزەندە کرا، گەورەشاری جاکسۆن شوێنی زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی میسیسیپییە. شارەکە لە سەر ڕووباری پێرڵ هەڵکەوتوە و دەکەوێتە گەورەناوچەی جاکسۆن پرێری لە میسیسیپی.

مێژوو و گرنگی جاکسەن

شارەکە لە ساڵی 1821 وەک شوێنی پایتەختی نوێی ویلایەتەکە دامەزرا و بە ناوی جەنەڕاڵ ئەندرۆ جاکسۆن (Andrew Jackson)ـەوە ناونرا، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە جەنگی نیو ئۆرلینز لە ساڵی 1812ـدا هەبوو و دواتر وەک سەرۆکی ئەمریکا خزمەتی کرد. پاشان و لە کاتی شەڕی ناوخۆیی ئەمریکادا شارەکە گەمارۆدرا و سووتێنرا. لە ماوەی ساڵانی 1920ـدا، بەهۆی گەشەی لەناکاوی گازی سروشتی لە ناوچەکەدا جاکسۆن بوو بە گەورەترین شاری ویلایەتەکە. شارەکە خاوەنی چەند مۆسیقاژەنێکی دیار بوو و نازناوی "چوارڕیانی باشوور"ـی پێدراوە. شارەکە کۆمەڵێک مۆزەخانە و دامەزراوەی ڕۆشنبیری هەیە، لەوانە مۆزەخانەی منداڵانی میسیسیپی، مۆزەخانەی زانستی سروشتیی میسیسیپی، مۆزەخانەی مافە مەدەنییەکانی میسیسیپی، مۆزەخانەی هونەری میسیسیپی، مۆزەخانەی پایتەختی کۆن، مۆزەخانەی مێژوویی میسیسیپی. تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) گەورەشاری جاکسۆن لە ساڵی 2020ـدا 30 ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، کە 29%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکەیە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

جاکسۆن لە سەدەی نۆزدەهەمدا شارۆچکەیەکی بچووک بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی پێش شەڕی ناوخۆی ئەمریکا کەم بوو،‌ ئەمەش بە پێچەوانەی تەواوی ئەو شارۆچکانە بوو کە کەوتبوونە سەر ڕووباری میسیسیپی و کاری بازرگانی زۆریان تێدا ئەنجامدەدرا. سەرەڕای پێگەی شارەکە وەک پایتەختی ویلایەتەکە، لە سەرژمێری ساڵی 1850ـدا و بەدەر لە کۆیلەکان تەنها 1,881 دانیشتووی هەبوو و تا ساڵی 1900 ژمارەی دانیشتووانی جاکسۆن کەمتر لە 8,000 کەس بوو. هەرچەندە ژمارەی دانیشتووانەکەی بەخێرایی گەشەی سەند، بەڵام لەم ماوەیەدا مێریدیان بوو بە گەورەترین شاری ویلایەتی میسیسیپی.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، گەشەی دانیشتووانی جاکسۆن بەرزترین ڕێژەی تۆمارکرد و لە دوای مێریدیانەوە لە پلەی دووەمدا بوو لە میسیسیپی. تا ساڵی 1944 ژمارەی دانیشتووانی جاکسۆن بۆ نزیکەی 70 هەزار دانیشتوو بەرزبووەوە و بوو بە گەورەترین شاری ویلایەتەکەی. شارەکە پێگەی خۆی پاراست، لە سەرژمێری ساڵی 1980ـدا ژمارەی دانیشتووان گەیشتە لووتکە و زیاتر لە 200 هەزار دانیشتوو لە شارەکەدا جێگیربوون. لەو کاتەوە جاکسۆن بە شێوەیەکی بەردەوام ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمیکردووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی دەرەوەی شار گەشەی خێرایان بەخۆوە بینیووە. ئەم گۆڕانکارییە بەشێکی بەهۆی کۆچی سپی (white flight)ـیەوە ڕوویدا کە کۆچی گەورەی سپی پێستەکان بوو کە لە ساڵانی پێنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیپێکرد، هەروەها گواستنەوەی دانیشتووە دەوڵەمەندەکان بۆ خانووی نوێ لە ناو شارەوە بۆ دەرەوەی شار هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی جاکسۆن بوو. دابەزینی ژمارەی دانیشتووان لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا خاو بووەوە.

بەپێی سەرژمێری ساڵی 2010، پێکهاتەی ڕەگەزی و نەتەوەیی شارەکە بەزۆری ڕەش پێست و ئەمریکی ئەفریقی و سپی پێستی ناهیسپانی بوو، لە ساڵی 2020ـدا وەک گەورەترین پێکهاتەی ڕەگەزی و نەتەوەیی شارەکە مانەوە. بەهۆی دابەزینی ژمارەی دانیشتووانی سپی پێست، کۆچی سپی و زیادبوونی دانیشتووە کەمینەکان لە شار و ویلایەت و وڵاتدا، ژمارەی دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانی دابەزی. پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا بەم شێوەیە بوو:

  • سپی پێست: 16.54%
  • ڕەش پێست: 78.55%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.15%
  • ئاسیایی: 0.49%
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.02%
  • ڕەگەزەکانی تر: 0.24%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 1.92%
  • ئەوانەی هیسپانی یان لاتینی بوون لە هەر ڕەگەزێکدا: 2.09%

ئایین

66.8%ـی دانیشتووانی شارەکە ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: 28.2%
  • ئەسقەف: 2.1%
  • کاسۆلیک: 3.2%
  • لۆسەری: 0.4%
  • میتۆدیست: 12.6%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 2.3%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 2.6%
  • ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: 0.4%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: 13.7%
  • ئایینی جوولەکه: 0.2%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.8%
  • ئایینی ئیسلام: 0.3%

داهات

بەپێی ئامارەکانی سەرژمێریی ساڵی 2000، داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لە جاکسەن 30,414 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 36,003 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی ناوەندی نێرەکان 29,166 دۆلار بوو لە بەرامبەردا داهاتی ناوەندی مێیەکان 23,328 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 17,116 دۆلار بوو. نزیکەی 19.6%ـی خانەوادەکان و 23.5%ـی دانیشتووانی شارەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا 33.7%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 15.7%ـیان 65 ساڵ یان سەرووتر بوون. بە پشتبەستن بە بڵاووکراوەی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکا لە ساڵی 2020، داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک بۆ 35,070 دۆلار بەرزبووەوە و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 44,348 دۆلار بوو.

تاوان

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەریی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا (FBI)، لە ساڵی 1993ـدا جاکسۆن لەنێو ئەو شارانەی کە زیاتر لە 100 هەزار کەسی تێدایە، بەرزترین ڕێژەی کوشتنی تێدا تۆمارکراوە و لە پلەی 12ـەیەمی وڵاتدا بوو. ئێف بی ئای ئەوەشی بڵاویکردەوە کە لە هەمان ساڵدا 87 حاڵەتی کوشتنکاری لە شارەکەدا ڕوویداوە و ڕێژەی کوشتن لە هەر 100,000 دانیشتوویەکدا 41.9 بکوژ بوو. لە ساڵی 1994 و 1995ـدا ڕێژەی کوشتنکاری بەرزتربوویەوە بۆ 91 و 92 حاڵەت. لە ساڵی 2020ـدا، ڕێژەی کوشتن لە جاکسۆن گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا کە 79.69 بکوژ لە هەر 100 هەزار دانیشتوویەکدا و ژمارەی گشتی حاڵەتەکە 128 بوو. لە شارە گەورەکانی ئەمریکا، تەنها شاری سانت لویس ڕێژەی کوشتنی جاکسۆنی تێپەڕاند. بەڵام تاوانی موڵکایەتی زۆر کەمترە لە ساڵانی نەوەدەکان و تاوانە توندوتیژەکان هێندەی تاوانی کوشتن لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی نەکردووە. لە ساڵی 2021ـدا 155 حاڵەتی کوشتن تۆمارکرا، بە ڕێژەی 101 کەس لە هەر 100,000 کەسێکدا و ئەم ڕێژەیەش لەنێو بەرزترین ڕێژەکانی جیهاندا بوو.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری جاکسۆن 294.88 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 289.34 کیلۆمەتری وشکانی و 5.53 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 531.21 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، جاکسۆن دەکەوێتە ناوەیەکەوە کە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە. باران بە درێژایی ساڵ دەبارێت و وەرزەکانی زستان و بەهار باراناویترین وەرزن، لە کاتێکدا مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم بەگشتی وشکترین مانگی ساڵن، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە بە تێکڕایی 1,457 مللیمەتر باران لە شارەکەدا دەبارێت. هەروەها بارینی بەفر شتێکی دەگمەنە، و زۆر بە دەگمەن بەفر کەڵەکە دەبێت زیاتر لە ڕۆژێک لەسەر زەوی دەمێنێتەوە. زۆربەی جار بارانبارین بەهۆی ڕەشەبای بروسکاوییەوەیە، جاکسۆن لە ناوچەیەکدایە کە ڕەشەبای بروسکاوی توندی زۆرە و دەشێت ببێتە هۆی دروستبوونی تەرزە و بای زیانبەخش و گەردەلوول. دیارترین گەردەلوول لە 3ـی ئازاری 1966ـدا هەڵیکرد، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 19 کەس و لەناوچوونی مۆڵ و چەند ناوچەیەک. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 21- پلەی سەدیە کە لە 27ـی کانوونی دووەمی 1940ـدا تۆمارکرا، هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 42 پلەی سەدیە کە لە 30ـی ئابی 2000ـدا تۆمارکرا.

ئابووری

جاکسۆن شوێنی چەندین پیشەسازی سەرەکییە؛ لەوانە ئامێری کارەبایی و مەکینە، خۆراکی دەستکرد و بەرهەمە کانزاییەکان. جگە لەوەش ناوچەکە بۆ کشتوکاڵی، ئاژەڵداری گونجاوە و بە پاقلەی سۆیا، لۆکە و پەلەوەر دەوڵەمەندە. بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی شارەکە، سێ خاوەنکارە سەرەکییەکانی جاکسۆن لە ساڵی 2020ـەوە بریتین لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی میسیسیپی، سکوڵە حکوومییەکانی جاکسۆن و نیسان USA. کۆمپانیا دیارەکانی دیکە شارەکە بریتین لە ئەمازۆن و وۆڵ مارت.


سەرچاوەکان



59 بینین