سیستمی پەروەردەیی Gloabal Approach

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-14-20:31:00 - کۆدی بابەت: 12517
سیستمی پەروەردەیی Gloabal Approach

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سیستمی پەروەردەیی Gloabal Approach (بە عەرەبی؛ نظام التقييم العالمي للتعليم، بە ئینگلیزی؛ Global Approach System for Education) هاوشانی سیستمی پەروەردەیی ماریا مۆنتیسۆری سیستمی گڵۆبەڵ ئەپرۆچ بە سیستمێکی پەروەردەیی زۆر باش و سەرکەوتوو دادەنرێت لە جیهاندا کە دەکرێت بە چەند لقێکەوە (زمانەکان، زانستەکان، وێژە، ئایینەکان، ڕەوشت، بەها کۆمەڵایەتییەکان و چەندان بواری تر). 

ناوەرۆک

ئەم سیستمە زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی خوێندکار هەر لە قۆناغی سەرەتای خوێندن تا گەیشتنی بە دەروازەی زانکۆ هەگبەی زانست و زانیاری هێندە زۆربێت لە زانکۆ شۆک نەبێت کاتێک ناوی شتێک دەبیستێت. لەم سیستمەدا خوێندکار بە جۆرێک پەروەردە دەکرێت کە هەر زوو دەرئەنجامەکانی دەردەکەون. لێرەدا سێ بوار دەخەینە ڕوو. 

ئایین 

بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە موسڵمانە بە زۆرینە سیستمەکە بە ئایینی ئیسلام ڕوون دەکەینەوە. مامۆستا پێویستە لەسەری کاتێک خوێندکارەکانی یەکەم جاریانە وانەی پەروەردەی ئیسلامی بخوێنن و هیچ نازانن لە بارەیەوە دەبێت واز لە پەرتووکی قوتابخانە بێنێت لە بری ئەوە ئاشنایان بکات بە کۆمەڵێک بابەتی پەروەردەیی و ڕەوشتی بۆ تەمەنی خۆیان. لێرەدا باشترین شت کورتە چیرۆکە پەروەردەییەکانن وەک بەسەرهاتی لوقمانی حەکیم بۆ کوڕەکەی. یان هەر چیرۆکێک کە پەند و ئامۆژگاری تێدابێت. ئینجا بەسەرهاتی پێغەمبەران بۆ منداڵان بەم جۆرە خوێندکارەکە بیرۆکەی دەبێت لە بارەی ئایینی ئیسلام یان هەر ئایین بە گشتی. پاش ئەوە ئینجا وانەکانی پەرتووکەکە دەخوێندرێت. 

زمانەکان، بابەتە ئەدەبییەکان

خوێندکار ڕقێکی زۆری لە زمانەکانە بەتایبەتی کوردی و عەرەبی بەهۆی ڕێنووس و پیتەکان، لێرەدا بەهەمان شێوە دانەرانی گڵۆبەڵ ئەپرۆچ پێمان دەڵێن واز لە پەرتووک بهێنن، بە خوێندنەوەی کورتە چیرۆک دەست پێ بکەن پاش ڕوونکردنەوەی شێوازی خوێندنەوەی پیتەکان. پاش ئەوەی هەفتانە کورتە چیرۆک دەخوێندرێتەوە مامۆستای وانەکە پێشبڕکێی "پوختەکردن و داڕشتنەوە" ڕێک دەخات بۆ خوێندکاران کە ئەمەش یارمەتیدەرە فێری وەرگێڕان و نووسینی داڕشتن بن. 

بابەتە زانستییەکان (زیندەزانی) بەنموونە

مامۆستای وانە هەڵدەستێت بە گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی وانە وتنەوەی بابەتەکە. یەکەم بەوەی بۆ هەر وانەیەک سەرەتا بە ڤیدیۆیەک کە بەشێوازی ئەنیمەیشن ئامادەکراوە یان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی وانەی زیندەزانی پێشەکییەک دەدات لەسەر بابەتەکە، پاش ئەوەی کورتەی دا داوا لە خوێندکاران دەکات سەرنج و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن لە بارەی بابەتەکەوە. بە نموونە کۆئەندامی هەناسە و سووڕی خوێن چۆن بەیەکەوە کاردەکەن یان کۆئەندامی هەرس چۆن کاردەکات. بەم شێوەیە گفتوگۆ دەکرێت لە نێوانیاندا. 

مامۆستای وانە دەبێت گرنگی بە دوو بابەتی Did you know ئایا دەزانیت یان زانیوتە؟ و Facts ڕاستییەکان بدات بۆ هەر بابەتێک کە دەیگاتێ لە چەند پەڕەیەکدا ئایا دەزانیت و ڕاستییەکانی هاوپەیوەند بە بابەتەکە بداتە خوێندکاران. جگە لەمەش دەتوانێت لە شێوەی مەلزەمە بیدات بە خوێندکاران. 

هەموو هەفتەیەک پێویستە مامۆستای وانە کۆمەڵێک ناونیشان بداتە خوێندکاران کە گەڕانی بۆ بکەن لە جۆڕناڵە زانستییەکان و لە بارەی بخوێننەوە نموونە ڤایرۆس و بەکتریا و کەڕوو چۆن مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەکەن؟ یان بابەتێک دوو بۆچوون هەڵگرێت "ڤایرۆسی کۆڕۆنا دروستکراوە یان جۆری ترە بازدانی کردووە؟" یان "باوەڕت بە کوتان کردن هەیە یان نا؟" بۆ وانەکانی داهاتوو پۆلەکە دەکرێت بە دوو بەشەوە و دیبەت یان گفتوگۆی زانستی دەکەن. مامۆستای وانە پاش تۆمارکردنی بۆچوونەکان وانەی داهاتوو ڕاست و هەڵەکان دەخاتە ڕوو یان زانیاری زیاتر دەدات تا بابەتەکە دەوڵەمەندتر بێت. 

هەروەها لەم سیستمەدا خوێندکار ئامادە دەکرێت بۆ قۆناغی کۆتایی زانکۆ چۆن توێژینەوەی زانستی بنووسێت بێ هەڵە و چۆن لە سەرچاوەکان زانیاری پێویست وەرگرێت، چۆن نموونە Sample وەردەگیرێت. لەم سیستمەدا هەموو ڕۆژێک quiz دەکرێت پاش تەواو بوونی وانەی ئەو ڕۆژە ڕاستەوخۆ کویز دەکرێت لە بابەتەکەدا.


سەرچاوەکان



102 بینین