پۆدکاست چییە؟

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2024-04-03-22:00:00 - کۆدی بابەت: 12435
پۆدکاست چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پۆدکاست (بە ئینگلیزی: Podcast، بە عەرەبی: البودكاست) ناوەڕۆکێکی میدیاییە بە شێوازی زنجیرەیەک فایلی دەنگی یان ڤیدیۆ پێشکەشدەکرێن کە سەرنج دەخەنە سەر گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو. هاوشێوەی بەرنامەی تەلەفزیۆنی یان ڕادیۆییە، جیاوازییەکەی لەوەدایە دەکرێت هەرکاتێک ویستت گوێگربیت نەک تەنها لە کاتی پەخشی بنکەکانەوە. پۆدکاست بەگشتی دەربارەی بابەتانی وەک سیاسەت، وەرزش، کات بەسەربردن، ترسناک، یان یاریکردنە. هەر ئەڵقەیەک بەزۆری لە دەوری بابەتێک لەناو ئەو تەوەرانەدا دەسوڕێتەوە. ژمارەی ئەڵقەکانی پۆدکاستەکان جیاواز دەبێت بەپێی ئەوەی کێ بەرنامەکە بەرهەم دەهێنێت، دەتوانن گوێ لە ئەڵقەی تاک بگرن یان سەبسکرایبی پۆدکاستەکە بکەن لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی دیسکتۆپ و موبایل.

سەرەتای دروستبوونی پۆدکاست

زاراوەی پۆدکاست لە هەردوو وشەی (iPod) ئایپۆد و (broadcast) پەخشەوە هاتووە. سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک ئادەم کاری و دەیڤ واینەر بەرنامەیەکیان بە ناوی ئایپۆدەر دیزاین کرد بۆ دابەزاندنی پەخشی ڕادیۆیی بۆ ئایپۆدەکانی ئەپڵ. بۆ زیاتر لە دە ساڵ، پۆدکاستەکان لە بنەڕەتدا بە بەرنامەی ڕادیۆیی دادەنران کە تۆماریان دەکرد و دابەشیان دەکەیت بۆ ئەوەی لە ئایپۆدەکاندا (یان هەر ئامێرێکی MP3 ی تر) گوێیان لێبگیرێت.

چی وا لە پۆدکاست دەکات جیاواز بێت لە بەرنامەیەکی گفتوگۆی ڕادیۆکان؟

گەورەترین جیاوازی نێوان پۆدکاست و ڕادیۆ پەیوەندی بە داواکاری لەسەر بەردەستبوونەوە هەیە. بە پێچەوانەی ڕادیۆ، پۆدکاستەکان نەبەستراونەتەوە بە خشتەی پەخشی ڕاستەوخۆوە، گوێگران بە ئارەزووی خۆیان کۆنتڕۆڵی دەکەن. بۆیەش زۆرێک لە بەرنامە ڕادیۆییە گفتوگۆییە بەناوبانگەکان وەشانی پۆدکاستی بەرنامەکانیان بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەو گوێگرانەی کە لە بەرنامە ئاساییەکە بێبەش بوون. هەروەها لە ڕووی تەکنیکییەوە ڕادیۆکان ناچارن بۆ هەر بەرنامەیەکی گفتوگۆ باندێکی لەرەلەری فراوان بەکاربهێنن تا بگاتە زۆرترین بیسەران و شوێنکەوتووانی ئەو بابەتەی باسی دەکرێت، لە کاتێکدا بڵاوبوونەوەی پۆدکاستەکان لەسەر ئینتەرنێت یارمەتیدەرە تا ئەو بابەتانەش لەخۆ بگرن کە هەوادارێکی سنوورداری هەیە بێ گوێدانە لایەنە تەکنیکییەکان. ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین سوودەکانی پۆدکاستەکان. ئەگەر ئارەزووی بابەتێکت هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو ئارەزووانە زۆر دەگمەن بن، ڕەنگە پۆدکاستێک هەبێت کە ڕووماڵی بکات. باشتریش ئەوەیە دەتوانیت لە ماڵەوە، لەناو ئۆتۆمبێلدا، یان لەکاتی ڕۆشتندا گوێبگریت چونکە پۆدکاستەکان دەتوانن لەگەڵتدا گەشت بکەن بە مۆبایلە زیرەکەکەت.

لە کوێ و چۆن بیسەری پۆدکاستەکان بین؟

ئێستا کە زانیمان پۆدکاست چییە، چۆن بیاندۆزینەوە؟ ئەگەر بە دوای پۆدکاستی بیانیدا دەگەڕێیت هەزاران پۆدکاست بەخۆڕایی لە ڕێگەی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی هۆستکردنەوە بەردەستن، کە هەر سیستەمێکی کارپێکەر کۆمەڵێك بەرنامەی لە خۆگرتووە بۆ نیشاندانی پۆدکاستەکان. ئەم خزمەتگوزاریانە ڕێگەت پێدەدەن بەشداری لە پۆدکاستێکی دیاریکراودا بکەیت و ئەڵقەی نوێ دابەزێنیت لەگەڵ بەردەستبوونیان، تەنانەت ئاگادارت دەکەنەوە لە ئەڵقەی نوێ. جێگای سەرنجە لە ئێستادا ژمارەی پۆدکاستە کوردییەکانیش لە زیادبووندان.

ئەو بەرنامانەی سوودیان هەیە

لەو بەرنامانەی کە دەتوانیت سودیان لێ ببینیت بۆ گوێگرتن لە پۆدکاست، بەڵام مەرج نیە هەموویان بێ بەرامبەر بن:

بۆ سیستەمی ئای ئۆ ئێس

  • Apple Podcasts
  • fm

بۆ سیستەمی ئەندرۆید

  • Google Podcasts

بۆ سیستەمە جیاوازەکان

  • YouTube
  • Spotify
  • Pocket Casts


سەرچاوەکان



100 بینین