کامێرا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2024-03-27-22:50:00 - کۆدی بابەت: 12347
کامێرا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کامێرا (بە ئینگلیزی: camera، بە عەرەبی: کامیرة) لە هونەری فۆتۆگرافیدا، ئامێرێکە بۆ تۆمارکردنی وێنەی تەنێک لەسەر ڕووکارێکی هەستیار بە ڕووناکی بەکاردێت، ئەم ڕووکارە بەشێوەیەکی بنەڕەتی سندووقێکی ڕووناکی تەنراوە کە کەلێنێکی هەیە لە ڕێگەیەوە ڕووناکی چڕکراوە دەگەیەنرێتە پلێت یان فیلمێکی هەستیار.

مێژوو

سەرەتای مێژووی کامێرا دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و چینی کۆن. ئەم شارستانییەتە کۆنە ئامێرێکی بینایی زۆر کۆنی تێدا بەکاردەهات، پێی دەوترا کامێرای هەستیار، بۆ ئەوەی دیمەنەکانی ژیانی ڕاستی لەسەر ڕووکار یان دیوارێک دابڕێژرێت. سەرەڕای ئەوەی کە دیزایینەکەی سەرەتایی بوو، کامێرای هەستیار بۆ ماوەی هەزاران ساڵ دواتر بەشێوەیەکی باو مایەوە.

لەماوەی ساڵانی ١٨٠٠ زایینیدا وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا لە کێبڕکێدابوون بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی داهێنانی یەکەمین تەکنەلۆجیای فۆتۆگرافی. لە ئەنجامدا کاتێک (نیسێفۆ نیەپس) لە ساڵی ١٨٢٧ یەکەمین وێنەی گرت فەڕەنسییەکان توانیان براوە بن. نزیکەی دوای ١٢ ساڵ (لویس داگوێرۆ) کە خاڵکی فەڕەنسا بوو توانی پڕۆسەی داگوێرۆتایپ دابهێنێت، کە پڕۆسەیەک بوو تیایدا وێنەیەک بە وردەکاری بەرزەوە لەسەر توێژاڵێکی پلێتکراو بە مس کە بە چینێک لە زیو ڕووپۆشکرابوو دەردەچوو. نزیکی هەمان کات داهێنەری بەریتانی (ویلیام هێنری تابلۆت) پڕۆسەی تابلۆتایپی داهێنا، کە بەهۆیەوە یەکەمین وێنەی سەر کاغەز چاپکرا. داگوێرۆ و تابلۆت بە بیردۆزەکانیان هەردووکیان سەرکەوتنی بارزگانی هاوبەشیان هەبوو. تاکوو کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە ناوی کۆداک بۆ هەمیشە توانی گۆڕانکاری لە پڕۆسەی فۆتۆگرافیدا بکات. 

لە ساڵی ١٨٨٤ داهێنەری ئەمریکی (جۆرج ئێستمان) بیرۆکەی گەشەپێدانەوە پیشەسازی فۆتۆگرافی بۆ هات، داهێنانی گەورەکەی ئێستمان بریتیبوو لە لوولەی فۆتۆگرافی (فیلمی یەک لەدوای یەکی لوولدراو) لەناو کامێرادا، ئەم گەشەسەندنەی پڕۆسەی فۆتۆگرافی یارمەتیدەربوو بۆ کۆمپانیای کۆداک کە یەکەمین کامێرای کۆبەرهەم (mass-produced) بفرۆشێت. 

دوای جەنگی جیهانیی دووەم جۆرێکی نوێی کامێرا داهێنرا کە پێی دەوترا کامێرای دەرەوەی تاکە لێنز (SLR)، هەرچەند ئەم کامێرایە بەکارهێنانی زیادی نەکرد و بەناوبانگ نەبوو، بەڵام بەپێی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و وردە وردە بچووکبوونەوەی کامێرا، زاناکان و ڕۆژنامەنووسان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی. 
بیرۆکەی سەرەکی پشت داهێنانی نوێترین کامێراکان دەگەڕێتەوە بۆ ژاپۆنییەکان، کە لەدوای ساڵانی ١٩٤٥ کامێراکانی بڕاندەکانی وەکوو نیکۆن (Nikon) و کانۆن (Canon) بازاڕەکانیان داگیرکرد و تاکوو چەندین دەیە دواتر ناوبانگیان بەردەوامە.

بەشەکانی کامێرا

دۆزەرەوەی دیمەن – Viewfinder

دۆزەرەوەی دیمەن یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی کامێرا، بەشێکی شێوە لاکێشەییە کە دەکەوێتە بەشی دواوەی کامێرا و یارمەتی کەسی وێنەگر دەدات تاکوو ببینێت و ئەو تەنە دیاری بکات کە دەیەوێت وێنەی بگرێت. هەندێک لە دیمەن دۆزەرەوەکان بەتەواوی دیجیتاڵن، کە پێش ئەوەی وێنەکە بگریت وردەکاری جیاوازت نیشان دەدات.

پێنتاپریزم – Pentaprism

پێنتاپریزم بریتییە لە ئاوێنەیەک کە بە گۆشەی ٤٥ لە پشتی هاوێنەی (لێنز) کامێراوە دانراوە، ئەم ئاوێنەیە ئەو ڕووناکییەی کە لە لێنزەکانەوە وەرگیراوە دەیداتەوە سەر دیمەن دۆزەرەوە. پێش ئەوەی کە پێنتاپریزم هەبێت وێنەگرەکان ناچاربوون هەمیشە سەرەوژێر وێنەکان ببینن کاتێک وێنە دەگرن. 

فلاشی ناوەکی - Built-in Flash

فلاشی ناوەکی بەشێکە لە پێکهاتەی کامێرا کە کاتێک هاندەردرێت گورزەیەک لە ڕووناکی بەرهەم دەهێنێت. شوێنی جیاوازی هەیە لە بەشی پێشەوەی کامێرادا بۆ ئەوەی ئەو تەنە ڕووناک بکاتەوە کە کامێرا وێنەی دەگرێت، ئەم فلاشی ناوەکییە تەنها لە کاتی وێنەگرتندا ڕووناکی دەردەپەڕێنێت.

دووگمەی فلاش - Flash Button

دووگمەی فلاش لەسەر کامێرا بۆ هەڵکردنی فلاشی ناوەکی دانراوە، کاری سەرەکی بریتییە لە هێز خستنەسەر فلاش بۆ ئەوەی بکرێتەوە پێش ئەوەی هان بدرێت. لە هەمان کاتدا لە هەندێک جۆری کامێرادا، ئەگەر پەنجەت لەسەر دووگمەی فلاش ڕابگریت، دەتوانیت بڕی ڕووناکییەکەی ڕێک بخەیت.

جێگیرکەری هاوێنە – Lens Mount

جێگیرکەری هاوێنە ڕێکخەرێکی میکانیکییە کە وادەکات هاوێنەکان لەگەڵ کامێراکەدا هاوپێچ بن. تۆ دەتوانیت تەنها ئەو هاوێنانە بەکاربهێنیت کە لەگەڵ سیستمی جێگیرکەری هاوێنەی کامێراکەتدا گونجاون، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە کارگەکانی کامێرا سیستمی جێگیرکەری هاوێنەی تایبەت بۆ خۆیان هەیە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بە دڵنیایی هاوێنەکانیان بەکاربهێنن.

دووگمەی لێکەرەوەی هاوێنە - Lens Release Button

ئەم دووگمەیە جێگیرکەری هاوێنە دەکاتەوە و ڕێگە بە بەکارهێنەر دەداتە هاوێنەکانی بە دڵی خۆی لێبکاتەوە، هەروەها بەکارهێنەر دەتوانێت بە یەک هەنگاو هاوێنەکەی لەگەڵ کامێراکەیدا هاوپێچ بکات، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی، بەکارهێنەر دەتوانێت تەنها بە پەستان خستنەسەر دووگمەی لێکەرەوەی هاوێنە هاوێنەکەی لێبکاتەوە. ئەم دووگمەیە دەکەوێتە بەشی پێشەوەی کامێرا، لە نزیکی جێگیرکەری هاوێنە.

دیاریکەری دۆخ - Mode Dial

دیاریکەری دۆخ (مۆد) یەکێکە لە بەکارهاتووترین بەشەکانی کامێرا، چەرخێکی سوڕاوە لە بەشی لای ڕاستی سەرەوەی کامێرا دانراوە، کە بۆ گۆڕینی دۆخەکانی کامێرا بەکاردێت. کامێرا دەکرێت چەند دۆخێکی هەبێت وەک، خودکار (automatic)، ناخودکار (manual)، نیمچەخودکار (semiautomatic) و بەپێی دیمەن (scene-based).

ڕوونمای سەرنجدان - Focusing Screen

ڕوونمای سەرنجدانی کامێرا بریتییە لە ڕووکارێکی شووشە کە ئاوێنەی کامێرا لە ڕێگەیەوە وێنەکە وەردەگرێت، ئەم ڕوونمایە یارمەتیدەرە بۆ دەستکەوتنی ئیفێکتی جیاواز.

هاوێنەی چڕکەرەوە - Condenser Lens

هاوێنەی چڕکەرەوە دوو هاوێنەی جووتی قۆقزی هەیە، ئەم بەشە شێوازێکی سادە بەکاردێنێت بۆ ڕاستکردنەوەی تێکچوون یان لادانی ڕەنگەکان. کە ئەم تێكچوونە کێشەیەکی باوبوو لە کامێرا کۆنەکاندا.

هەستەوەری دیجیتاڵ - Digital Sensor

هەستەوەری دیجیتاڵی کامێرا یەکێکە لە هەستیارترین بەشەکان، ئەم هەستەوەرە ئەو ڕووناکییە وەردەگرێت کە لە هاوێنەوە دێت بۆ ئەوەی بیکات بە وێنە. 

گیرە – Grip

بەشی گرتن یان گیرە بریتییە لە بەشی لای ڕاستی کامێرا. کە شێوازێکی تایبەتی چەماوەی هەیە بۆ ئەوەی کەسی بەکارهێنەر بە ئاسوودەیی کامێراکە بگرێت. ئاساییانە بۆشایی تێدایە تاکوو پەنجەکانی تێدا دابنرێت و پارێزراوانە کامێراکە هەڵبگیرێت. 

داخەر – Shutter

پارچەیەکی ناڕوونی کانزا یان پلاستیکە جڵەوی بڕی ئەو ڕووناکییە دەکات کە دەگات بە هەستەوەری کامێراکە، هەروەها درێژی ئەو داخەرەت بە کراوەیی دەمێنێتێتەوە ئەوە دیاری دەکات کە دەرکەوتنەکەت چۆن دەبێت.

پیشاندەر – Display

پیشاندەری کامێرا زانیاری یارمەتیدەر دەربارەی کامێرا و وێنەکان بە بەکارهێنەر دەدات، لەم بەشەی کامێرادا بەکارهێنەر دەتوانێت ڕێکخەری جیاوازی کامێراکە ببینێت. لە زۆربەی کامێرا نوێیەکاندا پێش ئەوەی دووگمەی لابردنی داخەر دابگریت دەتوانیت لەڕێگەی پیشاندەرەوە وێنەکەت ببینیت و بزانیت چۆن دەردەچێت.

ئەلیکترۆنییەکان – Electronics

بەشە ئەلیکترۆنییەکانی کامێرا بۆ سێ پۆلی جیاواز دابەشکراون: بەشی گرتنی وێنە، جڵەوکەری کامێرا و بەشەکانی ڕووی بەکارهێنەر. بەشەکانی جڵەوکردن جڵەوی هەموو پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکانی ناو کامێرا دەکەن. بەشی گرتنی وێنەش بەرپرسە لە تۆمارکردنی وێنە. هەروەها بەشەکانی ڕووی بەکارهێنەر بەرپرسن لە بەرکەوتنی بەکارهێنەر و جڵەوکردنی کامێراکەی.

دووگمەی داخەر - Shutter Button

دووگمەی داخەر یەکێکە لە بەشە ئایکۆنییەکانی کامێرا. ئەم دووگمەیە دەبێتە هۆی کردنەوەی داخەر و گرتنی وێنەکە. 

سیستمی سەرنجی خودکار - Autofocus System

یەکێک لە سوودەکانی تری کامێرای دیجیتاڵ ئەوەیە کە دەتوانێت بە خێرایی و خودکارانە سەرنج بخاتەسەر ئەو شتەی وێنەی دەگرێت. کە ئەمەشە بەهۆی هەستەوەری سەرنجی خودکارانەوە ڕوودەدات، کە یەکێکە لە بەشەکانی هاوێنە و زانیاری بۆ کۆمپیوتەری ناو کامێرا دەنێرێت و فەرمان بە هاوێنە دەکات کە سەرنج بخاتە سەر ئەو شتەی وێنەی دەگرێت.

ئاوێنەی دانەوە و دووبارە بڵاوکردنەوە - Reflex and Relay Mirror

ئاوێنەی دانەوە (Reflex) لە هەر کامێرایەکی SLR و DSLRدا بوونی هەیە. بە پێچەوانەی کامێرا مەودا فراوانەکانەوە هاوێنەی کامێرای DSLR لەسەر هەمان تەوەرەی هاوێنەکە نییە، لەبەر ئەم هۆیەش پێویستی بە ئاوێنە هەیە بۆ دانەوەی وێنەکە. ئاوێنەی دانەوە ئاوێنەیەکە کە بە گۆشەی ٤٥ دانراوە بۆ ئەوەی ڕووناکی لە هاوێنەکانەوە بۆ دیمەن دۆزەرەوە بداتەوە، ئەمەش یارمەتی کەسی وێنەگر دەدات کە ئەو دیمەنە ببیێت کە هاوێنە دەیبینێت.

کەلێن – Aperture

کەلێن یان دەرچە یەکێکە لە سێ پایەکەی دیاریکردنی بەرکەوتنی وێنەکان. سەرەڕای ئەوەش دەرچەیەکە کە لە هاوێنەدا ڕووناکی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەم بەشە تیغی بچووک و تەنکی هەیە کە بەپێی ئەوەی لە بەرکەوتنەکەدا چەند ڕووناکی پێویستە بچووک دەبێتەوە یان فراوان دەبێت. هەروەها قووڵی مەیدانی کامێرا دابین دەکات، ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی بە پێی ویست دیاری بکەیت پاشبنەماکەت (باکگراوند) چەندە لێڵ و کاڵ بێت.

پەپکەی سەرەکی - Main Dial

پەپکەی سەرەکی بریتییە لە چەرخێکی ددان کە لە بەشی پێشەوەی کامێراکەدایە و یارمەتی کەسی بەکارهێنەر دەدات تاکوو کەلێن و خێرایی داخەر و دیاریکەرەکانی تر ڕێکبخات. لە هەندێک کامێرادا پەپکەی سەرەکی یارمەتی بەکارهێنەر دەدات لە گەشتکردن بەناو وێنەکانی ناو بیرگەکەدا.

توخمە دوور و نزیککەرەوەکان - Zoom Elements

ئەگەر یەکەم کامێرات کڕیوە، ئەوا دەکرێت یەکەم هاوێنەی زوومی لەگەڵدابێت. هاوێنەی دوور و نزیککەرەوە بە سوڕاندنی ئەڵقەی هاوێنەکان و بە پشت بەستن بە مەودای سەرنجی هاوێنە، یارمەتیت دەدات دووری نێوان سەرنجدەرەکان بگۆڕیت، لە فراوانییەوە (واید) بۆ تەلەفۆتۆ.

باترییەکان – Batteries

باترییەکان یەکێکن لە بەشە گرنگەکانی کامێرا. زۆربەی پێکهاتەکانی کامێرا بەبێ سەرچاوەی وزە ناتوانن کاربکەن. بوونی باترییەکی بەهێز یارمەتیدەرە بۆ گرتنی وێنەیەکی زۆر و کارکردنی زیاتر.


سەرچاوەکان



97 بینین