تاوەری بەغداد

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-09-17:24:00 - کۆدی بابەت: 12478
تاوەری بەغداد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاوەری بەغداد یان تاوەری مەئموون (بە عەرەبی: برج بغداد، برج المأمون، بە ئینگلیزی: Baghdad Tower) تاوەرێکی گەشتیارییە دەکەوێتە ناوچەی یەرمووک لە ڕۆژاوای بەغداد، بەرزییەکەی ٢٠٥ مەترە و لە بەشی کۆتایی تاوەرەکە دەستەواژەی (الله أكبر) نووسراوە، هاوکات لە کۆتا نهۆمی تاوەرەکە خواردنگەیەکی جووڵاو بنیاتنراوە و بەرزییەکەی هاوکارە بۆ بینینی دیمەنی زۆربەی ناوچەکان بەغداد، هاوکات چەندان قاوەخانە و هۆڵ و شوێنی حەوانەوە و خواردنگەی تێدایە، دەرەوەی تاوەرەکە کە بەرزە دیمەنی شوێنەکانی بەغداد نیشان دەدات.

بینای بنکەی ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکان لە تەنیشت تاوەرەکە دروستکراوە و لە حەوت نهۆم پێکهاتووە، دەوروبەری تاوەرەکە ڕووبەرێکی سەوزایی فراوانە و خزمەتگوزاری خواردنگە و قاوەخانە و شوێنی حەوانەوەی تێدا دابینکراوە، تاوەری بەغداد بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی بەغداد دادەنرێت و زۆر کەس کەس کە سەردانی شاری بەغداد دەکات سەردانی تاوەری بەغدادیش دەکات.

مێژووی تاوەری بەغداد

بنیاتنانی

دروستکردنی تاوەرەکە لە ساڵی ١٩٩١ دەستی پێکرد و لە تەنیشت (بینای ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکانی مەئموون) بنیاتنرا، بەڵام بینای ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکان لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتی جەنگی کەنداودا و جەنگی داگیرکارییەکانی عێراق بۆ سەر کوەیت ڕووبەڕووی بۆردمانی ئاسمانی بووەوە و بەو هۆیەوە تاوەرەکە زیانی بەرکەوت کە هێشتا تەواو نەکرابوو، دواتر لە ساڵی ١٩٩٤ تاوەرەکە بنیاتنرایەوە و کرایەوە لەو پڕۆژانە بوو کە بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگی کەنداو ناسرا، تا ساڵی ٢٠٠٣ بە ناوی تاوەری نێودەوڵەتی سەدام حسێن ناونرا و ناسێنرا.

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق

لە ماوەی جەنگی داگیرکاری عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، دووبارە بینای ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکان لە تەنیشت تاوەری بەغداد بۆردمان کرا بە تەواوی ڕووخا، بۆیە لەکاتی بۆردمانکردنی بەغداد لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا تاوەرەکە بەهۆی بۆمبارانی ئاسمانییەوە زیانی پێگەیشت و بەشێکی ڕووخا، بۆ ماوەیەکی زۆر پشتگوێ خرا و نۆژەن نەکرایەوە و شوێنەکە بووە شوێنێکی چۆڵکراو، لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق و بەشی ئەندازیاری سوپای ئەمریکا پڕۆژەیەک بە بڕی ٢٣ ملیۆن دۆلار ڕاگەیاندرا بۆ بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی تاوەرەکە.

کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تاوەری بەغداد

لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠١٠، وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە پایتەخت کردنەوەی تاوەری نێودەوڵەتی بەغدادی ڕاگەیاند و لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠١٠ دوای چاککردنەوە و نۆژەن کردنەوەی دووبارە کرایەوە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، تاوەرەکە دووبارە بە مەبەستی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە داخرایەوە، لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ کرایەوە، بەڵام دواتر بە ماوەیەکی کەم بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئاسایشی بەغداد بە فەرمی تاوەری بەغداد داخرایەوە.

لە ساڵی ٢٠١٨ وەزیری پەیوەندییەکانی ئەو کاتەی عێراق دکتۆر نەعیم ڕوبەیعی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تاوەری بەغدادی ڕاگەیاند و بڕیاردرا لە ٣١ـی کانوونی یەکەم و لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێدا لە ساڵی ٢٠١٩ دووبارە تاوەرەکە بکرێتەوە.

ناوەکانی تاوەری بەغداد

لە سەرەتای بنیاتنانی تاوەرەکە لە ساڵی ١٩٩١  تاوەرەکە بە ناوی سەدام حسێنەوە ناسێنرا و بە "تاوەری نێودەوڵەتی سەدام حسێن" ناودار بوو.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و کۆتایی دەسەڵاتی سەدام حسێن ناوی تاوەرەکە گۆڕا و کرا بە "تاوەری نێودەوڵەتی بەغداد"، بەڵام لەناو گشتی خەڵک بە ناوێکی تریش ناسێنرا ئەویش ناوی "تاوەری مەئموون" بوو، کە بە ناوی ناوچەی مەئموون ناونراوە کە تاوەرەکەی تێدا بنیاتنراوە و دەکەوێتە ڕۆژاوای شاری بەغدادەوە، ناوی مەئموونیش لە ناوی خەلیفە مەئموونی عەباسییەوە وەرگیراوە کە ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتداری عەباسییەکان بوو لە بەغداد.


سەرچاوەکان



93 بینین